شەهرام سوبحانی
مێژوویی سیاسی ئێران لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی قاجار و هاتنە سەر کاری ڕێژیمی پاشایەتی، شایەتی دوو دەسەڵاتی جیاواز بووە کە هەر کامیان بە مێتۆد و ئایدۆلۆژیایەک بەرنامە و پڕۆگرامی خۆیان بەسەر ئێران و نەتەوەکانی چوارچێوەی ئێراندا داڕێشتووە. ئەم دوو دەسەڵاتە واتا “پاشایەتی” و “کۆماری ئیسلامی” کە هەر یەک لەمانە لەسەر دوو ئایدیایی جیاواز قەوارەی سیاسی ئێرانیان بەڕێوە بردووە.
دەسەڵاتی پاشایەتی لەسەر بنەما و بنچینەی، ناوەندگەرایی، دەسەڵاتخوازی، کۆماری ئیسلامی لەسەر دوو چەمکی فاشیزمی “ئایینی” و “قەومی” واتا شیعە، و فارس دامەزراوە کە هیچ کامیان بۆ ئێرانی فرەنەتەوە هیچ قازانجێکی نەبووەو و نابێت. هەر بە پێی کار و کردەوەی خۆیان و کارنامەی ڕەشی خۆیان دوای چەندین دەیە دەسەڵاتداری لە ئێران بە هەموو گەلانی ئێرانیان سەلماند کە ئەم دەسەڵات و ئایدیایە ناتوانن وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی ئێرانی فرەنەتەوە بن، هەربۆیە بۆ ڕاستی ئەم بابەتە ئاوڕێک لە دەسەڵاتی ڕەزاخان دەدەینەوە، پیاوێک کە تا سەر ئێسقان دژایەتی گەلانی ئێرانی دەکرد بەتایبەت نەتەوەی کورد پێ وابوو کە لە ئێراندا تەنیا فارسە مافی ئەوەی هەیە کە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی وەدەستەوە بگرێ و هەروەها لە سەر ئەو باوڕە بوو کە قەومی حاکم دەبێ حاکم بێت و نەتەوەکانی تر ڕەعییەت، و لەم پێناوەشدا لەبەر ئەوەی مەترسی گەلانی ئێران لە دەسەڵاتەکەی کەم کاتەوە هەوڵی دا ناوی “پرشیا” بە ئێران بگۆڕێ کە ناوی ئەو دەمی ئێران بوو، تەنیا بەو مەبەستە کە وەک ئەمرازێک بێت بۆ هەڵخڵەتاندنی خەڵک بۆ ئەوەی کە گەلانی ئێران وا بیر نەکەنەوە کە ئەم دەسەڵاتە هەر تەنیا هین فارسەو بەس.
لە درێژەی سیاسەتەکانیدا بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە لە قۆناغێکی بەرینتردا دەستی دایە دەیان تاوان و جینایەتی دژە مرۆڤی لە هەمبەر گەلانی ئێران بۆ نموونە:یەکێک لە تاوانەکانی لە هەمبەر نەتەوەی کورد، هەوڵی گۆڕینی جوگرافیای ۲شاری گەورەی کوردستان واتا “کرماشان” و “ورمێ” بوو، بە نیشتەجێکردنی فارس و تورک لەم دوو شارە هەوڵی دا کوردەکان و خاکەکەیان لاواز بکا، کە لەلایەک گۆڕینی جوگرافیای کوردستان بوو و لەلایەک دووبەرەکی سازکردن نێوان گەلانی ئێران کە بەداخەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەم ناکۆکییانە هەر بەردەوامە.
ئەم سیاسەتەیانە پەرە پێ دا تاکوو بتوانن سامانی ئەم خاکە بەتاڵان بەرن و تەمەنی زیاتر بۆ دەسەڵاتەکەیان مسۆگەر بکەن.
یەکێکی تر لە جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە ملهۆڕە لە سێدارە دانی “پێشەوا قازی محەممەد” و هاوڕێیانی بوو، و هەروەها تیرۆری ناجوانمێرانەی باوکی ناسیونالیزمی کورد “سمکۆ خانی شکاک”، و کوشتنی”داوود خان کەلهۆڕ” بوو.
