دیمانە: شاماران
لەو هەموو شەڕە وێرانکەرەی کە بەرۆکی جیهانی گرتووەوە دەمانەوێ لەسەر هندێ پرسی گرنگ ڕابوەستین و پێکەوە تاوتوێ بکەین، بزانین ئاخۆ ئەو هەموو شەرەی کە لە مێژوودا روویداوە چ قازانج و دەستکەوتێکی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووە، دەمانەوێ بزانین کە ئەو توندوتیژیانەی کە لە لەکاتی شەردا بەرامبەر بە ژنان و منداڵن ئەنجام دەدرێ چین لەبەر ئەوەی کە قوربانی سەرەکی شەڕەکان ژنان و منداڵانن، هەوەرها هەڵسەنگاندنی ئەو لێکەوتە کۆمەڵایەتیە و دەروونیەی کە شەڕ بەدوای خۆیدائەهێنێ ، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن گۆڤاری «ژنان»ەوە دیمانەیەکمان لەگەڵ خاتوو ئارەزوو نستانی ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و مامۆستای زانکۆ دەبێ.
د.ئارەزوو نەستانی: تا ئەوکاتەی عەقڵییەتی دانوستان نەبێ، جەنگ بەردەوامە
دیمانە:
لەم دیمانەدا خاتوو د.ئارەزوو نەستانی لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە باسی جەنگ دەکا و سەرنج دەخاتەسەر جۆرەکانی جەنگ و باسی ڕەوابوون و نەبوونی دەکا و ئاوڕێک لە جەنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیش دەداتەوە. د.نەستانی باسی ئەو ستەم و پێشێلکارییانەش دەکات کە لە جەنگدا ڕووبەڕووی کچان و ژنان دەبێتەوە و ئەو دەڵێت لە جەنگدا «گەشەی کۆمەڵگە جێگەی خۆی دەداتە داڕمانی کۆمەڵگە» و باسی ڕەهەندە زیانبەخش و وێرانکارییەکانی جەنگ دەکات.
پ: کاتێک باسی شەڕ دەکرێ مرۆڤ ناڕاستەوخۆ دیمەنی وێرانی و ئاوارەیی و برسیەتی و کۆشتن و بڕین و خوێن دێتە بەرچاوی، پێناسەی شەڕ چییەو بەسەرنجدان بەوەی زۆربەی کات لایەنەکانی شەڕ بۆ پاساودان پشت بە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی دەبەستن، ئایا شەڕ دەتوانێ ڕەوایی هەبێ؟
و: لەوەتەی مرۆڤ خولقاوە پەنای بۆ جەنگ بردووە وەک ئامرازێک بۆ وەدیهێنانی ویستەکانی و گەیشتن بە ئامانجەکانی. هەر مرۆڤێک، هەر بنەماڵەیەک و هەر کۆمەڵگەیەک کۆمەڵێک بەرژەوەندی و کۆمەڵێک بەهای تایبەت بەخۆی هەیە کە هەوڵی پاراستنیان دەدا. کاتێک ئەو بەرژەوەندییانە لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەوانیتر دژ دەوەستن، دوو ڕێگە دەکەوێتە بەردەم مرۆڤەکان یان کۆمەڵە مرۆییەکان و دەبێ ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر سنوور و چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان یاخود پەنا بۆ جەنگ بەرن بۆ یەکلا کردنەوەی کێشەکانیان. بە واتایەکی دیکە کۆتایی دیپلۆماسی دەبێتە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ. ئەوەی لە پرسیارەکەدا سەبارەت بە پێناسەی جەنگ کراوە، لە ڕاستیدا جەنگیش وەک هەر دیاردەیەکی مرۆیی و لە چوارچێوەی زانستە مرۆییەکاندا پێناسەیەکی یەکگرتووی نییە و ناتوانین بە دیاریکراوی سنوورەکانی بکێشینەوە. هەندێ لە زانا و فەیلسووفەکان پێیانوایە جەنگ بەشێکە لە سرووشتی مرۆڤ و هەندێکیتر لە گۆشەنیگای یاساییەوە دەڕواننە جەنگ. ئەفلاتوون پێیوایە مرۆڤەکان بەشێوەی سرووشتی خۆشەویستی دەنوێنن بەرامبەر بە کەسانی نێزیکیان و لەهەمانکاتدا