توێژەر: باوکی ئەوین
پوختە
خۆبژێوی ئابووری ژنان، وەک یەکێک لە پێکەاتە سەرەکییەکانی گەشەسەندنی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی کوالیتی ژیانیان. ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاریگەری خۆبژێوی ئابووری ژنان لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان لە ئێران دەکۆڵێتەوە، بەگرینگیدانێکی تایبەت بەناوچەی کوردستان، بەکەڵکوەرگرتن لە داتای ئاماری هەنووکە و شیکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە چالاکییە ئابوورییەکان. ئەم لێکۆڵینەوەیە پێشان دەدات کە خۆبژێوی ئابووری نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی سەربەخۆیی دارایی ژنان بەڵکو دەبێتە هۆی بەشداریکردنیان لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانی جێندەری و بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. دەرەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کوردستان سەرەڕای بەربەستە کولتووری و ئابوورییەکانی، ژنان بە گەیشتن بە خۆبژێوی ئابووری توانیویانە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتەکانیان هەبێت.
وشەی سەرەکی: خۆبژێوی ئابووری، گەشەپێدانی مرۆیی، سەربەخۆیی دارایی
پێشەکی
ژنان وەک نیوەی دانیشتووانی هەر کۆمەڵگەیەک ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. خۆبژێوی ئابووری کە ئاماژەیە بۆ توانای ژنان بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی خۆیان و خێزانەکەیان بەبێ پشتبەستن بە کەسانی دیکە، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بەهێزکردن ناسراوە (UN Women, 2020).
لە ئێران سەرەڕای پێشکەوتن لە بوارەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی لە ماوەی دەیانساڵی ڕابردوودا، بەشداری ئابووری ژنان هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە . بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران (٢٠١٦) ڕێژەی بەشداری ئابووری ژنان لە سەرانسەری وڵاتدا تەنیا لەسەدا ١٥.٩ بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەلێنێکی قووڵ بە بەراورد لەگەڵ پیاوان (ناوەندی ئاماری ئێران، ٢٠١٦).
ئەم دۆخە لە ناوچە نەتەوەیی و کەم پێشکەوتووەکانی وەک کوردستان زیاتر ئاڵۆزترە، بە هۆی بوونی پێکهاتەی نەریتی و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەڕچاوەکان و نایەکسانییە پێکهاتەیی و سیاسییەکان. خۆبژێوی ئابووری نەک هەر سەربەخۆیی دارایی ژنان بەهێز دەکات بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی بەشداریکردن لە کایە کۆمەڵایەتییەکان و کەمبوونەوەی نایەکسانی جێندەری و باشتربوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. ئەم نووسینە بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی خۆبژێوی ئابووری ژنان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان و شیکردنەوەی ئەم بابەتە و هەوڵ دەدات نیشان بدات کە چۆن ئەم خۆبژێوییە دەتوانێت گۆڕانکاریی ئەرێنی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دروست بکات. لەم ڕووەوە ڕۆڵی فاکتەری کولتووری و ئابووری و سیاسەتیش لەبەرچاو دەگیرێت.
ڕوونکردنەوەی پرسیار :
بەشداریی ئابووریی ژنان لە ئێران بەتایبەت لە ناوچە کەم پێشکەوتووەکانی وەک کوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە کە خۆبژێوی ئابوورییان کردووەتە تەحەددایەکی گەورە . بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران (٢٠١٦) ڕێژەی بەشداری ئابووری ژنان لە سەرانسەری وڵاتدا تەنیا لە سەدا ١٥.٩ یە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ پیاوان لە سەدا ٦٣.٥ یە (ناوەندی ئاماری ئێران، ٢٠١٦).
ئەم بۆشاییە جێندەرییە ڕەنگدانەوەی ئەو سنووردارکردنە بەربڵاوانەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتە ئابوورییەکان . لە کوردستاندا ئەم بابەتە بەهۆی پێکهاتە نەریتییەکان و پشتبەستنی ئابووری بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و نەبوونی ژێرخانی گەشەپێدان توندترە.
