ڕۆژی یەکشەمە، ڕێکەوتی ۲۰۲۱/٥/۱٦، کۆمیتەی سویدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، وێبینارێکی کراوەی بۆ دوکتۆر ئالان فتووحی بۆ باس لەسەر پەتای کۆڤید-۱۹ و جۆرەکانی پێکوتەی کۆرۆنا، بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە، لە ڕێگای مایکرۆسۆفت تیمس ەوە پێک هێنا.
سەرەتای وێبینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و هەروەها قوربانیانی پەتای نەگریسی کۆرۆنا دەستی پێکرد.
پاشان خاتوو هاوناز کەریمی، بەڕێوەبەری کۆڕەکە، بە نوێنەرایەتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوید، بەخێر هاتنی بەشدار بووان بە گشتی و دوکتۆر ئالانی بە تایبەتی کرد و پاشانیش بە کورتی ئاوڕێکی لە سەر ژیانی کاریی دوکتۆر ئالان دایەوە و بە بەشدار بووانی ناساند.
پاشان دوکتۆر ئالان، باسەکەی خۆی لە دوو تەوەری جیاوازدا پێشکەش بە ئامادە بووان کرد.
لە تەوەری یەکەمدا، دوکتۆر ئالان باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر نەخۆشی کۆڤید-۱۹ و ڤایرۆسی کۆڕۆنا پێشکەش کرد و لە تەوەری دووهەمدا تیشکی خستە سەر جۆرەکانی پێکوتە دروسکراوەکانی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
جێگای ئاماژەیە کە هەر دوو بەشی باسەکە لە لایەن بەشداربووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
دوایین بڕگەی وێبینار، تەرخان کرابوو بۆ پرسیاری بەشداربووان کە لە لایەن دوکتۆر ئالانەوە بە وردی وەڵام درانەوە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-کۆمیتەی سوید