ن: جەماڵ فەتحی (کۆچەر)
زۆر جار بەبێ خوێندنەوەیەکی زانستیانە زمان تەنیا بە ئامرازێک بۆ پێوەندیگرتن دەناسرێت، ئەم پێناسەیە، پێناسەیەکی کلاسیکە و تەنیا ئاماژە بە بابەتێک دەکات کە دەکرێت وەکوو ئەرکێکی زمان لە قەڵەم بدرێت هەتا پێناسە. ڕاستە زمان زادەی کۆمەڵگایە و لە پرۆسەی پێوەندیگرتنی تاکەکانی کۆمەڵگایە کە گەشە دەکات، بەڵام ئەوەی کە زمان تەنیا لەم بازنەدا پێناسە بکرێت کارێکی نازانستیانە و دوور لە سروشت و پێکهاتەی زمانە، چونکە زمان تا ئەو ڕادەیە ئاڵۆز و پێچڵاوپێچە کە “دانسی” دەڵێت: “پێناسەکردنی زمان کارێکی نەلواو و نەکراوەیە”. کە دەگوترێت زمان ئاڵۆزە بەو واتایەیە کە زمان بە چەندین شێوە دەتوانێت خۆی بنوێنێت کە ڕواڵەتیترین دەرکەوتنی زمان هەمان دروستکردنی پێوەندی نێوان مرۆڤەکانە. ئەگەرچی ئەم شێوە لە دەرکەوتنی زمان بەشێکە لە پرۆسەی گەشەکردنی هەم زمان و هەم کۆمەڵگا، بەڵام قەتیسکردنی لەم بازنەیەدا واتە بێبەشکردنی لە ڕەسەنایەتی و ئەرکی سەرەکیی ئەم دەزگا ئاڵۆز و گرنگە کە پێناسەی فرەڕەهەند لە خۆ دەگرێت. بە باوەڕی “فێردیناند سووسوور”زمان بەبێ دوودڵی دەبێت پێوەندیی نێوان هێماکان و واتاکان بێت (دال و مدلول) بێت”، ئەمە واتە هەر زمانێک خاوەن کۆمەڵێک هێما و نیشانەیە کە دەرخەری واتاگەلێکن کە بەتێکڕا سیستەم و پێکهاتەی زمان پێک دێنن. سووسوور، زمان بەسەر دوو بەشی لانگ (زمان) و پارۆڵ (پەیڤ) دابەش دەکات و مەبەستی لە لانگ بەشی ئابستراک و دەرهەستە و بەشی دەربڕین و پارۆڵ بەشی هەستپێکراو و بینراوە. ئەم پێناسانەی کە بۆ وێنە لەسەر زمان ئاماژەیان پێ کرا بۆ ئەوەیە کە زمان جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەتوانێت لەسەر گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و ڕەوتە جیاوازەکاندا شوێندار بێت و سیستەمێکی بەهامەندە کە لە ڕێگای وشەکانەوە ئەگەرچی سنوورداریش بێت بیاڤی واتاکان دەناسێنێت و لە کۆتاییدا ئەم واتایانە ڕایەڵەیەکی پێوەندی و توانستی وەرگرتن لە ڕێڕەوی گەشەکردن و گووراندا دێنێتە ئاراوە (باباشێخ حوسێنی ١٣٨٠، ٤٣).
ئەگەر زمان تەنیا وەکوو ڕێگایەک بۆ پێوەندی چاو لێ بکرێت، بەو کارە هێندێ بابەتی دیکە لە زمانی وەردەگیردرێت کە لە قورساییەکەی کەم دەکاتەوە، چونکە ڕاستە مرۆڤەکان لە ڕێگای زمانەوە پێکەوە دەژین، شاد دەبنەوە، خەم دەخۆن و مامەڵە و دانوستانەکانیان ڕێک دەخەن، بەڵام گیانلەبەرانی دیکە کە مرۆڤ بە بەستەزمان یان بێزمانیان دەزانێت، ئەوانیش بە شێوازی تایبەت بە خۆیان پێوەندی ساز دەکەن؛ کەواتە کاتێک دەچینە سەر پێناسەی زمان، نابێت تەنیا وەکوو ئامرازێک بۆ پێوەندی سەیر بکرێت و زمان لە بیر و هزر داماڵدرێت. زمان تەنیا بۆ پێوەندی نییە و لە پشت هەر کام لە وشە و چەمکەکان کە پێوەندی دروست دەکەن واتایەک بوونی هەیە. ئەوەی کە لە پشت زمانەوە هزر و بیرکردنەوە هەیە دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە بە هۆی زمانەوە ئەگەر بیر و هزر نەبێت مرۆڤ لە بەراورد لەگەڵ ژینجیهانی گیالەبەرانی دیکە گەشە و پێشکەوتنی بە خۆیەوە نەدەدیت. پێوەندی لە ژینجیهانی مرۆڤ کۆڵەکەیەکی سەرەکییە و بەبێ ئەم بابەتە مرۆڤ دەرەقەتی هەموو بوارەکانی ژیان نایت، ئەوە پێوەندییە کە یارمەتیی مرۆڤ دەدات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی. “ڕابێرت ئیندرسێن هال” دەڵێت: زمان لە بۆشاییدا بوونی نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بە مەبەستی پێکهێنانی پێوەندیگرتن بەکار دەهێنرێت، بۆیە خاوەن واتایە. کەواتە “واتا” کە بەرهەمی ئەندێشە و بیرکردنەوەیە بەشی سەرەکیی هەر زمانێکە و ئەگەر بیرکردنەوە نەبێت واتا نییە و ئەگەر واتاش نەبێت پێوەندیگرتنێک پێک نایە.
زمان هێمایەک بۆ بوون:
زمان کە خاوەن پێکهاتە و کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای یان هەمان ڕێزمانە، لە دوو بەشی فۆرم و نێوەڕۆکدا خۆ دەنوێنێ، کە هەردوو بەشەکە تەواوکەری یەکن و لە ڕاستای بێچمگرتنی واتایەکدان کە هەموو جۆمگەکانی ژیان لەوانە: سیاسەت، مۆسیقا، ئەدەبیات، پرسە کۆمەڵایەتییەکان و …. لە خۆ دەگرێت. بەبێ واتا هیچ کام لەم بوارانەدا گەشە ناکەن و ناتوانن بوونیان هەبێت. “واتا” جەوهەری هەموو بوارێکی ژیانە، دەکرێت بڵێین ژیان واتایە و واتا ژیانە. گرنگیی واتا لە هەر زمانێکدا زیاتر لە ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانە خۆ دەردەخات و ئەو کاتەی کە بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەک یان دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەک مرۆڤەکان پێوەندی دروست دەکەن، واتایە کە دەوری سەرەکی دەگێڕێت بۆیە ئەگەر واتاکان لە جێی خۆیاندا بەکار نەهێنرێن نە پێداویستییەک دابین دەکرێت و نە بەرژەوەندییەک دەستەبەر دەبێت. هەر ئەوەندەی کە دەزانین فۆرم و ڕواڵەتی زمان لە خزمەت واتای زمانە و واتا لە پێناو دەستەبەرکردنی مانەوەی مرۆڤە، بەوە دەگەین کە زمان هێمایەکە بۆ مانەوە و بوونی هەر مرۆڤێک. ئەگەرچی مرۆڤ لە ژیاندا تەوەرە، بەڵام کاتێک مرۆڤ واتا دەبەخشێ و واتا وەردەگرێت کە لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و ژینگەی خۆیدا بەرجەستە دەبێتەوە، چونکە مرۆڤ بەتەنیا ناتوانێت ڕۆڵەکانی خۆی بەباشی و دروستی بگێڕێت و بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژیانی دابین بکرێت، دەبێت لەگەڵ کۆمەڵ بژیت و ئەو کاتەیە کە دەور و ڕۆڵی زمان بەرجەستەتر دەبێتەوە.
زمانی هاوبەشی هەر کۆمەڵ و نەتەوەیەک ئاماژەیە بە بارودۆخی ژیانیان. وشەکان، ئیدیۆمەکان و چەمکە سروشتی و تەنانەت زانستییەکانیش هەڵگری ئەو بەستێنەن کە مرۆڤەکان تێدادەژی، بۆ نموونە ئەگەر سەیرێکی ئەدەبیاتی کوردی و عەرەبی بکەین، دوو دنیا و جیهانبینیی جیاوازیان تێدا بەدی دەکرێت؛ بۆ وێنە لە شێعر و چیرۆکێکی کوردیدا وشەی شاخ، کانی، دارستان و بەفر ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، چونکە لە کوردستاندا ئەم مەدلوولانە بەشێک لە ژیانی کوردن، کەچی لە ئەدەبیاتی عەرەبدا ئەگەریش ئاماژە بەم وشانە کرابێت ئاماژەکە نامۆ و غەریبە. کەواتە زمانی هەر نەتەوەیەک جیهانبینی، ژینجیهان، بوون و بیانوویەک بۆ مانەوەیانە. ئەم خاڵە گرنگە ئەوە دەسەلمێنێ کە زمان جەوهەری ژیان و هەناسەی هەر نەتەوەیەکە، هەر بۆیە کاتێک چاوی تەماح بۆ داگیرکردنی خاک و وڵاتێک تیژ دەکرێت لە پەنای پەلامارە چەکدارییەکاندا پەلاماری زمانیشیان دەدرێت؛ چونکە بە سڕینەوەی و توانەوەی زمان، نەتەوەی تەماحلێکراو لە هەموو واتایەکی ژیان دادەماڵدرێت.
ئەرکی ژنان و دایکان بۆ پاراستنی زمان:
ڕاستە کۆمەڵگاکان لە دوو ڕەگەزی ژن و پیاو پێک هاتوون، بەڵام لە پرۆسەی گەشەکردنی بوارە جیاجیاکاندا هەر کام لەم ڕەگەزانە دەوری تایبەت بە خۆیان هەیە و لە ئەگەری کەمتەرخەمیی هەر کامەیان لە بوارە جیاوازەکاندایە کە کۆمەڵگاکان بەرەو نسکۆ و داڕمان هەنگاو هەڵدەگرن. یەک لەو ئەرکە گرنگانەی کە ڕووی لە ژنان و دایکانە، ئەرکی پاراستن و پەروەردەکردنی منداڵە بە زمانی خودی خۆی کە زمانی دایکە. ئەگەر نەتەوەیەک خاوەن سەروەری و کیانی سیاسیی خۆی بێت، ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵان بە زمانی دایک لە ئەستۆی دامودەزگا دەوڵەتییەکان و لەوانە کەرتی پەروەردەیە، کە هەر لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ دەکات هەتا دەگاتە زانکۆوەکان؛ بەڵام نەتەوەیەک کە خاوەن سەروەری و دەسەڵاتی سیاسیی خۆی نەبێت ئەگەر بنەماڵەکان چاوەڕوانی ئەوە بن کە دامودەزگاکانی دەوڵەتی داگیرکەر منداڵەکانیان بار بهێنن و پەروەردە بکەن، دەبێت قەت بیر لە ڕزگاری و سەربەستی نەکەنەوە، چونکە ئەوەی کە دەوڵەتی سەردەست منداڵی نەتەوەی بندەست بار دەهێنێت بۆ سوود و بەرژەوەندی خۆیە نەک داهاتووی ئەو نەتەوەیە. کەواتە لەم حاڵەتەدا دەبێت بنەماڵەکانی نەتەوەی داگیرکراو بەر لە خوێندن بە زمانی داگیرکەر و هەروەها لە پەنایدا، منداڵانی خۆیان بە زمانی دایک پەروەردە بکەن، بۆ ئەوەی هەم پیلانی داگیرکردنی مێشکەکان پووچەڵ بکەنەوە و هەم منداڵانیان لە پرۆسەی خوێندندا تووشی سەرلێشێواوی و ئاڵۆزیی دەروونی نەبن. ئەم ئەرکە بە هۆی ئەوەی کە دایکان لە باوکان زیاتر لەگەڵ منداڵاندا کات تێدەپەڕێنن، زیاتریش ڕووی لەوانە و بەم ئەرکەیان داهاتوویەکی پڕ لە سەرەوەری بۆ منداڵانی خۆیان بنیات دەنێن و لێرەیە کە دەتوانن بە پەروەردەکردنی ڕۆڵەی دەرەوەست بە خاک و نەتەوە، شوێنپەنجەی خۆیان لە بەڕێوەبەریی وڵاتێکی سەربەستدا مسۆگەر ببینن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان:
محمدی، دکتر عادل، تصورات نادرست پیرامون زبان، سوئد، نشر ٤٩ کتاب، ٢٠٢٣
حسینی، باباشیخ، هامشی بر دانش زبانشناسی، سنندج، نشر ژیار،١٣٨٠
اندرسن هال، رابرت، دکتر محمدرضا باطنی، زبان و زبانشناسی، شرکت انتشارات علمی و فرهنگی، ١٣٥٠