شەریفی و هاوکارانی (٢٠١٠) لە توێژینەوەیەکدا دەریانخستووە کە تەنیا لەسەدا ٢٥ی ئەو ماڵانەی کە ژنان سەرپەرشتی دەکەن لەم ناوچەیەدا خاوەنی سەرچاوەی بەرهەمدارن، ئەمەش خۆبژێوی ئابوورییان بەتوندی سنووردار دەکات. جگە لەوەش، هەڵاواردنی جێندەری، نەبوونی ڕاهێنانی پیشەیی و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکانیش، لەو هۆکارانەن کە ڕێگری لە ژنان دەکەن کە درک بە بەهێزکردنی ئابووری خۆیان بکەن. ئەم دۆخە نەتەنیا کاریگەریی لەسەر سەربەخۆیی دارایی ژنان هەیە بەڵکو بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی و بە شداریکردن لە بڕیاردانی خێزانی و کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانی جێندەریشی هەیە. پرسیاری سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە چۆن خۆبژێوی ئابووری دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ژنان لە ئێران و بەتایبەت کوردستاندا هەبێت و چ ڕۆڵێکی هەیە لە باشترکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانی؟
ئەم نووسینە هەوڵ دەدات بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و ڕێگەچارە بۆ بەهێزکردنی خۆبژێوی ژنان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان دابین بکات.
پێشینەی توێژینەوە:
چەندین لێکۆڵینەوە ڕۆڵی ژنانیان لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تاوتوێ کردووە:
-شەریفی و هاوکارانی (٢٠١٠) لە توێژینەوەیەکدا لە پارێزگەی سنە دەریانخستووە کە خۆبژێویی ئابووریی سەرپەرشتیاری ماڵ ژنەکان، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زیادبوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە بەرهەمدارەکان و پەروەردەوە هەیە (شەریفی و هاوکارانی، ٢٠١٠).
– سەفاری شالی (٢٠٠١) جەخت لەسەر ڕۆڵی بەهێزکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی ژنان لە گەشەپێدانی بەردەوامدا دەکاتەوە و دەڵێت بەشداری ژنان لە چالاکییە ئابوورییەکان دەتوانێت نایەکسانی جێندەری کەم بکاتەوە.
– لەسەر ئاستی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Women, ٢٠١٠)لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆبژێوی ئابووری ژنان نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی بژێوی خێزانەکان، بەڵکو بەشداریکردنیان لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتیدا بەهێزتر دەکات.لە ئێران سەرەڕای هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی جێندەری، بەربەستە پێکهاتەیی و کولتوورییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەم ئامانجە بەتەواوی بەدیبهێنرێت.
زانیاریی ئاماری:
بەپێی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی ٢٠١٦ی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی بەشداری ئابووری ژنان لە سەرتاسەری وڵاتدا ١٥.٩ لەسەد بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ جیاوازییەکی قووڵی ڕەگەزی بە بەراورد لەگەڵ پیاوان (٦٣.٥ لەسەد). لە کوردستان ئەم ڕێژەیە بە هۆی پێکهاتە تەقلیدییەکان و پشتبەستنی ئابووری بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە تەنانەت کەمترە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی شەریفی و هاوکارانی (٢٠١٠)، تەنیا لەسەدا ٢٥ی ئەو ماڵانەی کە ژنان سەرۆکایەتی دەکەن، خاوەنی سەرچاوەی بەرهەمهێنانن، لەکاتێکدا لەسەدا ٤٠ی دیکە خاوەندارێتییان سنووردارە. هەڕوها ڕاپۆرتی ئیندێکسی جیهانی بۆشایی جێندەر (کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، ٢٠٢١) ئێرانی لە کۆی ١٥٦ وڵات لە پلەی ١٥٠دا داناوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دۆخی نالەباری بەشداریی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیندێکسی جیهانی ئێران لە ڕیزبەندی ١٥٠هەمین لە نێوان ١٥٦ وڵاتدا لە ڕووی جیاوازی ڕەگەزییەوە
چارتی یەکەم: بەراوردکردنی ڕێژەی بەشداریی ئابووری لە نێوان ژنان و پیاوان لە ئێران (٢٠١٦).
