مەحبووبە ڕەحیمی
هەر وەک زۆربەمان دەزانین و دەبینین کە یەک لە مەترسیدارترین توندوتیژی، توندوتیژی دژی ژنان لە فەزای مەجازی یان سۆشیالمیدیایە. توندوتیژی دژی ژنان لە فەزای مەجازی ئاماژەیە بۆ هەر جۆرە هەراسانکردن و هەڕەشەیەک کە لە ڕێگەی فەزای دیجیتاڵی، ئینتەرنێت یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژی ژنان بەکاردەهێنرێ. ئەم جۆرە توندوتیژییە کە زۆر بەخێرایی لەزیادبووندایە و دەتوانێ کاریگەریی نەرێنی قووڵ لەسەر ژیانی دەروونی، کۆمەڵایەتی و پیشەیی ژنان دابنێت.
بوونی ژنان و چالاکبوونیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە هێشتا نۆرم و بەها سوننەتیەکان بەهێزن، دەتوانێت ببێتە هۆی هەڕەشەی جددی و تەنانەت سووتەمەنی توندوتیژی لە نێو تاک و خێزانیشدا. ئەمجۆرە توندوتیژیانە دەتوانن دەروونی، زارەکی و تەنانەت جەستەیی بن کە بەداخەوە زۆرجار لەلایەن هاوژین، ماڵبات یان کەسوکاری ژنەوە ئەنجام دەدرێن. لە پێوەندی دەربارەی هۆکارەکانی ئەم توندوتیژییانە دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵ بکەین:
-ترس لە تێکدانی ناوبانگ و شووناسی خێزان:
لە هەندێ کۆمەڵگەدا دەبیندرێ چالاکیی ژنان لەپانتایی گشتیی و کۆمەڵایەتیدا وەک هەڕەشە بۆ سەر ناوبانگی خێزان ئەژمار دەکرێت. ڕەنگە پیاوان یان خێزانەکان وا بیر بکەنەوە کە بوونی ژنان و کچان لە سۆشیالمیدیا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوبانگیان هەبێ کە ئەمەش بەجۆرێک بێرێزیکردن بە متمانە و باوەڕبەخۆبوونی ژنانە.
-کۆنتڕۆڵکردن و هەستکردن بە خاوەندارێتی:
هەندێک لە پیاوان و کوڕان بەهۆی بیرکردنەوەی کۆن و نەریتی، دەیانهەوێ کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر ژن، یان دایک و خوشکیاندا هەبێت.ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە بەشداریی ژنان لە فەزای گشتییدا قەدەغە بکەن، لەوانەش سۆشیالمیدیا و پەنا بۆ توندوتیژی بردن. ژنان مەجبوور دەبن جۆرێک هەڵسوکەوت بکەن کە باوک، برا یان مێرد و دەووربەر بۆیانی دیاریکردووە.
-ئێرەیی و نەبوونی متمانە:
زۆرێک لەو توندوتیژیانە بەهۆی ترس و ڕقی ڕەگەزیی بەرامبەر کە بەداخەوە ژنان دەبنە قوربانی، ناتوانن بەوجۆرەی کە دەیانهەوێ هەڵسوکەوت و بەشداریی لە سۆشیالمیدیا بکەن. ڕەنگە پیاوان بە جۆرێک نیگەران بن لە پەیوەندیی ژنان لەگەڵ کەسانی دیکە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی توندوتیژی نواندن، لە کاتێکدا کە بوونی خۆی لە سۆشیالمیدیا وەک پیاو بەڕەوا دەزانێ.
-گوشارە کۆمەڵایەتییەکان:
لە هەندێک حاڵەتدا گوشارە کۆمەڵایەتییەکان و زێدەدەسەڵاتی کەسانیتر دەبنە هۆی توندوتیژی لەلایەن مێرد یان کەسوکاری ژنەکەوە، بەتایبەتی کاتێک ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک و بەرچاون.
