رۆژی دووشەممە رێکەوتی ۱۰ی رێبەندانی ۱٤۰۱ی هەتاوی، دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەی وەرزانەی خۆی بەرێوە برد.
سەرەتا، کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان کورد و کوردستان بە گشتی و شەهیدانی “شۆڕشی ژینا” دەستی بە کاری خۆی کرد و پاشان خاتوو شنە دروودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی سەبارەت بە شۆڕشی ژینا و نەخش و رۆڵی ژنان لەو شۆڕشە و هەروەها رەنگدانەو و دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە لە نێوخۆی ئێران بە گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی، پێشکەش کرد.
سکرتێری یەکیەتی ژنان، لە باسەکەیدا ڕۆڵی ژنانی کورد و بەتایبەتی دایکان و باوکانی شەهیدانی ئەو شۆڕشە شکۆدارەی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا کە، شۆرشی ژینا کە لەلایەن ژنانی کوردەوە سەریهەڵدا و پاشان لەلایەن نەتەوەی بوێری کوردەوە وەکوو دەرفەت قوسترایەوە و بوو بە شۆرشێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی کە سەراسەری ئێرانی تەنی و داخوازییە کەڵەکەبووەکانی بەشێکی هەرە زۆری خەڵکی بە شێوەی یەکدەنگ هێنایە سەر شەقام وئەوەش لە خۆیدا پەیامێکی نوێ و هیوابەخش بوو هەم بۆ نێوخۆی ئێران و هەم بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. پەیامێک کە بە ئاشکرا ڕایگەیاند شۆرشی ئەمجارە تەنیا تایبەت بە توێژێک نەبووە و نییە، بەڵکوو داواکارییەکانی سەرجەم نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران و تێکڕای توێژەکانی کۆمەلگایی ئێرانی ژن، کرێکار، پیاو، خوێندکار و ….. لەخۆدا پۆلێن کردووە.
شۆرشی ژن ژیان ئازادی، بەهۆی ئەوەی کە ژنان ئاڵاهەڵگر و رێکخەری بوون، هەر لە دەسپێکەوە هەتا ئیستا، چ لە ڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندانەکان، چ وەکوو دایک یان هاوژینی خەڵکی راپەریوی سەر شەقام و کۆڵانەکان، چ وەکوو کچ و خوشکی خۆپێشاندەرەکان، هاوکار و هاندەر بوون و هەن بۆ بەردەوام بوونی شۆڕش تا گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی و ژنی کورد لە شۆڕشی ژینادا، کاراکتەری سەرەکی و رۆڵی لیدەری مەیدانی بوو و هەر بۆیەش، بینیمان کە لە ژنانی پیرو وگەنج بگرە هەتا لاو و گەنجەکان، سەفی پێشەوە خۆپیشاندانییان چۆڵ نەکرد و تەنانەت شەهیدیشیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی و سەربەستی کرد. هەر ئەوانەش بوون کە لەلایەک دانایی و هۆشیاری ژنانی کوردستان و ئێرانی سەلماند و لەلایەک بۆ مافە ئینسانییەکانی خۆیان شۆڕشێکیان بەرپا کرد کە شۆڕشی مۆدێڕنی فەڕانسەشی خستۆتە ژێر سێبەری گەورەیی خۆی.
لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا بەڕێزیان بە ئاماژە بە پێشتیوانییە دەرەکییەکانی دونیای دەرەوە لەو شۆرشە، باسی لە ئەرکەکانی ڕێکخراوی یەکیەتی ژنان لە چەند مانگی داهاتوو کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەدا، خاتوو شنە دروودگەر پێداگری لەسەر رۆڵ و ئەرکی و پێگەی یەکیەتیی ژنان، وەک یەکەم ڕێکخراوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و ئەم مژارەش لەلایەن بەڕێزیان و تێکڕای ئەندامانی بەڕێوەبەرییەوە تاوتوێ کرا.
دواتر هەر کام لە هاوڕێیانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، لەسەر کۆی گشتی بابەتەکانی کۆبوونەوە و هەروەها کار و پلان بۆ داهاتووی کاری ڕێکخراوی یەکیەتی ژنان، ڕاو بووچوونی خۆیان هێنایە بەباس.