ڕۆژی هەینی ڕیکەوتی ١٨/١٠/٢٠٢٤ کومیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری بەرپرسی تەشکیلاتی ئەو ڕێکخراوە لە دەرەوەی وڵات «خاتوو لەتیفە جەباری» وە بە ڕێگای ئۆنڵاین پێک هێنا.
مەبەست لە کۆبوونەوەکە دیاری کردنی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی ئاڵمان و دیاری کردنی بەرپرسی بەشەکانی تری کۆمیتە بوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەخێرهاتنی دەستەی بەڕێوەبەری لە لایەن خاتوو “پەروانە فەلاحی”وە دەستی پێکرد .
دواتر خاتوو “لەتیفە جەباری” بەرپرسی گشتی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات باسێکی لەسەر دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرنجدان بە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ژینادا کرد و ئاماژەی بە قورستر بوونی ئەرکی یەکیەتیی ژنان لە ئێستادا کرد کە ئەرکوەخۆگری و دابەشکردنی ئەرک بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکانە بەشێک لە زەروریەتی کاری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت.
دواتر «خاتوو فەرزانە ڕەزەوی » بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی ئاڵمان ئاماژەی بە بەشێک لە کار و چالاکیەکانی یەکیەتیی ژنان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لەدوای یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کرد و ڕۆڵی ئەندامان یەکیەتیی ژنانی لە وڵاتی ئاڵمان و لە ڕاستای بەشداری کردنیان لە کارو چالاکیەکاندا بەرز نرخاند.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی بەرپرسانی نوێی کۆمیتە، بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە «خاتوو ئیلهام چایچی» وەک بەرپرسی گشتی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی ئاڵمان دیاری کرا و هەروەها ئەندامانی تری دەستەی بەڕێوەبەریش بەم شێوەیە وەک بەرپرسی بەشەکانی تری کۆمیتە دیاری کران:
خاتوو «شەهێن مورتەزازادە » وەک بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی ئاڵمان
خاتوو «فەرزانە رەزەوی » وەک بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن
خاتوو پەروانە فەلاحی وەک بەرپرسی بەشی ماڵی
خاتوو «نەرمین عوسمانی » وەک بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکان.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران کۆمیتەی ئاڵمان