بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕشەکان لە وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوو زۆر جیاوازترن لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و دواکەوتوو. ڕەنگە بەشێک لەم جیاوازییانە بگەڕێنەوە بۆ هۆکارەکان و بەستەرەکان و ئاخێزگەی جیاوازییە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کولتوریییەکانەوە. شۆڕشی ئەمجارەی «ژینا» وێنەیەکی جیاوازە لە چاو ڕووداوە هاوشێوەکانی پێش خۆی. تایبەتمەندی و ڕەهەندە نوێیەکانی ئەم بزاوتە وایان کردووە ببێتە نوقتەگۆڕان و دەستپێکی ڕەوتێکی نوێ کە سێبەری لەسەر داهاتووی ئێران و گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانی ئەم جوغرافیایە قورسایی دەکات. جیاوازی و بێ وێنەیی ئەو شۆڕشە لەوەدایە کە پاش زیاتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتدارییەتی ڕێژیمی ئاخوندی، ئەمجارە ژنانی ئێران، وە بە تایبەتی ژنانی کوردستان، پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشەیان بە دروشمی «ژن ژیان ئازادی» کردووە.
ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات و شاری سەقز، پاش ئەوەیکە لەگەڵ بنەماڵەکەی بە سەفەرێک سەردانی تاران دەکا، تەنیا لەبەر ئەوەیکە تاڵە قژەکانی لە ژێر ڕووسەرییەکەیەوە وەدەر دەکەوەێ لەلایەن هێزەکانی» گەشتی ئیرشادی» ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێ و پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر گیانی لە دەست دەدا، ئەمەش دەبێتە هەوێنی ڕاپەڕین و خەباتێکی بەربڵاو و بێ وێنە لە ئاستی کوردستان و ئێران.
زیاتر لە سێ مانگە شۆڕشی ژینا لە شکڵ و فۆرمی جیاوازدا، بە ناوەرۆک و پێکهاتەی جیاوازیەوە، لە پانتای کوردستان و هەرێمە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران بەردەوامە، لە ڕوانگەیەکەوە، ئەم ڕوتە ڕوولەگەشەیە، لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا جیاوازیی لەگەڵ هەموو شۆڕشەکانی پێش خۆی هەیە، لە ڕوویەکی دیکەوە، بەدەر لە بایەخ و ئامانجە مرۆیی و ئازادیخوازانەکەی، لە ڕووی پێکهاتە و بەربڵاو و تایبەتمەندییەکانیەوە، شوێنکەوتەی هیچ شۆڕشێکی دیکە لە جیهاندا نەبووە، ڕەهەندی ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ دەرد و ئازارو هاوکات خولیا و ئاسۆی ڕووانینی پێکهاتە و لایەنە بەشدارەکانی بزاوتەکە بەرەو ڕزگاری و ئازادی و تێپەڕینیان لە ستەمی فرەلایەن و چەوساندنەوەی سیستماتیکی ڕێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران.
شۆڕشی ژینا بە ئاماژە و سیمایەکی ژنانە و بە دروشـمی»ژن، ژیان، ئازادی» لە کوردستانەوە دەستیپێکرد و هاوکات کۆمەڵێک ڕوانگە و ویست و داخوازی سیاسیی و کۆمەڵایەتی هێنایە گۆرێ کە یەک لەوان مەسەلەی بێ مافی و ئازادییەکانی ژنان بوو. دەرەنجامی ئەم ڕەوتەش بە پێشەنگایەتی خەباتی ژنان، بوو بەوە کە پرسی ژنان لە ئێران، لە پەراوێزەوە بێتە ناوەندی ئامانج و داخوازییەکان، ئەوەش زۆر زوو سنوورەکانی ئێرانی بڕی و دەرد و ئازارەکانی ژنانی کرد بە پرسێکی پڕبایەخ و جێی سەرنجی ڕای جیهانی و وڵاتان. هەر وەک چۆن بینیمان کە کۆمەڵگەی جیهانی(ناوەندەکانی بڕیار وپەرلەمانی وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانییەکان، کەسایەتی و …) لەسەر پرس و مافەکانی ژنان و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران هاتە دەنگ.
ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان لە کوردستان و ئێران لە سەر شەقامەکان، بە دروشمی» ژن ژیان ئازادی» وێڕای ئەوەی کە پاشخانی مێژوویی خۆی هەیە، بەڵام بە هاوکاری و پاڵپشتی و هاوبەشیی پیاوانی کورد بوو کە ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە گەشەی کرد. ئەگەرچی شۆرشی «ژینا» شۆڕشێکی فرەڕەهەندە بەڵام توانی بۆ یەکەم جار لە ئێران ئەگەر چی بە شێوەی ڕێژەیی، ببێتە پلاتفۆرمی خەباتێکی هاوشان و هاوبەش چ لە ئاستی پێکهاتە نەتەوەییەکان، چ لە ئاستی توێژ و چینەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستاندا.
