مەجید حەقی
بەدرێژایی مێژووی ئایین سالاری، پیاوسالاری و باوکسالاری، ژن وەک کەرەسەیەک بۆ وەدیهێنانی پێویستی پیاو بەکار هێنراوە. دواتر کە کۆمەڵگاکان شوێنی خۆیان گرتووە، ئەرکی ژن خزمەتگوزاری پیاو، زاوزێ و بوون بە کوێلە و “غەنیمەتی” شەڕ بووە. مێژوو لە بەرامبەر نیوەی دیکەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بنەمای بوونی هەموو مرۆڤایەتی ستەمێکی گەورەی ئەنجام داوە کە ئاکامەکەی بە زیانی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی شکاوە. لەو کۆمەڵگایانەی کە پیاوسالاری حاکمە زۆرترین کێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریەکان سەریان هەڵداوە. هەموو شەرەکان بەرهەمی بیری پیاوسالاری و سیاسەتی تەنیا یەکرەهەندی بەشی دەسەڵاتداری کۆمەڵگا بوون.
مێژوو لە ژنان دزراوە، ژنان لە سەرانسەری مێژووی پیاوسالاریدا پەراویزخراون، مرۆڤایەتیان لی ئەستێندراوە و لە ئاکامدا رۆحی گەشەکردنی مرۆڤێش لە قەفەسی کۆنەپەرەستی و پیاوسالاری ملهورانە زیندانی کراوە. مێژوو دەبێ بگەرێتەوە سەر جێگای خۆی. خاوەن مێژووەکان دەبێ ببنە خاوەنی مافی خۆیان و کۆمەڵگا لەو حاڵەتە “نوقستانی”یە دەرکەوێت. کۆمەڵگایەک کە ژن تێدا خاوەنی مافی بەشداری یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی نەبێت وەک جەستەی مرۆڤێکی نوقستانی “هزری” (معلول ذهنی)یە. بۆیە لەو کۆمەڵگایانەدا شەڕ، کێشە و تەنگەژەکۆمەڵایەتی و ئابووریەکان، دەست درێژی، ترس، ناهێمنی، بێبڕوایی حاکمە. لەو کۆمەڵگایانەی کە بە شێوەیەکی رێژەییش بیت یەکسانی نێوان ژن و پیاو مسۆگەر کراوە، گەشەکردن، ژیان خۆشەویستی، شادی و بەختەوەری و تەمەندرێژی مرۆڤ دەبیندرێت.
شۆرشی ژینا دەسپێکێکی بەهێز و واتادارە لە پێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە رزگاری مرۆڤی و ئەمرۆ لە هەمووکاتێک زیاتر بزاڤی سیاسی نەتەوایەتی کورد پێویستە هەوڵی جیددی و ستراتێژی بە کردەوە بدات بۆ گۆرینی رەوشی بەشداری ژنان و وەدیهێنانی یەکسانی لە بەشداری سیاسیدا. ستراتێژی ڕزگاریی نەتەوەیی بە بێ ستراتێژی هاوتەریب و هاوکات بۆ لەناو بردنی نایەکسانی مسۆگەر نابێ بۆیە دەشێ ئامانجی بزاڤە سیاسیەکان
- پەسەندکردنو جێبەجێ کردنی ئەسڵی یەکسانی زایەندی (جێندەری) لە پرۆسەکانی بڕیاردانی رێکخراوەیی بێت
- بەرەوپێش بردنی پرسی زایەندی لە هەموو سیاسەتگوزاری و کاری رێکخراوەییدا
- بەرنامەرێژی تایبەت بۆ پێشکەوتنی ژنان.
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لە یەکەم هەنگاو لانی کەمی رێژەی بەشداری زایەندی (جێندەر) بەرامبەر دیاری بکرێت بەوحاڵەش ئەرکی ژنان تەنیا لە بەشی خزمەتگوزاری و اروچالاکیەکانی پلە سێ و چواری کۆمەڵگادا قەتیس نەکرێتەوە.
وەدیهێنانی یەکسانی دەبێتە هۆی بەهێزبوون و چالاکتربوونی هەموو کۆمەڵگا و سەرکەوتنی بزاڤی نەتەوایەتی کورد مسۆگەرتر دەکات. لە پێناو سەرکەوتن بەسەر کێشەکاندا و بەرەو پێش بردنی دروشمەکانی یەکسانی خوازی لە نێوان حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی دا جێی خۆیەتی ستراتێژی خوارەوە وەک بنەمای داڕشتنی پلانی یەکسانی کۆمەڵایەتی لە چالاکی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکاندا وەبەرچاو بگیرێت:
- هەروەک چۆن شۆرشی ژن ژیان ئازادی نیشانی داوە، ژنان دینەمۆی گۆڕانکاری کۆمەڵگان، بۆیە دەبێ لە ئاستی هەرە بەرزەوە بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی بڕیاردانی یەکسان لە گەل پیاوان بەزوویی جێبەجێ بکرێت و ئەم پێویستییە بۆ داهاتووی نادیار نەسپێردرێ.
- دانانی بەرنامەی توانابەخشی و پەروەردە بۆ مسۆگەرکردنی پرەنسیپی دەرفەتی یەکسان لە مافی یەکساندا.
- سەرمایەدانان لە سەر گۆڕینی هزری پیاوسالاری ناو رێکخراوەکان
- . بەرەوپێش بردنی پرسی یەکسانی ژن و پیاو و پشتیوانی لە بەشداری چالاکانەیان لە هەموو ئاستەکانی بڕیارداندا و جێبەجێ کردنی بڕیارەکان
- دانانی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی تایبەت بە گەشەی یەکسانی لە ئاستی بنەماڵە و کۆمەڵگادا
دیاری کردنی ستراتێژی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەولەویەتەکانی خەبات و چالاکیەکانی پێوەندیدار دیاری بکرێن. بوونی ستراتێژی دەروەستی و “تعهد” بە دروشمەکان مسۆگەر دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئاوێتە بوونی پرسی یەکسانی لە ناو هەموو سیاسەتەکانی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی دا.