د. لەیلا مرەوتی: بزووتنەوەی ژینا هاوسەنگیی هێزی تا ڕادەیەک لە بەرژەوەندیی کوردستان گۆڕی
دیمانە: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: خەباتی مەدەنی لە سیستمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکاندا هەمیشە جێی مشتومڕ بووە و پێوەندیدار بە پرسی کورد و خەباتی نەتەوایەتیی ئەم گەلە دژی کۆماری ئیسلامی لە زۆر ڕەهەندەوە باسهەڵگر بووە. دوای نیزیک بە سەدەیەک خەباتی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسیاری جەوهەری ئەوەیە کلیلەکانی سەرکەوتنی ئەم خەباتە چین؟ ئایا خەباتی پێشمەرگانەیە، یان خەباتی مەدەنی و جەماوەری، خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی؟ ئەم باسە تەوەری سەرەکیی دیمانەیەکی “کوردستان”ە لەگەڵ د. لەیلا مروەتی، شرۆڤەکاری سیاسی.
د. لەیلا با هەر لەو پێشەکییەوە بچینە نێو باسەکە کە ئێوە کلیلەکانی سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لەچیدا دەبینن؟ لە کام ڕەهەندی خەباتدا؟
لەپێشدا پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە خەباتی ڕزگاریخوازانە لە کوردستان هەتا ئێستا سەرکوتوو بووە؟ یا شکستی خواردووە؟ یا نە، بەردەوام ئەو خەباتە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا درێژەی هەیە؟ من پێم وایە کە ئەو خەباتە بەردەوام درێژەی هەیە، بەڵام بە نیسبەتی ئەوەیکە ئێمە لەو خەباتە هەم خەباتی چەکداریی پێشمەرگە ئەبینین، هەم جموجۆڵی مەدەنیی خەڵکی کوردستان ئەبینین بە شێوەی گشتی و هەم مێژووییەک دەبینین کە لە کۆتاییدا بەو ئاکامە ئەگەین ئەم خەباتە بەشێک لەو خەباتانە بووە کە ساڵیانێکی ساڵ بەسەردا تێپەڕ بووە بەڵام لە واقعیەتا بە نیسبەتی ئەو مێژووە ئەو شەڕەی کە پێشمەرگە ئەنجامی داوە، بە نیسبەتی ئەوەیکە خەڵکی کوردستان زۆر کات پاڵپشتی حیزبەکان بوون، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بە بەشێکی زۆر لە ئامانجەکانی بگات. ئەوە بەو مانایە نییە کە شکستی خواردووە بەو مانایەیە کە هێشتا ئەو بەربەرەکانێی بەینی حکوومەت و ئەو شەڕ و فشارەی حکوومەت بەسەر خەڵکی کوردستان بە سەر پێشمەرگە و ئەو خەباتەی ئەهێنێ زۆرە، یانێ بەشێک لە کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتکردنی ئەو خەباتە و ئەوەیکە حکوومەت لە تەواوی هێزی خۆی کەڵک وەردەگرێت کە ئەو خەباتە سەرکوت بکات. ئەڵبەتە ئەمە تەنیا تایبەت بە کۆماری ئیسلامی نییە. ئەوینین کە لە مێژووییەکی هەشتا ساڵەدا چ لە دەورەی پەهلەوییەکان و چ لە دەورەی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام ئەو دوو ڕێژیمە خەباتی کوردستانیان سەرکوت کردوە، بەڵام نەیانتوانیوە لە بەینی بەرن و لە هەمان کاتتدا خۆدی کوردیش نەیتوانیوە بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی بگات. بۆ نموونە: ئایا دوای ٨٠ ساڵ کورد توانیویەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بێت؟ نە، ئایا کورد توانیویەتی بە فێدڕاڵیزم بگات؟ نە، ئایا کورد توانیویەتی بە خودمۆختاری بگات؟ نە، ئایا کورد توانیویەتی بە مافە سەرەتاییەکانی خۆی بگات؟ نە، ئایا ڕێژیم توانیویەتی هەموو خەباتی ڕزگاریخوازانە لە کوردستان لە زمانی خەڵک لە دڵی خەڵک و کە لەگەڵ پێشمەرگە هاوڕا بوونە لەبەینی ببا؟ نە، و ئەو خەباتە بەردەوام درێژەی هەیە یانێ ئێمە لێرە لەگەڵ دوو مەسەلە ڕووبەڕووین. یەکەم فشاری کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتایی هاتنە سەرکارییەوە بە سەر خەڵکی کوردستانی هێنا ئێوە دەزانن هەر لەو کاتا کە خۆمەینی هاتنەسەرکاریەوە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە تەحریمی ڕێفراندۆم و هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی کە وەکوو نێوەڕۆکی مەشروعییەتی خۆی دەیناسی نیشانیان دا کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نین و ئێمە دەشبینین کە سپای خۆمەینی هێرشیان کردە سەر خاکی کوردستان و ئەو شەڕەیان بە سەر خەڵکی کوردستانا داسەپاند. خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە وەکوو دوو هێزی بنەڕەتی لە کوردستان ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی مانەوە و لە گەڵیا شەڕیان کرد بەردەوام ئەوە درێژەی هەبوو بەڵام ئەوە لە عەینی حاڵدا کە ئەو مێژووە لێی دەکۆڵینەوە دەگەینە ئەم دەورە ئەوینین کە نە کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی کورد سەرکەوتوو بوو، نە بزووتنەوەی کورد توانیویەتی بە مانای واقعی بە ئامانجەکانی بگات. یانێ ئێمە لە جۆرێک هاوسەنگی هێز لە بەینی ئەو دوو تەرەفەین و لەو هاوسەنگییەدا هیچکام نەیتوانیوە ئەوەی دیکە لە بەین ببات و لە عینی حاڵیشدا خۆشی نەیتوانیوە سەرکەتوو بێ.
بابەتێکی گرینگ ئەوەیە لە دوای بزووتنەوەی ژینا ئەو باڵانس و هاوسەنگی هێزە لە بەینی کۆماری ئیسلامی و کورد بەگشتی تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕانی پەیدا کردوە، بە تایبەت لایەنی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان و قورسایەتی قسە و کرداری زۆرتر بوو هەرچەند سەرکوت لە کوردستانا زۆرتر بووە. بەتایبەت لە دوای بزووتنەوەی ژینا بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و هیزێکی ڕادیکاڵ هاتە نێو مەیدان کە هاوسەنگیی هێزی تا حەدێک بە نەفعی خەڵکی کوردستان گۆڕی.
چۆن چاو لە دۆخی بزووتنەوەی مەدنی چ لە کوردستان یان لە ئاستی ئێرانیشدا لە دوای سەرکوتی بزووتنەوەی ژینا دەکەن؟
بێگومان بزووتنەوەی ژینا ئەزموونێکی تایبەت بوو بۆ خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی چونکێ بۆ یەکەمجار کوردستان کە خۆی وەک حاشیە وابوو و پەراوێز خرابوو بۆ خۆی ئەبێ بە ناوەندی جموجۆڵێکی ڕادیکاڵی ئینقلابی یا بزووتنەوەیەکی ئینقلابی کە لە نێوخۆیدا پۆتانسییەلی ئینقلابی بوونی هەیە یانێ لە هەلومەرجی پیشا ئینقلاببوون قەراری گرتووە و ئەوە شتێکی تایبەتە لە بزووتنەوەی کورددا. بەڵام ئەوەیکە ئەو بزووتنەوە کە سەرکوت کرا، ئایا خەباتی مەدەنی گۆڕانی پەیا کرد لە کوردستان یا بەگشتی لە ئێران دیارە خەباتی مەدەنی لە کوردستان هەرواکە لە پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێ کرد لەبەین نەچوو، بەڵکوو خەباتی مەدەنی شکڵی جیاوازی بە خۆی گرت.
