ماریا وەیسی
چەندین پرسی سەرەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران وەک قەیران گەلی لە مێژینە و قووڵ هاتنە ئاراوە کە سەرنجی لێکۆڵەران، کۆمەڵناسان و سیاسەتوانان و چالاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، یەکێک لەو بابەتانە کە ئەم نووسراوە مەبەستیەتی مەسەلەی نەبوونی ڕەوایی سەروەری لە ئێرانە کە لە شەقامەکان بە ڕوونی بۆ هەمووان دەرکەوت. لێرە تێدەکۆشم ئەم بابەتە لە چوارچێوەی شۆڕشی ژینا پێشکەش بکەم.
دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەست پۆلیسی حیجابی دەوڵەت لە تاران پایتەختی وڵاتی ئێران بووە بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵک، ئەم سەرهەڵدانە نوێیە هەموو ترس و دڵەڕاوکێی دەوڵەت و سیاسەتوانان و بیرمەندانی نەتەوەی سەردەست، کە ساڵهایە بەو ترسەوە سەر دەنێنەوە خستە ڕوو، لەلایەکی ترەوە ئەم سەرهەڵدانە نوێیە لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک بەها و ئاواتی سیاسی – فکری زەق دەکاتەوە کە جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان نەتەوە بندەستەکان، ژنان و جیا بیران و پەراوێز خراوەکان و هتد… لەگەڵ ناوەندەوە کە بە ڕوونی دەردەخات و ڕەوایی سەروەری لە ئێران دەخاتە ئالنگاریەوە. شۆڕشی ژینا فرەییخواز، دێموکراتیک، شوناسخوازی و یەکسانیخوازە. لە کاتێکدا بە سەقامگیر بوونی دەوڵەتی مۆدێرن لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەزا شای ئێران تا بە ئەمڕۆ هەوڵ و ستراتیژی سەرەکی لە ئێران بیرۆکەی یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئایینی بوونی ئێرانە.
بە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئێران سێ شێوازی بیری نەتەوەخوازی هەوڵییان داوە پایەکانی دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر ئەساسی نەژادی ئاریایی بەهێز بکەن. ئەم سێ ڕەوتە بریتی بوون لە، ڕەوتی یەکەم، لیبراڵ و نوێخوازەکان کە لە ژێر باندۆری شۆڕشی مەزنی فەرەنسا1789 بایەخەکانی دادپەروەری و ئازادی، یەکسانی و تاکخوازی، مافی هاوڵاتیبوون حکومەتی یاسا و پەرلەمان و هاوکات جەختییان لەسەر ئێرانیبوون و ئیسلامیبوون دەکرد. کە نوێنەرانی فکری ئەم ڕەوتە میرزا حسێن خان موشیرۆددەوڵە، موستەشارۆدوڵە و محەممەد موسەدق بوون. ڕەوتی دووەم بناژۆخوازەکانن لە لە ژێر کاریگەری ڕۆمانتیزمی ئاڵمانی تۆخمە کانی نەتەوەی ئێران لەسەر ڕەگەزی ئاریایی و خوێن و ڕیشەی ئێرانی کۆن و پارسی جەختیان دەکرد کە نوێنەرانی فکری ئەم ڕەوتە جەلال الدین میرزا کوڕی فەتعلی شای قاجار و میرزا فەتحعلی ئاخوندزادە و میرزا ئاقا خانی کرمانی… بوون.
ڕەوتی سێیەم، نەتەوەخوازە ئاینییەکان بوون کە زۆرتر مامۆستا ئایینییەکانی لایەنگری مەشروتە و دژبەرانی ئیمپریالیزم بوون خاڵی هاوبەشی هەر سێ ڕەوت بە نیسبەت نەتەوەکان دژایەتی و دوژمنایەتیکردنی فرەنەتەوەیی بوون لەم جوگرافیایەی بە مانایەک ڕەوتی نەتەوەخوازی ئێرانی لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوە و دژایەتی ئەویتری خۆی کە بە خولقاندنی ئەویتری شەیتانی لە نەتەوەکانی تر بەستێنێکی ڕەخساندووە کە بەردی بناغەیی ڕەوایی سەروەری دەوڵەتی مۆدێرنی ئێرانی لار و گێڕ دابنرێت و لەلایەن گەلان بە فەرمی نەناسرێت. هاوکات یەکپارچەیی خاک پرس و دڵەخورپەی سەرەکی ئەم سێ ڕەوتە لە نووسینەوەی بەها و بەرژەوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانیان لە بەرانبەر فرەخوازی و شووناسخوازی گەلان بووە.