تاسەباری، کردەیەکی کولتووری و مێژوویییە و جیاوازییش لە نێوان کردەی تاسەباراندا هەیە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. بەگشتی بۆ خەمی لەدەستدانی کەس یا شتێک دەکرێ. ئەم ماوەیە شێوازێکی نوێمان لەم کردە کولتوورییە لە کوردستان و تا ڕادەیەکیش ئێران بینی.
هەروەک ئاماژەم پێکرد تاسەباری ئەکتێکی کولتوورییە و بۆ ڕێز لە یادی کەسی لەدەسچوو یاخود هاوبەشکردنی خەمی هەر ڕووداوێک بەڕێوە دەچێ. لە پێوەندی لەگەڵ مەرگدا پتر ڕووی ئایینیی بابەتەکە دەردەکەوێ، کە خودی ئایینیش بابەت و چەمکێکی کولتوورییە. لە مێژوودا زۆر ڕووی داوە کە مەرگی کەسایەتییەک و یادکردن لەو مەرگە “بەپیرۆز” بکرێ و ئەمەش زیاتر لە ئایینی مەسیحیەت و دواتریش لە ئایینزای شیعەدا بەرچاو بووە. وردە وردە هەر لە چوارچێوەی ئایین و کولتووردا قەتیس نەمایەوە و کەڵکی سیاسییشی لێوەرگیراوە. هەر لە سەردەمی پەهلەویدا لە ئێران، ڕێبەرانی ئایینیی شیعە کەڵکیان لەم دەرفەتە وەرگرت و لە ڕاستیدا کردیانە کردەیەکی سیاسیی دژبە ڕێژیمی پەهلەوی، کە کاراش بوو و ئەوانی بە ئامانجەکەیان گەیاند.
لە ڕاستیدا شۆڕش مەیدانی کردەوە و خۆنواندنە، گەر شۆڕش گشتگیر دەبێ، کەس بێکار نییە و هەر کەسێک بەقەدەر تواناییی خۆی ڕۆڵ دەبینێ. ڕۆڵی تاکەکانیش جیاوازە، بەڵام هەموو بۆ ئامانجێکی گشتییە کە دێنە مەیدانەوە.
لە مێژووی کوردەواریدا کۆمەڵێک ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویان داوە، کە پاش شەهیدبوونی قارەمانەکان، کەسوکار و تاسەبارانیان بەوپەڕی ورەبەرزییەوە دەرکەوتوون. بۆ نموونە دایکی شەهیدانی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی کە پاش ئەوەی دەچێتە سەر تەرمی کوڕە شەهیدەکانی، گۆنایان سوور دەکا و لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێ: “نامهەوێ دوژمنان منداڵەکانم بە ڕەنگزەردی ببینن.” لەم نموونانە لە مێژووی کوردستان و خەباتی پڕتێچووی ئەم زێدەدا زۆرن. لێرەدایە کە دەبینین ئامانجی گشتی لە ژیانی تاک گرینگتر دەنوێنێ، ئامانجی کەسە لەدەسچووەکان گەلێک گرینگتر دەبێ لە خودی خۆیان.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پاشخانە با بڕوانینە ئێستای کوردستان و کوردستانی ئەمڕۆمان لەدوای دەسپێکی ڕاپەڕینەکەی ژینا. پاش ئەوەی لە تاران “ژینای ئەمینی”ـیان کوشت و دانەوەی تەرمەکەیان لە ترسی پێشوازیی خەڵک، وەدوا دەخست و شوێنیان دەگۆڕی، بەڵام بەو حاڵەشەوە نەیانتوانی پێش بە ئیرادەی حزووری خەڵک بگرن و ڕۆژی ناشتنی ژینا بووە ڕۆژێکی مێژوویی و تایبەت لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵات و ئێراندا. هەر لەو ڕۆژەدا بوو کە ڕستەیەکی مێژوویی لەسەر کێلی گۆڕی ژینا نووسرا: “ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز” ئەم ڕستەیە گەورەترین دڵدانەوە بوو بە بنەماڵەی ئەمینی و باشترین هەوێن و نەخشەڕێگای داهاتووی شۆڕشەکە.
کاتێک شۆڕش بەرینتر و بەرفراوانتر بووەوە، لە شار و ناوچە جیاجیاکان کۆمەڵێک لە خەڵک و بەتایبەت لاوانی ڕاپەڕیو، گیانیان بەخت بوو. لە کوردستان پۆششی ڕەش و مۆم هەڵکردن و … نەبووە باو و هیچ ڕێگەی پێنەدرا، بەڵکوو سەر گۆڕی هەر شەهیدێک بووە تریبۆنێک و هەر وتارێکی خۆڕسکانەی دایک و باوک و کەسوکاری شەهیدەکان، بوونە مانیفێستێک بۆ شۆڕش و بەردەوامییەکەی. نموونەکان زۆرن و مەجالی ئەوە نییە یەکەیەکەیان لێرەدا ئاماژە پێبکرێ، دەنا هەرکام لە وتەی کەسوکاری شەهیدان، دەتوانێ لە ڕیزی بەنرخترین وتەکانی مێژووی شۆڕشدا بۆ هەمیشە تۆمار بکرێن. باوکی شەهید “فەرەیدوون ئەحمەدی” بەوپەڕی ڕاشکاوی و بێلاڵەپەتەیی و ڕاستەوخۆ هەموو کەسە بەتەمەنەکانیشی بانگهێشتی بەشداریی شۆڕش کرد و هەر لەسەر گۆڕی کوڕەکەی وتی: “ئەم کۆنە ئەبێ نەمێنێ، ئەم کۆنەپەرستییە ئەبێ بڕوا”. دایکی شەهید “پەیمان مینبەری” وتی: “پێویستم بە پرسە نییە، خوێنی ڕۆڵەکەم با ون نەبێ.” کوردستان بە وشیارییەوە ئەم داوایەی قەبووڵ کرد و ئەمجار دروشمی سەرەکیی خەڵکەکە بووە “دایە مەگری بۆ ڕۆڵە! شەرت بێ بستێنین تۆڵە”. هیچ بنەماڵەی شەهیدێک لە کوردستان بەتەنیا جێ نەهێڵدرا و ئاپۆرەی خەڵکی هاوبەڵێن و داخلەدڵ هەتا دواسات هاوڕێ و هاودڵی بنەماڵەکان بوون و هەر هەموو بنەماڵەکانیش هەستیان بە سەربەرزی و سەرفەرازی دەکرد و بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان بە بەختەوەر دەزانی کە شانازیی بوونە بنەماڵەی شەهیدیان پێبڕاوە.
بۆ ئەوەی هەستی پڕبەجێ و شیاوی ئەم بنەماڵانەمان بۆ دەربکەوێ، با فەکتێک بێنمەوە لێرەدا، بەپێی ئاماری فەرمیی خودی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٩١دا لە کۆی ٣٦٥ ڕۆژی ساڵ، ٢١٨ ڕۆژی شاری تاران گیرۆدەی پیسیی هەوا بووە و هەر لەو ساڵەدا ٤٤٦٠ کەس بەهۆی ئەو کێشەیەوە گیانی خۆیان لەدەست داوە؛ سەرنج بدەن ٤٤٦٠ کەس! هەر ئەم ئامارە بێننە لای کوژراوانی پێکدادانی ماشین، قوربانیانی سەرەتان و مادە هۆشبەرەکان و کۆڵبەران و … جا ئەمجار بۆمان دەردەکەوێ کە ماشینی کوشتار و قەتڵوعامی کۆماری ئیسلامی چەندە دڕندانە کار دەکات، بەرپرسیاریی هەموو ئەم مەرگانە لە ئەستۆی دەسەڵاتە، بەڵام کەمترین ڕەخنەشی لێوەرنەگیراوە و وەک چارەنووسێک
سەیر کراوە! کە گۆڕانی لە دەستی خەڵکدا نەبووە و قەزا و قەدەر وای هێناوە! ئەم نموونەیەم بۆیە هێنایەوە کە بڵێم کامە دەسەڵاتی دیکتاتۆری هەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا ٤٤٦٠ کەس بکوژێ بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات؟ هیچ کام لەو مەرگانە هیچ تێچوویەکیشیان بۆ کۆماری ئیسلامی نەبووە. من نامەوێ بڵێم مەرگ هەر هەیە با بە شەهیدبوون بێ، بەڵام بە بینینی ئەم ڕاستییەیە بۆمان دەردەکەوێ هەتا کۆماری ئیسلامی بوونی هەبێ، ئەوە مەرگە بە دەممانەوە پێدەکەنێ.
خەڵکی کوردستان کە بەحەق بوونەتە ئۆلگوو و سەرباشقە، بەباشی لەم ڕاستییە تێگەیشتوون و ئاگاداری ئەوە هەن کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی واتە مەرگ، ئەویش مەرگێگ کە ڕەنگە هەستی هاوسۆزیی خەڵک ڕانەکێشێ و ئازیزە لەدەسچووەکانیان نەبنە قارەمان و ناویان نەبێتە ڕەمز و لە بێدەنگیدا بنێژرێن، بۆیە داوایانە بۆ ژیان و ژیانەوە، بۆ نەهێشتنی ئەم هەمووە نگریسی و مەرگە، بەیەکجاری کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنرێ، ئەگەر تەنانەت لەو ڕێیەدا مەرگی تریش ببێتە میوانیان.
