شەهرام سوبحانی
مێژوویی کورد پڕە لە هەوراز و نشێوی جۆارا و جۆر، کە ئاوێنەی ڕاستەقینەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەکی بندەست و زوڵم لێکراوە، کە لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی کۆڵی نەداوە و بەچۆکدا نەهاتووە.
تەنانەت بەگۆڕتر و شێلگیرانەتر و قایم بەزاتتر پێداگر بووە لە سەر گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی.کەوابوو لە قۆناغی یەکەم دا سەرکەتوو بووینە کە مانەوەمان بووە لە سەنگەری خەبات و تێکۆشاندا، بەڵام بەداخەوە لە قۆناغەکانی دوایی شۆڕش نەمانتوانیوە خەسار ناسییەک لە خۆماندا بکەین و ئاڵ و گۆڕێکی بنەڕەتی لەنێو ماڵی خۆماندا پێک بێنین کە ئاکامەکەی سەرکەوتنی یەکجاریمان بێ، لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم بەشێک لەو خاڵە لاوازانە باسک بکەم کە ئەمڕۆ تەنگی بە کورد هەڵچنیووە.
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی عەقڵییەتی ئێستای کورد مەسەلەی «ناوچەگەرایی و زێد پەرەستییە»، ئەم ڤایرۆسە لە کۆمەڵگەی کوردیدا قۆڕی داگە بە ماڵ کوردە و تەنگی پێ هەڵچینەوە. واتا هەر کەس خەڵکی هەر شارێک یا ناوچەیەکی ئەم کوردستانە بێ، پێی وایە هەر ئەوێ کوردستانە و کوردستانیش هەر یانێ ئەوێ، پێی وایە هەر تەنیا لەوێ کورد هەیە و جگە لەوێ کوردی ڕەسەن بوونی نییە، ئەمە دەرخەری کورت بینی کوردە کە ناتوانێ دوورە دیمەنی زیاتر کات. وەک مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێوو دەڵێ: دابڕ دابڕیان کردووین و لە شتە سەرەکییەکەی خۆمان دووریان خستووینەتەوە کە ئەوەیش کورد بوونمانە، بەڵام هیوادارم کورد لەم ڤایرۆسە خۆی بە دوور بگرێتەوە و کوردستان تەنیا قەتیس نەکاتەوە بە شارێک یا بە گوندێک، چونکە ئەوە سیاسەتی داگیرکەرانە وەک چۆن نەقشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتیان تەنیا قەتیس کردۆتەوە بە یەک پارێزگا(پارێزگای سنە) ئەویش پارێزگای سنەیە، ئەمە لە کاتێک دایە کە ئێمە چەندین پارێزگای کوردستانمان هەیە. کەوابوو ئێمە نابێ لەچوارچێوەی ئایدیای حاکمانی تاران یا هێژمونی ئەوان بڕوانییە کوردستان، بەڵکوو دەبێ لەو داوانە خۆمان ڕزگار بکەین و بتوانین لە قۆناغی زێد پەرەستی بچنە قۆناغی نیشتمان دۆستی، وەک کاک ناسر ڕەزازی دەڵێ: من سنەیەکی مەهابادیم، من بۆکانیکی پیرانشاریم، من ئیلامییەکی کرماشانیم و….. هتد.
ــ یەکێکی دیکە لە خاڵە لاوازەکانمان نەبوونی وێژمانێکی هاوبەشە لە نێوماڵی خۆماندا، بەداخەوە ئەم یەک نەبوون و هاوڕانەبوونە لەنێو ماڵی کورددا، وای کردووە نەتوانین تەرکیزی زیاتر بخەینە سەر هێزی بەرانبەرەکەمان کە ئەویش دوژمنەکەمانە، واتا ئەو هێزەی کە قەرارە تەرخانی دوژمنانی بکەین زیاتر بەسەر خۆمانی دا تاقی دەکەینەوە کە ئەم دیاردەیە هەڵەیە و بووتە هۆی ئەوەی، کە بە قەوڵ کوردەواری دەڵێ: «هەر لە جێگەی خۆماندا وەک خۆل خۆلە دەخۆلێینەوە». جا بۆیە بۆ دەرباز بوون لەم دیاردە مەترسیدارە، ئەرکە و پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان ڕێک بخەن و پلانێکی نوێی و هاوبەشانەیان لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەکەیاندا بڕژێن، چونکە بەڕاستی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وشیاری نەتەوەیی ڕۆژهەڵات گەیشتۆتە ئاستێک کە لە هەر بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی دا خۆیان دەردەخەن و پەیامی خۆیان لەپێشدا بە داگیرکەر دەگیەنن کە «ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان»، دوو بە حیزبەکانیان کە پێیان بڵێن ئێمە ئامادەین بۆ خەبات بەس چاوەڕوانی هاتنەوە تانین. کەوابوو ئەم وشیاریی نەتەوەیی و سیاسیە نابێ ببێتە قوربانی سیاسەتی هەڵە، دەبێ سیاسەتەکانمان لە چوارچێوەی خواست و ویستی خەڵکدا بن، چونکە کاری سیاسی ڕێک ئەوەیە و ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی خەڵکە، ئاڵاهەڵگری پەیام و وێژمانی خەڵکە، ئەڵبەت با ئەوەش لەبیر نەکەین یەکخستنی پلان و وێژمانی هاوبەش بەپێی هەلومەرج و ئاڵەنگارییەکانی داهاتوو ڕوو دەدا و شتێکی مەحاڵ نییە.
خاڵە لاوازەکان زۆرن، بەڵام هەوڵم دا گرینگ ترینان باس بکەم ئینجا لە کۆتاییدا دەپڕژێمە سەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان کە کورد چۆن دەتوانێ لە قۆناغی زێد پەرەستی بچێتە قۆناغی نیشتمان دۆستی! پێم وایە کورد پێویستی بە فەرهەنگ سازییە، پێویستی بە دامەزراندنی فێرگە و پەروردەیەکی بەهێزە کە تەرکیزی لە سەر نیشتمان دۆستی بێ، بە جۆرێک کە خۆشەویستی کورد بۆ نیشتمانەکەی تەنیا داخراو و قەتیس بە ناوچە و خێڵەکێک و زاراوەیەک نەبێ، واتا تێڕوانینمان سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوماڵی خۆمان بگۆڕین بە جۆرێک کە جیاوازییەکانی نێۆماڵی خۆمان بە جوانی و دەرفەتێک بۆ پێکەوە بوون و بەهێز بوونمانی بزانین، نەک بۆ دژایەتی لەگەڵ یەکتری.
با ئێعتراف بەوەش بکەین یا بە ڕاشکاوی
بڵێن: کە ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تەرکیزیان لە سەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمان دۆستی بوایە ئاوا ئێستا لە مێژ بوو ڕزگار بووین.
ئەڵبەت لەم بوارەدا تەنیا حیزبێک کە بەپێی بەڵگە و مێژوو بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاوەکانی زیاتر نەتەوەیی بوونە حیزبی دێموکرات بووە، بەڵام زیاتر مەبەستم گشتییە بۆیە ئەم کارە بە یەک لایەن ناکرێ و پێکەوە دەتوانین بیکەین.