دیمانە: شەهلا حاجیڕەحیمی
١ـ لە ڕۆنگەی بەڕێزتانەوە چ لە ڕووی ئەمنی و چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی دۆخی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ پێتان وایە ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی بەڕێوە دەچێ یان نا؟
وڵام: نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ئێران هەتا ئێستاکە نەیتوانیوە لە بواری سیاسیی وئابووری وتەنانەت کۆمەڵایەتیەوە سەقامگیربێ. هۆکاری ناسەقامگیری سیاسیی وئابووری نیزامی کۆماری ئیسلامی دەگەرێتەوە بۆ شێوەی تێروانی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە بۆ پرسە سیاسیی وئابوورییەکان کە ئەو شێوە تێڕوانینە لە ماوەی ٤٣ساڵی ڕابردوو دا هەم لە نێو خۆی ئێران وهەم دەرەوەی سنوورەکان کێشەی سیاسیی وئابووری بۆ گەڵانی ئێران دروست کردووە بە چەشنێک کە لە بواری سیاسییەوە لە پێوندییە نێو دەوڵەتییەکان بە چاوی گومانەوە دەروانە کارو کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران وئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری کردۆتە سەر باردۆخی ژیانی خەڵک لە نێوخۆی ئێران، بە واتایەکی دیکە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی هەناردە کردنی شۆرش بۆ دەرەوەی سنوورەکان و دەست وەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دووروبەر ودروست کردن و پێکهێنانی تاقمی تێرۆریستی بناژۆخواز وای کردووە کە سەرمایەگوزارانی وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی هیچ هەنگاویەک بۆ سەرمایەدانان لە نێوخۆی ئێران هەڵنەگرن و لە هەمان کاتدا پرۆژەی دەست وێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا وای لە کۆمەڵگەی جیهانی بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردووە کە بۆ ماوەیەکی دوورودڕێژ ئابڵۆقەی ئابووری بخەنە سەر ئەو وڵاتە کە راستەوخۆ کاریگەری کردۆتە سەر ژیانی ئاسایی خەڵک وبۆتە هۆی ناسەقامگیری ئابووری لە نێو خۆی ئێران بە چەشنێک کە بە پێی ئامارەکانی خودی حکومەت لە حالی ئێستادا نزیک بە ٧٠لەسەدی خەڵکی ئێران لە ژێر خەتی هەژاری دا دەژین و کۆمەڵگەیەکی بەو جۆرە بەهەزاران نەخۆشی کۆمەڵایەتی وەک جیابوونەوەی ژن ومێرد، گیرۆدە بوون بە ماددە هۆشبەرەکان، پەرەگرتنی دیاردەی لەش فرۆشی، پەرەگرتنی شەروئاژاوەی جۆراوجۆر لە نێو تاک وکۆی کۆمەڵگە…. سەریان هەڵداوە. بۆیە ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی بەڕێوە ناچێ چونکە لە ڕاونگەی دەسەڵاتدارانی تارانەوە کۆمەڵگەی ئێران سەغیرە واتا پێویستی بە چاوەدێر وسەرپەرەست هەیە بۆیە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران نوێنەری ئیمامی زەمانەولە ڕێگای ئەوەوە نوێنەری خوایە لەسەر زەوی ووەلی ئەمری موسوڵمانانە وتەنیا ئەوە مافی بیر کردنەوە وبریار لەسەر دانی بۆ چارەنووسی خەڵک هەیە.
