لە درێژەی کار و چالاکییەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان – کومیتەی سوئێد
رۆژی یەک شەممە رێکەوتی ۲۰٢٠/٦/٢٨ یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان، وێبینارێکی بۆ “بەیان کەریمی” بە بەشداری زۆربەی ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە پێکهێنا.
سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری وێبینارەکە “خەجیج رۆستەمی”، یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بەتایبەتی دوو سکرتێری یەک لە دوای یەکی ڕێکخراوەکەمان، شەهیدان “سوهەیلا قادری و نەسرین حەداد” ڕاگەیێندرا و جارێکی دیکە پەیمانیان لەگەڵ نوێ کرایەوە.
دواتر “خەجیج رۆستەمی” لە لایەن بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی سوئێد، پاش بەخێرهێنانی بەشداران، بە تایبەت “بەیان کەریمی”، کورتەیەکی لە سەر کەسایەتی ناوبراو و هەروەها شێوەی کاری وێبینارەکە باس کرد.
باسەکەی “بەیان کەریمی” بە گشتی لە سەر فێمنیزم بوو کە سێ بەشی لە خۆ گرتبوو. پێوەندی فێمنیزم و بزووتنەوەی دژی کڵۆنیالیزم، ژن و کڵۆنیالیزم و ژن لەگەڵ فێمنیستی باڵادەست.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕەخنەی فێمنیستی سەبارەت بە پێوەندی ژن و ناسیۆنالیزم لە لایەکەوە و هاوکات ئەزموونی ژن لە پرۆسەی ژێردەستی نەتەوەیی یا خود کۆلۆنیالیزم و هەروەها هەلوێست یان بەرپرسیایەتی فێمنیزم لە دووبارە نووسینەوەی مێژووی ژنی کورد لە دوو ڕێیانی نێوان ژێردەستی نەتەوەیی و ستراکتۆری پیاوسالارانەی بزووتنەوەی نەتەوەیی.
جێگای ئاماژەیە باسەکەی “بەیان کەریمی” لە لایەن بەشداربوانی وێبینارەکەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا و ئامادەبووان بە تێبینی و ڕا و بۆچوون و پرسیارەکانیان چالاکانە بەشدار بوون و باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.