ھەموو ساڵی یەكەم شەممەی مانگی نوامبر، لە هۆڵی نموونەی (نۆروێژ كولتوور سەنتەر )لەشاری لیلەسترۆم بەرنامەی كولتوورمیكس واتا فستیڤاڵی تێكەڵاوی دەیان نەتەوە بەڕێوە دەچێت.
بەرنامەکانی ئەم ساڵ بەھەڵپەركێ و سەما وخواردنی جۆراجۆر و زۆر بابەتی دیكە بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠٠ كەس بەڕێوەچوو.
لە بەرواری ( ٢٠٢٢/١١/٥) یەكیەتی ژنانی دیموكراتی كوردستانی ئێران ،وەك ھەمووساڵێک چالاكانە بەشداری ئەم فستیڤاڵی کرد.
ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و ژنانی کوردی بەشدار لەم فسیڤاڵە لە جێی ئەوە ھەڵپەركێ بکەن لەم ئاهەنگەدا، بە پشتگیری کردن لەشۆرشی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ژنانی کورد بە جلوبەرگی ڕازاوەی كوردیەوە چوونە سەر سەتیج و سەرپۆشەکانیان بەرزكردەوە و بەچەند زمانی جیاواز درووشمی،(ژن ،ژیان ، ئازادی)یان کوتەوە کە لەگەڵ پێشوازی زۆر گەرمی ھەموو بەشداران کەلەم هۆڵەدا ئامادە بوون بەرەورو بوونەوە.
لەلایەكی دیكە شوێنی خواردن بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان رازابۆوە، ژمارەیەكی یەک جار زۆر لە میوانەکان بە خواردنی كوردی پەزیراییان لێكرا. كچ و كوڕێک کە بە ڕەچەڵەک کورد و بنەماڵە پێشمەرگە بوون بەناوەکانی (سۆما باختە و شاھین حاجی ئەحمەدی) بەجلو بەرگی كوردی بە زمانی پاراوی نۆروێژی بەرنامەی دوو كاتژمێریان بەڕێوە برد.
دیارە خەڵكی نەتەوەكانی دیكەش بە هەڵپەرکە وسەماو گۆرانی کەلتووری خۆیان، بەرنامەكەیان زیاتر ڕازاندەوە و چەند بەرنامەیەكیش بۆ منداڵانی قۆتابخانەكان دیاری كرابوو.
بەرنامەكە كاتژمێر١٢:٠٠ دەستی پێکرد و تا ٤ی ئێوارە درێژەی هەبوو.