لە ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٥ ی هەتا دوانیوەڕۆی رۆژی یەک شەممە ٢٧ی مەی ٢٠١٨، لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان- کۆمیتەی سوئێد، فێستیڤاڵێكی هاوینی بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای دەستپێکی فێستڤاڵەكە دا و پاش ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان، بە پێشنیاری بەڕێوەریی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان، فستیڤاڵەکە بە ناوی مینا خانمی قازی- ژنە ناوداری کورد و یەکەم بەرپرسی رێکخراوەی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسەر و هاوپشتیوانی پێشەوای قازی محەممەدی نەمر، یەکەم سەرکۆماری مێژووی کورد- کرا.
ئەو فێستڤاڵە لە چەند بڕگەی جۆراوجۆر لە ماوەی سێ رۆژ و دوو شەودا، بە پیاسەی گشتی بەیانان، کێبەرکێی تێکەڵاو بۆ مناڵان و گەورە ساڵان، کایەکانی کوردەواری و (بیرکاری)، فوتباڵ (تۆپی پێ) و والیباڵ، بیدمینتۆن و پینگ پۆنگ، گورانی و هەڵپەڕێکی جوانی کوردی، بەڕێوەچوو.
دوا نیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٦ی مەی کۆبوونەوەیەک لە باری لەش ساغی و تەندورووستی (پزشکی) سەبارەت بە سەکتەی میشک و سكتەی دڵ، لە لایەن بەڕێز دکتور ئالان فتووحی پێشکەش کرا.
دوایی بەرنامە زانیاری لەش ساغی هونەرمەندی بە توانا و هەست بزوێن، شنۆ خانمی ئەحمەدی بە هاوکاری موزیک ژەنی لاو حامید رەسووڵی و بەشی فەننی کاک فارووق ئیسماعیلی، رازێنەرەوەی فێستیڤاڵەکە بوون.
بەشداری بەرچاوی ئەندامان پێك ھاتوو لە ژنان و کچان، پیاوان و کوڕان، مناڵە جوان و خنجیلانەکان، دێمەنەکانی پڕ لە شادی و خۆشی لەو فێستیڤاڵە دا، لە تاراوگە پێک دەهێنا. لە قسە و باسەکانی دوو کەسی و چەند کەسی، خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و مافی نەتەوایەتیی و کەش و هەوای نوێی سیاسی، فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان و ئێران، بارهێنانی مناڵانی کورد لە دەرەوە و پێوەندی دانیان بە خاک و نیشتیمان، جل و بەرگ و زمانی دایک، ئاشنا و هاوڕێ کردنی مناڵانی کورد لەگەڵ یەکتر و ئەرکی قورسی دایکان و باوکان لە قۆناخەکانی ژیانی ئاوارەیی لە پەڕاوێزی فێستیڤاڵەكە دا، جێی سەرنج بوون.
لە دواین بڕگەی فێستڤاڵ دا بەرپرسی كۆمیتەی گشتی یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستان لە سوئێد دوكتور سۆزان فەتحی وتەیەكی كورتی پێشكەش بە بەشدار بوان كرد، بەرێزیان سپاسی ھەموو ئەندامانی كرد كە لەو سێ رۆژە دا چالاكانە بەشداریان لە ھەموو بڕگەكان دا كردوە و ھەروەھا باسی گرنگی پێگەی ژن كرد و بە بۆنەی ڕۆژی دایک پیرۆزبایی لە هەموو دایکان و بەتایبەتی دایکانی کورد و هەروەها جەختی کردەوە لە گرینگی پشتگیری کردن و هاوکاری کردنی هاوژین و باوکان بۆ کچەکانیان بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەشتر و سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بێنن.
ھەر بەو بۆنەوە خوانێك ئامادە كرابوو، ھەمووان بە دڵخۆشی و شادی لە دەوری یەك ڕۆژی دایكیان پیرۆز كرد. دوای تەواوبوونی ماوەی فێستیڤاڵ، بەشداران بە تایبەتی منداڵە ئازیزەکان، بە بیرەوەری خۆش بەرەو ماڵ و شوێنی ژیانیان گەڕانەوە.
كۆمیتەی بەڕێوەبەری یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستان سپاس و پێزانینی خۆیان پێشكەش بە ھەموو ئەو كەسانە دەكات كە لە ماوە ئەو سێ رۆژە دا بۆ باشتر بەرێوەچوونی بەرنامەكە ھاوكاری كۆمیتەیان كردوە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی سوئێد
٢٨ ی ٥ ی ٢٠١٨