دوو ڕەوتی سیاسیی “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ” و هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، لە بەرەبەری ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی “بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان” بەیاننامەیەکیان لەژێر ناوی “هاوهەنگاو و هاوڕێ لەگەڵ خەباتی ژنانی ئێران دژی توندوتیژی” بڵاو کردەوە.
لەم بەیاننامەیەدا باس لە دیاردەی جیهانیی توندوتیژی دژی ژنان و خەباتی ناوەندەکانی بەرگریکاری مافی ژنان و فێمێنیستەکان دژی توندوتیژی لە بوارە جیاوازەکان دژی ژنان و هەروەها هەوڵی هەندێ وڵاتان بۆ پەسەندکردنی یاسای دژی توندوتیژیی دژی ژنان و سەپاندنی سزای دادوەری کە کەمبوونەوەی توندوتیژییەکانی بەدواوە دەبێ، کراوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە ئێران، ڕەوتێکی پێچەوانە هەبووە و ڕێژیم نەتەنیا توندوتیژی دژی ژنانی بەیاسایی کردووە، بەڵکوو پاش دەستداگرتن بەسەر هێزدا، ئامرازگەلێکی جیاوازی بۆ بنەڕەتیکردنی توندوتیژی دژی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا لەبەر گرتووە.
پەسەندکردنی یاسا دژەژن و کۆنەپەرستانەکان و ژێرپێنانی سەرەتاییترین مافی ژنان کە خۆی نیشاندەری توندوتیژیی دەوڵەتی دژی ژنانە، بووەتە هۆی زۆربوونەوەی توندوتیژییە بنەماڵەییەکان، ژنکوژی، خۆسووتاندن، منداڵ هاوسەری و …. لە کۆمەڵگەدا.
ئەم دوو ڕەوتە سیاسییە جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەرچی ژنان لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دامەزراوە و ناوەندی سەربەخۆ بێبەری کراون و هەر چەشنە کۆبوونەوە و هەوڵێکیان بە دەسبەسەرکران و سەرکوت و ئەشکەنجە و بەندیخانە و لەسێدارەدان وڵام دراوەتەوە، بەڵام خەباتیان بەردەوام بووە.
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازای” خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی بێوچانی ژنانی ئێران بۆ ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتی دژەخەڵکی کۆماری ئیسلامی بوو کە پیاوانیش شانبەشانی ژنان لەم بزووتنەوەیەدا بەشداریی چالاکانەیان هەبوو و یاسای حیجابی ئیجباری، گەشتی ئێرشاد، هەڵاواردن و نایەکسانییەکانیان لە کۆمەڵگە و تەواویەتی نیزامی دیکتاتۆری مەزهەبی و سەرکوتکەردا بردە ژێر پرسیارەوە.