ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، بە بەشداریی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی دێرین و ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدانی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب، رێوڕەسمێک بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبی سوورخەڵاتان، تایبەت بە ژیاننامەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا بەڕێوە چوو.
ئەم ڕێوڕەسمە بە هاوکاریی ناوەندی ڕاگەیاندن و ناوەندی پەروردەی حیزب بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەی شەهیدان و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمدا، کاک کەریم پەرویزی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتیی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب، چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بەڕیز پەرویزی لە وتەکانیدا باسی لەوە کرد کە بونیاتنانی نیشتمان ئەو فکرەیە کە حیزبی دێموکرات لە پێناویدا کار دەکات.
ناوبراو لە قسەکانیدا پەرژایە سەر ڕووداوی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و وتی کە ئەم ڕووداوە جووڵەیەکی خستە نێو کوردستانەوە و تایبەتمەندیگەلێکی هەبوو کە نیشتمانێک لەسەریان بونیات دەنرێتەوە، ئیرادەیەک بۆ خۆسەلماندن لە تاکەوە بۆ کۆ و ئیرادەیەکی سیاسی کە لەگەڵ سەرکوت، دڕۆن و مووشەکباران، کیمیاباران وەجووڵە دەکەوێ و وتی کە بۆ سەلماندنی ئەو ئیرادەیە خوێن پێویستە.
بەڕێز پەرویزی ئاماژەی بە هێڵەکانی دیاریکردنی سنووری نیشتمانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوە خوێنی شەهیدانە کە سنووری نیشتمان دیاری دەکات.
لە بڕگەی دووهەمدا، خاتوو سۆما ناسری، ئامادەکاری کتێبی سوورخەڵاتان چەند وتەیەکی سەبارەت بە چۆنیەتیی دەسپێکردنی پرۆژەکە و هەروەها هۆکارەکانی دەسپێكردنی ئەم پرۆژەیە پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وێڕای دەستخۆشی لە هاوکاریی بنەماڵەی شەهیدانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ کۆکردنەوەی ژیاننامەی شەهیدەکان، سپاسی ئەو کەسانەی کرد بە هەر شێوازێک هاوکاریی ئەم پرۆژەیان کردووە.
بەڕێز ناسری لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە ژیاننامەی ١٤٠ شەهیدی بزووتنەوەی ژینا لەم سێ بەرگ کتێبەدا کۆ کراوەتەوە.
لە بڕگەی دواتری ئەم ڕێوڕەسمەدا، لەلایەن خاتوو خەدیجە پوورمەند هاوسەری شەهید عوسمان عوسمانی و خاتوو خەدیجە لاهیجانی هاوسەری شەهید لوقمان مێهفەرەوە پەردە لەسەر کتێبەکە لادرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، کتێبی سوورخەڵاتان بە شێوەی سەمبولیک و بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی شەهیدان، پێشکەش بە چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب کرا.