ماریا وەیسی
دوابەدوای دزینی شۆڕشی گەڵانی ئێران و بە دەستەوە گرتن و خۆسەپاندنی دەسەڵات لەلایەن ئیسلامیستەکانی ناوەندی ئێران، سیستمێکی نادادپەروەرانە، دژ خوێندن و خوێندەواری، نائازاد و نادموکراتیک و دژی هەر ئامانجێکی مودێرن و مرۆڤ تەوەر کە لە نەهاد و نیزامێکی پەروەردەیی و ئامووزشییە ئەمڕۆیانە چاوەرێ دەکرێت درووست کرا.
کە شەڕێکی دڕێژ بە دڕێژایی تەمەنی دەسەڵاتی ئێرانی دژی مامۆستایان،قوتابیان و قوتابخانەکان دەستێپێکردووە.
بە قوربانی دانێکی زۆر و هێرشی بێ بەزەیانە بۆ سەر یەکێک لە گەورەترین داهێنانی مرۆڤ، سیستم و نیزامی پەروەردەیی کە یارمەتیدەری مرۆڤەکان بووە بۆ داهاتوویەکی گەش و ئاسوودەتر.
تێگەیشتن لە ڕوانینی ڕژیم بۆ سیستمی ئامووزشی
جێی باسکردنە کە سیستمی ئامووزشی کوماری ئیسلامی هەڵگری شوناسێکی خۆسەپێنە، کۆمەڵک پێوەر و چەمکی ئایینی و نەتەوەیی ئایدولۆژیک، که ڕێگەخۆشکەری سەرەکییە بۆ خۆسەپاندن بەسەر شوناس و زمانی نەتەوە بن دەستەکان لە ئێراندا.
ئەم تایبەتمەندییە لەگەڵ هاتنی سیستمی ئامووزشیی لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ئێران چ لە دەسەڵاتەکانی پاشایەتی و چ لە دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران بەردەوام بووگن.
بەڵام بۆ روانینێکی گشتگیر بە نیسبەت دۆخی مامۆستایان و قوتابخانەکان لەسەردەمی دەسەڵاتی ئاخۆندی دوو بابەت گرینگن؛ یەکەم: ڕەوتی سەرکۆت و خۆسەپاندن بەسەر مامۆستایان و دامەزراندنی ئامووزشی ئاسمیلاسیۆن و تواندنەو لە ئاست نەتەوەبندەستەکان و دوویەم: پاوانخوازی لە ئاستی مامۆستایان لە کۆی گشتی سێستمی پەروەردەیی و ئامووزشی لە ئێران دا.
ئەم دوو بابەتە بەراوردی وردتر لە قەیرانی مامۆستایان و خوێندنەوەی ڕاستگۆیانەمان پێدەبەخشێت کە چی بەسەر خوێندن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخۆند هاتووە.
لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشدا، شۆڕشی فەرهەنگی لە ئێرانی سەردەمی خۆمەینی زانکۆ و قوتابخاەکانی کردە ئامانجی شەڕی خۆی کە تا بە ئەمڕۆ هەزاران مامۆستا و قوتابیی وخوێندکار و فەرمانبەر لەم سێنفەدا کۆژراو، ئێعدام، بێ سەرشوێن و زیندانی کراون و یان لە کار دوورخراونەتەوە و بە زۆری دەرکراون و خانەنشین کراون و بەڵگەکان لە لایەن ناوەندەکانی دادکۆکیکار لە سێنفی مامۆستایان و ئەکتڤیستەکانی بواری مافی مرۆڤ وکۆمەڵگای مەدەنی بەر دەستن کە شۆڕش چۆن شەڕی خۆی شۆڕ کردووەتەوە بۆ فەزا و نێوەرۆکی کتێب و نیزامی گشتی خوێندن.
گۆڕینی هەێما و درووستکردنی پێوەر و پێوانە تایبەتییەکان لە سەردەمی نوێی کۆنەپەرەستی ئامووزشیی ئینقلابی لە ئێراندا ئەنجامەکانی ئمڕۆکە لە ئاست کۆمەڵگای ئێراندا ئەزموون ئەکەین.
لێرە باس لە چەند قەیران دەکەین و شیکردنەوەیەکی کۆرت بە نیسبەت ئەم بابەتە دەخەینە ڕوو.
قەیرانی شوناس و زمانی دایکی لە سیستمی ئامووزشی و پەروەردەیی ئێران؛
لە سەدساڵی ڕابردوو و بەتایبەتی لە ئمڕۆی ئێراندا خۆسەپاندنی زمانی و شوناسی فارسی، زمانکۆژی و نەتەوەکۆژی ئەوانیتری ئێرانی بەسەر نەهاد و ستراکچریی ئامووزشی و پەروەردەیی لە ئێران بۆ ئامانجی یەکدەستکردنی زمان و شوناسی نیشتمانی گەورەترین قوربانی و قەیرانی لێ درووست بووە.
بۆ چەسپاندنی تیوریی نەتەوەی خەیاڵی ئێرانی باشترین ڕێگا بۆ ئایدیولوژیستەکان شۆڕشی فەرهەنگییە!
بەم واتایەکە میکانیزمی ئامووزشی و پەروەردەیی، میکانیزمێکی ئایدیولوژیکە و ئاپاراتووسی ئامووزشی لە ئێراندا لە حولی ئەوە بووە مرۆڤ لە ئاستی سۆژە دا لە ڕێگای مانای تێکست و ناوەروکی کتێبەکان درووست بکات.
نموونەی ئەم حەولانەدا لە چەمکەکانی «مرد ایرانی اسلامی»، «رزمندە»، « انقلابی»، «مستضعفان»، «جنگ تحمیلی»
بازنمایی شەڕ و ڕێنوێنیە ئایینیەکان گوتاری باڵادەستە لە سیستمی ئامووزشیی ئێراندا.
دوژمن یان ئەویترەکان بە شێوازی شیتان و یان وەک خراپەکار و گەمژە و تەنانەت ناشرین وێنا دەکرێن؛ لەکاتێکدا مرۆڤی ئێرانی ئیسلامی وەک زیرەک و پاک و دڵسۆز و شایستە و سەرکەوتوو و جوان وێنا دەکرێن.
قەیرانی دەرکردن و دوورخستنەوەی مامۆستایان:
لە ساڵیانی سەرەتای شۆڕشدا پرۆسەی دوورخستنە و دەرکردنی مامۆستایان تا بە ئمڕۆ یەکێک لە تاکتیکەکانی ڕژیم بووە بۆ «پاکسازی»قوتابخانەکان لە مامۆستایانی جیابیر، ئازادیخواز یان ئەو مامۆستایانەی لەگەڵ پێوەر و گوتاری زاڵ و خۆسەپێنی دەسەڵات بەنیسبەت چەمکی «معلم انقلابی» ، «مدرسە انقلابی» کە ڕیشەی لە بیری ولایت دایە، دژبەر و نامۆن، بەکار دێت.
ئەمە لە حالێکدایە بە پێی ئامارەکانی ڕژیم لە ئێراندا قەیرانی کەمی مامۆستایان ڕووبە زیادییە و بە گۆتەی عەلیرەزا مەنادی سێفیدان سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوەی پەرلەمان لە نامەیەکدا بۆ محەمەد موخبەر سەرۆک کۆماری بەوەکالەت هۆشداری لە کەمی مامۆستایان لە ساڵی خوێندنی 1403-1404 داوە.
بە وتەی ناوبراو ژمارەی قوتابییان بەلایەنی کەمەوە تا ساڵی 1408 زیاد دەکات و لە ساڵی 1403یشدا ژمارەی قوتابییان دەگاتە زیاتر لە 17 ملیۆن کەس، بەڵام لە دۆخێکی وادا، لە لایەک، «وازهێنان لە خزمەت لە ڕێگەی خانەنشینییەوە» و هێندەی تر لە لایەکی دیکەوە، «کاهش چشمگیر پذیرش دانشجو معلم متعهد خدمت» وڵاتەکەی ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی مامۆستا بووەتەوە.»
هەڵاواردنی ڕەگەزی و جێندری لە ئاست مامۆستایان و قوتابیان.
بنەمای سیستەمی پەروەردەیی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە بەرەوپێشبردن و چەسپاندنی نایەکسانی جێندەری، کە هاوکات لەگەڵ کولتووری نەریتی کۆمەڵگا، ڕێگە بە هەڵاواردنی جۆراوجۆر لە دژی کچان و ژنان دەدات.
زۆرجار دامەزراوە پەروەردەییەکان بە جیا و جیاکاری بۆ کچان و کوڕان پلانیان بۆ دادەنێن، خولەکان و بابەتەکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییە ئایدیۆلۆژی و پیاوسالارییەکانی ئەو دامەزراوانە کۆنترۆڵ دەکرێن و بە هیچ شێوەیەک ئەو خولانەی کە ڕەنگدانەوەی بۆچوون و ئەزموونی ژنان بوونیان نییە. ئەوەی پیاوان بە بنەمای ڕەفتارە جیاکارییەکانیان دەزانن جیاوازی بایۆلۆژی ژن و پیاوە، زۆربەیان ئەم بابەتە دەقۆزنەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو جیاکارییەی لە دژ ژنانەوە. هۆکاری ئەم هەڵاواردنانە بە لاوازی ژن دەزانن و بە ئاگاییەوە زۆرێک لە تواناکانیان پشتگوێ دەخەن.
