دیمانە: نەشمیل عەبدی
زیاتر لە نۆ مانگە لەسەر شۆرشی ژینا واتە شۆرشی ژن،ژیان،ئازادی تێدەپەرێ ، هەڵسەنگاندنی ئەو ماوەیە و هەروەها هەوڵەکانی ژنان و رێکخراوەکان و لایەنه سیاسیەکان هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی وەڵات بۆ گەیاندنی دەنگی ئەم شۆرشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن گۆڤاری “ژنان”ەوە دیمانەیەکمان لەگەڵ دکتۆرە کوێستان گادانی بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات دەبێ.
دوکتور کوێستان با بەو پرسیارە دەست بە گفتۆکەمان بکەین، جەنابتان خەبات و شۆڕشی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها ژن لە ئێران بە گشتی بەتایبەتی لەو نۆ مانگەی شۆڕشی ژینا واتە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا چۆن هەڵدەسنگێنن؟
پێش ئەو نۆ مانگە و لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ژنانی ئەم وڵاتە بەپێی بارودۆخ و هەلومەرج قەت بیدەنگ و دەستەوەستان نەبوون و تا ڕادەیەکی زۆر بەرچاو مۆرکی خۆیان لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە داوە. زۆریش ئاساییە کە بە هۆی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە لە ئاستی جیهانیدا، ژنان لە ئێرانیش بە شێوەی سەردەمیانە لەگەڵ ئەوەی دەستەویەخەی زۆر بەربەست و بەرگژەی یاسایی و کولتووری بوون، بەڵام لە خەبات و مافخوازییان بەردەوام بوون. ئەم خەبات و تێکۆشانی ژنان کە تێچووی قورسیشیان بۆی داوە، لە هەموو ڕهەندەکاندا بەردەوامە.
بەڕوونی لە بارەی ڕۆڵ و شوێنپەنجەی ژنان لە ڕووداوەکانی نۆ مانگی ڕابردوودا دەبێ بڵێم هەڵسەنگاندنی هەر بابەتێک پێویستە لە چوارچێوەی زەمەنی و بارودۆخی کاتی ڕوودانی بابەتەکە بێت. بەو مانایە کە ئەگەر باس لە شۆڕشی ژینا لە ٩ مانگی ڕابردوودا دەکەین، زۆر ئاساییە کە سەرەتای دەستپێکی ئەم شۆڕشە لەگەڵ ٩ مانگ دواتری هەوراز و نشێوی بە خۆیەوە بینیوە و دەتوانی هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ بکرێت. بەڵام زۆر بەکورتی دەتوانین بڵێین کە ئەم شۆڕشە هەر بەم دەسکەوتانەی تا ئێستا بوویەتی، مۆرکی ژنانەی بەخۆیەوە دیتووە و مێژوویەکی پڕ بەها و بایەخ ودەسکەوتی بۆ خەباتی ژنان نەک تەنیا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە تەواوی جیهاندا بۆ خۆی تۆمار کردووە. ئەمە پێشەنگایەتی، ئەرکوەخۆگری و کۆڵنەدانی ژنان بوو کە دەنگی ئەم شوڕشەی گەیاندە کۆمەڵگەی جیهانی و بووە خاڵوەرچەرخانێک کە ئێران قەت نەگەڕێتەوە دۆخی پێش ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١. تەنانەت لە ئێستاشدا ئەوە ژنان و دایکانی شەهیدن کە بە هەوڵە سیمبولیکەکانیان پێمان دەڵێن شۆڕشی ژینا زیندووە و هەنگاوەکانی بەرەوپێش دەنێت.
ئەگەر بێینە سەر ڕۆڵ و کاریگەریی خەباتی ژنان بەگشتی لە دەرەوەی وڵات، مەبەستم دوای شۆڕشی ژینایە، دەور و ڕۆڵی ژنان لە دەرەوەی وڵات لەم ماوەیەدا چۆن دەبینن؟
ژنان لە دەرەوەی وڵات دەتوانین بە سەر چەند گرووپیان دابەش بکەین:
– ئەو ژنانەی وەک ئەندامی حیزب و ڕێکخراوەکان هەن و چالاکن
– ئەوانەی بە هەر هۆکارێک لە دەروەی وڵات دەژین و ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن و چالاکییەکی تایبەتیان لە حیزب و ڕێکخراوەکاندا نییە.
