ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٠٨ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٥ی زایینی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە وڵاتی سوید سیمینارێکی چەندین کاتژمێریان لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی شاری ڤێسترۆس لە وڵاتی سوید بەرێوەبرد.
سەرەتا لە لایەن خاتوو( نیشتمان عەزیزی) وەک بەڕێوبەری سیمینارەکە بەخێرهاتنی گشت لایەک کرا و دواتر لە لایەن هونەرمەند کاک هەڵۆ غەریب بە ژەنینی ئامێری ڤیولۆن سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت ئەو ژنانەی کە گیانی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و پرسی یەکسانی و نەتەوەیی پێشکەش بە نیشتمان کرد بوو، سیمینارەکە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
خاتوو (نیشتمان عەزیزی) بە چەند وتەیەک و هەروەها بە باس کردنی کورتە مێژوویەکی خەباتی ژنانی جیهان و بە تایبەت ژنانی کورد و دامەزرانی یەکیەتیی ژنان ڕێڕەوی سیمیناری بە ڕووی کۆڕگێر و بەشدار بووان دا کردەوە.
خاتوو (سوهەیلا )بەرپرسی یەکیەتیی ژنان لە شاری ڤێسترۆس و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنان ئامانجی سەرەکی سێمیناری ٨ی مارسی بۆ بەشدارن باس کرد و گووتی کە یەکیەتیی ژنان وەک ڕێکخراوەیەکی جێی متمانە شانازی بە کارەکانی دەکا و بۆ ئەمرۆش وەک کۆمیتەی خانەخوێ خۆشحاڵین بە بەشداری گشت لایەک.
پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید لە لایەن کاک (نەبەز عەلیدووست )بەپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا، بەرێزیان بە ئاوڕدانەوەیەک لە خەبات و تێکۆشانی ژنان و مێژووی دیاری کردنی ڕۆژی ٨ی مارس و ژنانی جیهان بە گشتی ، ئاورێکی لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد لە سەدەی ڕابردوو و ئێستا دایەوە و باسی لە دەسکەوتەکانی خەباتی ژنان و هەروەها پێداگری و تێکۆشانی ژنان بۆ وەدیهێنانی مافەکانیان و هەروەها پرسی یەکسانی لە کۆمەڵگە دا دایەوە و پیرۆزبایی لە گشت ژنانی جیهان و ئێران و کوردستان بە تایبەتی کرد.
یەکێک لە کۆڕگێرەکانی سیمیناری ٨ی مارس خاتوو (ڕێناس محمدیان) بەرێوەبەری قوتابخانەی منداڵان لە وڵاتی سوید بوو، بەرێزیان بە ئەزموونێک کە لە ماوەی ٢٠ ساڵ کار کردن لە قوتابخانەکانی سوید دا هەیبوو، باسێکی لە ژێر ناوی “لە مەترسیەوە بۆ دەرفەت – تێگەیشتن پێشگیری و پشتیوانی لاوان لە پەروەردە و فێرکردندا” پێشکەش کرد.
مەبەستی سەرەکی باسەکەی خاتوو ڕێناس باس کردن لە سەر هۆیەکانی توش بوونی منداڵ و گەنجان بە مادە هۆشبەرەکان و چوونیان بۆ نێو گرووپە تاوانبارەکان بوو کە لە چەند بەشی جیاوازدا هۆکارە سەرەکییەکانی تووش بوونی هێنایە ڕوو.
بەڕێزیان گوتی: بە شێوەیەکی گشتی ژینگەی بنەماڵە و شێوەی پەروەردە، دەورێکی سەرەکی دەبینێت لە تەمەنی منداڵ و مێرمنداڵان تا پێش قوتابخانە.
سەرنەکەوتن لە قوتابخانە و نەبوونی پشتیوانی گەورەکان لە ماڵ و قوتابخانە هۆی سەرەکی و لە هەمانکاتدا هەرە مەترسیدارە تووش بوون بە مادە هۆشبەرەکان هەرچەندە کەمتر بێت لە تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵی، وەک مەترسی نوقم بوون ئاماژەی پێکرا. هەروەها ئاماژە بە گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی و چۆنیەتی یارمەتی وەرگرتن لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی پشتیوانی و پێشگیری بۆ بەشداران باس کرد.
دواتر بەڕێز کاک ناسر حیسامی شاعیری ناسراو و شۆڕشگێری گەلەکەمان وێڕای پیرۆزبایی کردن لە ژنان و هەروەها پێکهێنەرانی ئەو سێمینارە بە چەند وتەیەک باسی لە مامۆستا هێمن وەک ڕەچەشکێنی لە ئاست ژن و ئازادی دا کرد، بە گشتی ڕێزی لە خەبات و تێکۆشانی ژنان گرت و بە پێشکەش کردنی چەند شێعرێکی تایبەت بە ژنان کۆڕ و سیمیناری ٨ی مارسی زیاتر ڕازاندەوە و بە خوێندنەوەی دوو شێعری نوێی خۆی زیاتر سرنجی بەشدارانی بۆ لای خۆی و خەباتی ژنان ڕاکێشا.