لە پێداچوونەوەی کتێبەکان دا، تێدەگەین کە ژن ڕۆڵێکی لاوەکی و پەراوێزی هەیە، بەڵام پیاو نانخۆر ، فۆتۆگرافەر، نیگارکێش، باخەوان، جووتیار و… و تەنانەت مامۆستاش، هەموویان پیاون. لە تەنیشت ئەم وێنانە، وێنەی ژنان لە کتێبەکاندا بەم شێوەیە دەبینین: ماڵەوە لە نێو چێشخانەوە و لەسەر فڕنی نان و نانەواخانە دایە، بە حیجابێکی تەواو بە گشتی ژنان لە چێشتخانە و چاودێریکردنی منداڵان نیشان دەدرێن.
بێجگە لە کتێبەکان، دەق و وێنەکان ڕۆڵی مامۆستا لە گەڕاندنەوەی تایبەتمەندییەکانی سەربەخۆیی و بوێری بۆ کوڕان لە قوتابخانەکاندا بەرچاوە، بەڵام داوا لە کچان دەکرێت ڕێک و پێک و پاک و خاوێن و بێدەنگ بن. لێرەدا ئازایەتی بۆ کچان پێشنیار ناکرێت و داهێنان لێیان چاوەڕوان ناکرێت. ئەم جیاکاریانە هانی کوڕان دەدەن بۆ کێبڕکێ و دژایەتیکردنی کچان و کچان بەرەو گوێڕایەڵی و پاسیڤبوون دەبات.
لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا کێشەکە ڕەهەندی جددیتر وەردەگرێت. لە «هنرستان و فنی حرفە ای» دەتوانرێت هەڵاواردن لە بوارە ئەکادیمییەکان لەبەرچاو بگیرێت. بابەتەکان بۆ کوڕان: بیناسازی و بەرهەمهێنان، میکانیکی ئۆتۆمبێل، ئەلکترۆتەکنیک، نەخشەسازی، بیناسازی، پیشەسازی دار، کیمیایی و خۆراک. لە قوتابخانە «کارودانش» کوڕان، دروستکردنی کارەبای بینا، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل، چاککردنەوەی کارەبایی و مەکینە و ماتۆڕ، بەرقی پیشەسازی، چاککردنەوەی ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنی پیشەسازی، دارتاشی و هتد، بە کوڕان فێر دەکرێت.
بۆ قوتابخانەی فنی و حرفە ای کچان: دورین، نیگارکێشان، ئەنیمەیشن، هەروەها قوتابخانە کار و دانشی کچان خولی فۆتۆگرافی و ڤیدیۆگرافی، چنینی دیکۆرات، ئارایشگەری، چێشت لێنان و ، دورینی جل ، مارکێتینگ، چاودێری منداڵ، هونەری فەرش و هتد… پێشکەش دەکەن.
ئەم بابەتانە و کۆمەلێک بابەتی پەیوەندی دار لە چوارچێوەی ستراتژی، رێنوێنی و بریاراتی «شورای عالی انقلاب فرهنگی « چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە لەم ساڵانەدا بریتین لە بێبەشکردنی کەمینە ئایینییەکان، زیندانیانی سیاسی … لە خوێندن، بە ئیسلامیکردنی زانکۆکان، خانەنشینکردنی مامۆستایانی زانکۆ، جیاکردنەوەی جێندەری، بە ئیسلامیکردنی زانستە مرۆییەکان، ئامادەکردنی بەڵگەنامەی گۆڕانی بنەڕەتیی پەروەردە و گۆڕانکاری بەرفراوان لە کتێبی خوێندنی قوتابخانەکان هەروەها دژایەتی بۆ جێبەجێکردنی بەڵگەنامەی یونسکۆی بۆ ساڵی ٢٠٣٠ و دژایەتی فێرکاری زمانی ئینگلیزی و گۆڕانکاری لە «کنکور» ١٤٠٢ و هتد.. ئاماژە بکەین.
قەیرانی کەمی مامۆستایان لە ئیراندا.
