شەهلا کاوە
دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و ئاسایشی فکری خەڵکانی وڵاتێک لە مەڕ خەرجی ڕۆژانەیان مافێکی سرووشتی خەڵکە بەتایبەت لەژێر سایەی دەسەڵاتێکدا کە ئیدعای گەورەی لە ئاستی نێو دەڵەتی هەیە بەڵام هێشتا خەڵک داڵغەی گەورەیان نانی شێو و کرێ خانوو و جل وبەرگ و تێچوی خوێندنی منداڵەکانیانە.
لەم دواییانەدا ڕێبەری ڕێژیم داوای زیادبوونی حەشیمەتی کرد و بە هەموو شێوازێک بنەماڵەکان و تایبەتیتر ژنەکانی هان دەدا کە منداڵیان ببێ و وڵات پێویستی بە لاو بوونەەی حەشیمەتە. ئەم داواکارییەی ڕێژیم زۆر بێشەرمانە و گوێ خەواندنە لەو گشتە کێشەیەی لە کۆمەڵگەی ئێران هەیە.
گریمان خەڵک چاو لە زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵگە بنوقێنن و بڵێن باشە، با منداڵ ببێ، دەی خۆ منداڵ پێویستی بە تێربوونی سکی و تەڕ وشک کردن و دەرمان هەیە، هەر لەو ماوەیە کە ڕێژیم شێر و ڕێوی بۆ منداڵبوون ئەهێنایەوە نەبوونی شیری وشک لە ئێران ڕۆژەفی هەواڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بوو کار گەیشتە جێگایەک دوو کارخانەی سەرەکی بەرهەمهێنانی شیری وشک لەبەر نەبوونی مەوادی سەرەتایی بەرهەمهێنان، داخران.
«جەلیل میرموحوممەد میبدی» ئەندامی کۆمیسیۆنی بێداشت و دەرمانی مەجلیسی ئێران باسی لەوە کردبوو کە بانکی ناوەندی ئێران بەرپرسیار کراوە ٤٠٠ میلیۆن یۆرۆ بخاتە بەردەستی وەزارەتی بێهداشت بۆئەوەی مەوادی سەرەتایی دروستکردنی شیری وشک دابین بکرێت، کە بەداخەوە تووشی بیگرە و بەردە بوو و لە ئاکامدا ئەو بڕە پارەیە بەو وەزارەتی بێداشت نەدرا.
«ڕازیە بلالی» هەواڵنێری ناوخۆی ئێران لەو پێوەندییەدا بە «باشگای هەواڵنێرانی توانا»ی وتووە کە ئێمە بە حیساب لەو وڵاتانەین کە شیری وشک بەرهەم دێنین و ئەتوانین شیری هەموو منداڵانی وڵاتەکەمان دابین بکەین، باسیشی لەوە کردووە کە شیری وشک خۆراکێکی ئاسایی نییە بەڵکوو پێوەندی بە تەندرووستی منداڵەوە هەیە.
هەروەها لە گەرمەی قات و قڕی شیری وشکدا کە ڕاپۆرتی مەیدانی لە دەرمانخانەکان ئامادە کراوە، بەرپرسی دەرمانخانەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە «سامانە» زۆر جار پچڕاوە و بۆ دابین کردنی شیری وشک ئەوە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانمانە.
لەو ڕاپۆرتەدا دایک و باوکەکان ئاماژەیان بەو هیلاکییە کردووە کە بۆدەسخستنی ئەو شیرەی پزیشک بۆیانی داناوە لەو دەرمانخانە بۆ دەرمانخانەیەکی دیکە دەڕۆن و ئەو شیرەی کە پێویستیانە هەر دەسیان نەکەوتووە، ئەو وەزعە بێزاری کردوون.
بەرپرسی ئەنجومەنی بەرهەمهێنەرانی شیری وشک بە هەواڵدەرییەکانی وتووە ئێمە لە وڵاتدا ٥ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی شیری وشکمان هەیە کە بەئاسانی ئەتوانین شیری پێویستی منداڵانی ئێران دابین بکەین و تەنانەت پێشتر هەناردەشمان کردووە بەڵام لە ئیستادا بەهۆی مودیرییەتی لاوازەوە ئەبێ شیری وشک هاوردە بکەین.
