ڕۆژی یەکەم و سەرەتای کۆبوونەوە بە وتارێک لەلایەن “دریس لەشکەر” سەرۆکی پارتی یەکیەتیی سوسیالیستی هێزە جەماوەرییەکان، بەفەرمی دەستی پێ کرد. ناوبراو لە بەشێک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە چەند خاڵی گرینگ کرد و وتی: ئافریقا تەنیا قاڕەیەکی دوورکەوتوو نیە، بەڵکوو ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگەی جیهانییە و هەموو کێشەکانی دونیا کارتێکەری لە سەر ئەفریقاش دەبێ. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە کێشەی ژینگە، پەنابەری، هەژاری و شەڕ کرد و وتی کە ئەوانە کێشەگەلێکن کە هەموو جیهان دەگرێتەوە و تایبەت بە بەشێکی دیاریکراو نییە.
دواتر “شانتاڵ کامبیوا” وێڕای بەخێر هێنانی بەشدار بووان، چەند وتەیەکی لە پێوەندی لە سەر شێوەی بەڕێوەچوونی کاری کۆبوونوە پێشکەش کرد. هەر بەدوای قسەکانی شانتال، “پێدرۆ سانچێز” سەرۆکی (SI) کە هاوکات سەرۆک وەزیرانی ولاتی سپانیاشە، باسێکی تێرو تەسەلی لەسەر شەڕ، ژینگە و پەنابەر، پێشکەش کرد و وتی: ئەم دونیایە کە ئەمڕۆ تێدا دەژین دونیایەکی جیاوازە و بە دەست چەند کێشەگەلێکی گەورەوە وەک شەڕ، ژینگە و پەنار دەناڵێنێ و ئاماژەی بە شەڕی ئۆکراین کرد کە هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە. هەروەها لە سەر شەری غەزە داوای ئازادکردنی بارمتەکانی کرد و پێیوابوو دەبێ حەماس و ئیسرایل بەیەکەوە هەوڵ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بدەن و وەک ڕێگا چارەیەک پێشنیاری هەبوونی دوو دەوڵەتی لە تەنیشت یەکتر کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی گرووپە ڕاستڕۆ توندئاژۆکان وەک گرفتێکی سەرەکی کۆمەڵگەی سیاسی لەوڕۆدا کرد و وتی کە بەشێکی زۆر لەو گرووپانە بیری رئاسیستییان هەیە و بە شێوەیەک دژی مافی ژنان و دادپەروەری کۆمەڵایەتین و مەترسییەکن بۆ سەر هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە تائێستا بەدەست هاتوون و لەمڕۆدا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگەی سیاسین و پێی وابوو کە ئێس ئای تریبوونێکی گەورەیە بۆ ڕووبە ڕووبونەوە لەگەڵ ئەو دیاردەیە و پێویستە کە خۆمانی بۆ ئامادە کەین و جەختی لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئەو ڕێکخراوەیە کردەوە. پاشان ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراو لە نێوان دوو کۆبوونەوەدا بە ویدیۆ پێشان درا.
هەر لەم کۆبوونەوەدا “گوڵاڵە شەرەفکەندی” جێگر سکرتێری ژنانی سوسیالیست ئینتێرناسیۆناڵ باسێکی لە سەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا پێشکەش کرد و وتی کە کۆماری ئیسلامی بە دروست کردنی ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی وەک حەماس، حیزبوڵا، حەشدی شەعبی و حوسییەکان، خەرێکی ئاژاوە نانەوە لە ناوچەکەدایە. لە بەشێکی دیکە لە باسەکەیدا وتی: داوا دەکەین کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی چی دی پاڵپشتی لە ئێران نەکات و گوێ لە ویست و داخوازیەکانی خەڵک و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران ڕاگرێ و لەو پێوەندییەدا هەڵوێستییان هەبێ. خاتوو شەڕەفکەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دەور و کاریگەری کورد کرد و وتی کە کورد هەمیشە سەلماندوویانە کە هێزێکی گەورن و دەتوانن بەرەیەکی باش لەو ناوچەدا لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان پێک بێنن. هەر لەو کۆبوونەوەدا پەیامی هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن “دوکتور کوێستان گادانی”یەوە پێشکەش کرا. ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بێبەشبوونی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێران لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک خوێندن بە زمانی دایکی ، مافی ژنان، تیرۆر، سەرکوت، لە سێدارەدان و هەروەها پێشێلکردنی سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا و لە سەرەتای ڕۆژی دووهەمدا، هەندێک حیزب و لایەنی بەشدار بوو پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.
پێویست بە ئاماژەیە کە ژنان لە سێ پارچەی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی “ئێس ئای” بوون و هەیئەتی یەکیەتیی ژنان وێڕای گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ژنان، هەندێک بابەت و پێشنیاریان هێنایە بەر باس و گفتوگۆیان لەسەر کرا.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر بڕیارنامەکان. سەرەتا بڕیارنامەی “ئێس ئای” لەمەڕ پاراستنی ژینگە و پێشێلکارییەکانی ماڤی مرۆڤ کەوتە بەرباس و بە دەنگی گشتی پەسەند کرا. هەر لەو بەشەدا بڕیارنامەی ٢٠ وڵات بڕیاریان لەسەر درا و بڕیارنامەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تێکڕای دەنگ پەسند کرا.