نەرم نەرم من بە تاسەی فڕینەوە
بەسەر گۆنای ئێوارەدا
شوێن پێکانی با
هەڵدەگرم
تنۆک تنۆک
دەکەویتە ناو توێی
دیدەمەوە
تۆ
ڕوحسووک ڕوحسووک
وەک تاسەیەکی
گەرم و خۆشی
نیشتیمان
من لەگەل خۆت لەتوێی شێعرێکی
سەوزا
دەهۆنیەوە
تاسەی من
هەروەک فەقیانە جێماوەکەی
نەنکم و
وەک پێکەنینە پڕ ترسەکەی
دایکم
ماونەتەوە
وشک وشک بوونەتەوە
لە حەسرەتا!!!
لێرە ژنێک
ژنێک لێرە
بە مشتی ڕەنگ و
جانتایە لە وردە چیرۆکی
نەبیسراو
تاک و تەنها
بیری خۆی و نیشتیمانی
قەف قەف کردوە
بەسەر پەنجەرەی پر لە تاسەی
ئازادیدا
خەوی قووڵ و خەیاڵی جوان
دەیباتەوە.
ژنێک لێرە
خەمی خۆی و خەمی خاک و
خەمی خەندەو
خەمی هەمووان
دەچنێتەوە
ژنیک لەنیشتیمانی
پر لە گوناهـ و ترسدا
دەسنوێژی
ژیان هەڵدەگرێ
کەچی ئەوان لەدوای
فەرزی نوێژدا
دەیشۆنەوە.
کوێستان عومەرزادە