– هەروەها نەوەیەکی نوێ بە پاشخانێک لەو دوو گرووپە، لە هەمان حاڵدا بە ڕوانین و مێتودی کاریی جیاوازەوە.
ئەم سێ تەیفە هەر هەمووی خۆی بە پشتیوان و یارمەتیدەری ژنانی نێوخۆی کوردستان دادەنێت و هەر لایەنەی بە شێوەی خۆی چالاکیی کردووە و بەدەنگ شۆڕشی ژیناوە چووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی بارودۆخ و هەلومەرجەکان لە دەرەوەی وڵات بەگشتی خەباتی ژنان لەو جوغرافیا کاریگەرەدا وڵامدەری چاوەڕوانییەکانی نێوخۆی وڵات نەبووە. ئەوە کە چاوەروانییەکان زۆر بوون یان دەرکەوتن و شێوەی خەباتی ژنان و جۆری پشتیوانییەکان لەو ئاستەدا نەبووبێت ڕەنگبێ لە گۆشەنیگای جیاوازەوە جێگای باس و مشتومڕ بێت. بەڵام مەسەلە ئەوەیە ئێمە چەندە واقعبینانە دەروانینە بابەتەکە و چۆنی لێکدانەوە بۆ دەکەین و چەندە بە شیوەی ئۆبژێکتیڤ تاوتوێی پرسەکە دەکەین. سەرەڕای هەموو ڕەخنە و بۆچوونە جیاوازەکان بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و خەباتی ژنان لە دەرەوەی وڵات و پشتیوانییان لە شۆڕشی ژینا بابەتێک نییە حاشای لێ بکرێت و وەلا بنرێت.
باسمان لە پێشەنگایەتی و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە شۆڕشی ژینادا کرد. ئێوە پێتان وایە ئەو بەشداری و پێشەنگایەتییە چ دەستکەوت و کاریگەرییەکی هەبووە؟
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد ئەمە یەکەم جار نییە ژنان شانبەشانی پیاوان بەشداری لە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتیدا دەکەن و مۆرکی خۆیان لە ئاڵوگۆرە سیاسی و جڤاکییەکان دەدەن. بەڵام تا ئێستا بەم جۆرەی لە شۆڕشی ژینادا بینیمان وەک پێویست بوو نەخش و ڕۆلیان دەرنەکەوتبوو. دەزانین کە ئاڵوگۆڕەکان کتوپڕ ڕوو نادەن و پەروەردە و کاریگەریی درێژخایەنی فەرهەنگی، سیاسی و کولتووری و هتدی… دەوێ. ئەم ئاڵوگۆرە فەرهەنگی، کولتووری و سیاسییە کە ئێمە لە نێوخۆ بەگشتی و لەنێو ژناندا بەتایبەتی دەیبینین زۆر بەرچاوە و ئەوەش سەرنجمان دەباتە سەر ڕاستییەک کە ئێمە ناتوانین باسی خۆ پێگەیاندن و چوونەسەری ئاستی شعووری نەتەوەیی ئەوان بکەین بەڵام ڕۆڵی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردی نەبینین. یان ئێمە ناتوانین وەزاڵەهاتن و بێزاریی ژنان لە دەزگای یاسایی و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ببینین، بەڵام سیلەی چاومان لەسەر قانوونەکانی دژەژنی ئەو ڕێژیمە نەبێت. ئێمە ناتوانین ڕوانین و شێوەی بیرکردنەوەی نەوەی نوێی ئێران ببینین و بەئاسانی لە تەنیشت کاریگەریی تێکنۆلۆژیی سەردەم و سۆسیالمیدیا تێبپەڕین. ئێمە ناتوانین هەژاری و بێئەنوایی خەڵکی ئێران ببینین، بەڵام بەتاڵانچوون و قوتدانی سامانی گشتیی وڵات و گەواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵاتمان لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بەر چاو نەبێت. هەروەها ئێمە ناتوانین ئاستی چوونەسەر و تێگەیشتنی ژنان لەسەر مافەکانیان هەست پێ بکەین، بەڵام باس لە ڕۆڵی ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ ئەو مەبەستە نەکەین. هەموو ئەوانە و زۆر نموونەی دیکە وای کرد کە باوەڕبەخۆ بوونی ژنان ئەم سنوور و کلێشەیانە ببەزێنێت کە بۆ ژنان داندرابوو، و هەروەها زۆر تابۆ کە ژنان شکاندیان. زانست سەلماندوویەتی کە ژنان لە بواری کاری بەڕێوەبەری و پرسی بڕیاردانەوە دەتوانن لە هاوکات چەندین بوار و ڕەهەندی جیاوازەوە هاریکاریی یەکتر بکەن. کاراکتەری ژنبوون لە زۆر بارەوە لەسەر شێوەی خەبات و هەماهەنگیی زیاتر شوێنی داناوە، بۆیە دەبینین بەگشتی ئەم بەشدارییە و ئەم پێشەنگایەتییە زیاتر بێت و دەسکەوتەکانیشی هەم بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان و هەم جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان پتر بێت.
لەم ڕاپەڕینەدا ژنان بە تێگەیشتنی زیاترەوە، نەک وەک پاشکووی پیاوان و لە ڕووی خۆشەویستی بۆ مێرد و برا و هاوڕێ وەکوو پێشوو تێکەڵ بە شۆڕشەکە نەبوون، بەڵکوو ئەم جارە وەک “سۆبژە”یەک عاملییەتی خۆیان پێشان دا و لە ڕیزی ڕێبەرایەتیی ڕاپەڕینەکەدا جێیان گرت. ئەمە هەنگاوێکی گەورە و قەڵەمەبازێک بۆ پێشەوە بوو. ئەوەی ئێمە لەو ماوەیەدا لە ژنانمان بینی، لەنێو دڵی شۆڕشەکە و ئاراستەبەخشینی، لە پەراوێزی شۆڕشەکە بۆ شوێندانەریی زیاتر، لە هاندان بۆ خۆڕاگری و لە ئێستاشدا کە بە شێوەی جۆراوجۆر ژنان بەشیان بە ڕەمزەکانی بەردەوامی و بەرخودانی کۆمەڵگەوە هەیە، دەسکەوتێکی یەکجار مەزنە کە هەر خۆی هەوێنی سەرکەوتن و دەسکەوتی پتریش بۆ بزووتنەوەی مافخوازیی ژنانە.
بەڕای جەنابتان کۆمەڵگەی نێودەڵەتی وەک خۆی و لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا پشتیوانییان لە شۆڕشی ژینا کردوووە؟
پێش لە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون بەو پرسیارە، دەبێ لە خۆمان بپرسین کە ئێمە چ چاوەڕوانییەکمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە. داواکانمان چ بوون و چۆن و لە چ کات و بە چ شێوەیەک خستوومانەتە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەت؟ لەلایەکی دیکەوە دەزانین کە لە هەر دامودەزگایەکی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی بڕیارات و کۆنڤانسیۆن و گرێبەستی دوولایەنە و چەندلایەنە هەیە. بۆیە دیسان دەگەڕێینەوە بۆ سەر ئەو خاڵەی داخوازییەکانی ئێمە چەندە واقعبینانە و لاقیان لەسەر عەرزی بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر شۆڕشی ژینا بە هەستیارییەوە جووڵایەوە. سیاسەت و توندوتیژییەکانی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کردووە، پشتیوانیی لە شۆڕش و ناڕەزایەتی و مافەکانی خەڵکی ئێران کردووە و هاتنە سەرشەقام و داواکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتەیان بە ڕەوا زانیوە. بەڵام لە هەمان کاتدا لە چوارچیوەی بەرتەسکی گرێبەست و پەیمانەکانی نێوان خۆیان، تەنیا لە گۆشەنیگای مافی مرۆڤەوە جووڵاونەتەوە و لە مەیدانی کردەوەدا بڕیارەکانیان لە ئاستی چاوەڕوانی شۆڕشی خەڵکی ئێراندا نەبووە. ئەگەر ئاکامگیرییەک لەو باسە بکەم دەتوانم بڵێم ناتوانین پشتیوانییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی نەبینین و هاوکات ناشتوانین بڵێنی کە پشتیوانییەکانیان لەو ئاستەدا دەسکەوتێکی ئەوتۆ و زۆر دیار و بەرچاوی بۆ خەڵکی ئێران و ڕاپەڕینەکەیان بووە.
ئەوەندەی بۆ قورسایی ڕۆڵی ژنان لە کوردستان و ئێران لەو بزووتنەوەیەدا دەگەڕێتەوە، ئاخۆ ئەوان توانیویانە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و سەرکوت و کۆشتارەی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکارییانەی مافەکانی مرۆڤ هەبێت؟
زۆربەی زۆری کاریگەرییەکان و ئاڵوگۆڕەکان سەرەتا لە بازنەکانی یەکەمەوە دەست پێ دەکەن. بۆ نموونە ئەم ئاڵوگۆرانە لەنێو بنەماڵەوە بۆ دراوسێ، لە گەڕەکێکەوە بۆ شارێک و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر و ئەو بازنەیە بەردەوام بڵاو و بڵاوتر دەبێتەوە. بەو پێیە خەباتی ژنان بۆتە هۆکاری هیندێک ئاڵوگۆر لە ئاستی ئێراندا و دەنگدانەوەی زۆریشی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بووە. بەڵێ ڕاستە دەنگ و ئیرادەی ژنانی کوردستان و ئێران دنیای ڕاچڵەکاند و ئیستاش ئەو دەنگ و ڕەنگ و کاریگەرییە لە زۆر بواردا دەبینین؛ بەڵام ئەمە ڕاستەوخۆ نەبووەتە هۆی ئاڵوگۆڕێک تا وڵاتانی دەرەوە و دامودەزگایەکی نێودەوڵەتی بڕیارەکانی بۆ بگۆڕێ.
بۆ نموونە ئەگەر باس لە حیجابی زۆرەملێ دەکەین، باس لە دەستبەسەرکردنەکانی ژێر ١٨ ساڵ دەکەین، ڕەوشی زیندانییەکانمان مەبەستە و باسی سڵامەتی و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە بریندرانی خۆپێشاندانەکان دەکەین و، ئەگەر سەرنجمان لەسەر ئێعدامی بەندکراوان لە ئێرانە؛ دەبێ بڵێم مخابن هەتا ئێستا لە هیچ بارێکەوە دامودەزگای نێونەتەوەیی نەیتوانیوە ببێتە هۆکاری ئاڵوگۆڕ و کەمکردنەوە، یان یەکلاکردنەوەی ئەم خاڵانەی ئاماژەیان پێ کرا. مخابن هەتا ئێستا کۆمەڵگەی جیهانی ئەم پرس و بابەتانەی بەستۆتەوە بەوەی ئەمانە هیندێک بابەتی نێوخۆیی وڵاتێکن، کە ئێمە دەتوانین زارەکی فەقەت مەحکوومیان بکەین، لە حالێکدا بەپێی هیندێک پەیماننامە و کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی کە ئێرانیش ئیمزای کردوون؛ ئەگەر وڵاتێک پێشێلی ئەم ڕێوشوێنانە بکات دەبێ لێپرسینەوەی لێ بکرێت. ئێمە بینیمان کە ئێرانیان لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان لادا، ڕاستە ئەمە دڵخۆشکەر بوو، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر شێوەی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان لە نێوخۆی وڵات دانەنا. یان هەموومان دەزانین کە سپای پاسداران بەتەواوی بەرپرسە لە سەرکوت و توندوتیژییەکان لە نێوخۆی وڵات و قەیرانخوڵقێنییەکان لە دەروەی ئێرانیش، بەڵام هەتا ئێستاش هەموو دژکردەوەی کۆمەڵگەی جیهانی سزادان و تەحریمکردنی چەند کەس لە سپای پاسداران بووە کە ئەمە شوێندانەرییەکی لەسەر بنەڕەتی بابەتەکە دانەناوە. بۆیە هەڵوێستی کۆمەڵگەی جیهانی لەو ئاستەدا نەیتوانیوە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ و ئەمە سووچ و تاوانی ژنان لە ئێران و کوردستان نییە کە قوربانیدان و قورساییەکەیان کاریگەریی نەبووە؛ بەڵکوو ئەمە پێوەندیی بە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە و ساتوسەودای ژێربەژێریان لەگەڵ ڕێژیمەوە هەیە کە ئەوان نەیانویستووە ئەو بەرژەوەندییانە بۆ خەلکی ئێران بخەنە مەترسییەوە.
ئەگەر بە ڕوونی باس لە پێگەی ژنانی کورد لەنێو دیاسپۆرای کورد و ئێرانی بکەین، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ کارکردی ژنان و ڕێکخراوە کوردییەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات چییە؟
لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووشدا باسم لەوە کرد کە ژنانی کورد لە دەرەوەی وڵات چ وەک تاکی سەربەخۆ، یان سەر بە ڕێکخراو و حیزبەکان چالاکن. هاوکات نەوەیەکی نوێش کە نە سەر بە حیزب و ڕێکخراوەکانن و نە تا ئیستاش بوونەتە خاوەنی ئەو ستاتویەی کاریگەریی پڕدیاریان لە هاوکێشەکاندا هەبێت و بەپێی ئەو قورساییە بناسرێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پشتیوانییان لە خەڵکی ستەملێکراوی نێوخۆ و گەیاندنی دەنگی ئەوان بە شەقام و بیروڕای گشتیی وڵاتان، بە تێکەڵاوییەک لە هەستی نەتەوەیی و بگرە بڕوابەخۆبوون و ویست و داخوازی فێمێنیستیشەوە لەسەر شەقامەکان بوون و وێڕای ئەندامانی ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکان چالاک بوون. ئەم گرووپە لە کچان و ژنان لە ڕوانگە منە لە ئەرکی گەیاندنی دەنگی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات بە چەند هۆکار لەچاو گرووپ و لایەنەکانی دیکە سەرکەوتووتر بوون: یەکەم؛ بە زمانی بێگانە و کولتووری وڵاتی نیشتەجێیان ئاشناتر بوون و لە گەیاندنی پەیامەکاندا بەباشی دەرکەوتن. دووهەم؛ لە باری کاری تەشکیلاتی و ڕێکخراوییەوە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا قەتیس نەکرابوون کە لەگەڵ کێ و کەی و بۆچی و لە کوێ کار دەکەن و هەول دەدەن. سێهەم؛ پتر دەرکی دۆخی هاوتەمەن و نەسلی خۆیان لە نێوخۆی وڵاتدا دەکەن و لە زمان و ویست و خولیاکانیان تێ دەگەن. چوارەم؛ لە دنیای دەرەوە واتە لە دامودەزگای دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا باشتر وەردەگیران لە، ڕووەوە کە وڵاتان و ڕێکخراوەکان نەدەکەوتنە بەر لۆمەی دەوڵەتی ئێران کە مەسەلەن بۆچی لەگەڵ نوێنەری فلان حیزب و ڕێکخراوە یان کەسایەتیی سیاسی دانیشتنتان بووە و … . هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە حیزبەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان یان کەسایەتییە سەربەخۆکانی دی وەپاش کەوتبێتن. بەڵکوو سەرنجی ئێمە دەبێ لەسەر ئەوە بێت کە کەی و لەکوێ و بە چ کانالێکدا دەنگی خەباتی ژنان لە ئێران بگەیەنینە شوێنی خۆی کە کاریگەری دابنێت. بۆیە لەم بارەوە ئەم نەسڵە نوێیە لە قەدەر کەمئەزموونیی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و تەنانەت بەشیکیان ڕەنگە لە ئێران و کوردستانیش نەژیابن، توانییان کاریگەریی باشیان هەبێت. هاوکات کەسایەتییە سەربەخۆیەکانیش لە زۆر لایەنی وەک کاری مەیدانی و ڕایەڵە و ماددیشەوە دەستیان دەگیرا و ئەوانیش بە ڕێگای خۆیاندا کە بە مەبەست کانالیزە کرابوو، توانییان تا ڕادەیەک سەرنجی دامودەزگای نێودەولەتی ڕابکێشن. بەڵام ئەوەش خۆی جێگای پرسیارە کە لە دەرەوەی مانۆڕ و ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەوە و دەرکەوتن لە کۆنفڕانسەکان توانییان و کرا دڕوویەک لە قالبی خەلکی ئێران و ژنان لە نێوخۆی وڵات دەربێنن؟ کە دیارە ئەمە باسێکی دیکەیە و کورد گوتەنی ئەم هەویرە ئاوێ زۆر دەبات.
لە پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژناندا. ڕێکخراوەکان زۆرن، بەڵام هەموومان دەزانین کە ڕێکخراوەی سەربەخۆی ژنان یان زۆر کەمن، یان ئەگەر هەن ئەم بڕشت و توانا و زەرفییەتی شوێندانانیان لانیکەم لە قۆناغی هەستیاری شۆڕشی ژینادا نەبووە. ڕاستە ئەوانیش ئەوەندەی لە دەستیان هاتووە کردوویانە، لە بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا، لە پەیوەندی گرتن و دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ دامودەزگای دەوڵەتی و نێودەوڵەتی، لە بەشداری لە کۆنفرانس و تەنانەت پیکهێنانی کۆنفرانسەکانیشدا؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک باسمان کرد دەوڵەتان لەسۆنگەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیانەوە لەئاست گەورەیی ڕاپەڕینەکە لە نێوخۆ و هەوڵی ڕێکخراوەکان لە دەرەوە نەجووڵانەوە. ئەگەر کۆبەندی ئەو باسە بکەم، دەتوانم بڵێم لەگەڵ ئەوەدا کە ڕێکخراوەکانی ژنان بەپێی زەرفییەتەکانیان دەیانتوانی چالاکتریش بن، بەڵام دیسانەکەش هاوکێشە سیاسییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شتی دیکە دەخوازن کە لە ئیرادەی ئەو ڕێکخراوانە بەدەرن.
ئەی ئەگەر ئاوڕ لە ڕۆڵی حیزبە سیاسییە کوردییەکان بدەینەوە. ئاخۆ ئەوان توانیویانە دەنگی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بن و توانیویانە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست بێنن؟
ئێمە دەزانین چەند حەوتوو پێش لە کوژرانی ژینا و دەسپێکی شۆڕشە بووین کە دوو لایەنی حیزبی دێموکرات بە یەکگرتنەوەی خۆیان و وەسەریەکخستنەوەی ڕیزەکانیان هەم ئاواتێکی گەورەی خەڵکی کوردستانیان بەدی هێنا، هەم ئاسۆی گوڕوتین بەخشین بە خەباتی سیاسیی کورد لە ئێرانیان ڕوونتر کرد. ئەو یەکگرتنەوەیە و گوتاری حیزبی دێموکرات بەتایبەتی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و لە خۆپێشاندانەکانی سەرشەقام و ڕاپەڕینەکەدا بەتەواوی ڕەنگی دابۆوە. سیاسەت و ڕەفتاری حیزبەکانیش کە من زیاتر باسی حیزبی دێموکرات دەکەم، لە هەمبەر شۆڕشی ژینا و دۆخی خەڵک و ڕاپەڕینەکە لە نێوخۆ بەرپرسیارانە بووە.
لە ڕەوتی شۆڕشەکەدا کە دواتر یەکگرتنەوەی دوو باڵی کۆمەڵەشی بەدوودا هات، حیزبەکان لە بەرامبەر هەست و بە دەنگەوەهاتنی خەڵک ئەرک و بەرپرسایەتیی زیاتریان لەسەر شانی خۆیان هەست پێ کرد و ئەوانیش بە یەکگرتوویی نێوانیان توانییان لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییشدا ببنە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕ. بەو مانایە شۆڕشی ژینا بووە هۆی ئەوەی لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی ئاراستە و گوتاری سیاسیی خۆیان بەئاشکرا بۆ خەڵک بخەنە ڕوو. ئەمن لام وایە حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت ناوەندی هاوکاری لەو دۆخەدا باش جووڵانەوە و سیاسەتی ناوەندی هاوکاری هەم پڕستیژی بە خەباتی سیاسیی کورد لە ئێران بەخشی و هەم توانی سەرنج و پشتیوانییەکان پتر بۆ دۆزی کورد لە ئێران ڕابکێشێت. لە ماوەی ئەو ٩ مانگەدا هەوڵی دیپلۆماتیکی باش لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە دراوە. کۆبوونەوە و هاودیتنی زۆر بۆ لێکتێگەیشتن و ساغبوونەوە لەسەر خاڵە هاوبەشە جەوهەرییەکان لە نێوان حیزبە کوردییەکان [پتر مەبەستم حیزبی دێموکراتە] و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆندا کراون. چالاکیی هاوبەش لە فۆرمی خۆپێشاندان، کۆنفڕانس و بەشداری دێبەیت و وتووێژەکان، دیداری تایبەت و پەیوەندیی تایبەت بۆ گۆرینەوەی بیروڕا لەگەڵ دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان بووە کە بەشێکیان بەمێدیایی کراون و بەشێکی نا. بەڵام بێگومان کارکردی حیزبە سیاسییە کوردییەکان لە گەیاندنی دەنگی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و ئێران بە دەوڵەتان و دامەزراوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە باش و ئەرێنی بووە. پێشتر باسی پێوەندیی وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ ئێرانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان کرد، بەڵام ئەو بەرژەوەندییانە بەردەوام دەکرێ ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت و ئەوانیش بە نیسبەتی داهاتووی ئێران هەستیارن و بەوپێیە لەسەر خەتن. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا حیزبە کوردییەکان بەجێ نەماون و کاری خۆیان کردووە، بەڵام ئەوەی کە ئاکامی زۆر بەرهەستی لێ نەکەوتۆتەوە، هۆکارەکەی بۆ نەبوونی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا حیزبەکان دەبێ میکانیزمێک ببینینەوە کە ببنە فاکتەری سەرەکی و وڵاتان بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا ببینەوە کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کورد دەکەن؛ نەک ڕێژیمی ئێران کە ئەمەش دیسان کەمایەسییەکی دەگەڕێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن. ئەگینا هەم جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە نێوخۆی وڵات و هەم پێگەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا تەعبیر لە پێشەنگایەتیی کورد لە ئێران و بەها و بایەخە شۆڕشگێڕانە و دێموکراتیکەکانی جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ئێراندا دەکەن.
دوکتور کوێستان دەمەوێ بزانم ئێوە ئاسۆی ئەو شۆڕشە چۆن دەبینن و قۆناغەکانی دوایەی ئەم بزووتنەوەیە چۆن لێکدەدەنەوە؟
گەشبینی لە هەموو کاتدا کە فاکتەری سەلـمیندراو و ئارگۆمێنتی لە پشت بێت باشە و جێگا پەسەندە. بەپێچەوانەی ئەوانەی دەیانگوت ڕێژیم هەتا سەری ساڵی نوێ دەڕووخێ، من قەت سەقفی زەمانییم تا سەری ساڵ بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دوای دەستپێکی شؤرشی ژینا دانەنا، بەڵام ئیستاش لەم بڕوایەدام کە ئێران تازە قەت ناگەڕێتەوە دۆخی پێش کوژرانی ژینا و ٢٦ی خەرمانان کە ژینا لە سەقز بەخاک سپێردرا و چەخماغەی ئەو شۆڕشە لێ درا. ئەم شۆڕشە لە هەناوی خۆیدا زیندووە و سەرەڕای بێدەنگییەکی ڕێژەیی کە ئێستا بە شەقامەکانەوە دیارە، بەڵام خەڵکی ئێران بە ئەزموون وەرگرتن لە پاییزی ساڵی ڕابردوو خۆیان بۆ شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان ڕێک دەخەن. ئەم پڕۆسەیە دەبێ قۆناغەکانی خۆی بە وشیارییەوە ببڕێت و لەبیرمان نەچێت هەموو خەڵکی وڵاتان وەک یەک ناچن و کولتوور و کار و ئاستی تیگەیشنیان و پێکهاتەی کۆمەڵگەکان لێک جیاوازن. هەر بەو پێیەش هەموو ڕێژیمە سیاسییەکان وەک یەک و بە یەک شیوە ناڕووخێن. ئێمە سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی دەناسین و دەزانین کە ٤٤ ساڵە ئەم ڕێژیمە وەک هەموو نیزامێکی سیاسیی دیکتاتۆر هەموو زەرفییەتە مرۆیی و ئابووری و ژیئۆپۆلۆتیکییەکانی وڵاتی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە نێوخۆی وڵات و تەنانەت لە دەرەوەش بەکار هێناوە. بۆ خەڵکێکی وەک خەڵکی ئێران کە بەردەوام و ساڵ بە ساڵ خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان لەدژی ڕێژیم پەرە پێ داوە و خوازیاری ئێرانێکی سێکۆلار، دێموکرات بە دەستەبەری مافی وەکیەکی بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەن؛ هەر سەرکەوتن چاوەڕوان دەکرێت. ئەمن بە داهاتوو گەشبینم و دەبینم کە شۆڕشی ژینا گۆڕانکاری بە خۆیەوە بینیوە و بەردەوام دەژێیتەوە، و چ لە ئاستی نێوخو، چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا زیندانیان و قوربانیان و بنەماڵە دلسۆزەکانیان لەبیر نەکروان و ناکرێن و ڕقێکی پیرۆز هەموو وڵاتی بەدژی ڕێژیم یەک خستووە. ئێستا ئیدی تەنیا کورد نییە کە لە سەنگەری خەبات دژی ڕێژیم دابێت، بەڵکوو هەموو نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران لە گۆڕەپانەکەدان. ئەوەش کە دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئاراستەی شۆڕشی ژینا بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی دابنێت شتێک زیاتر لە یەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەگشتی و کورد بەتایبەتی و هەروەها پەیوەندیی پتەوتری نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و کاری هاوبەش نییە. واقعێک کە بە خۆشییەوە شۆڕشی ژینا یارمەتیدەر بوو، بەڵام ئیستاش کارێکی زۆرمان لە پێشە و هەرئیستاش وەدرەنگ کەوتووین. هەمووان دەبێ بەوە گەیشتبێتین کە تەنیا بە یەکگرتوویی و کاری هاوبەش دەتوانین ئەو خەباتە هاوبەشەمان بۆ ئامانجە هاوبەشەکانمان سەر بخەین و لەم بارەوە ژنان بەگشتی و ژنی کورد بە تایبەتی درێخییان نەکردووە.
بۆ من وەک ژنێکی کورد جێگای دەستخۆشی و پێزانینە کە ژنانی کورد مێژوویەکی نوێیان بۆ کورد و کوردستان تۆمار کرد و هیوادارم هەردەم لە پێشەنگی و پێشەوەچوون دابن و ماندوو نەبن لە درێژەدانی خەبات. بەدڵنیاییەوە ژنان دەتوانن شانبەشانی پیاوان کۆمەڵگەیەکی دێموکرات و بە مافی وەک یەک و یەکسانەوە بۆ نەتەوەکەیان دەستەبەر بکەن. ئەو ڕۆژەش دوور نییە.