. سیستمی سیاسی کە لە ئێران کاری پێ دەکرەێ چ جۆر سیستمێکە؟ پێتان وایە ئەو سیستمە وڵامدەرە یان وڵامدەر بووە و دەبێ بۆ ئەو هەمو پێکهاتەیەی وا لە ئێران دەژین؟
وڵام: هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو سیستمە بۆ هەموو دنیا سیستمێکی نا ئاشنا بوو، بە چەندین هۆکار یەکەم لە گەڵ سیستمە جیهانی یەکانی باو لەو سەردەمەدا زۆر جیاوازی هەبوو بە چەشنێک کە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی ناموو بوو. دووهەم بنەماکانی سیستمی کۆماری ئیسلامی لە سەر پایەکانی ئاین ومەزهەبێکی دیاری کراو دارێژاوە کە ئەو جۆرە سیستمە بە چەندین سەدەیە لە لایەن کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە بە مێژوو سپێردراوە. واتا لە سەدەکانی ناوەراست ودوای شۆرشی ڕێنسانس لە ئوروپا ئاین ومەزهەب بە شێوازی سیستمی کۆماری ئیسلامی لە هیچ وڵاتێک دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە نەبووە. سێهەم لە نیزامی ئێستای ئێران دا سیستمی کۆماری وئیسلامی بەدوای یەک دا بوونە پێناسەی سیستمی سیاسیی ئێران کە هەر ئەو پێناسەیە لە بنەرەتەوە ناتەبایی تێدایە چونکە سیستمی کۆماری لە سەر ئەساسی باوەردار بوون بە دەسەڵاتی خەڵک دادەمەزرێ واتا لە سیستمی کۆماری دا دەسەڵات لە لایەن خەڵکەوە دەست نیشان دەکرێ ولە هەمان کاتدا هەر لە لایەن خەڵکەوە پڕۆسەی دەستاودەست کردنی دەسەڵات بەڕێوە دەچێ، بەڵام لەو سیستمە کە لەسەر بنەماکانی دین ومەزەبێک دامەزراوە هەموو یاسا ورێساکان کە کۆمەڵگە لەسەریەتی بەڕێوەیان بەرێ لە دەسەڵاتی مرۆڤەکان بەدەرە ولەو سیستمەدا قانووندانەر بە پێی ئەو یاسایانە قانوون دادەرێژێ کە بە هەزاران ساڵ لەوە پێش کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کاریان پێ کردوون و لەبەر ئەوە بە قانوونی ئیلاهی ناسراون مڕۆڤەکان مافی ئەوەیان نییە دەست کاریان بکەن ئەو لە حاڵێک دایە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە رادەیەک پێشکەوتووە کە بۆ تەنزیم کردن ونەزم پێدانی کۆمەڵگە هەموو ساڵێک پێویستی بە قانوونی نوێ دەبێ. چوارم سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری ساختاری دەسەڵاتەوە بە تایبەتی دەسەڵاتەکانی ڕێبەری ئەو نیزامە هیچ جیاوازیەکی لە گەڵ نیزامی پێش خۆی واتا نیزامی پاشایەتی نییە. لە هەر دوو نیزام دا ( پاشا وڕێبەر) بە پێی ئەسل وماددەکانی قانوونی بنەرەتی ئێران نوێنەری خوا لەسەر زەوین ولە بەرانبەر قانوون دا بەرپرسیار نین وقسە وکرداریان قانوونەو دەبێ جێبەجێ بکرێ وتەنیا خۆیان سەلاحییەتی ئەوەیان هەیە ئەو قانوونانە هەڵبوەشێنەوە. بۆیە٤٤ساڵ لەوە پێش گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی راپەرین وڕوخاندیان ولە حاڵی ئێستاش دا دەبێنین دوای ٤٣ساڵ دەسەڵاتداریەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە گەلانی ئێران ڕاپەریوەن وخوازیاری لابردنی دەسەڵاتداریەتی نیزامی کۆماری ئیسلامین، چونکە نیزامی کۆماری ئیسلامیش وەک نیزامی پاشایەتی وڵامدەری نیازەکانی گەلانی ئێران نەبووە.
