ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 2023/5/6 کۆنفرانسی ساڵانەی یەکیەتیی ژنان کومیتەی ستوکهۆڵم و دەوروبەری، بە بەشداری میوانان و ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان لە شارۆچکەی “شەرهۆڵمێن” بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆنفرانس بە سروودی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز لە شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان خاتوو “لەیلا محەمەدی” بەڕێوەبەری کۆنفرانس، لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە بەخێر هاتنی بەشداربووانی کرد و ڕێڕەوی کاری کۆنفرانسی پێشکەش کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆنفڕانسدا، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ستوکهۆڵم لە لایەن هاوڕێ “هەباس یاری” پێشکەش کرا. پاشان خاتوو “خەجیج ڕۆستەمی” بەرپرسی تەشکیلاتی ڕێکخراوە لە سوید، پاش خۆشحاڵی دەربڕین لە تێکەڵبوونەوەی ڕێکخراوەکەمان، هەندێک ڕوونکردنەوەی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە تەشکیلاتییەکان و هەروەها چەند بڕیاراتێکی نوێی سەبارەت بە ڕێکخراوەکە هێنایە بەر باس.
لە بەشێکی دیکەدا، خاتوو “گوڵاڵە شەرەفکەندی” باسێکی گشتی لەسەر شۆڕشی ژینا و بەتایبەتی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانەی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
بەشی دووهەمی کاری کۆنفرانس تەرخان کرابوو بۆ پێشکەش کردنی ڕاپۆرتەکانی ماڵی و کار و چالاکییەکانی کومیتە، کە لە لایەن بەرپرسی کومیتە خاتوو “ماپارە قەرەگۆلی”یەوە پێشکەش کرا و بە زۆربەی دەنگ لە لایەن ئەندامانی کۆنفرانسەوە پەسند کران.
بەشی کۆتایی کۆنفرانس تەرخان کرابوو بۆ هەڵبژاردن. لەو بەشەدا دەستەیەکی بەڕێوەبەری پێک هاتوو لە پێنج ئەندامی ئەسڵی و دوو ئەندامی جێگر بۆ کار لە کۆمیتەی نوێدا، دەنگی متمانەی کۆنفرانسیان وەرگرت.
لە کۆتاییدا “خەجیج ڕۆستەمی” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتی لە سوید، چەپکە گوڵێکی بۆ ڕێز لە هەوڵ و ماندوو بوونی خاتوو “ماپارە قەرەگۆلی” بەرپرسی کۆمیتە، پێشکەش بە ناوبراو کرد.
کۆنفرانس پاش زیاتر لە سێ کاتژمێر سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا