ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، لە مەڵبەندی ١ی کوردستان ڕێوڕەسمێک بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی ٧٩ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئيران بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دوای بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووان لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسم شەفەق خووبایی، پەیامی بهڕێوهبهریی یهكیهتیی ژنان، به بۆنهی ٧٩ـەمین ساڵڕۆژی دامهزرانی یهكیهتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو سیمین ڕۆحانیزادە، بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتی ژنان لە مەڵبەندی ١ی کوردستان پێشکەش کرا.
دواتر سروودێک لە ژێر ناوی “ژیان، ئازادی” کە لەلایەن ژنانی ناو شۆڕشەوە ئامادە کرابوو پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەدا بابەتێک لە ژێر ناوی “فەلسەفەی دامەزراندنی یەكیەتی ژنان لە ئاوەز و ڕوانگەی یەكەم سەرۆككۆماری كوردستان” لەلایەن کاک شاڕۆخ حەسەنزادەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەی دواتر خاتوو زەکیە سدقی پەخشانێکی پێشکەشی ئامدەبووان کرد.
کچانی گرووپی یەڵدا، بە چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕكێ و کاک سەیاد هەرکی بە گۆرانییەک ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.
لە بەشێکی دیکەدا خاتوو نەسرین بابەکرزادە پەخشانێکی پێشکەش کرد.
پێش کۆتاییهاتنی ڕێورەسم چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ کە لەلایەن ژنانی ناو شۆڕشەوە ئامادە کرابوو پێشکەش کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکێی گشتیی ژنان و کچان و پیاوان بە بەرگی خاکی و هەورییەوە کۆتایی پێ هات.




