نەسرین یوسفزادە
دەبێ چەندە بخایەنێ هەتاکوو ژنان لە نیزامێکی دێموکراتیکدا بە دەستی پیاوان بۆ پۆستێکی گرینگی دەوڵەتی وەک ڕێبەر، سەرۆککۆمار یان سەرۆکوەزیران و هتد… هەڵبژێردرێن؟
لە سەرەتای ئەو وتارەدا دەمانهەوێ باس لە سێزدە ژن بکەین کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا دەستیان بە پۆستی گرینگی سیاسی و دەوڵەتی گەیشتووە و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە وڵاتەکەی خۆیان هەبووە و توانیویانە لەنێو وڵاتەکەیاندا شوێندانەر بن. لە کۆتاییدا باس لەوە دەکەین کە لە ئێرانێکدا کە بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکان ژنان و کچان لەسەر جلوبەرگ و دوو چڵ قژیان دەستبەسەر و بە تیزاب و چەقۆ و قەمە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەکوژرێن و نەقوستان دەکرێن هەڵبژاردن و خۆ پاڵاوتنیان بۆ دونیای سیاسەت و گرینگترینیان ناونوسیی چوار ژن لە ئەو ژنانەی سەر بە خۆیانن، جا جیاواز نییە سەر بە کوێ بن و لایەنگری کام لایەنی سیاسی بن تەنیا ئەو ژنانەی جل و بەرگ و بیر و هزریان وەک خۆیانەیان قەبووڵە. تەنانەت دەکرێ بڵێین کە تەنیا جلوبەرگ ناتوانێ وڵامدەر بێ و ئەوەی گرینگە بیر و هزرە کە دەبێ وەک ئەوان بیر بکاتەوە و لە پڕوپاگەندەکانی خۆیان بێ. بۆیە جیاواز نییە چی دەپۆشێ، یانی هیچ جیاوازیەک لە نێوان ژنێک کە بە چارشێوەوە لە سەر شەقام هێرش دەکاتە سەر ژنان و کچان و بە بیانووی ئێرشادەوە دەستبەسەریان دەکا و ئەوەی لە وڵاتەکانی ئوروپا و ئەمریکا وەک پەرەستووی ئیتلاعاتی هەوڵی ڕەخنەکردن بۆ نێو ژیانی کەسایەتییەکانیان دەدا هیچ جیاوازیەکیان نییە و هەردووکیان لە خزمەتی ئەو حکوومەتەدان.
ئەو چوارچێوە جوغڕافیایەی کە پێی دەڵین ئێران لە یەکەم ڕۆژی تا ئێستا چ کاتێک کە بەدەستی پاشاکانی یەک لە دوای یەک و بە تایبەت پاڵەوی بوو چ لە ڕێژیمێک کە خومەینی دژە ژن دایمەزراند و تەواوی هێزە سیاسییەکانی پێشکەش بە پیاوەکان کرد شوێنێکیان بۆ ژنان نەهێشتەوە جگە لەوەی کە ئەوپەڕەکەی بتوانن بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان یان بۆ نوێنەری شارەکەیان خۆیان بپاڵێون کە ئەوەش فۆرماڵیتە و گاڵتەجاڕە. بەڵام لەنێو ئەو گاڵتەجاڕییەدا تمووعی سەرۆککۆماری لە مێشکی چوار ژندا هەیە.
یەکەمین ژن لە جیهاندا کە بوو بە سەرکۆماری وڵاتەکەی «ئیزابێڵ پرۆن»ـە کە لە ساڵی ١٩٧٤ دوای مردنی هاوژینەکەی «خوان پڕۆن» بوو بە سەرکۆماری ئارژانتین. دوای ئەو ساڵی ١٩٤٤»ویگدیس فیتبوگادوتیر» دوای ٣٦ ساڵ هێزی سیاسی پیاوان لە ئیسلەند بوو بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە. لە فلیپین دوای ٥١ ساڵ لە ساڵی ١٩٨٦ «کورازۆن ئاکینۆ» بوو بە سەرکۆماری ئەو وڵاتە و ئەو یەکەم ژنی سەرکۆمار لە کیشوەری ئاسیا بوو. لە ئیرلەند دوای ٦٨ ساڵ دەنگیان بە «مێری ڕابینسۆن» دا و بوو بە باشترین بەرگریکاری مافی مرۆڤ لەو وڵاتە. لە سریلانکا ساڵی ١٩٩٤ «چاندریکا کۆماراتوگا» داوی ٤٧ ساڵ بوو بە سەرکۆمار. «ڕۆپ دریفۆس» لە سوئیس ١٩٩٩ چووە سەر کورسی سەرۆککۆماری کە تابۆیەکی زۆری لەنێو کۆمەڵگە شکاند. لە فنیاند «تاریوهالینود» لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای ٨٣ ساڵ سەرۆکۆماری پیاوان بوو بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە. لە شیلی «میچێل باچلە» لە دوو دەورە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٤ وەک سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لەلایەن خەڵکەکەی دەنگی متمانەی وەرگرت. لە لێبیا «ئێلێن جانسۆن سێرلیف» ٢٠٠٦ ساڵی بوو بە سەرکۆمار و لە کۆرەی باشوور «پارک گون هێ» ٢٠١٣ دوای ٦٥ ساڵ هێزی سیاسی لە پیاوان وەرگرت و خۆی بوو بە سەرۆککۆمار و لە ساڵی ٢٠١١ لە برزیل «دیلما روسێف» دوای ١٢٠ ساڵ سەرۆککۆماریی پیاوان بوو بە سەرکۆماری ئەو وڵاتە.