ئەو شۆرشە بەو پێشینە مێژووییەی کە لە بەرەنگاری دەسەڵاتە سەرەڕۆکان لە ئێران هەیەتی، داواکارییەکانی خۆی بە ڕوونی هێنایە گۆڕێ و ئەمجارە ژنان بوون کە بە دروشمی «ژن ژیان ئازادی» ئەو ڕەوتە نوێیە لە خەباتییان ئاراستە کرد، بەڵام بەو جیاوازییەوە کە چوارچێوەی ویست و داخوازییەکان لە مافەکانی ژنان و ئازادییەکانیاندا بەرتەسک نەکردەوە و خەباتەکەیان لەگەڵ پرسی شوناس و ناسنامە و ڕوانگەی کوردستانی بوون لێک گرێ دا. لەم دیدەوە، ژنان خوازیاری بنەجێکردنی پرسی یەکسانی و دادپەروەری وبەهاکانی ئازادی و مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیانن، هەر بۆیەش لە داهاتووی ئێرانێکی دێموکراتیک و سێکۆلاردا، پشکی خۆیان لە دەسەڵاتداریی و بەڕێوەبردنی ئەوە وڵاتە دەوێ، هەروەک چۆن پشکی بەرچاوی تێچوو و قوربانییەکانی ستەمکاری و داگیرکاری لە ئێرانی هاوچەرخدا وەبەر ژنان کەوتووە.
ئاراستەی ئەو ڕووداوانە تەنیا لە ناوخۆی ئێران نەبوو بەڵكوو گەیشتۆتە وڵاتانی دەروە و چالاکانی کورد و ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتیش بەشێک بوون لەو شۆڕشە و توانیویانە بە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ڕێپێوان وهەروەها ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر زەوت کردنی مافەکانی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە، ببنە نوێنگە و دەنگی پێکهاتە نەتەوەییەکانی سەر جوغرافیای ئێران و سەرنجی زۆرتر بخەنە سەر پرسی ژنان لەم وڵاتە. لەئەنجامدا، کاردانەوەکانیش زۆرتر لە ئاستی حکومەت و کەسایەتییەکان بوون، بە جۆرێک کە ڕۆژانە شاهیدی گوتنەوەی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» و بڕینی قژەکان و پشتیوانیی پارلەمانتاران و سەرۆکی وڵاتانی جیاواز بووین کە ئەوەش لە خۆیدا بناغەی هاوپەیوەندییەکی جیهانیی بۆ خەباتی ژنان لە ئێراندا دامەزراند.
شۆرشی ناسنامە تەوەر(لە کوردستان) و مافخوازانەی «ژینا» گەڵێک دەسکەوتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆیی هەبوون، بەڵام ئەوی کەمتر ئاماژەی پێکراوە کاریگەرییەکانی ئەو شۆڕشەیە لە سەر چارەنووسی ژنان لە داهاتووی ئێراندا. ئەوەی کە ئێستا زیاتر لەنێو پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێراندا دەورونەخش دەبینی ژنانی ئێرانی بە تایبەتی کوردستانن، کە ڕۆژ نییە لەلایەن دەسەڵاتی ڕێژیمەوە تەنیا بەهۆی ئەوەیکە داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن دەسبەسەر نەکرێن و لە سیاچاڵەکانی ڕێژیم ئەشکەنجە نەدرێن. ئەوەش نیشانەی ترسی هەمیشەیی ئەو ڕیژیمەیە لە بزووتنەوەی ژنان کە ساڵانێكە بۆ گەشەنەکردن و بەرەوپێشنەچوونی هەوڵی جۆراوجۆریداوە، بەڵام ئێستا بە هاتنەوە کایەی پرسی ژنان لە فۆرم و ئاراستەی جیاوازدا،بەرینایی و قوڵایی ستەم بۆ سەر ژنانی خستە ڕۆژەڤی ڕای گشتیی و میدیاکانی جیهانەوە، لە گەڵ ئەوەشدا پاڵپشتییەکی بێ وێنەی جیهانی ئازادی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
جێی تێڕامانە کە هەرچەندە شۆڕشی مافخوازانەی»ژینا» لە کوردستان هاتە ئاراوە و تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت کوردستان تێچوویەکی زۆری بۆ ئامانجی «ژن، ژیان ئازادی» داوە، بەڵام ڕوانگەی کۆمەڵگەی جیهانیی، جیاوازتر لە خوێندنەوەی ئێمە و واقعی ئەو سەرهەڵدانەیە کە نەزمی جیهانی تەئامول لەگەڵ دەوڵەتەکان دەکا و ئەو شۆرشەش بە شۆڕشی گەلانی ئێران و بە تایبەتی ژنان دەزانێ و بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتە نێوخۆیی و دەرەکییانە دەبێ ئاگاهانە قۆناغەکانی دیکەی ئەو شۆرشە بچێتە پێشێ و کورد و ژنی کوردیش بارتەقای قورسایی خۆی لەو وڵاتەدا ئەو جێگە و پێگەیەی شایانی خۆی بەدەست بهێنی..