ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ٢٥ی نوامبری ٢٠٢٣، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، سێمینارێک لە لایەن کۆمیتەکانی دەرەوە و سویدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداری کۆمیتەکانی وڵاتانی نوروێژ، فینلاند، بلژیک و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنان، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەرانی سێمینارەوە خاتوو ئارەزوو حیسامی و خاتوو بێری محەمەدپۆر، بەخێرهاتنی میوانەکان کرا. پاشان بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاراستنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی گەل دەستی پێکرد.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا “سۆران عەلیپوور” باسێکی لەژێر نێوی توندوتیژی، دیسیپلین، دەسەڵات پێشکەش کرد.
ناوبراو لە بەشێک لە باسەکەیدا وتی: توندوتیژی شاراوە یا سیستماتیک لە ڕێگەی تێکنیکە نوێیەکانی دەسەلات هەوڵی کۆنترۆل کردن و ڕام کردنی جەستە و هزری مرۆڤ دەدات، لە وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران دا ئەو تێکنیکە نوێیە لەگەڵ شێوازە کۆنەکانی تووندوتیژی تێکهەڵکێش کراون و لە هەموو دامەزراوە و ساختاری سیاسی و ئیداری و ئابووری کۆمەڵگەدا کار بۆ تاقیکردنەوەی ئەو تووندوتیژیە دەکرێ. ژنانی نەتەوە بندەستەکان زیاتر لەژنانی ناوەند قوربانی تووندوتیژی دەوڵەتین، مامەڵەکردنی کۆلۆنیالیستانەی حکومەتە ناوەندیەکان لەگەڵ نەتەوە و بەشەکانی دیکەی ئێران دا مەودای تاقیکردنەوەی تووندوتیژیە شارەو سیستماتیکەکانی زیاتر کردووە..
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا وتی: هەڵاواردنی رەگەزی، نەتەوەیی، ئابووری و فەرهەنگی ژنانی کوردی لە ناوەندەکانی بڕیار، سیاسەت و کار دوورخستۆتەوە، ئەو تووندوتیژیە هاوکات لەگەڵ نەریتی باوکسالاری و بەهاو نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان دەرفەتی هەلسوکەوت و جووڵەی ئازادیان لە ژنان ستاندۆتەوە.
لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا “کیژان کەریمی” پارێزەر و یاساناس، لە روانگەی یاساییەوە باسی توندوتیژی دژی ژنان کرد و بە پشت بەستن بە هەندێک بەڵگە و داتا ئاماژەی بە ڕێژەی زۆری توندوتیژی بەرانبەر ژنان و توندوتیژی خێزانی کرد. ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە چۆنیەتیی باسکردن و هەروەها قۆناغەکانی بەدواداچوونی توندوتیژی لە بواری یاساییەوە کرد.
بەشی سێهەمی سێمینار تەرخان کرابوو بۆ “د.سۆزان فەتحی” و باسێک لەژیر ناوی کاریگەری توندوتیژی داگیرکەر لەسەر تەندروستی ژنان.
ناوبراو بەگشتی باسی لەو کێشآنە کرد کە بە هۆی توندوتیژییەوە، لەباری کۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە بەرەوڕووی ژنان دەبنەوە و وتی: ئەو ژنانەی کە شەڕیان بینیوە و لە شەڕدا ژیاون، ناڕاستەوخۆ توندوتیژییان بەرانبەر کراوە و زۆربەیان تووشی کێشەی جەستەیی وەک دڵە کوتێ، ژانی ئێسک و ماسوولکەکان، پەستانی خوێن، سەرئێشەی بەردەوام و لە بواری دەروونییەوە بە بەردەوامی تووشی دڵەڕاوکێ، بە بەردەوامی هەست بە ترس کردن، هەست بە تاوانباری، باوەڕبەخۆ نەبوون، بێخەوی یا کەمخەوی، خەونی ناخۆش، بێتاقەتی و لەکۆتاییدا خەمۆکی دەبن وزۆر جارانیش بۆ دەرباز بوون لەو کێشانە پەنا بۆ مادە هۆشبەرەکان دەبەن و پاڵپشتیی کەسانی دەوروبەری بە یەکێک لە کاریگەرترین چارەسەر زانی.
د.سۆزان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی باو لە نێو کۆمەڵگا بەگشتی و ژنان بە تایبەتی ونیشانەکانی و هەروەها ڕێگا چارەسەرییەکانیان کرد.
جگە لەو باسانەی سەرەوە، خاتوو “ناهید حسەینی” لە چەند بڕگەی جیاوازدا و بە پشکەشکردنی چەند پارچە هۆنراوە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕۆژەدا و “ئارەزوو حیسامی” بە پێشکەش کردنی سەمایەک بە نێوی “ڕاوەستان” سێمینارەکەیان ڕازاندەوە.
لەو سێمینارەدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند، لە لایەن کۆڕگێڕانەوە، بە گشتی تیشک خرایە سەر توندوتیژی و لایەنە جیاوازەکانی و، کاریگەرییەکانی لە سەر کۆمەڵگا بە گشتی و تاکەکان بەتایبەتیی، و بوو بە جێگای ڕەزامەندی بەشداربووان.