دوژمنایەتی کەسانی ئەغیار یان بێگانە دەکەن. یاساییەکان زیاتر گرینگی بە دەرەنجام دەدەن و گۆڕان لە دۆخی یاسایی دوای جەنگ، ماکی سەرەکیی پێناسەکەیانە. لە ڕوانگەی یاساییەکانەوە جەنگ هەوڵێکە بۆ گۆڕان لەو نەزمی یاساییەی لە پەیوەندیی نێوان وڵاتاندا لەئارادایە. بەشێوەیەکی گشتیی دەتوانین بڵێین جەنگ پەنابردنی دوو یان چەند دەوڵەت یان یەکەی سیاسییە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوانیاندا. بەدەربڕینێکیتر جەنگ بریتییە لە سەپاندنی هەژمۆنی لایەنی بەهێز بەسەر لایەنی لاوازدا، ئەو کاتەی لایەنی بەهێز پابەند نییە بە بنەما ئەخلاقی، مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
تا ئەوکاتەی جیهان شاهیدی ناعەداڵەتی بێ لە دابەشکردنی سامان، تا ئەو کاتەی نەزمێکی جیهانیی عادڵانە کە ڕێز لە جیاوازییەکان و بەها مرۆییەکان لە سەر بنەمای جیاوازیی فەرهەنگ و زمان و داب و نەریتەکان نەگرێ، هەروەها تا ئەوکاتەی بڕیاردان لەسەر جەنگ و ئاشتی لە ڕێگەی دامەزراوە یاسایی و دێمۆکراتیکەکان نەدرێ، ئێمە شاهیدی جەنگ دەبین. مرۆڤەکان بەشێوەی سرووشتی زێدەخواز و هەلپەرستن و لە نەبوونی سیستەمێکی دێمۆکراتیکدا کە ڕەنگدانەوەی ویست و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە بێ، پەنابردن بۆ جەنگ وەک بژاردەیەک ئامادەیە. ئەوە بەو مانایە نییە کە جەنگ تەنیا لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا ڕوو دەدا بەڵکو دەتوانین بڵێین زۆربەی جەنگەکان بەرهەمی بڕیاری ڕێبەرە سەرەڕۆکان یان نوخبەی خۆسەپێنی کۆمەڵگەیە.
پ: پرسیارێک کە لێرەدا خۆ دەنوێنێ ئەوەیە ئایا جەنگ دەکرێ دەسکەوتی هەبێ؟ یان دروستتر ئەوەیە بڵێین دەکرێ باس لە جەنگی مەشرووع بکەین؟
و: ئێمە لە یاسای نێودەوڵەتیدا جەنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانمان هەیە لەگەڵ فاشیزم. ئەوەی پەیوەندیی بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان هەیە دەتوانین بڵێین جەنگێکی ڕەوا و عادڵانەیە. کاتێک گەلانی ژێردەست ناتوانن مافە دانپیانراوە نێودەوڵەتییەکانیان لە ڕێگەی ئاشتیخوازانە دابین بکەن، مافی پەنابردن بۆ چەکیان هەیە و ئەو جەنگە دەتوانێ یارمەتیی وەدیهاتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ ئەو گەلانە دەستەبەر بکا. ئەو جەنگە لە پێناو سڕینەوەی ستەمێکی مێژوویی ئەنجام دەدرێ و ڕەوایی نێودەوڵەتی هەیە، لێرەدا لەگەڵ جەنگی ڕێگەپێدراو بەرەوڕووین کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا دانی پێدا نراوە.
بەشێوەیەکی گشتی ئێمە لە یاسای نێودەوڵەتیدا سێ جۆر جەنگی ڕەوا و ڕێگەپێدراومان هەیە بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی لاسەنگییەکان. ئەو سێ حاڵەتە بریتین لە بەرگریی ڕەوا، کاتێک وڵاتێک بەرامبەر دەستدرێژیی وڵات یان وڵاتانی تر دەبێتەوە هەروەها دەستێوەردانی سەربازیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چوارچێوەی فەسڵی حەوتەمی پەیماننامەی ڕێکخراوەکە و حاڵەتی سێهەم بریتییە لە جەنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان کە ئاماژەم پێکرد.
