نەسرین یوسفزادە
لە هەموو مێژوودا، کچی کوردی بەهاوپەیمانی و هاوەڕێی برا پێشمەرگەکانی خۆی و بەبەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و رزگاریخوازی، بەرزترین شانازییەکانی نیشتمانی وەبەر خۆی خستووە. ئەمساڵ، هوڵ و بەرخودانی ژنان بە پۆشینی جلی خاکی پێشمەرگە، نیشانێکی تری هاوپەیمانی و رێکخستنی مەتەرێزی رزگاری نیشتمانە.
جلی خاکی کوردی کە لە مێژووی پێشمەرگەدا نیشانی بەرزی ناوی پێشمەرگەیە و قربانی و فیداکاریی زۆری لەسەر دراوە هەر ئەو جلەیە کە ئێستا بووەتە جلی شایی و گۆڤەند و خۆشی خەڵک و بەو جلە و بە هەڵپيرکێی کوردی خەباتیکی نەرم و پڕ لە وتاری ڕزگاری گەلەکەیان دەڵێنەوە و دەبنە دڕکێک لە چاوی نەیاریان و ئەوە مانیفێستێکی ڕزگاری خوازیە کە ژن و پیاوی کوردی ڕۆژهەڵاتی دڵان هاوڕەنگ و هاودەنگ تێیدا بەشدارن.
ئەم جلە خاکیە بۆ هەموو کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە ئامرازێک بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی یەکگرتن و نیشتمان. ئەمەش بەتایبەتی لە نێوان ژناندا گرنگی زیاتری هەیە، چونکە هاوڕەنگی و خاکیپۆشیان نیشانەیەکی بەرچاوە لە پەیوەندییەکی تایبەتی نێوانیان و ئەو پێشمەرگانەی کە بۆ ئازادیی کوردستان خۆیان فیدا کردووە.
پۆشینی جلی خاکی، تەنها جلێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو پەیامێکە، بانگەوازێکە بۆ ئەوەی ژنان، و پیاو بەشێکی گرنگ لە جوڵەی نیشتمانی ببن و بۆ بەرەوپێشچوونی مافی گەل و نیشتمان هاوار بکەن. ئەمساڵ، نەورۆزی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دەدات کە ژنان بە هەموو حەز و تواناکانیان، بەرپرسایەتییەکانیان لەگەڵ برا پێشمەرگەکانیان وەردەگرن و مەیدانەکانیان تەنها بۆ جێژنی نەورۆز نییە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی مافی خۆیان و بەرز ڕاگرتنی نیشتمانیشە.
بەم جۆرە، نەورۆز بۆ ئێمە تەنها جێژنی کۆن نییە، بەڵکو بەیەکەوە بوونەوەی ژنان و پیاوان، کچەکانی پێشمەرگە و براکانیان، کە بە پێکهاتەیەکی یەکگرتوو هەوڵ دەدەن بۆ دروستکردنی نیشتمانێکی ئازاد، دیموکراتیک و یەکسانی کە مافەکانی هەموانی تێدایە.