هەڵبژاردنەکان لە ئێران و ناونووسیی چوار ژن بۆ خۆپاڵاوتنی سەرۆککۆماری بابەتێکی تازە و سەیر نییە و ئەوەی کە دیارە لە ساڵانی ڕابردوودا و لە دەوڵەتەکانی پێشووشدا چەند جار نموونەی ئەو شانۆگەرییە بووە.
دەبێ بەڕاستی ئەو پرسیارە بکرێ ئایا مانای ڕاستەقینەی ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتدا تا چەندە سنووردارە؟ ئایا تەنیا بۆ دەنگدان و ئامادەبوون لە سندوقی دەنگدانە یان ئەوەی کە هەتاکوو پۆستی نوێنەر و شۆرای شارەکەی زیاتر نەچێتە پێشێ؟
ئەسڵی ١١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکا کە کەسێک کە دەتوانی ببێتە سەرۆککۆماری ئێران دەبێ لە (رجل) پیاوانی سیاسی موسوڵمان، شیعەی ئەسناعەشەڕی و لایەنگری حکوومەت بێ، واتە ئەو ئەسڵە لێرەدا دیسان ژنان و کەمینە نەتەوەییەکان و کەمینە ئایین و ئایینزاکان ناگرێتەوە و هیچ کام لەوانە بۆ خۆتۆمارکردن نە بۆ چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەڵکوو لە هیچ هەڵبژاردنێکی ئەو حکوومەتە هیچ شوێنێکیان نییە.
لە نێو ئەو ژنانەی کە بۆ یەکەمجار هەتاکوو نوێنەرایەتی مەجلیس چوونەتە پێشێ دەتوانین ئاماژە بە «ئەعزەم تاڵەقانی» بکەین کە یەکەم ژنی نوێنەری سەرۆککۆماری لە ئێرانە کە ساڵانی پێشوو بەو دروشمەی هاتبوو و دەیگوت «من هاتووم تەکلیفی خۆم لەگەڵ (رجل) پیاوانی سیاسی ڕوون کەمەوە.
ئەو خاتوونە لەسەر ئەو بروایە بوو کە (رجل) سیاسی تەنیا پیاوان ناگرێتەوە و زۆر لە کارناسان و سیاسەتمەداران و چالاکانی سیاسی لە ئێران لەگەڵی هاوڕا بوون. ئەو خانمە دەیگوت من هاتووم تابۆیەک بشکێنم و ئەو تابۆیەش تابۆی بوونی ژنان لە نێو سیاسەتی ئێراندایە.
ئێستاش ئەوە چوار ژنی دیکە هاتوون لەو هەڵبژاردنە ناوەختەی کە بە هۆی کوژرانی سەرۆکۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامی دەکرێ، وەک نوێنەری هەڵبژاردنەکان ناونووسیان کردبوو.
ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە حکوومەتی ئێران هەتا هەبووە لە دەستپێکەوە هەتاکوو ئێستا هەرگیز ڕێگای بە ژنان نەداوە دەست لە کاروباری سیاسیی ئەو وڵاتە وەردەن و بەشێک بن لەو کەسانەی کە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەو وڵاتە دەستیان هەیە.
ئەوە کە ڕێبەر لە سەرووی هەمووانە و قسەی یەکەم و کۆتا هەر خۆی دەیکا و پۆستەکانی دیکە تەنانەت سەرۆککۆماریش تەنیا شانۆگەری و فۆرمالیتەیە شکی تێدا نییە، بەڵام ئەو ژنانە بە چ عەقڵیەتێکەوە تەنانەت بوێری ئەوەیان بووە کە بچن و خۆیان بخەنە ڕیزی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵاتێک کە ڕێبەرەکەی نیزیک بە سەدەیەکی تەمەن هەیە و هەر ئانە کە ئیزرائیل گیانی بگرێ و ئەوە بە دڵنیاییەوە سەرۆککۆماری ئەو کات دەبێتە جێگرەوەی و ئەگەر لەو کاتەدا ژنێک سەرۆککۆمار بێ ئەوە ئەو ژنە دەبێتە ڕێبەر و ئەوە هەرگیز لەگەڵ سیاسەتێکی کە خومەینی بۆ ئەوانی بە میرات هێشتبووە یەک ناگرێتەوە. جا هەر بەو هۆکارە ئاشکرایە سەیرە کە ئەو ژنانە بوێری ئەوەیان هەبووە تا ئەو جێگایە بێنە پێشێ کە خۆیان بۆ سەرۆککۆماری بەردژێر بکەن.
هەڵبەت هەموو ئەوانە دەکرێ شانۆیەکی خودی ڕێژیم بێ بۆ ئەوەی کە نیشان بدا کە ئەوەی لە بارەیەوە باسی دەکرێ ڕاست نییە و ژنان دەتوانن خۆیان بۆ پۆستە گرینگەکانی سیاسی بپاڵێون و تێکەڵ بە سیاسەت بن. بەڵام ئەوەی کە دیارە ئەوەیە کە دوای چوار دەیە لە دامەزرانی یاسای بنەڕەتی و بەرهەڵست بوونەوەی لەگەڵ وشەی (رجل) لە مەتنی ئەو یاسایەدا چوار ژن دێنە نێو ئەو کێبەرکێیە کە ئەوە بە دڵنیاییەوە وەک باس کرا تەنیا شانۆگەرییە بۆ هەڵفریواندنی خەڵک.