پ: وەک دەزانین قوربانیانی شەڕ بەشی زۆری ژن و منداڵن هەر بۆیە پێم خۆشە بپرسم کە ئەو توندوتیژیانە کە ژنان و منداڵن لە شەڕەکانە بەرەوڕووی دەبنەوە چین؟
و: ژنان و منداڵان کەمترین دەوریان لە بڕیاردان لە جەنگدا هەیە، لە کاتێکدا بەتایبەت لە جەنگە کلاسیکییەکاندا زیاترین قوربانی دەدەن. هەرچەند لە کولتوورە جیاوازەکاندا و لە وڵاتە جیاوازەکاندا ئاستی بەشداریی ژنان لە بڕیارداندا جیاوازی هەیە بەڵام واقعییەت ئەوەیە تائێستاش کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە سیستەمی نێرسالاریدا تێدەپەڕێ. بەواتایەکی دیکە ئەوە پیاوانن بڕیار دەدەن ژنان و منداڵان ببنە قوربانیی جەنگ. ئەو واقعیەتە تاڵەیە وایکردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیر لە کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی بکاتەوە بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان لە جەنگەکاندا. دەبینین زۆربەی یاساکانی تایبەت بە ڕێکخستنی جەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، گرینگییەکی زۆر بە پاراستنی ژنان و منداڵان لە جەنگەکاندا دەدەن. لە هەموو ئەو دەرکەوتە کارەساتبارانەی لە جەنگەکان دەکەوێتەوە وەک کوشتن، بریندار کردن، ئاوارە کردن، دەستدرێژی جنسی، برسیکردن و هتد، ئەوە ژنان و منداڵانن کە زیانمەندی سەرەکین. بەکورتی دەتوانم بڵێم ناعەداڵەتییەکی گەورە لەدابەشبوونی نەهامەتی هەیە لە جەنگەکاندا. ئەو دیمەنە کارەساتبار و ناخهەژێنانەی بۆ وێنە لە جەنگی نێوخۆی سووریا لە دەیەی ڕابردوودا یان لە جەنگی غەززە و ئیسڕائیلدا لەمیدیاکاندا بڵاو دەبنەوە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن، لە کاتێکدا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیاردەرانی جەنگ نییە. ئەوە جۆرێکە لە ڕەواییدانی سیستەمی نێودەوڵەتی بەقوربانیکردنی ژنان و منداڵان. تەنانەت وەک ڕێگایەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئاکامی جەنگەکان لێی دەڕوانرێ. ئەگەر چاوێک بەو تاوانە نێودەوڵەتییانە بخشینێن کە بەپێی نیزامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە تاوانی گەورە هەژمار کراون و زۆربەی وڵاتانی جیهان دانیان پێدا ناوە، ژنان و منداڵان قوربانییە سەرەکییەکانی ئەو تاوانەن. بەتایبەت لە هەریەک لە تاوانەکانی ژینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ژنان و منداڵان پشکی شێریان لە کوشتن و بڕین و ئازاری جەستەیی و دەروونی بەردەکەوێ.
پ- ئەو وێرانییەی کە بەهۆی شەڕەوە دروست دەبێ: کۆمەڵایەتی، دەروونی، وێرانبوونی شارەکان و ژێرخانی ئابووری و… چەندە زیانی قەرەبوونەکراو دەگەیەنێتە ئەم وڵاتە و خەڵکەکەی؟ تاوانبارانی ئەو هەموو وێرانییە کێن؟
و: کاتێک باس لە جەنگ دەکەین سەرنجمان لە سەر دۆخێکە کە تێیدا کۆی ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگە بەرەو وێرانی و داڕمان دەڕوا. واتە گەشەی کۆمەڵگە جێگەی خۆی دەداتە داڕمانی کۆمەڵگە؛ چ لەڕووی ژێرخانی ئابووری، کۆمەڵایەتی یان دەروونی و چ لەڕووی ئەو کارەساتە ژینگەییانە بێ کە ڕوو دەدەن یان لەڕووی داڕووخانی ئەو متمانەیە بێ کە لە نێوان کۆمەڵگەکاندا پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی ژیان بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. لەوانەیە ژێرخانی ئابووری قابیلی قەرەبووکردنەوە بێ بەڵام ئێمە چ لەو خەسارە ژینگەییانە بکەین کە قەرەبووکردنی ئەستەم یان نامومکینە هەروەها چ لەو بێمتمانەییە بکەین کە لەوانەیە ژیانی چەندین نەوەی کۆمەڵگە بکاتە قوربانی. لەلایەکیترەوە ناتوانین هەموو جەنگەکان بەناڕەوا بزانین یان باشترە بڵێین ناتوانین هەموو لایەنەکانی جەنگ بەتاوانبار بزانین. هەر بەو هۆیەشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو کردەوانەی لە جەنگەکاندا ئەنجام دەدرێن و ئەو ئامرازانەی لە جەنگەکاندا بەکار دەبرێن یاسامەند کردوە. لە جەنگدا هەمیشە لانیکەم دوولایەنمان هەیەو هەرکامیان بە ئەنگیزە و هاندەری تایبەت بەشداری جەنگەکەن. بێگومان هەر دوولایەنیش دەست بۆ تاوان دەبەن لەبەر ئەوەی سرووشتی جەنگ ئەوەیە، تەنیا لەڕووی ئامانجی لایەنەکانەوە دەتوانین قەزاوەت لەسەر ڕادەی تاوانباربوونی هەرکام لەلایەنەکان بکەین.