-ئازاردانی دەروونی لە سۆشیالمیدیا:
ناردنی نامەی هێرشبەرانە، وێنەی جنسی یان ڤیدیۆ بەبێ ڕەزامەندی کەسەکە، یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی ئەلیکترۆنی، بەتایبەتی ئۆنلاین کە ژنان و کچان لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبن. ئەمجۆرە ڕەفتارانە نەک هەر ناڕەحەتی و ئازاری فرەچەشن بۆ قوربانییەکان دروست دەکا بەڵکو دەتوانێ متمانە بەخۆبوونیان کەم بکاتەوە یا بەجۆرێکیتر دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی فەیک بۆ هەڕەشەکردنی ژنان کە بەداخەوە دیاردەیکی قێزەونەو بەرۆکی ژنان و کچانی بەتایبەت لە ئێران و کوردستاندا گرتووەتەوە.
-بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستی کەس یان کەسەکان:
ئاشکراکردنی نایاسایی زانیاریی تاکەکەس یان بەکۆ، لەوانە وێنە یان گفتوگۆی تایبەت. بەتایبەتی لە شێوەی تۆڵەستاندنەوە یەکێکە لەتوندترین جۆری توندوتیژی سۆشیالمیدیا کە دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی تایبەتمەندی و زیانگەیاندنی دەروونی.
-هەڕەشە و قسەی ڕەق:
هەڕەشەی نووسراو یان زارەکی زیانگەیاندنی جەستەیی کە هەندێجار بەداخەوە قەتڵی لێدەکەوێتەوە. ئەم هەڕەشەیە کە ئاراستەی کەسانی دیاریکراو یان گرووپەکان دەکرێت لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، یان بیروباوەڕی سیاسییەوە ڕوودەدات. لە ئێران و کوردستان ئەمە زۆر باوە. هەر وەک دەبینین لە ئێران لە سەر بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا و بڵاوکردنەوەی وێنە و هەندێک نووسراوە، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە.
-هاندان بۆ توندوتیژی:
هاندانی کردەوەیی توندوتیژی کە لە ژێر پەردەی پاڵنەری سیاسی یان ئایدیۆلۆژیدایەو ڕەفتاری زیانبەخش بەرەوپێش دەبا.
-هەڕەشەی دیجیتاڵی:
ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن و کاریگەری دەروونی جددی لەسەر قوربانییەکان دادەنێ.
-هەڕەشەی توندوتیژی جەستەیی:
هەڕەشەی زیانگەیاندنی جەستەیی یان تەنانەت کوشتن و لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێ گشتگیر بێ و هۆی توندوتیژی لە جیهانی ڕاستەقینەیە. ئەم هەڕەشانە دەتوانن ئاسایشی دەروونی ژنان بخەنە مەترسییەوەو لە دونیای سۆشیالمیدیا دووریان بخەنەوە.
-قسە پێگوتن و بێڕێزیکردن:
بێڕێزی و گاڵتەجاڕی یەکێکی دیکەیە لە جۆرەکانی توندوتیژی کە لەسەر ژنان و کچان دەکرێتە ئامانج. هێرشی ئەلیکترۆنی دەتوانێ لە فەزای گشتیی یان تایبەتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبدات و ببێتە هۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری ژنان. نەبوونی پەروەردە و هۆشیاری کاریگەرییە نەرێنییەکانی توندوتیژی و تێنەگەیشتن لە گرینگی سەربەخۆیی ژنان و مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێران، دەتوانێ ببێتە سووتەمەنی ئەمجۆرە توندوتیژییە.
-دەرئەنجامەکانی توندوتیژی مەجازی بۆ سەر ژنان:
ئەمجۆرە توندوتیژییە نەک تەنها زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە بەڵکو دەتوانێ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون و کێشەی دەروونی درێژخایەن و تەنانەت کشانەوە لە بەشداریکردن بەئۆنلاین یان تۆرەکۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا. جگە لەوەش ڕەنگە ژنان لە هەلی پیشەیی و کۆمەڵایەتی بەشێوەی ئۆنلاین بەهۆی ترس و هەراسانکردن و هەڕەشەوە بێبەش بکرێن.