٢ـ سیاسەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەو نیزامە چییە؟ وەک دەزانین لە دوو نیزامی سیاسی یەک لە دوای یەکدا نەیانتوانیوە مەشرووعیەتی خۆیان لە کوردستان وەرگرن و حیزبی دێموکراتیش وەک حیزبێکی بە ئەزموونی نیزیک بە یەک سەدەی کاری سیاسی بە چ هۆکارێک لەگەڵ ئەو سیستمانە ناگونجێ؟
وڵام: حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە ڕۆژی دامەزرانییەوە بە پێی هەموو بەڵگەکان ومێژووی پڕ لە هەورازونشێوی سەلمێنەرەی ئەوەیە کە باوەری بە مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلی کورد بووە وهەیە وبە پێی هەلومەرجی خەبات لەو چوارچێوەدا ستراتیژی خەباتی خۆی دارشتووە وبۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەموو کات لەسەر ئەو باوەرە بووە کە چارەسەر کردنی پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە ڕێگای ئاشتیانە پێویستە چارەسەر بکرێ، بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستان بە گشتی ودەسەڵاتدارانی تاران بە تایبەتی بە جیگای ئەوە لە ڕێگای ئاشتیانەو لەسەر میزی وتووێژ پرسی کورد لە گەڵ لایەنی کوردی تاوتوی بکەن وڕێگا چارەی بۆ بدۆزنەوە، ڕێگای شەر وسەرکوتی نیزامیان دەرحەق بە ویست وداخوازییەکانی گەڵی کورد گرتۆتەبەرو ماوەی ٤٣ساڵە بە فتوای خومەینی ئەو شەرە ماڵویرانکەرە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە وهەتا ئیستا بەردەوامە وحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزی سەرەکی بزوتنەوەی کورد لەو پارچە لە کوردستان ئەرکی دیفاع لە مان ومەوجودییەتی گەلی کوردی کەوتۆتە سەر شان وهەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠٠پێنج هەزار کادرو پێشمەرگە و ئەندامی لەو ڕێبازەدا لێ شەهید بووە و تەنانەت لە مەیدانی شەر وبەربەرەکانی زیاتر لە ٣٠ئەندامی ڕیبەری حیزب شەهید بوون کە لە نێویاندا شەهیدانی ڕێبەر شەهید پێشەوا قازی مەحمەد، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرفکندی دەبیندرێ.
ئەگەر چاو بە مێژووی خەباتی ئەو ٤٣ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بخشێنین بە باشی بۆمان دەردەکەوێ کە ویست و داخوازیەکانی گەلی کورد هیچ جیاوازیەکیان لە گەڵ ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات دا نییە، هەر بۆیە لە دوای ڕوخانی حکومەتی پاشایەتی کاتێک خومەینی ودارودەستەکەی لە هەوڵی ئەوەدا بوون لە پڕۆسەیەک دا بە ناوی ڕێفراندۆم سیستمی سیاسیی ئێران بە هێنانی ئەو پرسیارە لە نێوان سیستمی پاشایەتی وکۆماری ئیسلامی، گەلانی ئێران کامیان هەڵدەبژێرن، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبی پێشرەوی کورد ئەو پڕۆسەییە بایکۆت کرد و گەلی کوردیش هاودەنگ لە گەڵی حیزبی دێموکرات پرۆسەی بە ناوی ڕیفراندۆم بۆ دیاری کردنی سیستمی سیاسیی داهاتووی ئێرانی بایکۆت کرد و ئەوە سەرەتایەک بوو کە هەتا ئێستا نیزامی کۆماری ئیسلامی نەتوانی لە کوردستان سەقامگیری سیاسیی بۆ خۆی دەستەبەر بکا. بە واتایەکی دیکە لە لایەک نیزامی کۆماری ئیسلامی نیزامی دڵخوازی گەلی کورد نەبووە بۆیە ئەو نیزامە هیچ پێگەیەکی لە نێوکۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە ولە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە بە چاوی ئەمنییەوە هەتا ئێستا ڕوانییویانە بۆ پرسی کورد لە ئێران. هەر بۆیە ڕۆژلەگەڵ ڕۆژپێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان بە هێزوبەهێزتر دەبێ.
بۆچوونتان وەک حیزبی دێموکرات بە نیسبەت نیزامی سیاسی داهاتووی ئێران و کوردستان چییە؟
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامانجی دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیکی فیدراڵە کە لەو سیستمە سیاسییەدا مافی هەموو گەلانی ئێران بێ جیاوازی و بە پێی پێوەرە جیهانییەکان دابین بکرێ ودین وەک کرداریەکی تایبەت بە مرۆڤەکان چاوی لێ بکرێ ولە سیاسەت جیا بێ.
٣ـ هەر وەک هەموو دنیا ئاگادارن کۆماری ئیسلامی ماوەی نیزیک پێنج ساڵە زیاتر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کردووەتە ئامانجی هاویشتنی دڕۆن و هاژەکی خۆی و لەم دوایانەدا لێدان لە حیزبەکانی تریش، بەڕای ئێوە ئامانجی ئەو لەو کارە چییە لەگەڵ ئەوەی تێچووی هەر مووشەکێک بتوانێ ئەم هەڵاوەسین و کێشە ئابوورییەی نێو ساختاری خۆی پێ چارەسەر بکا؟
وڵام: هەروەکی پێشتر باس کرا ، نیزامی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کورسی دەسەڵاتداری ئێران هەر بە قەوانەکەی ڕێژیمی پاشایەتی سەبارەت بە پرسی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێداوە وبە جیگای چارەسەرکردنی پرسەکە بە ڕێگای ئاشتیانە کەوتنە دژایەتی گەلی کورد ولە ماوەی ٤٣ساڵی ڕابردوودا لە هیچ کردەوەیەکی دژە مرۆڤانە دژ بە گەلی کورد خۆی نەپاراستووە ولە زیندانی وئیعدام وتێرۆرەوە بگرە هەتا کەلک وەرگرتن لە چەکی جۆراوجۆر کە هیندێکیان تەنیاوتەنیا لە شەری نێوان دوو دەوڵەت دا بەکاردێن و تەنانەت بەشێک لەو چەکانە بە پێی یاسای نێو دەوڵەتی چەکی قەدەغەکراوەن کە نابێ بە دژی خەڵکی بێ دیفاع بە کار ببردرێن، بەکاری هێناوە. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە جیاوازی لە نێوان حیزبی دێموکرات و گەلی کورد دانناوە و ئەو راستییە دەزانی کە ئامانجەکانی گەلی کورد لە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات جیاواز نین بۆیە هەر جۆرە کردەوەیەک بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ ڕوو بدا، خیرا دەسەڵاتدارانی تاران پێوەندی دەدەن بە حیزبی دێموکرات و هێزە کوردییەکانی دیکە، هەربۆیە بیجگە لە سەرکوتی خەڵک لە نێوخۆی کوردستان و بە هەموو توانای نیزامی خۆی دەکەوێتە مووشک بارانی بنکەوکەمپەکانی شوینی ژیانی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەو مەبەستە کە ڕێبەری هەر نارەزایەتییەک لە نێوخۆی کوردستان حیزبی دێموکرات وهێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
سەبارەت بەو بابەتە کە کە هێرشە مووشکییەکانی کۆماری ئیسلامی قەیرانی ئابووری بۆ ئەو نیزامە دەخوڵقێنی، ئەوە ڕاستە کە هەزینەی مالی بۆ حکومەت دەباتە سەرێ، بەڵام ئەوە لە نیزامێکی دێموکراتێکدا حەتمەن دەبوو بە بابەتی لێکۆڵێنەوە و لێپرسینەوە کە حکومەت بودجە وهەزینەی وڵات بۆ ئاوا بە فیرۆ دەدا، بەڵام لە حکومەتێکی وەک کۆماری ئیسلامی کە خۆی بە قیوم و سەرپەرستی خەڵک دەزانێ بە فیرۆ دانی سەروت وسامانی خەڵک بە لایەوە گرینگ نییە وتەنیا وتەنیا ئامانجی ئەوەیە لە ڕێگای هێزەوە هژموونی خۆی بسەپێنێ و بۆ ماوەیەکی زیاترتەمەنی دەسەڵاتداری خۆی درێژ بکاتەوە.