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژیناوە بە ڕوونی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتیەکان بۆ دڵ ساردکردنەوەی گەلانی ڕاپەریو و هاوئاهەنگ دژی ڕێکخستنی ئاکسیۆنی گەڵان ڕۆڵیان دەگێڕا. ئەمە لە کاتێکدا لە نێو پایتەختی ئێران دروشمی “تهران کوردستان شود ایران گلستان شود” دروشمێک کە ڕاستی پێشەنگ بوونی خەبات لە کوردستان و گەلان لە نێو شەقامی تاران هاوار دەکات. ئەم پێشەنگییە لە ڕەوتێکی مێژوویی شۆڕشگێڕانە تێپەڕ بووە کە ئەنجامی وشیاری بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان و گەلانی بندەست لە ئێرانە. بەڵام قەیرانی ڕەوایی سەروەری لە ئێران پرسێکی جددی و واقیعییە کە شۆڕشی ژینا نێوەڕۆکی ئەم قەیرانەی کردووەتە ئامانج ئەوەی لە شەقامەکان بەر هەستانە بینەری شۆڕشێکی زەینی لە ڕێی وزە و دەنگی یەکگرتووانەی گەلانی نێو ئێرانین کە سەرچاوە و کاتالیزۆری تێکچوونی کاکڵەی ئاوەزی ئێران شاری لە ڕەوایی دەخات و هێرشێکی بناغەیی و شۆڕشگێڕانە دەکاتە سەر گێرانە و و پرسپکتیڤی ئێران شاری لە بەرانبەر دا مەسەلەی شوناسخوازی و فرەخوازی و دێموکراسی لەنێو گەڵان بەرز دەبێتەوە، بابەتێک کە بۆ باوەڕمەندانی بیری ئێرانی قەیرانێکی گەورەیە و لە چاویلکەی ئەمنییەتی یەوە سەیری دەکەن ئەگەر ئەم گریمانە قبووڵ بکەین وەڵامی پرسیاری ئەوەیکە بۆ لە ئێران ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەی سەر دەست لە ڕەوتی سەر کۆتی گەلان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و ناتوانێت دڵ لە هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ئێران هەڵبگرێت؟ عەقڵیەتی ناوەند گەرا سەرچاوەی سەرەکی قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیییەکانی ئێرانە. عەقڵیەتی ناوەندخواز ناتوانێت فرەیی، جیاوازی، مافی گەلان وەک بنەمایەکی دیموکراتیک و مۆدێرن پەسەند بکات لە بازنەیەکی قەیرانئاوی دەخولێتەوە و هەر بۆیە تەنیا ڕێگاچارەی بۆ پرسەکان ڕوانگایەکی فاشیستییانە و ئەمنییەتیانەیە.
دوا بە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێرانی کە هەوڵی سڕینە و لەنێوبردنی کورد و گەلانی تری داوە لە هەمبەر ئەم سیاسەتە داگیرکەرانە بەرخۆدانێک لە لایەن گەلانی بندەست دەستپێدەکات. شۆڕشی ژینا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتین لە بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ئێران ویستێک کە بەتەواوەتی بەرەی شۆڕشگێڕان و بەرەی کۆماری ئیسلامی ڕوون کردووەتەوە و چی دیکە ناوەند و مەسەلەی یەکپارچەیی ناتوانێت گەلان پەراوێز بخات، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا یەکگرتوویی گەلان دەبێتە ڕەمزێک لە بەرانبەر ڕەمزی ناوەندخوازکان. فرەیی، قەبووڵ کردنی جیاوازی، شووناسخوازی، یەکسانخوازی، ژینگە پارێزی لە بەرانبەر یەک دەنگی، فاشیزم، نایەکسانی، بەتاڵان بردن و کاوڵکردن کە بەرهەمی بیری ناوەندخوازی ئێرانییە هەر دوو سیستمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی نوێنەری ئەم جۆر سیاسەتکردنەن لە بەرانبەر نەتەوە وگەلان.
لەم بەشەدا ئاماژە بەتەیبەتمەندییەکی گرینگ لە شۆڕشی ژینا بکەم کە بەشداری و یەکگرتوویی ژنان بە تایبەت دایکانی شۆڕشی ژینا و دایکانی دادخواە کە بە دوور لە هەموو فیگورە ڕاگەیاندنییەکان هەیمەنە و سیاسەتی یەکدەست کردن و نایەکسانی بیرۆکەی ئێرانشاری ڕەت دەکەنەوە. بۆیە شۆڕشی ژینا بەستێنسازی دەرفەت بوو بۆ بندەستەکان کە بە شێوازی پێشکەوتووانە و شۆڕشگێڕانە و بەرهەمی ئەزموونی ژیانیان بەشداری چالاکی گۆڕەپانی خەبات بن. شۆڕشی ژینا لە ناوەڕۆکەوە فرەخوازە و دژی پاوانخوازییە. لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بکەم شۆڕشی ژینا لەگەل خۆی پاشەکەوتێکی مەزن لە ئەزموونی خەباتی شاخ و شار، دێموکراسیخوازی، مامۆستایان و ژنان و هتد… پێیە ئەوەی گرنگە ئەم شۆڕشە ئاڵنگارییەکانی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێت بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و بیری ڕەخنەگرانە پەرە بستێنێت تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی خۆی لەم چوارچێوەدا بەشداری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی نەتەوە و چین و توێژەکان بەگشتی گەلانی ڕاپەریو گرنگی ئەساسی هەیە.
ئەو بابەتە لە ژومارە ١ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بووەتەوە