دیمانە: شاماران
دەزانین کە سەربەخۆیی ئابووری یەک لە بنەماکانی هەرەگرنگی پێشکەوتنی ژنانە و بۆیە حکوومەتە دیکتاتۆرەکان ئاستەنگی سەربەخۆیی ئابووری بەتایبەتی بۆ ژنان دروست دەکەن. دەمانەوێ چیرۆکی سەرکەوتنی ژنان لە بواری ئابوورییەوە بخەینە بەرچاوی خوێنەران و بزانین چۆن ئەم کارەیان دەستپێکردووە و چۆن ئەم بیرۆکەیان بۆ هاتووە و لە دەستپێکی کارکردنیان تووشت چ ئاستەنگێ کراونەتەوە و چۆن توانیویانە بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بن و هەروەها باسێک لە باروودۆخی ئابووری ژنان بەگشتیی بکەین کە ئێستە لە چاو ڕابردوو چۆنە و هەروەها هەلی کار بۆ ژنان چەند بەردەستە و بنەماڵەکان چەندە پاڵپشتی کچان و ژنان دەکەن کە بتوانن گەشە بکەن و خولقێنەر بن. بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن گۆڤاری “ژنان”ەوە دیمانەیەکمان پێکهێناوە لەگەڵ خاتوو “غەریبە عەبدوڵڵا علی” دیزاینەری جلوبەرگ کە لە تاراوگە دەژی.
پرسیار: دەزانین کە سەربەخۆیی ئابووری بنەمایەکی گرنگی پێشکەوتنی ژنانە و بۆیە حکوومەتە دیکتاتۆرەکان ئاستەنگی سەربەخۆیی ئابوری بەتایبەتی بۆ ژنان دەخولقێنن. ئێستە بەڕێزت خاوەنکاریی، پێمخۆشە پێشەکی بۆمان باسی چۆنیەتی دەستپێکردنی ئەم کارەت بکەیت واتە چۆن ئەم بیرۆکەیەتان بۆ هات؟
وەڵام: وێڕای سڵاوم بۆتان و دەستخۆشی و ڕێزی بێپایانم هەیە بۆ بەسەرکردنەوەی گۆڤاری ژنان ودەرخستنی توانای چینێکی گرنگی کۆمەڵگە. خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لەم ڕێگەوە منیشتان هەڵنەواردووە وبەسەرتان کردمەوە.
دەتوانم بڵێم سەربەخۆیی لە کاری ئابووریدا بەبڕوای من نەک بۆ ژن وەکو تاکێکی گرنگی کۆمەڵگە بگرە بۆ هەر کەسێک بە پێویستی دەزانم.چونکە کارکردنی تاک بە تایبەت ژن تەنیا بۆ بڕەودان نییە بە پڕکردنی باخەڵێکی پڕ لە پارە، بگرە زۆر پێویستیشە بۆ باری دەرونی تاکەکان وکرانەوەی مێشک وئاڵوگۆری ڕاجیاوازەکان. دەستپێکی ئەم کارە یاخود هەر کارێکی من دەگەڕێتەوە بۆ خولیا و ئامانجەکانی من هەر لە سەرەتای قۆناغێک کە خولیای کار لە مندا خۆشەویستییەکی زۆر و پڕبایەخ بووە .دەستپێکی ئەم کارەشم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە من هەم لە بواری هونەر و دیزاین خوێندوومە و کارم کردووە، پێشتریش و ئێستاش زیاتر ناساندن و تێکەڵبوونی زیاتر لەگەڵ کولتوور و جوانییەکانی کورد و ژنبوون لەلای من ئارامبەخشن. بۆیە زیاتر بیرم لەم پیشە کردەوە کە هەم بۆ ئارامی مێشکی خۆم و دوورکەوتنەوەم لە دڵەڕاوکێی غوربەت و ژاوەژاوی تاراوگە تێکەڵ بە کار دەبم کە لەگەڵ سوودە ئابوورییەکەی، سوودی زیاتری هەبێ بۆ ژنانی کورد لە دووری نشتیمان و بەئاگەبوونم لە پێداویستییان و دەستگرتنیان بۆ نغرۆ نەبوونە لە مەنفای تاراوگە.
پرسیار: وەک دەزانین خاوەنکاربوون بۆ ژنان بەتایبەتی قورسترە چونکە ئێمە دواجار ئاستەنگی کۆمەڵگەشمان هەیە بۆ ژنان، دەمەوێ بزانم لە دەستپێکی کارکردنتدا چ ئاستەنگێکت بۆ هاتەپێش، چۆن توانیتان بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بن؟
وەڵام: باسکردنی ئەم کارە و هەموو کارەکانی ترم هەر لەوتەمەنە بووە کە پێموابووە مرۆڤ دەبێ زیاتر لەوە داوای ماف بکات، هەست بە ئەرک بکات و هەوڵم داوە سوود لە دەست و تواناکانی خۆم ببینم. ئەوەشیان گومان نییە کە چەندین ئاستەنگ و بەربەستی خۆی هەیە بەڵام بەربەستەکان بەپێی پێگەی خێزانیی و کۆمەڵگە دەگۆڕێن .بەخۆشحاڵی و شانازییەوە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ بە مانا ڕاستەقینەکەی هاتوومەتە دونیاوە. لە بواری ماددییەوە وەکو پێویستیی، پێویستم بەکارکردن نەبووە لەگەڵ ئەوەشدا خولیا و بیر کردنەوەم بەجیاواز لەو تاکانە کۆڵم نەداوە. هەر لێرەدا دەمەوێ بڵێم بەربەستەکان بۆ من دەکرێ زۆر جیاوازتر بووبن و تێگەیشتنی بنەماڵەکەشم بەتایبەت باوکی خۆشەویستم کە هەمیشە یەکەم عەشق وقارەمان و کاریزمایەک بووە لە ژیانمدا کە زیاتر توانیومە زاڵ بم بەسەر کۆسپەکانی سەر ڕێگەم. یەکێک لە هەرەئاستەنگەکانی بەردەمم ئەوە بوو کە لەبەر ئەوەی پێویستم پێی نییە بۆیە ناچار نیم کار بکەم. بەڵام پەروەردەم هەمیشە وا بووە کە من جودا نیم لە تاکەکانی تری کۆمەڵگە وئاستەنگ ونیگەرانییەکانیان بە هی خۆم دەزانم. بۆیە دەبێ لەگەڵ ئەوان بم و کارکردنم زیاتر بۆ کرانەوەی و بەئاگاییم بێ، پێش پڕبوونی گیرفان. من پێموایە ئەوئاستەنگانەی دێنە ڕێگەی کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ، دەکرێ ببنە بەردوبازی ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئامانج.
