ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ١٧-٠٤-٢٠٢٥ی زایینی ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردن و کۆڕی پرسە و ماتەمین بۆ هونەرمەندی دەنگخۆشی گەل، کاک سەید “عەلی ڕەحیم پوور” ناسراو بە سەید عەلی سەردەشتی لە شاری ئیسکیلستوونا بەڕێوەچوو.
سەرەتا تەرمی هونەرمەند لە گۆڕستانی “سەنت ئێسکیل” بە بەشداری بەرینی کوردانی دانیشتووی سوئێد و سکاندیناوی بەخاکی غەریبی ئەسپپێردراو دواتر بۆ ڕێزگرتن لە خزمەتەکانی ناوبراو بە موسیقا و هونەر و فۆلکلۆری کوردی، کۆڕێکی ماتەمینی هەر لەو شارە بەڕێوەچوو.
کۆڕیادەکە بە خوێندنەوەی چەند کۆپلەیەک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند و بەخێرهێنانی میوانەکان لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە خاتوو” تیشکە مەرەسەنە” دەستی پێکرد،
پاشان خاتوو “نەشمیل ڕەحیم پوور” کچی هونەرمەند بە هۆنراوەیەک ڕێوڕەسمەکەی کردەوە و سوپاسی بەشدارانی کرد کە لە ڕێگای دوور و نیزیکەوە هاتووبوون تا هاودەردییان لە گەڵ بکەن.
دوابەدوای ئەو کورتەیەک لە ژیاننامەی ناوبراو لە لایەن “ئاوات حەسەنپوور” خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەد دا “سەید ئەحمەد حوسێنی” برازای سەید عەلی، پەخشانێکی لە وەسفی کەسایەتیی هونەرمەند و بەیت و حەیران و گۆرانییەکانی خوێندەوە و “کەریم مەرەسەنە” و “ئەحمەد بازگر” شاعیر، هەرکام بە نۆبە چەند وتەیەک و هۆنراوەیان پێشکەش کرد.
لە درێژی بەرنامەکە دا لاواندنەوەیک بە دەنگی هونەرمەند کاروان حەکیم زادە و موسیقای هیوا گەردی وەک نێوئاخن پێشکەشکرا.
پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد لەلایەن بەڕێز “محەممەدی بایزیدی” ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری لە کۆمیتەی گشتی خوێندرایەوە.
دواتر خاتوو “زارا ڕەحیم پوور” کچی گەورەی هونەرمەند سەید عەلی چەند وتەیەکی سەبارەت بە کەسایەتیی باوکی و شەپۆلی بەپەرۆشیی خەڵک بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە پێشکەش کرد و سوپاسی خەڵکی کوردستان بەگشتی کرد کە خاوەنداریەتییان لە هونەرمەند سەید عەلی کردوە و بە هەموو شێوە هەوڵیان داوە تا پەیوەندی بە ئەندامانی بنەماڵەکەیانەوە بکەن بۆ دەربڕینی ڕێز و پرسەی و هاودەردی کردن.
کۆتابەشی کۆڕ یادەکە گوتنەوەی گۆرانی “لادە بۆ ماڵی ئێمەی” هونەرمەند سەید عەلی بوو کە بە کۆڕس لە لایان کچ و نەوەکانی و شنۆ ئەحمەدی، هیوا گەردی و کاروان حەکیمزادەوە گوترایەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە هاوڕێیان خاتوو “سوهەیلا مێهدیزادە” و خاتوو “باوان کەریمی” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات هاوڕێ لەگەڵ بەشی زۆری ئەندامانی یەکیەتیی ژنان لە سوئێد بەشداریان لەو ڕێوڕەسمە دا کرد.
لێرەوە دووبارە پرسە و هاوغەمی خۆمان پێشکەش بە تاک تاکی ئەندامانی بنەماڵەی هونەرمەندی کۆچکردوو کاک “سەید عەلی ڕەحیم پوور” دەکەین و هیوای ئارامی بۆ ڕووحی ئەو نەمرە بەئاوات دەخوازین.
یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد
١٧-٠٤-٢٠٢٥