نووسینی: دایکی کارین
ژنان وەک یەکێک لە گرنگترین بەشی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە پەرەپێدانی بەستەرەئابوورییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک. بەشداری ژنان لە چالاکییە ئابوورییەکان نەک هەر لە ئابووری، بەڵکو لە گەشەی کۆمەڵگە و بنەماڵەشدا رۆڵێکی گرینگی هەیە و هەبووە.
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، رۆڵی ژنان لە ئابووری جیهانییدا بەشێوەیەکی بەرچاو سەرنجیڕاکێشە بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی لە چەشنی کۆمەڵگەی ئێراندا کە بەرەو پەرەسەندنەو بەتایبەتی لەناوچەکانی کەمتر پەرەگرتووی وەک کوردستان، ژنان هێشتا لەگەڵ زۆر کێشەی بنەمایی و کولتووری ڕووبەڕوون. خواستی کەمتر بۆ کاری جەستەیی و گەشەی خۆکارسازی، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بازاڕدا هێناوەتەئاراوە و دەرفەتی نوێ و هەروەها مەترسی جددیشی بۆ ژنان بەدواوە بووە. ئەم وتارە دۆخی ژنانی ئێران، بەتایبەت کوردستان، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گۆڕانکارییانە دەکۆڵێتەوە و کێشە و چارەسەرییەکان دەخاتە بەرباس.
پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: “کاریگەریی خۆکارسازی و کەمبوونەوەی پێویستی بە کاری جەستەیی، لەسەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنانی ئێراندا چییە؟” لە ئێراندا، بەشداریی ئابووری ژنان لە چەند دەیەی ڕابردووەوە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە بەڵام هێشتا بە بەراوردی پیاوان و تەنانەت وڵاتانی دیکەی پەرەسەندوو، لە ئاستێکی نزمدایە. بەپێی ئامارەکانی بەردەست هەتا ساڵی ٢٠٢٥، رێژەی بەشداریی ئابووری ژنان لە ئێران نێزیکەی ١٥ تا ٢٠ لەسەد شیمانە دەکرێت. لە کاتێکدا ئەم رێژەیە بۆ پیاوان زیاتر لە ٧٠ لەسەدە. لە کوردستاندا، وەک کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو کە تایبەتمەندی کولتووری و ئابووری خۆی هەیە، ئەم رێژەیە تەنانەت زۆر نزمترە و ژنان زۆربەی کات بە کاری ناپیشەیی یان کشتوکاڵییەوە خەریکن.
کەمبوونەوەی پێویستیی بە کاری جەستەیی کە لەمەوپێش بەشێکی گرنگی چالاکییە ئابوورییەکانی ژنانی گوندنشینی کوردستان بوو، لەگەڵ پەرەگرتنی کەرەستەی تەکنەلۆژیا و خۆکارسازی و کارگێڕی و کۆمپانیاکان، بنەمای چۆنییەتی کاری گۆڕیوە. لە رابردوودا، ژنانی کوردستان لە چالاکییەکانی وەک کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و پیشەسازیی دەستی، رۆڵی سەرەکییان هەبوو بەڵام بە هاتنی ئامێرەکان و کەمبوونەوەی پێویستی بە هێزی کاری دەستی، ئەم دەرفەتانە کەم بوونەتەوە. لەهەمانکاتدا، خۆکارسازی لە بەشەکانی کارگێڕی و کۆمپانیاکاندا، کە زۆرتر لە شارەکانداندا بەدیهاتووە، پێویستیی بە شارەزایی دیجیتاڵی زیادی کردووە بەڵام دەست پێڕاگەیشتنی ژنان بەم شارەزاییانە بەهۆی کارگەکانی پەروەردەیی و کولتوورییەوە سنووردارن.
لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی وەک کوردستان، رۆڵی جێندەری هێشتا لەمپەرێکی گەورەیە بۆ چوونە نێو پرۆژەیەکی نوێ. باوەڕە کولتوورییەکان کە ژنان بە ئەرکی نێوماڵەوە سنووردار دەکەن، لەگەڵ کەمیی پشتیوانی خێزانی و کۆمەڵایەتی، بەشدارییان لە ئابووری مۆدێڕندا دژوارتر کردووە.
سەرەڕای هەمووی ئەم بەربەستانە، سەردەمی خۆکارسازی، سەردەمی زێرین و دەرفەتی نوێیە بۆ ژنان. ژنان بە خۆتەیارکردن بە زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم هەلی زیاتر بۆ چوونە نێو بازاڕی کار و پیشە بەدەستدەهێنن.
لە سۆنگەی پلاتفۆرمەکانی پەروەردەیی ئۆنلاینەوە، دەتوانن زانیاری نوێ لەسەر شارەزاییەکانی پێوەست بە زانستە مۆدێڕنەکان بەدەست بێنن بێئەوەی پێویست بێت لە ناوەندەکانی پەروەردەیی بوونیان هەبێت، ئەم زانستە تەکنەلۆژییانە دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان دەرەخسێنن تا لەم ڕێگەیەوە لە ماڵەکانیاندا، کاروباری ئۆنلاین وەڕێبخەن و دووراودوور بەشداریی داهاتی ئابووری کۆمەڵگە بکەن.
لە کۆتاییدا، سەرەرای ئەوەی ئابووری ژنان لە سەدەی ۲۱دا بەرەو چاکسازی و شەفافی و باشتربوونە بەڵام هێشتا لە گەڵ زۆر ئاستەنگی وەک: جیاوازی هەقدەست، لەمپەرەکانی فەرهەنگی و کولتووری، نایەکسانی یاسایی ڕووبەڕوون. بۆیە بزاڤی مافخوازی و هزریی هەر وەکو پێشوو، لە چوارچێوەی ڕێکخراوەییدا هێشتاش پێویستە وەک بژاردەیەکی زۆر گرنگ لە پشتیوانیکردنی دۆخی کاری ژنان لە نێو کۆمەڵگەی نوێدا لێی بڕوانین. بۆ گەیشتن بەئابوورییەکی یەکسان و دادپەروەرانە پێویستە گۆڕانی بنەڕەتی لە بۆچوونی کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاساییدا پێک بێت. ئەم ئامانجەش بەبێ کاری ڕێکخراوەیی و ئەندێشەی بەکۆمەڵی مافخوازانە بەدی نایەت.
——————————-
ژێدەر:
-مهرانگیز کار، زنان در بازار کار ایران، نشر روشنگران، ۱۳۷۳
-کارآفرینی زنان، گروە نویسنگان، انتشارات شرکت چاپ و نشر بازرگانی، سال چاپ ۱۴۰۰
-پاملا آبوت/ کلروالاس، جامعەشناسی زنان، نشر نشر۱۳۸۰
-ماڵپەڕی Gender Data Portal. سەر بە باکی جیهانی
-ماڵپەڕی ناوەندی ئاماری ئێران