بەڵام ئەوەیی لە ئێستادا جێگەی سرنجە ئەوەیە کە پاشماوەکانیان لە دەرەوی وڵات هەر دیانهەوێ لەسەر بنەما و بنچینەی باب و باپیرانیان دەسەڵاتی ئێران وە دەستەوە بگرن کە خۆیان ئاغا بن و گەلانی تر ڕەعییەت، هەموو هەوڵ و ماندوو بوونیان لە ڕاستای ئەویە کە بتوانن نیزامێکی بێ پڕەنسیپی پاشایەتی هەر لەسەر ئایدیایی ناوەندگەرایی و چەوسانەوەی نەتەوەکانی ئێران دابمەزرێنن کە بە قەوڵ کوردەواری خوەمان هەمان ئاش و هەمان کاسە.
ــ بژاردەی یەکەم: کۆماری ئیسلامی
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمێکی خوێنمژ و تووتالیتەرە کە لە ۴دەیە دەسەڵاتداری خۆیدا بە کردەوە سەلماندوویەتی کە هیچ قازانجێکی جگە لە نەهامەتی و بەدبەختی بۆ خەڵک نییە؛ڕێژمێک کە لەسەر ۲چەمکی ئایینی و قەومی کۆڵەکەی خۆی چەقاندووە و سامانی و داهاتی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە هەر لە چوار چێوەی ئایدۆلۆژیکی دیاریکراو تەرخان دەکا. بە پێی ئەوەیکە ئێران ۹ لە سەدی سامانی دنیا پێک دێنێ بەڵام خەڵکەکەی لە هەژار ترین دۆخی مومکین دا ژیان دەکەن ئەمە لە کاتێک دایە کە تەواوی سامانی ئەم خاکە تەرخانی پڕۆسەی شێعەری و میلیشیا تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە دەکرێن. تەمەنی ئەم ڕێژیمە دوای پتر لە ۴۰ساڵ دەسەڵاتداری لە ئێران هیچ کردەوەیەکی باشیان لە خۆ بە جێ نەهێشتووە کە ئەمڕۆ لە ناوخۆی ئێران شایەتی کوشتن و ئێعدام، هەڵاوسان، سەرکوت، بێکاری، هەژاری، گەندەڵی و…. هتد. دەبین کە ئاکارەکانیان وای کردووە کە هیچ مشرووعییەتێکی سیاسیان ناو خەڵکدا نەماوە، خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ساڵە پیشانی داوە کە خەڵکی ئێران بە ڕاشکاوی هەوڵی ڕووخانی ڕێژیم دەدەن. ولەم پێناوەشدا حازرن خوێنی خۆیان خەڵات بکەن. بۆ نموونە: بەشداری نەکردنی ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لە دەنگدانەکانی ڕێژێم، و سەرهەڵدانی دروشمی جۆراوجۆر وەکوو”اصلاح طلب، اصول گرا دیگە تمومە ماجرا، یان دروشمی “خامنەای ضحاک میکشیمت زیرخاک” بۆ خۆیی ئەم دروشمانە دەرخەری ئاستی لە ڕادەبەدەری بێزاری خەڵک لەم ڕێژیمەیە و هەروەها پەیامێکی جیدی ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بوو کە چیترکاتی مانەوەتان بەسەر چووە و دەبێ بڕۆن.
