شەهلا کاوە
لەڕێکەوتی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ گرووپی حەماس هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل و هەتا ئیستا و نووسینی ئەم بابەتە شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و ڕێژەیەکی زۆر لە هەردوولا بوونەتە قوربانی و بەداخەوە کارەساتی گەورەی مرۆیی ڕوویداوە.
وهەست و دەروونی هەمووان بەو کوشتارە زۆرە کە منداڵ و کەسانی مەدەنیشی زۆر تیایە ئەشاوە، کارم بە کێشە و گرژییەکانی نێوان فلستین و ئیسرائیل نییە و ئەوەی کە کام لایەن ڕەوایە و کامە لایەن سەرەڕۆ مەبەستی ئەم نووسینە نییە بەڵام ڕۆڵ و پیلانگێڕی ڕێژیمی ئێران لەم نێوانەدا سەیرە کە چۆن وەک ئاگری ژێر کا شەڕەکەی هەڵگیرساند و متقی لەخۆی بڕی و خۆی لە دەستێوەردانی کێشەکە بێ بەری نیشاندا و لەوەش گرینگتر خۆی کردۆتە داکۆکیکاری مافی زوڵم لێکراوان و بۆتە برا گەورە و پشتیوانی فەلەستین و تەنانەت دەیان و سەدان فیلم و تەسویری ساختە لەوشەڕە بەدنیای دەرەوە نیشان ئەدات کە هەمووی لە ژووری فیکری ئاخوندەکانەوە بەرنامەیان بۆ دادەڕێژرێت.
لەکەس شاراوە نییە کە حەماس منداڵی بەخێو بووی دەستی ئێرانە و هەموو لۆجستیکی شەڕ و دۆلارەکانی لە ئێرانەوە بۆ دێن، بەپارەی ڕێژیمی ئێران هەموو پێداویستی ژیانیان بە زیادیشەوە دابین کراوە .
خەڵکی فەلەستین مافی ئەوەیان هەیە کە چارەنووسیان بەدەستی خۆیان بێت و لەسەر خاکی خۆیان ئازادانە بژین و هەموو ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونیدا هاتووە بەهرەمەند بێت بەڵام بەشی پێکەنیناوی مەسەلەکە ڕێژیمی ئێرانە کە فرمێسکی درۆ ئەڕێژێ و نایەڵێ کێشە لەو ناوچەیە چارەسەر بێت و دایمە باس لە داگیرکراوی فەلەستین ئەکات لە حاڵێکدا خۆی گەورەداگیرکارە بەسەر خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوە غەیرەفارسەکاندا.
چەندین نەتەوە و ئایینی ژێردەست لە جۆگڕافیای ئێراندا ناوەندگەرایی و بە پیرۆزکردنی ئەفراس و ئایینی شیعە لەلایەن دەسەڵاتەوە خەریکە بیانتوێنەتەوە، یان خود ژیانێکی سەخت و گۆشەگیریان ببێ، یان ڕاستەوخۆ گوللە بە سەر و دڵی خەڵکی هەژارەوە لەسەر سنوورەکان ئەنێن تەنیا بەتاوانی پەیداکردنی تیکە نانێک و دەیان شێوازی دیکە لە چەوساندنەوە ئەزموون ئەکەن.
فەسادی ئەخلاقی ئاخوند و کاربەدەستەکانی کە لەوپەڕی بێ شەرمی داماڵاوی لە ئەخلاقدا فیلم لە کارەکەشیان ئەگرن بۆ هەموو دونیا ئاشکرایە بەڵام لەسەر ئەوەی تاڵە قژێکی کیژێکی کورد دیارە بەجۆرێک باتۆمی دەدەن کە هیچ شانسی زیندوو مانی نییە بەڵام لەولا وەک ئەوەی شارۆمەند و خەڵکانی خۆی وەک ڕۆڵەی خۆی لە ئەمنییەتدا بژین هات و هاوار بۆ فەلەستین ئەکات و ئیسرائیل بە داگیرکار و خوێنڕێژ ناو ئەبات.
