ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧/٢/٢٠٢٤ ی زاینیی یەکەمین کۆنفرانسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک، بە بەشداری میوانان و ئەندامانی ڕێکخراو بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆنفرانس بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان لە لایەن خاتوو “ئاڵا عەزیزی” بەڕێوەبەری کۆنفرانس، بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی کۆنفرانسی کرا و دەنگ بۆ بەشە جیاوازەکانی کۆنفرانس وەرگیرا. هەر لەو بەشەدا خاتوو “لەتیفە جەباری” بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس هەندێک بەرچاو ڕوونی دایە بەشداربووان و پاشان کۆنفرانس کارەکانی خۆی بە فەرمی دەست پێکرد.
بڕگەی یەکەمی کاری کۆنفرانس تەرخان کرابوو بۆ پێشکەش کردنی پەیامەکان. لەو بەشەدا پەیامی کۆمیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنان لە لایەن “لەتیفە جەباری” یەوە پێشکەش کرا.
سەرەتا خاتوو “لەتیفە جەباری” وێرای پیرۆزبایی گرتنی کۆنفراس، بەکورتی ئاوڕێکی لە خەباتی ژنان بە گشتی و ئەو ژنە سەرکردانەی کە بەدرێژایی مێژووی کورد ڕۆڵیان لە خەبات و تێکۆشان دژ بە هەڵاواردنی ڕەگەزیدا هەبووە، دایەوە و خەباتی ئەوانی بەرز نرخاند. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خاتوو لەتیفە تیشکی خستە سەر مێژووی کارو چالاکییەکانی یەکیەتیی ژنان لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی شار و شاخی بزووتنەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
پاشان کاک “بەها ئیبراهیمی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بلژیک ،پەیامی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتەی پێشکەش کرد.
لە کۆتایی ئەو بەشەدا کاک ” برایم خودامورادی” بەرپرسی کۆمەڵەی کولتووری زاگرۆسی لەو وڵاتە پێشکەش کرد.
لە برگەی دوهەمی کاری کۆنفراسدا، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی پێشوی یەکیەتیی ژنان لە لایەن خاتوو “ناسک نەسیری”یەوە پێشکەش کرا و بە تەواوی دەنگ لە لایەن کۆنفرانسەوە پەسەند کرا.
کۆتا بەشی کاری کۆنفرانس تەرخان کرابوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبەری نوێ. لەو بەشەدا دەستەیەکی بەڕێوەبەری ٥ کەسی، پێک هاتوو لە ٣ ئەندامی ئەسڵی و دوو ئەندامی جێگر بۆ کار لە کۆمیتەی نوێدا هەڵبژێردران.
لە کۆتا بەشی کۆنفراسدا خاتوو “ناسکە نەسیری” بەرپرسی پێشووی کۆمیتە، بە پێشکەش کردنی چەپکە گوڵ، سپاسی هاوکاری ئەندامانی کۆمیتەی پێشوو و هاوکارانی کۆمیتەی کرد.
کۆنفرانس پاش زیاتر لە ٤ کاتژمێر کۆتایی بە کارەکانی هێنا..