هاوکات دەگەڵ ٧٥ەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی مارسی ٢٠٢١ی زایینی بەرانبەر بە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆمیتەی سویدی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان، لهژێر ناوی ”مێژووی ههفتا و پێنج ساڵهمان، هاندهره بۆ بهردهوامیمان” بە ئامادە بوونی میوانان و بەشێکی زۆر لە ئەندامان و بەرپرسانی ڕێکخراوەکە بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و پاشان ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری کۆنفڕانس خاتوو ئاسكه ئهمینزاده بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا.
کۆنفڕانس بە فەرمی لە لایەن خاتوو شلێر حەسەنپوور ەوە بهخوێندنهوهی پهیامێك كرایهوه. بەڕێزیان لە پەیامەکەی دا پاش ئاوڕدانەوەیەک لە گرینگی و پێویستیی بەشداری ژنان و هەروەها پێویستیی دامەزراندنی رێکخراوەیەکی تایبەت بە ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لە لایەن پێشەوای نەمرەوە، ئاماژەی بە مێژووی دهستپێكی خهباتی ژنانی كوردستان لە رۆژههڵات کرد و ئەو خەباتەی بەسەر دوو قۆناغی سەردەمی کۆماری کوردستان و پاش شۆڕشی گەلانی ئێران دابەش کردبوو. هەر وەها باسی لەوە کردبوو كه ڕێکخراوەی ژنان لە قۆناغی دووهەمدا و لە ماوەی زیاتر لە چووار دەیە و لە کاتی دەستپێکردنەوەی خەباتی ژنان و سەرەڕای ئاوارەیی و ئەوەی کە چەندین جار تووشی سستی و دابڕان بووە، بەڵام ھەرگیز بەچۆک دا نەھاتووە، تهنانهت دوای شەھید بوونی دوو سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان شەھیدانی نەمر نەسرین حەدداد و سوھەیلا قادری، یەکیەتیی ژنان شێلگیرتر لە پێشوو ھاتۆتەوە مەیدانی خەبات و درێژەی بە تێکۆشان داوە. لە بەشی کۆتایی پەیامەکەدا هاتبوو کە به لهبهر چاوگرتنی زیاتر لە چل ساڵ خەبات، تا ئێستاش ژنان کەمتر لە بەڕێوەبەری سیاسی و رێکخراوەیی دا دەبیندرێن و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەرکی تاک تاکی ژنان بە گشتی و ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان بەتایبەتی ئەوەیە کە گرنگی زیاتر بەو پرسە بدهن و بە خۆێندن و خۆ پێگەیاندن ئەو کەلێنە پڕ کەنەوە.
بە دوای ئەو دا پەیامەکانی کۆمیتەی سویدی حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان لە لایەن کاک نەبەز عەلیدووست، یهكیهتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سوید لە لایەن خاتوو شەکیلا قۆیتاسی وکۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یهكیهتیی ژنانی دیمۆكراتی كوردستان لە لایەن خاتوو مەحبووب ڕەحیمی و هەر وەها پەیامی نێردراوی کۆمیتەی گشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بۆ کۆنفڕانس له لایهن خاتوو شیلان ساڵحی یەوە خوێندرانهوه.
پاشان ڕاپۆڕتی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی سویدی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە مەودای دوو کۆنفڕانسدا لە لایەن خاتوو لهتیفه جهباری بەرپرسی کۆمیتە، و هەروەها ڕاپۆڕتی ماڵی لە لایەن خاتوو كهژاڵ ئهحمهدی بهرپرسی بهشی ماڵی پێشکەش کرا. دواتر لەلایەن بەشداربووانەوە خسترایە بەر باس و پێداچوونەوە و دواتر پهسهند كرا.
بەشێکی دیکەی کۆنفڕانس تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر بەرنامە و پەیرەو و هەروەها دیاری کردنی دەستەی پێداچوونەوە و گۆڕینی بەرنامە و پەیرەو بۆ گونجاندنی خاڵە پێشنیارییەکان، کە دەنگی کۆنفڕانسی بۆ وەرگیرا.
لە بەشی كۆتایی كۆنفرانسدا خۆ بەربژێر کردنی ئەندامان بۆ کار لە کۆمیتەی داهاتوودا و هەڵبژاردنی چاودێری ماڵی و دەستەی ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسی داهاتوو بهڕێوه چوو و دهستهیهكی بهرێوهبهری نوێ پێكهاتوو له ٧ ئهندامی ئهسڵی و دوو ئەندامی جێگر بۆ بهرێوهبردنی ئهركهكانی كۆمیتهی داهاتوو هەڵبژێردران.
کۆنفڕانس پاش زیاتر لە پێنج کاتژمێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.