باوکی شەهید “کۆمار دەرئۆفتادە” دەبێتە قارەمانێکی نەتەوەیی و بێترس ڕوو لە خامنەیی و هەموو دیکتاتۆران، ئەنجام و کۆتاییی خوێنمژییەکانیان وەبیر دێنێتەوە و دەڵێ ئەوەی دەمێنێ ئێمەین نەک ئێوە! ئەمە سەرچاوە لەوە دەگرێ کە ویستی تاک، جێی خۆی گۆڕیوەتەوە بە ویستی گشت، لەم ڕۆژانەدا خوشکی “عەلی ڕووزبەهانی”، یەکێکی تر لە گیانبەختکراوانی ئەم شۆڕشە، لە چلەی براکەیدا حیجابی زۆرەملیی لەسەر لابرد و بەم شێوەیە پاڵپشتی و هاودڵیی خۆی سەرەڕای بڕوا کەسۆکییەکانی، بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو ڕاگەیاند؛ ئەم کردەوانە لە کاتدا واتای زۆریان هەیە. لە بەرەبەری شۆڕشی ساڵی ٥٧دا زۆریەک لە ژنانی بێحیجاب بۆ دژایەتیی ڕێژیمی شا، لەچکیان بەسەر سەریاندا دەدا و بەم شێوەیە جیاوازیی خۆیان لەگەڵ دەسەڵات زەق دەکردەوە.
ئەوەی کە کات کۆمەڵێک ئەکت دەگۆڕێ گرینگە، بەڵام گرینگتر لە کردەوەکە ئاکامێکە کە لەدوای خۆی دەیبێ. کاتێک “خوسرەو گوڵسورخی” وەک مارکسیست-لێنینیستێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و لە دەنگوڕەنگی ئەوکاتی ئێراندا بۆ ترساندنی خەڵک و پاساو بۆ ئێعدامی ئەوان، “دادگایی”یەکەیان بڵاو کردەوە، باسی لە ئیمامی یەکەمی شیعەیان کرد و وەک سەرباشقەی خۆی ناوی هێنا، لە جێی خۆیدا گرینگ بوو بۆ ئەوەی خەڵکانێکی تریش بەتایبەت ئایینییەکان ببنە دوژمنی دەسەڵات و کێشەکە تەنیا لە بەرەیەکدا نەمێنێتەوە. پاش نزیکەی پەنجا ساڵ “مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد” دێ و دەڵێ: “لەسەر گۆڕم هەڵپەڕن و شادی بکەن” یانی ئەی هەموو ئەوانەی خوازیاری شادی و خۆشین، من بەشێکم لە ئێوە و ئێوەش بە نەهێشتنی دەسەڵاتی شادیکوژ، وەدیهێنەر و پارێزەری ویستەکانم بن. ئەم پەیامانە لە دواساتەکانی ژیاندا، پەیامی گرینگ و چارەنووسسازن، ڕاستە دەسەڵاتەکان بۆ ترساندن و تۆقاندن خەڵک دەکوژن و دەیانهەوێ پەیامی بێدەسەڵاتیی بەندییە سیاسییەکان لە ڕێگەی دەنگوڕەنگیانەوە بڵاو بکەنەوە، بەڵام هەمیشە کاردانەوەی پێچەوانەیان دەبێ و خەڵک دەبنە گوێگری چالاکە سیاسییە قوربانیبووەکان، نەک دەسەڵاتە ترسێنەرەکان.
لە نوێترین دەرکەوتنی خاوەن شەهیدەکاندا، دایە “فاتمە مستەفازادە” دایکی شەهید “محەممەد حاجیڕەسووڵپوور” هەر لە درێژەی ئەو تێئۆرییە خۆڕسکەی ئەم ڕۆژانەدا کە تاسەبار بم یا ڕێبەرایەتیی شۆڕش بکەم؟ وتی: “من ناگریم، وەک تەرەغە وام، ڕۆڵەکەمم پێشکەش بە نیشتمان کردووە.” ئەمەیە کە کوردستان و کردە شۆڕشگێڕانەکەی دەبێ ببێتە سەرباشقەی هەموو ئازادیخوازانی جیهان، دەسماڵی سووری دەستی دایکی شەهید “سمکۆ مەولوودی” دەبێ ئاڵای شۆڕش بێ تا ڕۆژی سەرکەوتن، نەک ڕەشپۆشین و ئەژنۆی خەفەت لە باوەشگرتن.