_ لە خەونی درختیما
بە ڕەچەڵەک دایە سێوم!
کاتێ ڕەگی دارستان لە شیلەی کچێنیم ئاڵا،
چرۆی داوێن و لق و پۆ،
لە زیقە زیقی دایە سێوەیی دەشنا و
تکای پەنجەی تاو،
لە حەرامی جەستە …
لە کام وەرزدا
باخمان بە جێ هێشت؟
وا پەیڤەکان بەرەو گوڵهەنار نادوێ!!
لە توخمی کام باران،
تکایە داوێنی ژنیەتی؟
کە دەست ناگات بە ئاسمانی باڵا!!
دەڕژێمە ئایەتی بیرەوەری!
دەبم بە ڕەوایەتێ لە خاک و دەسپێکی «حەوا»یی…
دەلکێم بە مێژووی ئۆستوورەکان و خولقاندنی ساتە سامناک و دڵتەنگەکانی جووت بوون.
ئەو ساتانەی،
دەنگی من و جریوەی پاساری ڕەگی مناڵدان،
بەرەو چێژی هیچ « ئادەم» ێک نافڕێ!!
دەئاڵێم بە حونجەی خوێنێکەوە،
لە دووم دەکشێ و هەنگاوەکان بەرەو مۆری« ژنێکی تەواو»…
ئەو دەمانەی، قەرزە ماچێ ئەدرێت لە بەرۆکی پەنجەرە و
ناکرێ شفای ئەژنۆی سڕی دایکی لە تاڵی تاو بپرسم!
ناکرێ گەنم و جۆی سەرپۆش،
لوول بدرێت لە گەنمجاڕی سەربەستی!
ناوێرم بێزگی دایکیم،
لە سەر پێست هەڵکۆڵم و
نێرینەی هیواکان لە کپ کراوەیی کچ بوون بسڕمەوە!
بێزگی دایکم کوڕانە بوو و من
تااااا
هەمیشەی بوون « ژن»!!
لە مێژە من و دایە سێو،
دوو وشەی بڤڤە و هاوبەشین..
دوو درزی هاوشێوە!
ئاساییە،
پێکەنین بلیتی مەرگ بەتاڵ ئەکاتەوە،
ئەگینا، لە مێژە مردووم و خاک لە سەر گۆڕم بێدەنگ نووستووە و
سێوەکان خەو بە دایەگەورەمەوە ئەبینن!
من،
بە دایە گەورەما ئەزانم
سێو نامرێ!
هۆنە