دایکایەتی هەستێکی زۆر خۆش و تایبەت و لەهەمانکاتیشدا پڕ لە دڵەڕاوکێ و بەرپرسایەتییە، کە ئەبیتە دایک و ئەبینی مرۆڤێک لە جەستەتدا دروس بووە کە بێ سنوور خۆشەویستە و هەرچەندە پێوەی هیلاک بی هەر لێی بێزار نابی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەبێ دەقە بە دەقە ئاگات لێی بێ، برسی نەبێ، نەخۆش نەبێ، کەلێنی سۆزداری بۆ دروس نەبێ بەهێز پەروەردە بێ و دەیان ببێ و نەبێی دیکە بەردەوام لە مێشکتدان
ئەم ترس و نیگەرانیانە لە وڵاتانی نادیموکراتیک و گەشە نەسەندوو یەکجار زۆرترن بۆیە لە هەموو وڵاتان و هەموو سیستمە بەڕێوەبەرییەکانی جیهان کەیفییەت و چۆنییەتی ژیان وەک یەک نین.
تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە چوارچێوەی ماڵی خۆت و هەڵسووکەوتی دایک و باوکەوە بێت دەکرێ لەهەر گۆشەیەکی دونیاش بی منداڵێکی باش و تەندرووست بەخێو بکەی بەڵام کە ئیشت گەیشتە سیستمی زاڵ و حکوومەت] بەتایبەت حکوومەتێک وەکووڕێژیمی ئێرانی دیکتاتۆر] ئیتر زۆر شت لە دەسەڵاتی تۆ بەدەرە وەکوو گرانی و نەبوونی پێداویستی منداڵ، وەکوو ڕەچاوکردنی مافەکانی لە دەرەوەی ماڵ و قوتابخانە و,,,, ئەو ژنانەی بوون بەدایک باش دەتوانن بزانن کە عەولاد و جگەرگۆشە چەندە خۆشەویستە، مرۆڤ کە دەبێتە دایک پێیخۆشە گیانیشی بۆ منداڵەکەی بدات کە منداڵ برسی ئەبێت و ئەگریەت دایکەکەی هەتا چەند هەنگاو بەرەولای قوتووە شیرەکە ئەچیت و بە پەلە شیری بۆ ئەگریتەوە دڵی ژان ئەکات هەتا قاپە شیرەکە بە لێوی منداڵەکەت بگات، ئارامی نییە جابیهێننە بەرچای خۆتان دایکێک کە خۆی شیری نییە و شیری وشکیش بە هیچ نرخێک لە وڵات دەس ناکەوێت، چ حاڵێکی ببێ؟ ئەو مەسەلەیە ئەوەندە دڵەڕاوکێی پێوەیە کە دایک و باوکەکان بە بیرکردنەوەیشی لەشیان دەلەرزێ چوونکە برسێتی منداڵی شیرەخۆرە بەهیچ خواردنێکی دیکە چارەسەر نابێ جگە لە شیر، وەها نییە کە بڵێی دەی ئەو خواردنە نەبوو خواردنێکی دیکە بۆیە جەنابی ناڕێبەری ڕێژیم فەرمانەکەی وەک هەموو فەرمانەکانی دیکەی زۆر بێجێگەیە، خۆی سکی تێرە و هەتا وەچەی چەپەڵی بڕوات بە پارەی خوێنی خەڵکی، شاهانە ئەژین ئیتر چ دەربەستی منداڵی هەژارە کە لەبەر سیستمە گەندەڵ و دزەکەی ئەو شیریش نەبێ بیخوات.
ئەو هەموو شێر و ڕێوییەی کاربەدەستان و ئۆرگانە دەوڵەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەیهێننەوە لەسەر کەمی و نەبوونی شیری وشک و هەمووان کەس یان ئۆرگانێکی دیکە بە خەتابار دەزانن، کێشەی شیری وشک یان هەر کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگە چارەسەر ناکات و هەتا ئەڕوات دڵەڕاوکێ و ترس لە داهاتوو و گوزەرانی ژیان لە دڵی خەڵکدا زیاتر ئەبێ.