گەلاوێژ محەممەدی
ئەو ڕاپەرینە و ئەو هەموو ناڕەزایەتییە، کە ئێستا لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت هەیە ئایا دەتوانین ناوی شۆڕشی ژینای لێ بنێن؟ من پێم وایە بەڵێ بەچەند هۆ/ ئارگۆمێنتەوەر دەتوانین بڵێن ئەو شۆڕشە وەک، «شۆڕشی ژینا و دروشمی ژن- ژیان- ئازادی» بۆ ناڕەزاییی دەربڕین بەرانبەر بە ناڕەوا کوژرانی ژینا بە دەستی پارێزەرانی یاسای دژە ژن لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وە بە پشت بەستن بە ئەزموونی ساڵها خەبات و تێکۆشان بەرانبەر بە سەرکوت و پێشێلكردنی مافەكانی ژنان بە دەستی ئەو حکوومەتە جینایەتکارە دەستی پێ کرد. کەواتە پێشەکی بۆ سەڵماندی ئەوەی کە ئەو ناڕەزایەتییانە دەچنە نێو چوارچێوەی شۆڕشەوە با بزانین پێناسەی شۆڕش چییە؟
وەک وشە شۆڕش بە مانی گەڕانەوە لە دۆخێک ڕا بۆ دۆخێکی دیکە، ئاڵۆگۆڕ، یان گۆڕانێکە یان دەتوانین بڵێن دەکرێت بە ‹›گۆڕانێکی کوالیتی›› هەژمار بکرێت. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین هەڵگەڕانەوە و گەشەکردن. لە کۆمەڵناسیدا بە واتای گەڕانەوە بۆ دۆخێکی باش، دۆخێکی پرشنگدار یان گەڕانەوە بۆ ئازادی ونبوو، کە بەداخەوە بە درێژایی مێژوو ئێمەی کورد بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەت ئەو ئازادییەمان لێ زەوت کراوە. ژنان لە ئێران ساڵهایە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن. ژنان لە کوردستان تەنها لەبەر ڕەگەزیان تووشی هەڵاواردن نەبوون و بەڵکوو بەردەوام تووشی ستەمی نەتەوەییش بوون، کە هەموو ئەوانەش کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژیانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژندا هەبووە و هەیە، تەنانەت لەسەر هەست و کەسایەتیشیان وەک مرۆڤێک کارلێکەریان هەبووە.
کاتێک بیرمەندان لە شۆڕشی فەرەنسەدا باسی مافی سەربەخۆیی گەلان و گۆڕینی باری گوزەرانی جەماوەر بە دەستی خۆیان و … هتدی دەکرد،کە هەرگیز پێشتر بوونی نەبووە، کۆمەڵناسان و فەیلەسووفان دەستەواژەی شۆڕشیان هێناگۆڕێ و بەو شێوەیە پێناسەیان کرد کە شۆڕش واتە ‹›گۆڕینی سروشتی شتێک.›› پێناسەی وشەی شۆڕش لە زاراوەی جیهانیدا هەوڵدانە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان ڕووخاندنی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، بۆ دروست کردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هەموو دامەزراوەکان و پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕێکخراویەکاندا لە چوار چێوەی ئامانجێکی دیاریکراودا. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسان هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری کە ببێتە هۆی چاکسازی کۆمەڵایەتی گەورە یان پرۆسەی وەرچەرخان خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکە.
کەواتە بە پێی ئەو پێناسەیە لە شۆڕش دەتوانم بڵێیم، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو خەباتە هەمیشەیییە ژنانی کورد بەرانبەر بە هەموو ئەو زوڵمانە، بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریان و ئاشنابوونی زیاتریان بە مافەکانیان، ژنان بوێرانە هاتنە ڕیزی پێشەوەی خەبات و بێدەنگیان شکاند. ژنان هەر لە ڕۆژی ناشتنی تەرمی ژینا لە گۆڕستانی شاری سەقز لە چوارچێوەی شۆڕشێک بە ناوی ‹›شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی›› لەچکەکانیان فڕێ دا و دەنگی نارەزایەتیان هەڵبری. ئەو بێدەنگی شکاندنەی ژنانی کورد بووە بە چەخماخەیەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی هەموو چین و توێژەکان و هەموو ستەملێکراوەکان لە سەراسەری ئێراندا. لە ڕاستیدا ژنانی کورد و بزوتنەوەكە بوونە چرای ڕێنوێنی ئەم شۆڕشە. بوونی ژنان بە ویستی پێشکەوتووانەوە کاریگەری لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشەکە و دروشمەکان و داواکارییەکان دانا، بۆیە زۆر جار باس لەوە دەكرێ کە ڕاپەڕینی ئەم جارە شۆڕشێکی زۆر بێ وێنەیە و بە دڵنیایەوە هەتا ڕووخانی ئەو ڕژیمە توتالیتارەی ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت، ئەگەر بەرز و نزمیشی هەبێت.
دەکرێت داواکاری و بنەماکانی ئەو شۆڕشە بە مانای یەکلاکەرەوەی خۆی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی بناغەی سیستمی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و تێکشکاندنی دەسەڵاتی وەلی فەقیهـ لە قەڵەم بدرێت. شۆڕشە گەورەکان ئەو شۆڕشانەن کە گۆڕانکاریی بنەڕەتیان لە حوکمڕانی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەکدا پێکهێناوە. بەدڵنیایەوە شۆڕشی ژیناش یەکێکە لەو شۆڕشە گەورانە، کە هەموو جیهان باسی دەکات و بەهیوای زوو گەیشتن بە لوتکەی ئامانجەکانین.