پرسیار: بە بەڕوای من ژنانی خاوەنکار رێچکەشکێن و بوێرن و پێشەنگن لە ڕەخساندنی هەلی کاریش، نابێ ڕۆڵی بنەماڵە لەبیر بکەین کە دواجار ئەوان کاریگەریی زۆریان هەیە کە کچان بتوانن خولقێنەر بن و ئەم دەرفەتەیان پێبدرێ کە گەشە بکەن. پێمخۆشە بپرسم لە سەرەتای دەستپێکردنی کارەکەتان بنەماڵەتان پاڵپشتیان دەکردی؟
وەڵام: بێگومان ماڵبات و دایک و باوک دەوری کاریگەریان هەیە بەڵام ڕۆڵی سەرەکی بۆ کارکردن دەکەوێتە ئەستۆی خودی تاک و دەبێ بە خۆی بڵێ “دەبێ ئەم کارە بکەم، دەبێ ئەم کارە بکە” بۆیە شتەکانیتر بڵقی سەرئاون ونەهێڵین ببنە ڕێگر.
پرسیار: ئەگەر باسێک لە بارودۆخی ئابووری ژنان بەگشتیی بکەین کە ئێستا لە چاو ڕابردوو چۆنە و هەروەها هەلی کار بۆ ژنان چەند بەردەستە؟
وەڵام: ئەگەر بمانەوێ باسی بارودۆخی ئابووری ژنان بەگشتیی بکەین، بەبڕوای من دەکرێ دوو بەش بن : ڕاستە باری ئابووری بەگشتیی و ژنان بەتایبەت جیاوازە لە ساڵانی پێشوو و ئێستە باشترە بەڵام ماوە و دەبێ زۆر زیاتر هەوڵ بدەن بۆ دەوڵەمەندکردنی هزریان پێش باخەڵیان. چۆنیەتی باشکردنی باری ئابووری لەلای من زۆر گرنگە ئەویش لە دوو بوارەوە. یەک: ئایا چەند ئاسوودەی لەوکارەی دەیکەی و ئامانجت چییە؟ دوو: ئایا کارەکات هەتا چەند لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتی و کەسایەتیت دەگونجێ. واتە بوونی کارێک زیان بە کەسایەتیت نەگەیەنێ و بگرە شانازیی بکەی کە خاوەنی ئەو کارەی.
بەگشتیی سەرکەوتنی ژنان لای من لەبواری ئابوورییەوە تەنیا پڕکردنی ژمارە حیسابی بەنکیی و کڕینی پێداویستییە ماددییەکان نییە. بگرە گرنگتر ئەوەیە بتوانی پێگەیەک بۆ خۆت و قسەکەت دابنێی بە واتایەکی تر ببی بە خاوەن قسە و شوێن و ئیرادەت دیار بێ لە نێو خێزان و کۆمەڵدا. خۆت پێش هەمووان شانازیی بە خۆت و توانا و پێگەکەتەوە بکەی.
پرسیار: وەک کۆتا پرسیار، دەمهەوێ ئەوە بپرسم ژنانی وەک ئێوە بەردەوام ئیلهامبەخشن بۆ ژنانی تر. چیتان هەیە بەو ژنانە بڵێن کە ئەوانیش ئەو هەموو بیرۆکە جوانەی هەیانە پەیڕەوی بکەن و نەترسن لە جێبەجێکردنیان.
وەڵام: لە کۆتاییدا دەڵێم بە خۆشحاڵیەوە دەڵێم کە ژنم، دایکم، هاوژینم. ژنانی وەکو من و منێکی وەکو ژنانی بوێر و ڕۆشنبیری تر زۆر ئیلهامبەخشن بۆ هەموو مێینەکانی نیشتمان و گشت هاوڕەگەزاکانمان لەم کەونەدا. بەهەموو ژنان دەڵێم شانازیی بە خۆتان و ژنبوونتانەوە بکەن، ژنان نەک هیچتان کەم نییە بگرە دەبێ بوێرانە و سەربەرزانە بە بیر و هزرێکی پاراو، بە پریاسکەیەکی پڕواوپڕ لە باوەڕ بەخۆبوون لە نێو مەیدانی کاردا شوێن و پێگەیان هەبێ و هەوڵ بدەن بۆ بڕەودان بەتوانا و ئارامکردنی دەروونیان، پێش بیرکردنەوە لە پڕکردنی باخەڵ و ژمارە حیسابی بانکییان. ئامانجی دیاریکراویان بۆ ویست و تواناکانیان هەبێ. دڵنیام ئەوکات سەرمایە خۆی دێتەدەست و ژنانیش چیتر لەبری بڕیاردەر، جێبەجێکار نابن کە ئەوە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە.