مێژووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنان لە هەر وڵاتێک گرێدراوی هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووەی ئەو کۆمەڵگەیە کە تێیدا دەژی. لە ئێران دا کە پتر لە ١٠٠ ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکان دا، بووە و وڵاتێکی فرە نەتەوەیە، مێژووی بزووتنەوی ژنان هەڵکشان و داکشانی زۆری هەبووە کە بەشی هەرە زۆری زۆر ڕوون و شەفاف نییە.
نەتەوەی کوردیش کە خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە لە داواکاری ماف و ویستەکانی و خەباتێکی نەپساوەی هەیە، لەگەڵ دەسەڵاتە سەرەڕۆییەکان ململانێی کردەوە بۆ ماف و ئازادییەکانی. بۆیە گیرۆدەی خەباتێکی زۆر سەخت و دژوار و بە ئاکام نەگەیشتوو بۆتەوە، کە بەداخەوە ئێستاش درێژەی هەیە.
ژنان و کچان تەنیا ماوەیەکی کورتی لەو مێژوویە، لەسەردەمی دەسەڵاتی پەهلەووی دووهەم (محەممەد ڕەزا شا) دا، توانی مێژووی نوێ خۆی بەشێوەی ڕێکخراو تۆمار بکا و بۆ گەشە کردن لە کەش و هەوایەکی ئازاد دا، هەوڵ بدا. ئەو مێژوویە کەمتر لە دوو مانگ دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان لە پێتەختەکەی مەهاباد، لە ٢٤ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٥ی مارسی ١٩٤٦ی زایینی خوڵقا.
دروست بوونی حیزبی دێمۆکڕاتی ژنانی کوردستان، هاوتەریب لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کە لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٦ ی ئاگوستی ١٩٤٥ بە پاشخانێکی ٣ ساڵەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێکاف) دامەزرابوو، پتر لە ١١ مانگ سەردەمێکی زێڕینی لە خەبات و تێکۆشان بۆ یەکسانی و ئازادی ڕەخسا. ژنان و کچان کە لەگەڵ کەند و کۆسپ و بەربەرستی زۆری، نەتەوایەتی، کۆمەڵاتەتیی، ڕەگەزی و ئایینی و… بەرەوڕوو بوون؛ لە بنەماڵەی بەرپرسانی هەرەسەرووی کۆمار بەتایبەتی سەرکۆمار پێشەوا قازی محەممەد و پشتیوانی کران و دواتر پەرەی گرت.
دامەزراندنی قوتابخانە بۆ کچان ڕۆژانە و فێربوونی خوێندنی زمانی دایکی ئێواران و شەوانە و کۆبوونەوە لە چوارچێوەی حیزبی خۆیان دا، و پەرەپێدانی ئەو چالاکییانە بۆ شارەکانی بۆکان و شنۆ، بەشێکی گرینگن کە بە قەولی خانمی شەهەرزادی مجاب، لە پێشەکی کتێبی”ژنان و ناسیونالیزمی لە کۆماریی کوردستان” و تەرجەمە ئەحمەدی ئەسکەندەری، هەم سیمای کۆماریان مودڕێڕن کرد و هەم مەیدانی ناسیونالیزمی کوردیان بەرفراوانتر و خاوەندارتر کرد.
دوای ڕووخاندنی کۆماری کوردستان، حیزبی دێمۆکڕاتی ژنانی کوردستان یش، چالاکییەکانی بە ناوە چووە ئارشێڤی مێژووە. بەڵام تێکۆشانی ژنان و کچان لە فۆرمی جیاواز دا، بە شێوەی سیاسی و مەدەنیی بەپێی وەزعییەت و ڕووداوەکان درێژەی هەبوو، بەڵام هەتا ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی، بەرەو بەرزایی دەچوو، ژنان و کچانی تێکۆشەر، و ئەمجار لە چوارچێوەی رێکخراوی ژنان دا، بە دەرکردنی گۆڤاری “هاواری ژنی کورد”، چالاکییەکانی خۆیان درێژە دا.
پتر لە دوو حەتوو دوای ٢٢ ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٧٩ ی زایینی، لە ڕۆژی ١١ ی ڕەشەممە دا، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کوردستان (ئێران)، تێکۆشانی ئاشکرای خۆی بە بەشداریی پتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە ستادیۆمی وەرزیشی شاری مەهابادی پێتەختی کۆمار، راگەیاند، کە کچان و ژنان هەم لە بەشداری بەرچاویان و هەم لە تداروکاتی میوانەکان، نەقشێکی زۆر گرینگیان گیڕا.
دوای ئەو کات لە بارودۆخێکی نوێ و زۆر جیاواز لە پێشوو دا، ژنان و کچان ئەمجار لەگەڵ ڕێژیمێکی نوێ بە ئیدئۆلوژی ئیسلامی سیاسی شیعەی ویلایەتیی فەقیهی ڕووبەڕوو بوون، کە بەرەبەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووەکان و یاسا پەسند کراوە ئەرێنییەکانی کە لە رێژیمی شا دا، هاتبوونە ئاراوە، لە دەست دەچوون.
لەو هەلومەرجە نوێیە دا، کە جگە لە حیزبی دێمۆکڕات، ڕێکخراویکی دیکەی کوردی و ناکوردی چەپ و بەرانبەریی خوازی ژنان و پیاوان، کچان و کۆڕانیان لە بەرنامە و هەڵسوکەوتەکانیان دا هەبوو، تێدەکۆشان. لە جیهانیش دا، بە تایبەتی پتر لە ١٠ ساڵ دوای تەواوبوونی شەڕی دوویەمی جیهانی و لە ١٩٦٠ وە، هاتنە ئارای چەند جۆر فێمینیزم کە خوێندەوەی یەکسانی خوازیی بۆ ژنان و پیاوان لە بەرنامە و چالاکییەکانی یان داهەبوو، ئەو دیاردەیەش کەم و زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرنامەی حێزب و ڕێکخراوە تێکۆشەرەکانی دا ڕەنگی دایەوە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە یەکەم بەهاری ئازادی دا، کەوتە بەر هێرش و پەلاماریی نیزامی و تەبلیغاتی دەسەڵاتی نوێ، رێکخراوە سیاسیی و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئاینیی و مەدەنیییەکان، لە یەکەمین ڕێفڕاندۆمی دروست کردنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی دا، یانی دەنگ دان بە کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشداریان نەکرد. جیاوازیی بیروڕا و هەڵسوکەوت لە کوردستان، لەگەڵ دەسەڵاتبەدەستانی قوم و تاران، و خوڵقانی وەزعییەتی بەرگری و بەرخۆدان دژی زێدەخوازی و هەنگاونانی ڕێژیم بۆ داگیرکردنی کوردستان، لە ماوەی پتر لە ٦ مانگ دوو شەڕی داسەپێندراوی بەداوە بوو، کە هێرشی سەرانسەری بۆ کوردستان بە فتوایەکی ڕووحووڵڵا خومەینی، یەکەم وەلی فەقیه، بۆ ماوەی ٣ مانگ، کوردستان کەوتە قوناغی بەرگریی ڕەوای سەخت و پێشمەرگە بوو بە باسکی بەهێزی گەل.
ژنان و کچان لەو باروودۆخە دا، پتر تەنیا وەک بەرگریکاریی مافی نەتەوەیی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکانی دێمۆکڕات و چەپ، چ وەک پێشمەرگە و چ وەک خەباتکاری بوارەکانی دیکە هەڵسوکەوتیان دەکرد. مەسەلەی یەکسانی لەوکات دا، لە پەڕاوێز دابوو.
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە دوای کونگرەی چوارەم بە هۆی بارودۆخی سیاسیی و خەباتی بەرگرییکارانە لە شارەکان بەناچار بەرەو گوندەکان و دواتر شاخ و پاشان پەڕێوەی باشووری کوردستان و تاراوگە بوو؛ ئەو حیزبە پشتیوانی بەردەوامی رێکخراوی ژنان بووە، لە شاخ ژنان و کچانی هان دەدا کە ڕێکخراوەی خۆیان بە بەرنامەیەکی تایبەت بۆ خەباتی مەدەنیی ژنان و هاوتەریب بە پێی توانا لە حیزبی دێمۆکڕاتیش دا، هەبێ.
لەم خولەی خەبات دا، کە پتر لە ٤٠ ساڵە درێژەی هەیە و یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕات وەک ڕێکخراوێکی تا رادەیەک سەربەخۆ، لەگەڵ دوو دیاردەکەی خەباتی نەوتەوەیی و خەباتی یەکسانخوازی، چ لەنێو رێزەکانی حیزب و دا و چ لەنێو ڕێکخراوی تایبەتی خۆی دا، هەڵسوکەوتی زۆر باش و فیداکارانەی ئەنجام داوە. هەردوو جۆری بۆ ئازادی بیروڕا و کردەوە بۆ ژنان چ لە خۆ پێگەیاندن و چ پەرەپێدانی ڕێکخراویی خۆیان و تەنانەت بە ئەندام بوونی پیاوان و کۆڕان لە یەکیەتیی ژنانی نۆێ دا، پتر لە پێشوو بە کردەوە لەگەڵ جۆرێک فێمێنسیم- ناسیونالیزمی کوردی تێکەڵاو بووە کە، وێڕای خەبات بۆ ئازادیی نەتەوەیی و وەدیهاتنی مافە پێشێلکراوەکانی کورد، خەبات بۆ یەکسانی و بەرانبەریی هاوتەریب ئەنجام داوە.
لەو بەشەی خەبات دا، ژنان و کچانی ڕیبەر، کادر و پێشمەرگەی زۆر باش و بەوەجیی لە هەردوو خەباتی نەتەویی و یەکسان خوازیی تێدا پەروەردە بووە کە، چ لە کوردستان لە هەردوو دیوی گەرمێن و کوێستان و لە تاراوگەش دا، گەشە و پێشکەوتنی زۆر بەرچاو هەیە. هەرچەند زۆرکەم بوار و ئیمکانات هەم بەهۆی باردۆخی سیاسیی و نەتەوەیی و هەم کۆمەڵایەتیی و کۆسپەکان، فێمێنیزم هاوتەریب لەگەڵ ناسیونالیزمیی بەرایی باش نەچووتە پێش؛ بەڵام بەرفراوان بوونی یەکیەتیی ژنان، کۆنفڕانس و کۆنگرەکانی و پەل هاویشتنی بەهێزی لە دەرەوەی وڵاتیش کە، بۆتە ئەندامی رێکخراوی ئینترناسیۆناسیت- سوسیالیست، کە لە هەردووک بواری ناسیۆنالیزم و فێمێنیزم دا، چالاکی ئەنجام دەدا.
بۆ وێنە دەتوانیین بە دوو سەرکردە و خەباتکاریی شێلگیری هەر دوو بەشی نەتەوەیی و فێمێنیستی، شەهیدان و نەمران سوهیلا قادری و مامۆستا نەسرین حەداد ئاماژە بکەین؛ کە لەو پێناوەدا، زەحمەتێکی زۆریان کێشا و لە پەروەردەکردنی خۆیان و ژنان و کچانی تێکۆشەر بە پێی توانا دریغیان نەکرد.
بەگشتی دەکرێ بگوترێ ژنان لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران کە ژنانێکی زۆربۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان، و ژیانێکی ئاسوودە تێیدا بەشداربوون، بەڵام بە پێچەوانەکەی ڕووی دا. لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دانانی یاسا و رێساکانی لەسەر بنەمای شەریعەتیی ئیسلامی، مەزهەبیی شیعەی ١٢ ئیمامی، ماف و ئازادییەکانی ژنان زۆر زەود کران.
ژنانی کورد کە ئەزموونی بناغەیەکی هزری یەکسانخوازییان لە کۆردستان هەبوو، زۆر زوو سەنگەری تێکۆشانی خۆیان دیاریی کرد، کە بەشی زۆریان بزووتنەوە نەتەوەییەکەیان، بە ڕێگە چارە و پاڵپشت دەدیت؛ کە تێیدا دەرفەتی تێکۆشانی یەکسانخوازیی، وێڕای خەباتە نەتەوایەتییەکەی هەبوو.
لەو کاتەوە تێکۆشانی سیاسیی و مەدەنی ژنی کورد بە شێوەی سازمان دراو دەست پێدەکا،چەند دەیەی دوای ئەویش، دەرفەتی گەشەی پێویست بۆ ڕەوتی یەکسانخوازیی زۆر لاوازە. بەڵام لەنێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کچان و ژنان لە دەرفەتە ڕەخساوەکان بە یارمەتی بنەماڵەکانیان زۆر باش پێگەیشتوون و لە بواری یەکسانیخوازیی و فێمێنیستی دا، گەشەی باشیان کردەوە.
کۆماریی ئیسلامی کە نەتەوەی کوردی هەمووکات، وەک مەترسیی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دیوە، ئاستی پێشێلکاریی و توندوتیژییەکانی زۆر زیاتر لە نەتەوەکانی تر ئەنجام داوە. بۆیە ژن و کچی کوردیش بۆ دەربازبوون لە ستەمەکان خەباتی لێکگرێدراوی نەتەوەیی و یەکسانخوازی هەڵبژاردووە کە ئەوەش لە تێکۆشانی ڕەوتە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەدا بە نوێترین وێنەی ئەو هاوبەشیانە دەتوانێ بژمێردرێ. لەو ڕەوتە دا، پیاوان و ژنان، کچان و کوڕان پێکەوە و لە بازنییەکی هاوبەش دا، کۆدەکاتەوە.
وێنەی ئەو هاوبەشیی و هەوڵ و تێکۆشانانە لەو دوو ڕەوتە گرینگەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دواییانە دا، هەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێیە کە هەوێن و چەخماغەکەی خوێنی گەشی بە ناحەق ڕژاوی ژینا (مهسا) ئەمینی یە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێک دا بە پشتیوانی تێکۆشەرانی مەدەنیی لەنیوخۆی نیشتیمان دا، داخوازیی مانگرتنی لە گەلی کورد کرد.
ڕۆژی دووشەممۆ ٢٨ ی خەرمانانی ١٤٠١، سەرەتا مانگرتنی گشتیی و سەرانسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا و ئێوارەکەی ناڕەزایەتییەکان دەستیان پێکرد و لەسەرشەقام و کۆلانەکان ئەو قەتڵەیان مەحکووم کرد. دواتر ناڕەزایەتیی نیزیک بە تەواوی شارو شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە و بوو بە هۆی یەکگرتویی، تا ڕادەیەک زۆری سەرانسەری، گەلانی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دا.
ئێستا ژینای کوردان و مەهسای ئێران و جیهان، بۆتە ڕەمز و هێمایەک بۆ هەموو ناڕەزایەتییە بەر بەرینەکان. بەو ئومێدەی کە ئەم شۆڕشە نوێیە کە دەکرێ بە “شۆڕشی ژینا” ناوی بەری، بە کەمترین تێچوو، سەرکەتوو بێ و تۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن گەلانی ئێران بە مێژوو بسپێردرێ.
ئەم وتارە لە ژومارە ٥٨ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بۆتەوە