پ- مەبەستتان چیە لەوەی دەڵێن جەنگ یاسامەند کراوە؟ لایەنەکانی جەنگ بە چ میکانیزمێک پابەند دەکرێن بەو ڕێوشوێنە یاساییانە؟
و: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیی دووەم دانی بەو واقعیەتەدا نا کە ناتوانێ پێش بە ڕوودانی جەنگەکان بگرێ. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە مادام جەنگەکان ڕوو دەدەن چۆن دەکرێت زیانەکانی کەم بکرێنەوە. ئەوە فەلسەفەی دەرکردنی یاسای جەنگ بوو لە نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم ناویاننا یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییان. ئەو یاسایە یان ئەو کۆمەڵە یاسایە کە دواتر پەرەی پێدرا و بابەتی جۆراوجۆری دیکەی تێدا جێکرایەوە، دەوڵەتان ئەرکدار دەکا بە پابەند بوون بە کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ پاراستنی کەسانی مەدەنی، دیل و بریندارانی جەنگ و هەروەها شوێنە مەدەنییەکان و بابەتی تریش. کێشەکە لێرەدا وەک زۆربەی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێکردنی یاساکەیە. لەڕاستیدا هیچ ئۆرگانێکی نێودەوڵەتی نییە بتوانێ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو یاسایە زامن بکا. هەموو ئەو ئۆرگانە نێودەوڵەتییانەی یاساکان دەردەکەن یان ئەرکدار دەکرێن بەپابەندکردنی پێشێلکاران و لە ئەنجامدا هەموو ئەو ئەهرومە ئیجڕاییانەی پێشبینی کراون بۆ سزادانی تاوانبارانی جەنگەکان، لە دەوڵەتان پێک دێن. واتە ئەوە دەوڵەتانن کە هەم پەنا بۆ جەنگ و پێشێلکاریی مرۆیی دەبەن و هەمیش دەسەڵاتی سزادانی پێشێلکارانیان پێدراوە. ئەوەش پاڕادۆکسی یاسای نێودەوڵەتییە کە وایکردووە زەمانەتی ئیجڕایی ئەو پڕەنسیبانەی خۆیان دایانڕشتوە، ئەستەم بێ. بەکورتی دەتوانم بڵێم یاسای نێودەوڵەتی پێچەوانەی یاسا نێوخۆییەکان بەدەست کێشەی ساختارییەوە دەناڵێنێ. بۆیە تا ئێستا هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەری ئەو ناتەباییە بێئاکام بوون.
پ- وەک کۆتا پرسیار رۆژهەڵاتی نێوەراست زیاتر لە نێو جەرگەی ململانێ و شەڕ و تێکهەڵچووندایە و ئەگەری هەیە ئەم شەڕانە بەرفراوانتریش بن. پرسیارەکەم ئەوەیە کە جیاوازی نێوان جۆری توندوتیژی لەنێو شەڕ بەرامبەر بە ژنان و منداڵان، نموونە لە شەڕێکی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەگەڵ شەڕێک کە لەناو جەرگەی ئەورووپادا وەک شەڕی ئوکراین و ڕووسیا چییە؟
و: پێشتر باسی ئەوەم کرد کە زۆربەی جەنگەکان بەرهەمی تاکڕەویی ئەو ڕێبەرانەیە کە لە وڵاتانی دیکتاتۆڕدا بە میکانیزمگەلی نادیموکراتیک و خۆسەپێنانەدا گەیشتوونەتە دەسەڵات. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گیرۆدەی ئەو چەشنە حکوومەتانەیە. هەروەها لە ئەورووپاش وڵاتی نادێمۆکڕاتیکمان هەیە. ئێمە لە ڕووسیا، لە قەفقاز و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ئەو دیاردەیە دەبینین. لە هەموو ئەو ناوچانە کۆمەڵێک کێشەی چارەسەرنەکراو هەیە کە بەرهەمی زاڵبوونی فەرهەنگی دیکتاتۆڕییە یان باشترە بڵێین بێ فەرهەنگیی دیکتاتۆڕییە. بۆیە تا ئەوکاتەی عەقڵییەتی گفتوگۆ و دانوستان لە پەیوەندیی نێوان لایەنەکاندا زاڵ نەبێ، جەنگەکان بەردەوام دەبن تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکیش لە ژێر گوشاردا چەکەکانیان بێدەنگ بکرێن.