ڕۆژانە ناوەندە مافی مرۆییەکانی تایبەت بە ئێران ئەوەندە هەواڵی کوشتن و بێسەروشوێن کردن و لێکەوتە و تاوان لەبەر هەژاری و دەستکورتی بەگوێمان دەگەیەنن کە مرۆڤ حەزی بۆ ژیان نامێنێ و دڵی پێیان ژان ئەکات، کەچی هەر زۆر ڕوودارانە بوونەتە پارێزەری مافی خەڵکی فەلەستین ئەویش تەنیا لەبەر شەڕئەنگێزی و دژایەتی ئیسرائیل و سەرقاڵکردنی خەڵکی ناوخۆ بەو بیانووەی ئێمە دوژمنی دەرەکیمان هەیە و ئەبێ پارێزگاری لە مانەوەی خاکی ئێران لە بەرانبەر هێرشی بێگانە[ ئیسرائیل و ئامریکا] بکەین وەک “هانا ئارێنت” دەڵێ: حکوومەتە دیکتاتۆرەکان هەمیشە دوژمنێکی فەرزییان بۆ خۆیان دروست کردووە بۆ ئەوەی زەینی خەڵکی بە لاڕێدا ببەن و لەلایەک سەرکوت و کوشتاری خۆیان بکەن و لە لایەکیش ڕەشبین بن لە کەسانێک لەدەرەوەی خاکی خۆیان و هەمیشە ترسی ئەوەیان بێت نەکا هێرشی دەرەکی بکرێتە سەریان، لە بەرانبەر زوڵمی دەسەڵاتی حاکمدا بێدەنگ بن.
لەماوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا “موحەممەد جەواد زەریف” وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران دەڵێ حەماس خەڵکی ئیسرائیلی بە بارمتە نەگرتووە بەڵکوو زیندانی کردوون،ئەمە وەک پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ “شەل نییە تەنیا پای شکاوە” .
خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم دەڵێ دیارە ئێمە هەمیشە پشتیوانیمان لە خەڵکی فەلەستین کردووە بەڵام بۆ ئەوان بڕیار نادەین، ئەوان خۆیان لەبەرانبەر زوڵمدا وەستانەوە، ئیسرائیل خەڵکی فەلەستینی بەکەم گرتووە، بەڵام ئەوان خۆیان وشیارن و دەزانن چی ئەکەن. ئەو جەنابە بەردەنگەکانی چەندە بە گەمژە ئەزانێ کە پێشتر و لە کاردانەوە بە سەرهەڵدانەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران و هەموو ناڕەزایەتییەکانی دیکەدا دەڵێ کە ئەوانە کۆمەڵێک کوڕ و کاڵن کە هان دراون و بەقسەی کەسانی دژی شۆڕشیان کردووە و بەتەمان تەناهی نەتەوەیی تێک بدەن.
هەر کەسێک لە ئێراندا ناڕەزایەتی دەرببڕێ بە دەستوپێوەندی بێگانەی ناوزەد ئەکەن و لە زۆر جێگاشدا وتوویانە هەر کەسێ بە وەزعی ئێران ڕازی نییە ئەتوانێ وڵات جێبهێڵی، بەڵام بۆ خەڵکی فەلەستین بۆتە کاسەی گەرمتر لە ئاش و بەردەوام بە دزی و بە ئاشکرا هانیان دەدا کە ئێوە مافی خۆتانە داگیرکار ڕابماڵن و …..