ــ بژاردەی دووهەم: پاشماوەکانی پەهلەوی
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران، پاشماوەکانیان سامانێکی زۆری ئێرانیان ڕەوانەی دەرەوی وڵات کرد کە هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێت. هەر بەو پارە دەژین کە لە سەر سفرەی خەڵکی ئێران هەڵیان گرتووە، هەر وەک “نەوید ئەفکاری” کە لە یەکێک لە وتەکانیدا سەبارەت بە دەسەڵاتی پەهلەوییەکان لە ئێران دەڵێ: پەهلەوییەکان داری دێموکراسی و ئازادیان لە ئێران بڕی و بە جێگەی داری دیکتاتۆری و نەهامەتییان چاند و لە کاتێکدا کە مەئموورییەتەکەیان لە لایەن دونیای غەربەوە کۆتایی پێ هات. دەسەڵاتەکەیان دایە دەستی ئاخۆندەکان و خۆیان بە دەیان میلیۆن دۆلار لە ئێران هەڵهاتن. هەر وەک هەموومان دەزانین ئەم بنەماڵەیە هیچ خەباتێکی جیددییان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەکردووە و هەتا ئێستا لە خۆشترین وڵاتانی ئورووپایی خەریکی ژیانی خۆیان بوونە، ئەم بنەماڵەیە هیچ ڕۆڵێکی باشیان لە شۆڕشی گەلانی ئێران نەبووە، بگرە پڕۆسەی شۆڕشیشیان بە دواخستووە هەر وەک ئەوەیی لە شۆڕشی ژینا بینیمان کە خەڵک هەموو ڕۆژێک بە گڕوتینەوە لە شەقامەکان دژی کۆماری ئیسلامی خەباتیان دەکرد، بەڵام کاتێک ڕەزا پەهلەوی وتی: وکاڵەت بە من بدەن، هەر ئەم وتەیە هێز و وزەی خەڵکی ئێرانی لە شۆڕشەکە دوور خستەوە و سرنجی خەڵکی بەلای دروشمە پووچ و بێ بنەماکانیان ڕاکێشا کە لە کۆتاییدا ئەم ئاکارە وای کرد کە تینی شۆڕشەکە کەمتر بووەوە و نەفسێکی تازەی بە کۆماری ئیسلامی بەخشی. تاکوو باشتر بتوانێ خەڵک سەرکووت بکا.
هەر دوای ئەوەش دەستهەڵگر نەبوو و بە سازکردنی سناریۆیەکی پووچەڵ بەناوی مەنشووری “جۆرج تاون” کۆسپێکی گەورەیی لە بەردەم ئەم شۆڕشە درووس کرد کە لە ئاکامدا توانی زەبرێکی گەورە لەم شۆڕشە بوەشێنێ کە هیچ قازانجێکی بۆ گەلانی ئێران نەبوو تەنیا درووشمێک بوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و لەعابێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان بەناو “دێموکراسی”، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەس لە کار کێشانەوەی یەکە یەکە بەشداربووانی ئەم مەنشوورە ڕووی ڕاستەقینەیانی دەرخست و زۆر بە جوانی بۆ خەڵک ئاشکرا بوون کە شەڕی ئەمان شەڕی دەسەڵاتە، نەک شەڕی ڕزگاری گەلانی ئێران لە ژێر زوڵم و ستەم. هەر بۆیە دوێنی “حامیدی ئیسماعیلیون” و ئەمڕۆ “نازەنینی بونیادی” لە مەنشووری “جۆرج تاون”واز دێنن و ئەویش تەنیا بە هۆی نادێموکراتیک بوونی خاڵە ناودێر کراوەکانی ئەم مەنشوورە کە هەر وەک “نازەنین بونیادی” ئاماژەی پێکرد کە وەک هەمیشە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار لە سەر بنەمای جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دەمێنمەوە. هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەو خاڵەش کرد کە ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و سێکۆلار یاریدەری خەڵکی ئێران بین. لێرەدا قسەکانی دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون کە مەنشووری “جۆرج تاون” تەنیا لەعابێک بوو بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و هەڵخڵەتاندنی خەڵک، کە بە خۆشحاڵییەوە دروشمی سەر شەقامەکان پەیامێکی جدی و ڕۆشنی بە بنەماڵەی پەهلەوی گەیاند:”سلطنت ولایت یک صد سال جنایت”.
هەر بە پێی ئەم ئەزموون و ڕابردووە بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ جیاوازییەکیان تەک کۆماری ئیسلامیدا نییە؛ وەکوو هیلکەی چەرموو و قاوەین کە تەنیا ڕەنگیان جیاوازە، ئەگینا ناوەڕۆکیان یەکێکە، کە هەردووکیان لە سەر بنەمای فاشیزم بوونن کە فاشیزم خۆیی لە تیرۆریزم بوونەوە سەرچاوە دەگرێ.
بژاردەی سێهەم: دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار
ئێران بە پێی ئەوەی کە وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەچەشنە، پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیکی فیدراڵە، تاکوو بتوانێ وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی هەموو گەلانی ئێران بێت. حکوومەتێک کە گەلانی ئێران خۆیان تێیا ببینەوە، بۆ دامەزراندنی ئەم نیزامە پێویستە شۆڕشێکی بەرین و بەهێز ڕوو بدا کە هەموو نەتەوەکان خوازیاری ئەم شێوازە دەسەڵاتداریە بن. هەر وەک ئەوەی کە لە شۆڕشی ژینادا بینیمان بەڵام زۆر بەرینتر لەمجارە بە ڕێژەیەیەکی میلیۆنی کە نەتوانن سەرکوتی بکەن ئەم شۆڕشە کە دەسپێکی قۆناغێکی بەرین تر لە خەباتی گەلانی ستەملێکراوی ئێران لە دژی هەر چەشنە زێهنییەتێکی چەوسێنەر و کۆنەپەرەست بوو کە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران و دنیاشی لە خۆگرتەوە، قۆناغێکی زۆر هەستیار و کاریگەرە لە هەمبەر چارەنووس و پرسی گەلان لە ئێرانی داهاتوودا بوو، شۆڕشێک کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ لە مێژوویی سیاسی کوردستان و ئێران دا بێ وێنە بوو. بڵێسەی ئەم شۆڕشە دوای پتر لە ۷مانگ ڕاپەڕینی بێ وچان هەر ڕۆژ بە جۆڕێک لە جۆرەکان دەگەشێتەوە، خاڵی جیاوازی ئەم شۆڕشە لە گەڵ خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو، لەوە دا بوو کە شۆڕشێک بوو کە لەسەر چەمکی “ئازادی” و “یەکسانی” و “پێکەوە ژیانی گەلانی ئێران” هاتە گۆڕێ و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، شەقامەکانی هەژاندەوە. شۆڕشێک کە بەوە هەوێنی ئاشتی و ئازادی و دڵخۆشییەک بۆ هەموو گەلانی ئێران بە تایبەت نەتەوەی کورد بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک کە تێیدا مافی هەموو گەلانی ئێران پارێزراو بێت، بەڵام لێرەدا ئەوەی جێگەی سرنج و دڵخۆشییە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران لە ئێستادا چاوکراوەن بیر و هزری نەتەوەییان وەک ۴۴ساڵ لەمەو پێش نییە؛ بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەیەکی بیر تەسک و توند و تیژانە لە هەمبەر پرسی نەتەوەکانی گەلانی ستەم لێکراو نییە، واتا خەڵکی ئێران نایهەوێ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی فاشیزمی قەومی وەک بنەماڵەی پەهلەوی بێنێتە سەر کار هەربۆیە خواستی خەڵک، خواستێکی دێموکراتیک و ئینسانییە و لەم بارەوە بە کردەوەو و دروشمی سەر شەقامەکان سەلماندوویانە کە خواستی ئەوان دامەزراندنی حکوومەتێکی پاشایەتی نییە؛ کە هەر وەک هەموومان شایەتی دروشمەکان بووین کە دەیانگوت: مەرگ بۆ ستەمکار چە شا بێتەو و چە ڕێبەر، ئەم پەیامانە ئاستی وشیاری خەڵکی ئێران دەگەیێنێ، بەڵام گرینگ بە ئاکام گەیاندن ئەم شۆڕشە و ئەم بژاردەیە کە خواستی گەلانی ئێرانە، جا بۆیە ئەگەر بمانهەوێ شۆڕشی ۵۷ دووپات نەبێتەوە، دەبێ هەر لە ئێستاوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین ئەویش لە قۆناغی یەکەمدا بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز و بەرین لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان بە دروشمی “بەڵێ بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ” دەتوانین خواست و ویستی خەڵک و خۆمان پێکەوە گرێ بدەین و لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان سەرکەوتوو بین. قۆناغی دووهەم پاراستنی یەکگرتوویی گەلانی ئێران کە پێم وایە تەنیا پاراستنی یەکدەنگی و یەکگرتووییە دەتوانێ زامنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیکی و سێکۆلار بێت. هەربۆیە ئەگەر گەلانی ئێران بیانهەوێ لە داهاتوودا سەروەری خاکی خۆیان بن و شۆڕشی ۵۷ دووپات نەبێتەوە، دەبێ باش بزانن کە هەر وەک دوکتور قاسملوو کە دەیگوت: تەنیا دێموکراسی و حکوومەتێکی دێموکراتە دەتوانێ وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی گەلانی ئێران بێت. جا بۆیە با هەموومان لە خۆمانەوە مایە دابنێن بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ.
ئەو بابەتە لە ژومارە ٦١ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بووتەوە