بەشی دووهەمی سیمینارەکە تەرخان کرا بوو بۆ پێشکەش کردنی دوو بابەتی گرینگ لە سەر تاوانەکانی کەڵک وەرگرتن لە ماددە هۆشبەرو سڕکەرەکان کە لەم بەشەدا هەریەک لە بەڕیزانی کۆڕگێر بە ئەزموونی کاری چەندین ساڵەی خۆیان کۆمەلێک باسی تایبەتیان لە نێو کۆمەڵگەی سوید دا باس کردن.
کاک (سۆران عەلیپوور) وەک کۆڕگێری دووهەم بابەتەکەی خۆیی لە ژێر ناوی “ژنان لە ژینگە تاوانکارییەکاندا” بە بڵاو کردنەوەی هەواڵەکانی وڵاتی سوئێد لە سەر تاوانکاران و بەتایبەتی تێوەگلانی ژنان بڵاو کردوە و گوتی: ئەوە بەشێکن لەو هەواڵانە کە ڕۆژانە گوێبیستیان دەبین و زۆر جار پرسی تاوانکاری دیاسپۆڕا بە پەنابەران یا گرووپێکی دیاری کراو دەبسترێتەوە کە ئەوە هەموو ڕاستیەکە نییە.
بەڕێزیان باسی لە پرسی یەکسانی و جێندەری لە نێو گرووپە تاوانکارەکان دا کرد و لە ڕێگای دیاگرامێک پێوانەی زیاد بوونی تاوانکارانی ژن لە ساڵی ٢٠١٧ ڕا تا دوو مانگی ساڵی ٢٠٢٥ بە بەشداران نیشان دا و گوتی ڕێژەی ژنان کە دەستیان لە فرۆشتن و بڵاو کردنەوەی بە مادە هۆشبەرەکان دا هەیە زۆر زیادی کردوە و هاوکات گوتی: ئەگەر جاران ژنان قوربانی دەروونی یا جەستەیی بوون ئێستا ئەوان بە دڵخوازی خۆیان و تەنانەت بەشێک وەک بەربەرەکانی لەگەڵ پیاوان دەست دەدەنە کاری تاوانکاری.
بەڕێز سۆران باسی ئەوەی کرد کە ئێستا تاوانکاری لە هەموو جیهان دا کەمتر بۆتەوە و ئەو پرسەی گەڕاندەوە بۆ بەئاگا بوونی دایک و بابەکان و هەوڵ دانیان بۆ چالاک کردنی مێرمنداڵەکان بە بەشداری پێکردنیان لە یاری وەک یاری تۆپێنە و بەگشتی یاریەکانی تر.
پاشان خاتوو (نادیە کەریم)خەڵکی شاری کۆیە و دانیشتووی وڵاتی سوید وەک خاتوونێکی چالاک وێرای پیرۆزبایی بە پێشکەش کردنی چەند شێعر لە نووسینی خۆی درێژەی بە کاری سیمینارەکە دا و بە گشتی بەڕێزیان بە خوێندنەوەی شێعر هەست و سۆزی خۆی بۆ ژنانی کورد دەربڕی.
دوایین کۆڕگێری سێمیناری ٨ی مارس خاتوو (مەرزە جەوانمەرد) بوو کە باسی لە ئەزموونی کاری خۆی سەبارەت بە تاوانکاری و بە گیرۆدە بوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئلکهوڵ و قومار کرد و بە ئاماژە کردن بە شێوەی تاوانەکان و ڕێژەی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خواردنەوە ئاڵکۆڵییەکان لە هەموو تەمەنەکان و هەروەها ڕەگەزەکانی نێر و مێ لە کۆمەڵگە دا باسی لە شێوەی چارەسەری گیرۆدەبووان بە شێوەی زانستی کرد و گووتی کە گیرۆدەبوون تایبەت بە توێژێکی نێو کۆمەڵگە نییە و بەڵکوو لە هەموو توێژەکان دا گیرۆدەبوون هەیە، دواتر بەرێزیان بە ئاماژە کردن بە چەندوچۆنی و ڕێژەی گیرۆدەبوونەکان باسی لە تاوانەکان و ڕووداوەکانی بەشێک لە گیرۆدەبووان کرد. بەڕێزیان بە باس کردنی چەند نموونە لە شێوەکانی گیرۆدەبوون ، هاوکات باسی لە چەند هۆکاری سەرەکی بۆ نەهێشتن و چارەسەری گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان کرد کە یارمەتی بنەماڵە و شوێنەکانی پێڕاگەیشتن و چارەسەری دەتوانێ کەسی گیرۆدە بوو لە مەترسییەکان ڕزگار بکا و هاوکاتیش تاوان لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگە دا کەمتر بکاتەوە.
لە کۆتایی سێمینارەی ٨ی مارس دا لە لایەن خاتوو (نیشتمان عەزیزی) بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە وڵاتی سوید سوپاسی گشت لایەک کرا و بەم شێوەیە سیمیناری ٨ی مارس کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید
٠٨ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٥ی زایینی









