ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەمە (٨ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی)، خۆپیشاندانێک بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە شاری ئارهوسی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.
ئەم خۆپیشاندانە کە وێڕای ڕێزگرتن لە ڕۆژی ٨ مارس، بە مەبەستی پشتگیریکردن لە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازیی ژنانی کورد و بە بەشداریی بەرچاوی کوردەکانی نیشتەجێی دوورگەی یوولەند لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو، سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێ کرد.
دواتر خاتوو “سۆلڤیا مونک” چالاکی ڕێکخستنی خاچی سوور لە وڵاتی دانمارک پەیامێکی بە زمانی دانمارکی بە بۆنەوە پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم خۆپیشاندانەدا خاتوو شەبنەم مامەند، ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس و پشتگیری لە خەباتی ژنانی کوردستان، پەیامێکی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد.
خۆپیشاندەران بە دانی دروشمی یەکسانیخوازی، پشتگیریی خۆیان لە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازیی ژنانی کورد دووپات کردەوە.