ڕەنگە یەکەم هەنگاو بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی کەمی مامۆستا لە وڵاتی ئێران بووەتە جێگەی نیگەرانی و ئەم نیگەرانییە چەندە جددییە، ئاوڕدانەوە لە ئامار و ڕەقەمەکانی ئەم بوارە و پشکنینی دۆخی دامەزراندنی مامۆستایان بێت. بەداخەوە دۆخی ئامار و سەرچاوەکان لە بواری پەروەردەدا زۆر ورد نییەن، بەڵام ئەو ژمارە و ئامارانەی کە دەسەڵاتدارانی ڕژیم بۆ ڕوونکردنەوەی کەمی مامۆستایان خستووەتە ڕوو لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار مامۆستایە. ئەمە لە حالێکدایە هەر ئەم کاربەدەستانە و ناوەندەکانی ڕژیم باس لە کەمی ماموستا لە قوتابخانەکان دەکەن.
کێشەی کەمی مامۆستایان لە ئێراندا نەبوونی پلانی وماستەر پلانی ورد و ڕوون لە بواری پەروەردە لە ئێران دایە، هەروەها د بەڵێنیە خەیاڵییەکانی وەزیران و کاربەدەستانی ڕژیم لە بواری پەروەردە و نەبوونی پلانی ورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێک لە هۆکار گەڵی ئەم قەیرانانەن کە لەلایەن چاڵاکانی سێنفی مامۆستایان باسی لێوە دەکەن.
سەرۆکی کۆمسیۆنی پەروەردەی پەرلەمانی ڕژیم ئاماژەی بە دۆخی مامۆستایانی گرێبەست یان «حقالتدریس» کردوە و ڕایگەیاندووە ، «رێژەی مۆچەی وانەوتنەوە ئەوەندە کەمە کە مامۆستایان نایانەوێت بە مەرجی حقالتدریسی و گرێبەست، وانە بڵێنەوە» و لەنێو ئەو کەسانەشدا کەمتر لە ٨٠ هەزار کەس ئامادەن هاوکاری پەروەردە بکەن لە شێوەی گرێبەستی و حق التدریسی لە کاتێکدا لانیکەم ٢٠٠ هەزار مامۆستا گرێبستی پێویستە بۆ «مودیرییەتی قەیرانەکە».
سنووردارکردن و گوشارە سیاسییەکان، زاڵبوونی ڕوانگای ئایدولوژیک و سیاسی و ناشارەزایی، ڕوانگای حکوومەتی و ولایەتی لەبری ڕوانگای مرۆڤ تەوەرانە، داهێنەرانە، ناکارامەیی و گەندەڵی دەتوانن سەرچاوەکانی کێشەی سیستەمی پەروەردەیی لە ئاستی دامەزراندن و کەمی ماموستایان ئاماژە پێبکەین کە مەترسی بۆ داهاتووی ژیانی منداڵانی ئەم کۆمەڵگای وەک کۆی باقی گەورە قەیرانەکان ساز کردووە و داهاتوویەکی مەترسیدار و ناروونی بۆ نەتەوەکانی ناوئێران درووست کردووە.
ئەنجام
قەیرانی جێی و کەمی قوتابخانەکان، قەیرانی ڕێگا و بان و ژێرسازییەکان، نەبوونی فەزای ئامووزشیی و پەروەردەیی شیاو بۆ ماموستایان و قوتابیان کۆمەلێک تر لە قەیران و ئەنجامەکانی ئەم سیستمە سیاسییە خۆسەپێنەیە.
ئایدولوژیستە دواکەوتوو و مورتجعەکانی جەماران بەو خوێندنە خۆسەپێن و بەرتەسکانە و ئایدولوژیکیانە بە نیسبەت سیاسەت و کۆمەڵگا ماموستایان و سیستمی پەروەردەی ئازادیان وەک سەرەکیترین دوژمنان و بەربەستەکانی بەردەم خەیاڵی ئیسلامیستی خۆیان بینیوە.
هەر لەسەرەتای دەسەڵاتداری خۆیان لە حەوڵی دەستەمۆکردن و فتح کردنی ئەم نەهادەیان داوە لە بەرانبەریشدا لە کۆمەڵگای ئێراندا سێنفی مامۆستایان یەکێک لە زیندووترین سێنفەکانە کە ئمڕۆ دژی سیستمی خۆسەپنێنی ئاخۆندی ڕاوەستاوە سەرەڕای قوربانی دانی زۆر لەم ڕێگایەدا.
بۆیە دەتوانین ئاماژە بە شەڕی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ مامۆستایانی قوتابخانەکان لە چڵ ساڵی ڕابردوو بکەین.