خشتەی: پێوەرەکانی خۆبژێوی ئابووری ژنان لە ئێران و کوردستان
ناوەندی ئاماری ئێران-١٤٠٢ | ١٠٠٢٪ | ١٤٠٩٪ | ڕێژەی بەشداری ئابووری ژنان |
ناوەندی ئاماری ئێران -١٣٩٥ | ٧٠٪ | ٦٠٪ | ڕێژەی سەدی ئەو ژنانەی کە لە کەرتی نافەرمیدا دامەزراون |
ناوەندی ئاماری ئێران -کوردپا-١٤٠٢ | ٢٠.١٪ | ١٧.٣٪ | ڕێژەی بێکاری ژنان |
شەریفی و هاوکارانی -١٣٨٩ | ٢٥٪ | ٣٠٪ | خاوەندارێتی سەرچاوە بەرهەمدارەکان |
ناوەندی ئاماری ئێران – ١٣٩٥ | ٢٨٪ | ٣٥٪ | ڕێژەی سەدی ماڵە خۆبژێوەکان کە ژنان سەرۆکایەتی دەکەن |
وەسفکردنی خشتەکە:
ڕێژەی بەشداری ئابوری ژنان: لە ئێران ئەم ڕێژەیە لە پاییزی ساڵی ١٤٠٢دا گەیشتە ١٤.٩٪ (ناوەندی ئاماری ئێران، ١٤٠٢)، بەڵام لە کوردستان بە هۆی داتا کۆنەکان و بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە، پێدەچێت کەمتر بێت و ئامارەکانی ١٣٩٥ (١٠.٥٪) بەکارهێنراون.
کەرتی نافەرمی: ژنان لە کوردستان زیاتر چالاکن لە کەرتی نافەرمی (وەک کشتوکاڵ و کاری ناوماڵ) بەهۆی سنوورداربوونی بازاڕی کاری فەرمی.
خاوەندارێتی لە سەرچاوە بەرهەمهێنەرەکان: ئەمە ئاماژەیە بۆ ئاستی دەستڕاگەیشتنی ژنان بە کەرەستەی ئابووری وەک زەوی یان سەرمایە، کە لە کوردستان لە تێکڕای نیشتمانی کەمترە.
ڕوونکردنەوە: ئەم گرافە پێشان دەدات بەشداریی ئابووری ژنان لە کوردستاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمترە لە تێکڕای نیشتمانی، ئەمەش دەکرێت پەیوەندی بە کۆت و بەندە کولتووری و ئابوورییەکانی هەرێمەوە هەبێت.
هێڵکاری دووەم – پشکی ژنان لە خاوەندارێتی لە سەرچاوە بەرهەمهێنەرەکان لە ئێران و کوردستان
ڕوونکردنەوە:
ئەم هێڵکارییە دابەشبوونی خاوەندارێتی سەرچاوە بەرهەمدارەکان لە نێوان ژنانی کوردستاندا پێشان دەدات کە بەشێکی زۆریان دەستڕاگەیشتنیان بەو سەرچاوانە سنووردارە.
هێڵکاری سێیەم: ڕێژەی بێکاری ژنان (ئێران و کوردستان)
ڕوونکردنەوە:
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە کوردستان ئاماژەیە بۆ بەربەستی گەورەتر لەبەردەم خۆبژێوی ئابووری ژنان لەم هەرێمەدا.
شیکردنەوەی ڕۆڵی خۆبژێوی ئابووری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا:
خۆبژێوی ئابووری ژنان لە ئێران و کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیان هەیە
١: سەربەخۆیی دارایی: ئەو ژنانەی کە خۆبژێوی ئابووری بەدەست دەهێنن، دەسەڵاتی بڕیاردانیان زیاترە لە خێزان و کۆمەڵگاکانیاندا. لە کوردستان ئەمە یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پێکهاتە پیاوسالارییە تەقلیدیەکان.