لەسەرەتای شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا ئەوانەی حەماس بە ئاشکرا دەسخۆشییان لە هاوکاری و پاڵپشتی ڕێژیمی ئێران کرد بەڵام ئێران ئەوەندە لە تووڕەیی ئیسرائیل و ڕزیوی روخساری خۆی لە نێوخۆدا ترساوە و دەزانێ وەک دارێکی گەنیو وایە کە بەبایەکی تۆزێ قایم دەکەوێ کە هەر جارە بە جۆرێ قسە ئەکەن و بە جوانی بادانەوەیان لە مەسەلەی حەماسدا پێوە دیارە.
ڕێژیمی ئێران لەسەرەتای دامەزراندنیەوە باس لە ناردنە دەرەوەی شۆڕش و دروسکردنی هیلالی شیعە ئەکات بەلام خۆ حەماس دامەزراوەیەکی سوونەیە و لە دژی ئیسرائیل زەق و پڕچەکی کردۆتەوە.
ڕێژیمی ئێران باش ئەزانێ ئەگەر ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بچێتە شەڕەوە لە نێوخۆشدا پاڵێکی چاکی پێوە ئەنرێ و لەنێو ئەچێ ئەوەی ئیستا ئەیبینین خەڵکی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە پاراستنی خاکەکەیان ئەیکەن و هاوکار و دڵسۆزی دەسەڵاتی وڵاتەکەیانن خەڵکی ئێران قەت ئاوا نین و ئەوەندە زوڵمیان لەو دەسەڵاتە دیتووە کە لەخوایان تەڵەبە هێرشێکی دەرەکی لەلایەن گەورە هێزێکەوە بکرێتە سەر حاکمییەتی ئێران ونەجاتیان بێ هەر هێرشێکی بکرێتە سەردەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران ئەوانیش دەستی خۆیان ئەوەشێنن وتۆڵە لە دەسەڵاتی ئاخوندەکان ئەکەنەوە.
لە وڵاتێک کە دەسەڵات بەدەم خەڵکەوە بێت و خەڵکی خۆی خۆشبوێ ئاوایە، وەک ئیسرائیل کە ئۆپۆزسیۆنی دژبەر کاتێک بینی وڵات و گیانی شارۆمەندان لە مەترسیدایە کێشە و ناکۆکییان وەلا نا و شان بە شانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە ئامادەییان بۆ بەرگری لە خاکی ئیسرائیل ڕاگەیاند، چوونکە لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتی و کێشانەی هەیانبوو خۆیان لە بوون و ئارامی ئەو وڵاتەدا دەبینییەوە و وەک نەتەوە ئازاریان پێ ئەگەیشت لەوکارەساتانەی ڕوویاندەدا بەڵام ڕێژیمی ئێران ئەوەندە بێڕەحمی و درۆ و خەڵک نەویستی لێ بینراوە کە تەنانەت زۆرێک لەوانەی بەهەر هۆکارێک لەگەڵی کەوتوون بە دڵ لەگەڵی نین و پێناچێ لە هەر مەترسییەکی دەرەکیدا پشتی بگرن.
لە ئێرانێکی فرە نەتەوەدا تەنیا فارسەکان خۆیان بینیوەتەوە و بەداخەوە پەراوێز خستن و سەرکوتی باقی نەتەوەکانی دیکە بۆتە هۆی بێ بڕوایی بە خۆیان و تواناکانی خۆیان و هەروەها هێرشێکی گەورەی ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی و کەلتووری و تەنانەت سیاسیش بۆ سەر ئەو نەتەوانە و ئەمەش ڕاستەوخۆ کارتێکەری نگەتیڤی بووە بۆسەر خەباتی ڕزگاریخوازانەی ئەو نەتەوانە لەو ژێردەستییە بەجۆرێک کە لەنێو نەتەوەکانی ئێراندا کورد زیاترین و بەهێزترین ڕەوتی سازماندراوی خەباتی هەیە بە دژی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی ئێراندا[ پاشایەتی و ئاخوندی] بۆیە ڕێژیم هەمیشە بە نیسبەت کوردەوە بە تەواوی هێزی سەرکوت و کوشتاری کردووە.