بەهەندوەرگرتنی توندوتیژی سۆشیالمیدیا دژی ئافرەتان
توندوتیژی مەجازی دژی کچان و ژنان هەڕەشەیەکی جددییە و پێویستی بە کردەوەی خێرا و کاریگەر هەیە. بەهاوکاری و هاوبەشی حکوومەتەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چارەسەریی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە و پاڵپشتیکردنی ژنان هەیە. هەروەها چارەسەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی سۆشیالمیدیا لە دژی ژنان پێویستی بەهاوکاری و هاوفکری هەموولایەکمان هەیە. دروستکردنی بەرنامەی ڕاهێنان بۆ ژنان لە بواری ئاسایشی ئۆنلاین و مافە دیجیتاڵییەکان بەمەبەستی کەمکردنەوە و لاوازکردنی جۆرەکانی توندوتیژییە.
-ڕێکخستن و چاودێری یاسایی:
بەهێزکردنی یاساکانی دژی هەراسانکردنی دیجیتاڵی و سەپاندنی سزای توندتر بەسەر ئەو کەسانەی کە توندوتیژی لە فەزای ئەلیکترۆنیدا دروست دەکەن. پاڵپشتی قوربانی و دابینکردنی خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری دەروونی و یاسایی بۆ ژنانی لەو چەشنە، بەتایبەتی کاتێک ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئۆنلاین یا هەراسانکردن دەبنەوە.
-ئامرازەکانی پاراستن لە پلاتفۆرمەکاندا:
دیزاینکردن و پەرەپێدانی ئامرازەکان بۆ ڕاپۆرتکردن و لابردنی نێوڕۆکی هێرشبەران لەلایەن پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانەوە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە دونیای مەجازیدا. چارەسەریی بۆ کەمکردنەوەی ئەم توندوتیژیانە دەتوانن بریتی بن لە پەروەردەی گشتیی سەبارەت بە مافەکانی ژنان، هاندانی گفتوگۆ، دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی یەکتر لە خێزانەکاندا، بەهێزکردنی ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە و زوڵمانە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەڵوێستە کۆن و نەریتییەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگەدا.
توندوتیژی لە سۆشیالمیدیا ئاماژەیە بۆ پەرەپێدان یان بەڵگەمەندکردنی کردەوە توندوتیژییەکان هەروەها هەڕەشەی توندوتیژی کە ئاراستەی تاک یان گرووپ دەکرێت. ئەم دیاردەیە دەتوانێ چەندین شێوەی هەبێ کە بەداخەوە گەشەسەندووە کە کاریگەری لەسەر هەم تاک و هەم کۆمەڵگەدا بەگشتیی هەیە . دەسەڵاتدارانی چەند وڵاتێک پتر بیر لەو یاسایانە دەکەنەوە پێشتر جێبەجێیان کردووە کە داوا لە سۆشیالمیدیا دەکەن نێوەڕۆکی نایاسایی لە ماوەی دیاریکراودا لاببردێ و ئەمە جێی خۆشحاڵییە. دیکیۆمێنتکردنی نێوەڕۆکی توندوتیژیی یا هەڕەشە و بەکارهێنانی ئامرازەکانی، بلۆککردن و سنووردارکردنی بەردەست؛ دەتوانێ لە هێندێک بواردا ڕێوشوێنی زۆر گرینگ بێ.
-خۆپاراستن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک
دەروونناس و پسپۆڕان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە چۆن بەرکەوتن بە توندوتیژی ئۆنلاین کاریگەری لەسەر ڕەفتار و تەندروستی دەروونی دەبێ. گرینگە بەکارهێنەران بەتایبەت گەنجان لەسەر مەترسییەکانی توندوتیژی و چۆنیەتی خۆپاراستن هوشیار بن.با هەموومان بۆ وشیارکردنەوە و بەرەنگار بوونەوەی توندووتیژی دیجیتالی بۆ سەر ژنان و کچان تێبکۆشین.