دوانیوەڕۆی شەممە ٨ی مارسی ٢٠٢٥ی ز. لە هۆڵی ڕەوشنبیری کۆیە بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نیونەتەوەیی ژنان لەلایەن ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کومیتەکانی سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (زاگرۆس، قەندیل و گیاڕەنگ) و ڕێکخراوی ڕەوشنبیری کۆیە و بەشداری بەشێک لە ژنانی ئەندامی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنان و کۆمەڵیک لە هاوڕێیانی باشووری کوردستان سیمینارێک بۆ بەڕێزان خاتوو شەونم هەمزەیی کادری حیزبی دێموکرات و مامۆستای مەدرسە لە ژێر باسی “بزووتنەوەی ژنان و بەهاكانی ژیان” و بەڕێز سۆران باریکە مامۆستای زانکۆ لە ژێر باسی “ڕۆڵی ژنی كورد لە مێژوو دا: خەبات، سەركردایەتی ، خۆڕاگی” پێک هێنا.
سەرەتای سیمینارەکە بە خولەکێک بیدەنگی بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو ژنانەی کە لە پێناو ماف و ئازادی خۆیان و هاوڕەگەزەکانیان و بەتایبەت ژنانی کورد بە پێوە وەستان.
لە دوایی دا پێشکەشکار خاتوو سۆلاڤ قادری دوای بەخێهێنانی بەشداربوان و ناساندنێکی کورتی کۆڕگێڕەکان داوای لە هەردووک بەڕێز خاتوو شەونم هەمزەیی و بەڕێز سۆران باریکە کرد تا بۆ پێشکەشکردنی
باسەکەیان بچنە سەر سێن.
خاتوو شەونم هەمزەیی لە باسەكەیدا سەبارەت بە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، بە ئاوڕدانەوەیەكی كورت لە قۆناغەكانی ئەم بزووتنەوە لە ڕابردوودا باسی لەوە كرد كە ئەم بزووتنەوەیە ڕەوتێكی مێژوویی تێپەڕاندووە تا گەیشتن بە وێزگەی بزووتنەوەی ژینا. هەروەها ئاماژەی بەوش كرد ئەم بزووتنەوەیە پاشخانێکی دوورودرێژی هەیە و ئاوا ئاسان بەدەست نەهاتووە. خەباتی زۆری بۆ کراوە، قوربانیی زۆری داوە و قۆناغی ئەستەمی تێپەڕ کردووە و لە ڕێڕەوێکی مێژووییدا، گەشەی کردووە.
لە بەشێكی دیكەی باسەكەیدا خاتوو هەمزەیی سەبارەت بە بزووتنەوەی ژینا، باسی لەوە كرد كە ئەو بزووتنەوەیە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، هەڵگری کۆمەڵێک بەهای بەرزی ئینسانییە، لەوانە یەکسانی، ئازادی، مەسەلەی جێندەری و هەڵاواردن و ستەم و بندەستیی تاک و کۆ و لە هەمووی گرینگتر بەهادانیەتی بە ستانداردی ژیانێکی سەردەمیانە بۆ تاکی ئیسنان و مرۆڤەکان بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە.
لە درێژەی باسەكەیدا خاتوو شەونم بە وروژاندنی پرسیارێک كە کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ژینا چ پەیوەندییەکی بە باسەکانی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە هەیە؟ وتی: ڕەنگە لە یەک ڕستەدا، وەڵامێکی گشتیی بەم پرسیارە ئەوە بێت کە تەنیا پێوەر یان پێوەری سەرەکیی بۆ هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی پرۆگرام و بەرنامەی سیاسیی سەرجەم ئەو هێزانەی کە دروشـمی ئازادی و مافەکانی ژنانیان هەڵگرتووە، ڕادەی دوور و نزیکبوونیانە لە بەهاکانی “ژن، ژیان ئازادی” کە خۆی وەک بەربڵاوترین و کاریگەرترین بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جیهانی سەردەم لە شانۆی گۆڕانکارییەکانی ئێران و کوردستاندا، سەلماندووە.
دواتر بەڕێز سۆران باریکە باسەکەی بەو شێوازە دەست پێکرد:
٨ی مارس وەک بۆنەیەكی جیهانی بە سیمبولی خۆراگری و خەباتی ژنان دەناسرێت كە لەم ڕۆژەدا زۆر وڵات وەک پشوویەكی فەرمی و هەندێک وڵاتیش وەک ڕۆژێک بۆ گردبوونەوە و ناڕەزایەتی لە هەمبەر مافەكانی ژنان سەیری دەكەن.
بەڵام بۆ ژنی كورد ئەم ڕۆژە هەڵگری گرینگییەكی مێژووی و سیاسی و قووڵە. بە درێژایی سەدەكان، ژنانی كورد بە شێوەی چالاكانە بەشدارییان لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتی و سەربازی و سیاسییەكان كردووە و سەرپێچییان لە نۆڕمەكانی پیاوسالاری كردووە خەباتیان كردووە بۆ مانەوەی نەتەوەكەیان و بۆ ڕزگاربوونی خۆیان.
ژنی كورد لە دووڕێیانی هەردوو بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەوەیی و خەباتی یەكسانی جێندەری ڕاوەستاون. بە پێچەوانەی زۆریەک لە كۆمەڵگە پیاوسالارەكانی ناوچەكە، ژنی كورد دەرفەتی مێژوویی بۆ بەشداریكردن لە ڕۆڵی سەركردایەتی و خەباتی سەربازی و بزووتنەوە فكرییەكان هەبووە. لە ژنە ئەفسانەییەكانی سەدەی ناوەڕاست تاكوو شۆڕشگێرانی هاوچەرخ. بۆیە ژنانی كورد بەردەوام لە پێشەنگی دارشتنی مێژووی كورد بوون.
بەڕێز باریکە ئاوا درێژەی بە باسەکەی دا و گوتی: نموونەی بەرچاویش دەتوانین ئاماژە بە عادیلە خانم حاكمی هەلەبجە و ئەسما خانی دایكی میر مەحمودی بابان و دەیڤا خاتوونی حاكمی حەلەب و خانزادی میری سۆران و دڵمان خاتوونی ئەردەڵان و ژنانی تەلار سازی ئەیوبی و قەدم خێر خانمی شۆڕشگێڕ و هەروەها هەموو ژنانی پێشەنگی كورد لە سەدەی بیستەم دا بكەین كە لە جڵەوی خەباتی شۆڕشگێڕانی كورد لە هەرچوارپارچەی نیشتماندا ڕۆڵیان هەبوو تاكوو گەیشتە قۆناغێک كە بە بزووتنەوەی ژینا ناسراوە.
دواترسێمینارەکە بە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئامادەبووان کۆتایی پێ هات.