٤ـ بە ڕای ئێوە بیری گشتی لە ئاستی نیودەوڵەتیدا دەتوانن ببن بە بەربەستێک کە ئێران ئەو سنوورانە نەبەزێنێ یان هێرش نەکاتە سەر سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان؟
وڵام: کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی ئامانجی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی هیچ پابەندیەکی بە یاساوڕیسا نێودەوڵەتیەکان بۆ خۆی قائیل نییە. کارو کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ساڵی ڕابردوودا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو نیزامە بە خوڵقاندنی قەیران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەموو قەیرانە نێوخۆیەکانی ئێرانی پەردەپۆش کردووە. کۆمەڵگەی جیهانی کە لە ماوەی ئەو ٤٣ساڵەدا بە دەست کردەوە قەیران خوڵقینەکانی کۆماری ئیسلامی دەناڵێنی و لە حالی ئێستادا دەیانهەوی بەربەستێکی بۆ دابنین. بەڵام نابێ لە بیرمان بچی کە سەردەمی ئێستا سەردەمی بەرژەوندیەکانە و لە پێوەندیە نێو دەوڵەتیەکان هەر دەوڵەتە بەرژەوەندی خۆی لە بەرچاو دەگرێ و بە پێی بەرژەوەندی سیاسیی و ئابووری خۆی بریار لەسەر ڕووداوە نێو دەوڵەتیەکان دەدا. ئەوەی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرحەق بە بەزاندنی سنوورەکانی عیراق کردوویەتی بە ئاشکرا پێشێل کردنی سەروەری عیراق و دەسەڵاتداریەتی هەریمی کوردستانە.
٥ـ وەک دێموکرات هەزینە و تێچووی زۆرتان داوە لەو هێرشە هاژەکی و دڕۆنییانەی کۆماری ئیسلامی ئێوە تا چ ڕادەیەک پێتان وایە لەو خەباتەتاندا بە نیسبەت کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو دەبن؟
وڵام: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی تەمەنی ٧٦ساڵەی خۆی دا هەر وەکی پێشتر باس کرا بە هەموو ئەو هەورازونشیوانەی لە رەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە رؤژهەڵاتی کوردستان تووشی هاتووە لە خەبات وتێکۆشان نەوەستاوە. کۆماری ئیسلامی ماوەی ٤٣ساڵە بانگەوازی ئەوە دەکا کە حیزبی دێموکراتی لە مەیدانی خەبات دەرکردووە وئاسەواریەک لە تێکۆشانی لە کوردستان نەماوە، بەڵام دەبینین بە هاتنە ئارای هەر نارەزایەتیەک لە کوردستان، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای جوراوجۆرەوە دەکەوێتە خۆ و بە هەر ڕێگایەکی لە توانای دابێ بە دژی حیزبی دێموکرات و خەباتگیرانی کوردستان دەجوڵێتەوە، جا ئەو جوڵەیە بە تێرۆرکردنی ڕێبەران و کادر وپێشمەرگەکانی حێزب بێ یا بە هەناردە کردنی ماددەی سەمی و تەقاندنەوەی بۆمب بێ و یا لە ڕێگای مووشک باران وبۆمبارانی هەوایی بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی فەرق ناکا ئەو کردەوانە لە کوێ ولە چ قۆناخێکی زەمەنیدا بە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە کار دێنن، تەنانەت لە کاتی زەربەلێدان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یادیان دەچی کە ماوەی زیاتر لە ٤٠ساڵە لە ڕاگەیاندنی خۆیاندا بە دائیم رایانگەیاندووە کە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد سەرکوت کراوە و بە یەکجاری تەواو بووە بەڵام دەبینین هەر لەو ماوەدا کە گەلانی ئێران ڕاپەرینێکی سەرانسەریان بە دژی دەسەڵاتدارانی تاران بە شوعاری» ژن، ژیان، ئازادی» دەست پێ کردووە و چەغماخەی ئەو ڕاپەرینە بە شەهید کردنی «ژینا ئەمینی» بە دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە تاران و لە کاتی بە خاک سپاردنی لە شاری سەقز دەستی پێ کرد بە تایبەتی کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازیدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد بۆ دەربرینی نارەزایەتی بە شەهید کردنی «ژینا» دوکان و بازار دابخەن و لە بە خاک سپاردنیدا بە شێوەیەکی بەربەرین بەشدار بن کە بەخۆشێییەوە خەڵکی کوردستان وەک هەموو جارەکانی دیکە پێشوازیان لە بانگەوازی ناوەندی هاوکاری کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئەو ناوەندەیە وبەو جۆرە یەکەم هەنگاوی ئەو ڕاپەرینە لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و لە ماوەیەکی کەمدا سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، بە چەشنێک کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران و کوردستان توانای بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو ڕاپەرینە بەربەرینەیان نەبوو بۆیە کەوتنە خولقاندنی قەیران لە دەرەوەی سنوورەکان ویەکەم هەنگاویان مووشک بارانی بنکەوشوێنی ژیانی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وحیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی بوو بەو ئامانجە کە حیزبی دێموکرات لە مەیدانی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەر بکەن و یا بە چەشنێک لاوازی بکەن کە توانای بەڕێوەبردنی خەباتی نەبێ و لە خەڵکی کوردستانی داببرن، بەڵام مێژووی حیزبی دێموکرات پێچەوانەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنی کە حیزبی دێموکرات سەرچاوەکەی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەتا ئەو گەلە زیندوو بێ حیزبی دێموکراتیش لە سەر پێیە و لە جاران بە گوروتینتر دڕێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدا.
٦ـ ئێران هەتا ئێستا هاژەکی زەمین بە زەمین و دوورهاوێژی هەیە بەڕای ئێوە ئەگە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا دەتوانێ ئامانجەکانی خۆی بپێکێ وەک ئەوەی کە دەیهەوێ هیلالی شیعی دروست بکا و ئێستاش دەیهەوێ چەکی ئەتومی دروست بکا ئێوە پێتان وایە بۆ ئامانجە درێژخایەنەکانیان ئەو هەوڵانەیان بەسوود دەبێ یان وەک بەشێک لە لێکۆڵەران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران خەریکە بەرەو لە نێوچوون دەچێ و ئەوە دوایین پەلەقاژەکانی ژیانێتی؟
هەر وەکی پێشتر باس کرا نیزامی کۆماری ئیسلامی نیزامێکە لە بواری ساختارییەوە وەک هیچ سیستمێکی سیاسیی دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە ناچی و لە بواری بەرپرسایەتیش مێژووی ئەو ٤٣ساڵەی دەسەڵاتدارایەتی ئەو نیزامە ئەوەی بۆ کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی سەلماندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران نیزامێکی بەرپرسیار نییە، واتا یاخی لە یاسا و رێساکانی باوی نێو دەوڵەتییە، بۆیە دەست ڕاگەیشتنی بە چەکی ناوەکی دەتوانی مەترسێکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی بە گشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوراست بە تایبەتی دروست بکا. بۆیە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە ئیزن نەدەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بە چەکی ناوەکی بگا و هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە کۆمەڵگەی جیهانی لە گەڵ ئەودا بە هەستیارییەوە دەڕواننە نارەزایەتییەکانی نێو خۆی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵام چاوەروانی ئەوە ناکەن بزانن ئەو نارەزایتیانە دەبنە هۆکار بۆ ڕوخانی ئەو رێژیمە یانا، بەڵکوو پرسی چەکی ناوەکی و دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو چەکە وەک پرسێکی سەربەخۆ ولە هەمان کاتدا مەترسی داردەبینن بۆیە ئیزن نادەن کۆماری ئیسلامی دەستی بەو زانستە رابگا.
کاک عومەری بەڕێز سپاس بۆ ئامادەبوونتان
سپاس بۆ ئێوەش و سەرکەوتن بۆ گۆڤارەکەتان