ئەگەر لەم شۆڕشە یان هەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کلتووریدا، لایەنەکان و تاکەکانی بەشدار تەنها هەوڵەکەیان ئەوە بێت کە ببنە خاوەنی دروشمەکان و ناویان دەرکەوێ و نەتوانن لە تەک ناوەرۆكی شۆڕشەکەدا بێنەوە و هەوڵ بۆ ڕادیكاڵ کردنەوە و پێشکەوتووترکردنی شۆڕشەكە و دروشمەکانی بدەن لە کۆتاییدا هەم شۆڕشەکە لەبواری کاتەوە وەدواوە دەکەوێت و هەم تاک و لایەنەکان قازانجێکی لێ ناکەن. نابێ بیرمان بچێ هیچ کەس بە بیری باوکسالاری ناتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی ئەو شۆڕشە، چونکە دروشم و خواستەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەتەک فیکری ئەو کەسانە نایەتەوە کە هەڵگری بیری سەپێندراوی باوک یان پیاوسالار بن.
لە ڕاستیدا هەر تاک و لایەنێک هەوڵ بۆ خۆ بە خاوەنکردن و داگیرکردنی شۆڕشەکە بدا، بێگوومان هەڵگری بیری تایبەتمەندییەکانی سیستەمی باوکسالارە. بۆیە تێگەیشتن لە ناوەرۆکی دروشمەکە یەکەمین هەنگاوە کە هەموو تاک و لایەنەکان ئەبێ هەڵیگرن.
ئەم شۆڕشە، بزووتنەوەیەکی گشتگیرە و ژنانێکی چالاک، کارامە و شوێندانەر ئەتوانن تێدا دەرکەون کە خاوەنی هزر، جەستە و بڕیاری خۆیان بن و بیسەلمێنن کە هەڵگری ئەو پێناسەیە نینە کە کۆمەڵگەی باوک / پیاوسالار بە درێژایی مێژوو بۆیانی دیاری کردووە. هەموو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو پێویستی بە توانای گشت تاکەکان هەیە و تاکی کۆیلە و ژێردەستە ناتوانێ بۆ گەشەدان بە کۆمەڵگە کارتێکەری هەبێت. ئەم شۆڕشە هەوڵێکی هەمەلایەنەیە، بۆ لەنێوبردنی سیستمێکی توتالیتار وەک ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کە مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ژنان و کەمینەکانی بە تایبەت نەپاراستووە، حکوومەتێک کە تا سەر ئێسقان هەڵگری بیری پیاوسالاری و دژی مافی مرۆڤ بووە. ئەرکی یەکسانیخوازان و هەموو مرۆڤە پێشکەوتنخوازەکانە کە پارێزگاری لە ناوەڕۆکی مافی ژنان و ئەو شۆڕشە بکەن و هەوڵی بەهێزکردنی بدەن. نابێ ڕێگە بدرێ لە ژێر هیچ پاساوێکدا پرسە گرینگەکانی کۆمەڵگە وەکوو مافی ژنان پەراوێز بخرێن.
کاتێک تماشای ناوەرۆکی بزووتنەوەکە و دروشمەکان و گۆڕانگارییەکان لە سەرەتای شۆڕشەكە تا ئەمڕۆ دەکەین، هەموو شتێک وا نیشان ئەدەن کە شۆڕشی ژینا لە بواری یەکسانیخوازییەوە وەکوو زۆر بواری دیکە پڕ دەسکەوت بووە و هەر لەم ماوە کورت و پڕ ئازار و قوربانییەدا هەوڵی جددی بۆ گۆڕانگاری لە فۆرم و کولتووری زاڵی نایەکسانی دراوە. بۆ نموونە لە چلەی ژینا کاتێک لە سەقز کچان و کوڕان بە دەست لەناو دەستی یەکتر بەشدار بوون، هیچ کەس وەک جاران نەی ئەتوانی رەخنەیان لێ بگرێ و بەریان پێ بگرێ. ئێستا زۆرێک لە ژنانی ڕۆژهەڵات هەست بەو ترسە کە بە درێژایی مێژووی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی ماڵەکانیان لەسەریان بووە ناکەن و ئەمە ئەكرێ بە سەرەتای شۆڕشێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی پێناسە بکرێ.
ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی ئازای كوردستان بەتایبەتی هاوکات لەتەک بەشدارییان لە شۆڕش لە دژی حکوومەتی دیکتاتۆر و داگیرکەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو نوێنەری بیرە دواکەوتوو و دژە ژن، شەڕیان لەتەک سیستمی باوکسالار کردووە کە مێژووەکەی لە حکوومەتی ئێران کۆنترە. بیرمان نەچێت کە هاوکات لەتەک هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکوومەتێکی دیکتاتۆری مرۆڤ كوژ و داگیرکەر دەکرێ و دەبێ پێکەوە و بە هەوڵی بەردەوامی هەموو یەکسانیخوازەکان و ئەو کەسانەی باوەڕیان بە یەکسانی و مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیان هەیە، پەرەپێدەری شۆڕشێکی بەردەوام بین بۆ دانانی بناغەی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و یەکسان کە مافی هەمووان وەک یەک تێیدا پارێزراو بێت. بە هیوای سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا و گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی و کەسایەتیمان وەک ژنی کورد.