٢: کەمکردنەوەی نایەکسانی جێندەری: بەشداری ئابووری ژنان بەتایبەتی لە چالاکییە بەرهەمدارەکاندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جیاکاری و زیادبوونی یەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان.
٣: پتەوکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی: لە کوردستاندا ئەو ژنانەی کە چالاکن لە بازرگانییە نێوخۆییەکان یان کشتوکاڵدا، بە دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەشداری دەکەن لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەی نێوخۆیی (تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ٢٠٢٢).
شیکاری و گفتوگۆ :
خۆبژێوی ئابووری ژنان لە ئێران و کوردستاندا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیان هەیە.
یەکەم: ئەم خۆبژێوییە سەربەخۆیی دارایی زیاد دەکات و پشتبەستنی ژنان بە پیاو کەم دەکاتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا هێزی بڕیاردانیان لە خێزان و کۆمەڵگادا بەهێزتر دەکات. لە کوردستان ژنانی گوندنشین کە بەشداری چالاکیی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی دەکەن، توانیویانە بە بەدەستهێنانی داهاتێکی سەربەخۆ ڕۆڵێکی چالاکتر لە کۆمەڵگە نێوخۆییەکان بگێڕن.
دووهەم: خۆبژێوی ئابووری یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی جێندەری؛ بەجۆرێک کە ئەو ژنانەی کە لە ڕووی داراییەوە خۆبژێوییان هەیە، کەمتر بەرەوڕووی توندوتیژی خێزانی و هەڵاواردن دەبنەوە (کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ٢٠٢٣).
سێیەم: ئەم بەهێزکردنە دەبێتە هۆی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، بەو پێیەی ژنان، بە بەشداریکردن لە ئابووری نێوخۆییدا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکەن و بەشداری دەکەن لە گەشەپێدانی بەردەوامی ناوچەکەدا.
بەڵام بەربەستەکانی وەک نەگەیشتن بە ڕاهێنانی پیشەیی، قەرزی بانکی، ژێرخانی ئابووری و سیاسی لە کوردستان بەردەوامن لە سنووردارکردنی خۆبژێوی ژنان. ئەو سیاسەتانەی کە سەرنجیان لەسەر بەهێزکردنی ئابوورییە، وەک دابینکردنی قەرزی کەم سوود و بەرنامەی پەروەردەیی، دەتوانن ئەم بەربەستانە کەم بکەنەوە.
خۆبژێوی ئابووری ژنان لە ئێران و بەتایبەتی کوردستان نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی دۆخی داراییان، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ لە باشترکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانی جێندەری و پتەوکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕێت. سەرەڕای پێشکەوتنی ڕێژەیی، پێویستە گرنگی زیاتر بە لابردنی بەربەستە کولتووری و ئابوورییەکان بدرێت. پێشنیار دەکرێت حکوومەت و دامەزراوە نێوخۆییەکان ڕێگە خۆش بکەن بۆ ئەوەی ژنان بە وەبەرهێنان لە پەروەردە و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان و ڕەخساندنی هەلی کارکردنی یەکسان بە خۆبژێوی زیاتر بەدەست بهێنن.
سەرچاوەکان:
1. ناوەندی ئاماری ئێران. (٢٠١٦). سەرژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێبوون.
2. شەریفی، محەمەد ئەمین و ەاوکارانی. (٢٠١٠).دیاریکردنی ەۆکارەکانی کاریگەری لەسەر خۆبژێوی ژنە سەرۆک ماڵەکان (توێژینەوەی کەیسی پارێزگای کوردستان)”. توێژینەوە دەروونییە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان، 8(4)، 121-141
3. سەفاری شاڵی، ڕەزا. (٢٠٠١).ڕۆڵی بەەێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان لە گەشەپێدانی بەردەوامدا. 4. ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان. (٢٠٢٠). “بەەێزکردنی ئابووری ژنان.
5. کۆڕبەندی ئابووری جیەانی. (٢٠٢١).ڕاپۆرتی جیەانی بۆشایی جێندەری.
6. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.(٢٠٢٣). شیکارییەک بۆ ئاماری خۆکوشتن و کوشتن بۆ ژنان لە کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢”.