لەیلا قادری
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا، بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرین بوو کە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ڕەوشتی تاران گەیشتە لوتکە. ئاشکرایە کە ئەو بزووتنەوەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕیشەیەکی زۆر قووڵی هەیە کە لە دوای شەهیدبوونی ژینا هەموو سنوورەکانی بڕی و لە ئاستی جیهانیدا دەنگی دایەوە، ڕێژیم ئاخوندی بەپێی سروشت و خسڵەتی هەمیشەیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو شۆڕشە دەستی لە هیچ چەشنە زەبر و زەنگ و کوشتوبڕ و قەڵاچۆیەک نەپاراست، گەلێک ڕۆڵی چاونەترس و ئازا و بوێری لێ ستاندین.
لەو ڕێڕەوەدا ئەوەی هەمیشە جێی سپاس و پێزانین و لێ فێربوونە هەڵوێستی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژینایە، بەجۆرێک کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بە تێپەڕبوونی کات شاهیدی هەڵوێستی بوێرانە و مودێرن و جێی تێڕامانین، یەکگرتووی و هاودەردی و پەیمان نوێکردنەوەی دایکی شەهیدان بووەتە وێردی سەر زاری هەموو نیشتمانپەروەرێک، مێژوو شانازی بە تۆماری ئەو وتەیەی
کاک ئەحمەدی حەسەنزادە باوکی شەهید محەممەدی حەسەنزادەوە دەکات و لە دڵی لاپەڕەکانیدا بە پیرۆزی دەیپارێزێت؛ «پیاو بۆ ئەوەی پیاو بێت دەبێ زۆر ژن بێ.» ئەو وتەیەی کە گەلێک دەرهاویشتەی قووڵ و ماناداری لە ئاستی جیاوازدا لێکەوتەوە.
کاک ئەحمەد سەر لە نوێ مەردایەتی و پیاوەتی پیناسە کردەوە، باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە پێناسەی سوننەتیی مەردایەتی و جوامێری کە هەمیشە بەسترابووە بە نێرینەبوونی مرۆڤەوە خستەژێر پرسیارەوە و جوامێری بە مانای وشە بەستەوە بە چاونەترسی و بوێری لە ژنانی ئازا و ئازاد دا و دەرکی مرۆڤی کوردی سەردەمی لە ئەو کڵێشە باوە دەرباز کرد کە هێز و ئازایەتی هەمیشە بە خسلەتێکی پیاوانە دەزانی و دەرکێکی بەرفراوان و یەکسانیخوازانە لە شوێنی چەسپاند. کاک ئەحمەد بە ئاشکرا و بێترس و دوودڵی پێی وتین؛ تایبەتمەندییەکانی وەک بوێری و چاونەترسی و لەهەمانکاتدا نەرموونیانی و دڵسۆزی نەبەسراوە بە ڕەگەزەوە بەڵکوو ئەوانە دەکەونە چواچێوەی خسڵەتە بەرزە ئینسانییەکانەوە.
هاوکات پێی وتین؛ وشەکان بۆ ڕێزلێنانێکی مانادار و قووڵ لە ئازایەتی و بوێری ژنان، بەتایبەت ئەو ژنانەی خەبات بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دادپەروەری دەکەن و زۆر جار پەراوێزدەخرێن یەکجار گرینگن. بەتایبەت هێزی ئەو ژنانەی لەکاتی تێکهەڵچوون و ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا کەمتر دەکەونە بەرچاو.
وتەی کاک ئەحمەد ورەبەخش بوو ورەبەخشە بۆ ژنان و پیاوانیش . لەلایەک پیاوان هاندەدات کە ستاندارەکانی بوێری و هێز کە ژنانی ڕۆژهەڵات بە ناوچەکە و جیهانیشیان نیشاندا ڕەچاو بکەن، بۆ ژنانیش متمانە و ڕێز و ورەیان تێدا بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەشداری چارەنووسسازانەی خۆیان لە پرسە گرینگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بۆ هەمیشە بەفەرمی بناسن. ئەوەی لێرە پرسیارە بۆچی ڕێژیمی ئاخوندی سەرەڕای شەهیدکردنی ڕۆڵەکانمان ئێستاش لەهەر هەڵوێست و جووڵەیەکی تەنانەت سەمبولێکی خانەوادەی شەهیدان دەترسێ؟ بۆ گوشار دەخاتە سەریان؟ بۆ ڕاپێچی بەندیخانەیان دەکا و لێپێچینەوەی لێ دەکات؟!!!
هەموو ئەو پرسیارانە پێویستیان بە هەڵوێستەیە،
ڕێژیم لەو ڕێگەیەوە دەیهەوێ درێژەی بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بدات و وەک تاکتیک ئەو کردەوە دژە ئینسانییە ڕەچاو دەکات بۆ ئەوەی دژبەرانی خۆی پێ چاوترسێن بکات، پێیوایە لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ ڕێگری لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بکات.
ئاخوندییەکان پێیانوایە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵڕاوکێ دەتوانن ڕێگە لە تۆمار و گێڕانەوەی چیرۆکی حەماسی شەهیدەکانمان بگرن کە بوونەتە هێمای گیانبازی و بەرخۆدان
یەکگرتووی دایکی شەهیدان لە شۆڕشی ژینادا بووەتە هێمای خۆڕاگری و فیداکاری هەم لە ئاستی تاکەکەسیدا و هەم بەکۆمەڵیش بۆ گەیشتن بە ئامانجی پیرۆزی ئازادی.
دایکی شەهیدان بوون بە کتێبی لێفێربوون ، ئەوان بەنواندنی سۆز و وەفا بۆ یەکتر لەلایەک باری دەروونی خۆیان دەپارێزن لە لایەکی دیکە ورە و هێز بۆ بەردەوامی بزووتنەوەکە لەنێو گەلی خۆیاندا زیاد دەکەن ئەوەیە کە دوژمن چاوی بەو یەکگرتنە هەڵنایا. بە گوشار خستەسەریان دەیهەوێ ماندوویان بکات و ئەو یەکگرتوویە لاواز بکات، پێوایە دەتوانێ بە زەبر و زەنگ خانەوادەی سەربەری شەهیدان پەراوێز بخات،
بۆیە لێرەدایە کە دەبێ هۆشیارانە لەگەڵ دۆخەکە بجوڵێنەوە؛ دەبێ هەوڵ بدەین سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ پرسە ڕابکێشین، نابێ ئەو پەیوەندییە بپچرێت، هەموو ڕێگاکانی مومکین لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاوبکرێن، بەڵکو فشار بۆ سەر ڕێژیم زیاد بێت.
هەروەها پێویستە خەڵک و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان بە هاوکاری مادی و مەعنەوی پشتی خانەوادەی شەهیدان بەرنەدەن و پاڵپشتیان بن، هەوڵبدەن بە هاوکاری پارێزەر و دادوەران چ لە ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیش بەرگری لە مافی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بکەن.
بێگومان تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان پانتایەکی باشە بۆ هاوبەشکردنی دەرد و ئازارەکانیانە و ئەمەش لەباری دەروونی و مەعنەوییەوە ئازارەکانیان کەم دەکاتەوە و ورەیان پێدەبەخشێ. دابینکردنی کاناڵی ئەمن و باوەڕپێکراو بۆ بەرگریکردن لە خانەوادەی شەهیدان لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئاخوندی. خەڵکی کوردستان ئەوەندە هۆشیارن کە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بەتەنیا جێنەهێڵن، ئەوان دەزانن ئەو خانەوادانە ئێستا پێویستیان بە یارمەتی هەیە دەبینین کە بەشێوەی ڕێکخراو و تەنانەت ناڕێکخراویش هەرگیز پشتیان چۆڵ نەکردوون و نایکەن ئەوەش گەورەترین ئەشکەنجە و ئازارە بۆ کاربەدەستان ڕێژیمی ئاخوندی.