بۆ نموونە: ئێمە ئەزانین مەراسمێک وەکوو نەورۆز هەمیشە بۆ کورد نەورۆز جۆرێک هێمای سیاسی و نیشتمانی و لەنێو خەڵکی کوردستاندا ئەرزش و بایەخێکی زۆری هەبووە و هەیە. بەڵام لە دوای بزووتنەوەی ژینا بینیمان کە لە کوردستان هەڵپەڕکێ نەورۆز ئەو جوغرافیاییە گەورەتر بووە و هەر لە خۆی و ماکۆ هەتا ئابدانان و ئیلام و خوارەوەتر کە ئێمە شتێک بەناوی مەراسمی نەورۆز دەبینین هەڵپەڕکێ نەورۆز و ئاگر و لیباس و ڕەنگی جۆراوجۆر دەبینین هێما گەلی کوردی دەبینین ئیعترازێکی زۆر تایبەت دەبینین کە یەکدەنگە، یەکڕەنگە بە هەڵپەڕکێ کوردی کە بۆ خۆیی نەمادێک لە یەکڕەنگی و یەکدەنگی لە کوردستانە. ئەوە بەشێک لەو خەباتی مەدەنییەیە کە لە دوای بزووتنەوەی ژینا بەهێزتر ئەوێ، چ لە باری جوغرافیایی و چ لە باری حەشیمەتەوە. مەسەلەیەکی تریش لە بەحسی خەباتی مەدەنیدا ئەوەیە کە ڕێکخراوە مەدەنی لەناو کوردستانا بەهێزتر و بەهێزتر ئەبن هەرچەند حکوومەت گەرەکیەتی هەموویان پەراوێز بخات، بە تایبەت فشارێکی زۆر دەخاتە سەریان کە زۆریان مەحدوود بکاتەوە و زۆریان کۆنتڕۆڵ بکات و کەسانێک کە لەو ڕێکخراوانەدا هەن دەستبەسەر دەکرێن، بە تایبەت ژینگەپارێزان. بەڵام ئەوانیش نە تەنیا لاواز نەبوون بەڵکوو بەهێزتر و بەهێزتر ئەبن.
بە سەرنجدان بە ئاماری گرتن و بەندکردن و حوکمدانەکان، ڕێژیم ئەو هەمووە تێچووە قورسە بۆ بەسەر بزووتنەوەی مەدەنی و جەماوەریدا دەسەپێنێت؟
ڕێژیم بە چەند هۆکار ئەو کۆمەڵگەیە سەرکوت دەکات. هۆکارێکی ئەوەیە گەرەکیە نەهێڵێت دووبارە شتێکی وەک بزووتنەوەی ژینا شکڵ بگرێت. بەشی دووهەمیشی ترسی ڕێژیمە کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە سەرکوتکردنەکان زۆرتر بکات بۆ ئەوەی کە لە دەسەڵاتدا بـمێنێتەوە و پیشگیرییەک بکات لە دۆخی ئینقلابی لە ئێران بە تایبەت لە کوردستانا. ئەڵبەت دەتوانم بڵێم هۆکاری دیکەشی هەیە ئەویش ئەوەیە هەروا کە پێشتر باسم کرد کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران زۆر لاواز عەمڵ دەکات و هەرچەند لە وەختێکا لە شەرایەتێکدا ئەو کۆمەڵگە ئەیتوانی ئاڵوگۆڕێکی ئینقلابی لە پێوەندی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ حکوومەت دروست بکات. بەڵام ئەنجامی نەدا بە هۆی ترس بە هۆی ئەوە بوو کە ڕێکخراو نەبوو و حکوومەت بۆ ئەوەی کە دووبارە شۆڕشێکی دیکە بزووتنەوەی ژینایەکی تر لەدایک نەبێت. بۆیە حکوومەت ئاماری گرتن، کوشتن، و ئێعدامەکان دەباتە سەرێ و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی کۆمەڵگەی نێودەوەڵەتییش. هەرچەندێک کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و نێوخۆیی ئێران ڕادیکاڵتر عەمڵ بکات لە دەرەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەوتیش بە نیسبەتی ڕێکخراوە و دۆخی نێوخۆیی ئێران ڕادیکاڵتر ئەبێت.
لە تەنیشت بایەخدان بە خەبات و بزووتنەوەی مەدەنی، ئەو پرسیارەش هەمیشە دەکرێ کە ڕێژیمە دیکتاتۆڕەکان بە زەبری زۆر دەڕووخێن. پێتان وایە لە سەردەمی ئێستادا و بەپێی ئەزموونەکان لە ناوچە و دەوروبەرمان خەباتی مەدەنی سەرکەوتووترە یان خەباتی چەکداری؟
ئەم پرسیارە زۆر گرینگە چونکە ئێمە ئەباتە سەر دوو پرسی ئەساسی و تایبەتی، یەک ئایا ڕووخانی ڕێژیمەکان بە تایبەت ئەگەر باس لە ئینقلاب بکەین ئایا ئینقلابەکان دەبێ لەگەڵ شێوەیەک لە توندوتیژیی سیاسی تێکەڵ بن یا ئینقلابەکان بە ئارامی ئەتوانن ڕوو بدەن؟ وەکوو ئەو شتەی کە بە ناوی ئینقلابی مەخمەڵی لە وڵاتەکانی ئورووپای شەرقی ئەیناسین، دوو، ئایا بۆ ڕێژیمێکی تۆتالیتر وەکوو کۆماری ئیسلامی شەڕی چەکداری ئەتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی ئەم حکوومەتە؟ یا خەباتی مەدەنی ئەتوانێ لە کۆتاییدا حکوومەتێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ؟ وڵات گەلێک کە ئینقلابی مەخمەڵی و ڕەنگینیان ئەزموون کردوە کە لە ئورووپای شەرقی بوون لە دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت زۆر جیاواز بوو و ئەساسەن بۆ وڵاتێکی وەکوو ئێران ئەوەیکە ئایا ئینقلابێکی مەخمەڵی یا ڕەنگی وەڵام بداتەوە زۆر باس و قسەی هەیە کە ئێستا باسی ئێمە نییە، چون ئەوە بابەتی خاسی خۆی گەرەکە، بەڵام ئایا کۆماری ئیسلامی بە نەرمی و بە ئارامی دەڕووخێ یا شەڕی چەکداری؟ یەک مەسەلە گرینگە، کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی لە زاتی خۆی لەو ڕێژیمگەلەیە کە دەتوانین پێی بڵێن ڕێژیمهایەکی خۆدنابوودساز، ڕێژیم گەلێک کە خۆیان لە نێو خۆیاندا خۆیان دەڕووخێنن و هەڵدەتەکن. ئەڵبەتە ئەمە بەو واتا نییە کە کۆماری ئیسلامی خۆی خۆی دەڕووخێنێ و ئیتر هیچ کارێک نابێ بکرێت. نا، مەبەست ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی پۆتانسییەلی تایبەتی بۆ ڕووخان هەیە. بە نیسبەت شەڕی چەکداری دەتوانم بڵێم ئیمڕۆ شەڕی چەکداری، شەڕی دەورەی ١٩٥٠ -١٩٧٠ نییە. دەورەی شەڕگەلێ چریکی نییە، لە قەڕنی ٢١دا شێوازوجۆری شەڕەکان زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. چۆن ئەساسەن تەسلیحاتی نیزامی ئیتر ئەو تەسیلحاتەی پێشوو نین ئێمە دەبینین شەڕ زۆرتر لەوەی کە شەڕێکی کلاسیک بێت ئێستا زیاتر شەڕی دنیای ئێلکترۆنیکە. شەڕی نوێیە. بەپێی ئەو پێشکەوتنانەی کە ئیمڕۆ لە حەوزەی تەسلیحاتا لە دنیا هەیە هەموو جۆرە شەڕێکمان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت شەڕی سایبێری ئەبینین، توانایی ئینسانی ئەبینین و زاڵبوونی ئینسان لە ڕێگەی ژیریی دەستکرد بە سەر ئەو شتانە ئەبینین. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بەشێک لەو توانا نیزامییەی هەیە و لێرەدا ئەو پرسیارە بۆ ئێمە پێش دێ، ئایا بە نسیبەتی ئەو هێز و توانا سەربازییەی کۆماری ئیسلامی هەیەتی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەگشتی ئۆپۆزیسیۆنەکان توانایی ئەوەیان هەیە لەبەرانبەر ئەو نیزامە کە ئەو هەموو ئیمکاناتەی لە ئێختیار دایە بەرنگاری ببنەوە؟ ئایا لە باری جوغرافیایی و دۆخی ژئۆپۆلۆتیک ئەو ئیمکانەیان هەیە کە بتوانن شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن؟ ئایا هاوکات لە شەڕی چەکداری بە مەفهوومی مۆدێڕن ئەتوانن کەڵک وەربگرن؟ ئایا ئەوندەیان هێز و قابلییەت هەیە کە هاوکات شەڕی چەکداریان دژ بە کۆماری ئیسلامی بێت؟ ئەمە لە ئەسڵدا کێ دەبێ وڵامدەر بێت؟ ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە شەڕی چەکداری هەیە و هێزی چەکداریان هەیە یانێ لە بەراوەردی هێزی خۆیان و کۆماری ئیسلامی پێیان وایە کە ئەو هێزە چەکدارییەیان هەیە و ئەو هێزەی ئەوان ئەتوانێ لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا بێت. کە ئەگەر ئەو هێزە بوونی بێت بەپێی بەراوەردێکە لە بەحسی شەڕهای چریکی بەپێی ئەو بەراوەردێکی کەن بۆ خۆیان ئەتوانن وڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە و ئەوەی کە ئایا بەو هێزە ئەتوانن کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن یا نە؟ جابۆیە هەر وەک پیشتر ئاماژەم پێ کرد بە نیسبەتی دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئەو ڕێژیمە زەمینەی ڕووخانی هەیە بە هۆی ئەو دۆخە ئێقلیمی و جوغرافیایی و گەندەڵییەی کە هەیەتی هەروەها هێزی مەدەنیش بۆ خۆی ئەتوانێ بە شێوەیەک ئەو حکوومەتە بڕووخێنێ.
دوورەدیمەنی خەبات و نارەزایەتییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی چۆن دەبینن؟
دیارە لە عیلمی سیاسەتدا پێشبینییەک بە نیسبەتی دۆخی داهاتووی وڵاتەکان ناکرێت یانێ ئەوەی کە بڵێن داهاتووی وڵاتێکی غەیرە دێموکراتیک چۆن دەبینین ئەبێ بە دەوڵەتێکی دێموکراتیک یا بە پێچەوانەوە ئایا دەوڵەتێکی دێموکراتیک ئیمکانی هەیە بڕووخێت و ببێتە دەوڵەتێکی بێ سۆباتی غیرە دێموکراتیک؟ لە واقعیەتی دنیای سیاسەتدا هەر ئاڵوگۆڕێک دەتوانێ ڕوو بدات بەڵام بەپێی دۆخی کۆماری ئیسلامی هەروا کە گوتم زۆرتر ساختاری لە ڕێژیمێکی خۆدنابوودسازە وەک ئەو ڕێژیمانەی کە خۆیان لەناو خۆیاندا یەکتری لەبەین دەبەن مەگەر ئەوەیکە ئەوە ڕێژیمە بێت ئاڵوگۆڕێکی کامڵ و بنەڕەتی لەنێو خۆیدا، لە حاکمیەت و یاسای بنەڕەتی، لە شێوازی پێوەندی لەگەڵ خۆی و خەڵک، لە سیاسەتی نێوخۆیدا ئاڵوگۆڕێکی تایبەت لە پێوەندی خۆی لەگەڵ دنیای دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە باسکەکانی ئیجرایی و سیاسەتەکانی دەرەکی وەکوو ئەوانەی کە بەناو گروپە نیابەتییەکانی ناسیاون، ئەبێت ئاڵوگۆرێکی زۆر تایبەت پێک بێنێت و هەرچی شتە لە نوێ دروست بکاتەوە، ئەو شتەی کە زۆرێک پێی دەڵێن ئیسڵاح و ڕێفۆرم. بەڵام مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە ئەو ئەسڵاح و ڕێفۆرمە لە ساختاری کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەو شەرایەتەی کە هەیەتی و هەروا هەر ئەو واقعیەتی ساختاری ئیدئۆلۆژیکەی باوەڕێکە بۆ خۆی لە چوارچێوەی فکری ئیسلامی سیاسی هەیەتی و ئەو ئابووریی ڕانتی نەوتییە ناکرێت. ئەوەی کە بەناوی ئیسڵاحات لە ماوەی ساڵیانی ساڵ تەحوێڵی خەڵکیان دا بێجگە لە درۆ هیچ شتێک نەبوو و ئەساسەن لە ساختارێک وەکوو کۆماری ئیسلامی شتێک بە ناوی ئیسڵاحات هەڵەیەکی گەورەیە و درۆ و فریوێکی گەورە بوو کە هەر لە ئەوەڵەوە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتی خۆی کردویەتە سەری خەڵک و بەو درۆانە زۆر کەسی فریو دا و ئەو ئیسڵاحاتە یانی ڕووخان یانی ئاڵوگۆڕ و تەنیا لە ڕووخاندا دەستەبەر دەبێت. یانێ کۆماری ئیسلامی ناتوانێ یاسای بنەڕەتی بگۆڕێ و نەڕووخێ. لە نەهایەتدا من پێم وایە بەو دۆخەی کە کۆماری ئیسلامی دەچێتە پێشەوە ئەگەری ڕووخانی هەیە بەڵام ناتوانین کات و زەمانی بۆ دیاری بکەین.