دەوڵەتبوون و بوون بە دەوڵەت، خەون و خولیای هەر نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجە دەبێ چەندین قۆناغ تێپەڕ بکرێ.
گەلی کوردیش چەندین هۆکار بوونە هۆی ئەوەی کە نەتوانێ وەکوو هەموو نەتەوەکانی دنیا خاوەن خاک و نیشتمانی خۆی بێ و سەروەری خاکەکەی بەدەستەوە بێ.
ئەو هۆکارگەلە بریتین لە:
نرخی ئازادی: هەموو نەتەوەکانی دنیا بۆ گەیشتن بە ئازادی، ئامادە بوون نرخی ئەو ئازادییەش بدەن. بۆیە توانیویانە ناویان لە ڕێزی دەوڵەتانی دنیا بێتە ئەژمار و ئاڵایان لە ڕێکخراوە گەورەکانی دنیا بشەکێتەوە.
د.قاسملوو وتەیەکی جوانی هەیە دەڵێ:گەلێک ئازادی بووێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا.
گەلی کوردیش وەکوو هەموو نەتەوەکانی سەرگۆی زەوی نرخی ئازادی خۆی داوە. ئاوڕێک لە مێژوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن بۆ نموونە(ئەنفالکردنی هەزاران کوردی بێتاوان، هەڵەبجەی شەهید و کیمیابارانی ئەو شارە، فەرمانی جیهاد و تۆمار کردنی سنەی خوێناوی لە مێژوو، شەڕی داعش و کوشتنی ئیزەدییەکان، خەباتی ۴۶و٤٧، ژینۆسایدی دێرسیم و هتد.) بەڵام لێرەدا پرسیارە!! سەرەڕای ئەو هەموو شۆڕشانەی کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان تۆمار کراوە(سمکۆ خانی شکاک، کۆماری کوردستان، شۆڕشی بارزانییەکان، شێخ مەحموود بەرزەنجی، شێخ سەعید پیران، سەید ڕەزای دێرسیم، بزووتنەوەی ئاڕاڕات و هتد) بۆ نەمانتوانی دەوڵەتی خۆمان دابمەزرێنین؟ ئەگەر نرخی ئازادیمان داوە بۆ بێئاکام ماوینەوە.
ڕەنگه ئەو نرخی کە هەتا ئێستا کورد بۆ ئازادی داویەتی کەمتر بێ لەو ئامانجە گەورە کە مەبەستییەتی، واتا ئازادی نرخی زیاتری دەوێ فیداکاری و خۆنەویستی زیاتر دەتوانێ گەلی ئێمەش بە ئازادی بگەینێ. بۆیە دەڵێن: داری ئازادی گەر بە خوێن ئاو نەدرێ بەری نابێ.
دوژمنان:
ئێمەی کورد خاکمان نێوان چوار دەوڵەتی خوێنمژ و فاشیستدا بەش کراوە کە باوەڕیان بە مافی کورد نییە. و هەر ڕۆژ بە جۆرێک دەمانکوژن (سێدارە، سەربڕین، ئەنفال، تێرۆر، ئەشکەنجە، و هتد) چۆن کوردین و داوای مافی ڕەوای خۆمان دەکەین دوژمنانی گەلی کورد هەموو کات هەوڵیانداوە بزووتنەوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان سەرکوت بکەن، یان لە ڕێگای خاڵە لاوازەکانی خۆمان دارە بەرزەکان ببڕن و خەونەکانمان بە تاڵ بکەن بۆ نموونە لە سەردەمی پەهلەویدا بە ڕووخانی کۆماری کوردستان و کوشتنی سمکۆخانی شکاک و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی فتوای جیهاد دژ بە خەڵکی بێ تاوانی کوردستان و حاشاکردن لە مافی ڕەوای میللەتێک.
خۆمان:
هێز و توانای هەر حیزب و دەوڵەتێک میللەتە واتا گەر میللەتت لە پشت بوو دەتوانی بگەیت بە ئامانج، بەڵام ئێمەی کورد هێشتا نەبووینە بە میللەت تا ببین بە دەوڵەت، واتا بە خۆنەویستی و حسوودی بەیەکبردن و یەکنەبوونمان ڕێگامان بۆ دوژمنانمان خۆشتر کردووە ئەگەر ئاوڕێک لە هەموو بزووتنەوەکانی کوردستان بدەینەوە بۆمان دەر دەکەوێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بە ئاکام نەگیشتنی گەلی کورد خیانەت و خۆ فرۆشی بە دوژمنان بووە. کە ئاواتیەکەشی کرد بە خەون و خیاڵ لە باوەشی مێژوودا ئێمەش بە دەیان ساڵ بووین بە کۆیلەی چەترەکان، پێشەوای نەمر لە وەسیەتنامەکەیدا ئامۆژگاری نەتەوەکەی دەکا و دەڵێ: یەکبن و یەکگرن و پشت بە یەکتر ببەستن هیچ کات پشت بە دوژمنان مەبەستن دوژمنان هەتا ئەو کاتەی ئێوەی دەوێ کە کاری خۆی جێبەجێ بکات ئەگەر هەنگوینیشتان بداتێ دڵنیابە ژەهری تێ کردووە.
گەلێک ئەگەر یەک گرتوو نەبێت دایم دیلی دوژمنان دەبێت و ڕەمزی سەر کەوتنی هەر نەتەوەیک یەکگرتنوو و یەکبوونە، بەڵام بەداخەوە کورد هێشتا نەیتوانیوە یەکگرتوو پشت بە یەکتری ببەستی.
زلهێزەکان :
لە دنیایی ئەمڕۆدا بۆ ئەوەی کە میللەتێک بە دەوڵەت بناسرێت و لە مۆعادڵاتی سیاسیی بێتە ئاژمار دەبێت وڵاتە زلهێزەکان دەنگ بە بوونی ئەو وڵاتە بدەن و بە فەرمی بیناسن دواتر دەتوانێ جۆغرافیا و خاک و ئاڵا و مافی دیاری بکرێت بە داخەوە کورد جگە لە دوژمنانی (تورک، فارس و عەرەب) زلهێزەکانیش هەموو کات دژایەتی دەکەن حاشا و چاوپۆشی لە مافەکانی دەکەن، هیچکات بەرژەوەندی خۆیان بۆ میللەتی ژێر دەستی کورد نەخستووتە مەترسی کاتێک چاو لە مێژوو دەکەین، دەیان پرسیار لامان درووست دەبن کە کام وڵات خاکی ئێمەی لە نێوان چوار وڵاتان دابەش کرد؟
کام وڵات ئێمەی کرد بە گەلێکی ژێر دەست، کێ حاشای لە دیاری کردنی مافی چارە نووسی گەلی کورد کرد؟
دوای ڕووخانی ئێمپراتۆری عوسمانییەکان جۆغرافیایی دنیا بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاری بە سەردا هات خاکی عوسمانییەکان بەش بەش کرا و بۆ هەموو نەتەوەکان دەوڵەت درووست کرا جگە لە نەتەوەی کورد بۆ ڕاستی ئەم بابەتە دەتوانین چاوێک لە ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ، لۆزان سێوەر بکەین کە چۆن کوردیان لە نێوان چوار وڵاتان دابەش کرد و خاکی ئێمەیان کرد بە مەیدانی بەرژەوەندی خۆیان.
هەڵکەوتووی جۆغرافیایکی بەستراوە کە ڕێگای ئاوی نییە،
لە دنیای ئەمڕۆدا ئاو بە هەموو جۆرێک دەتوانێ ڕۆڵی سیاسیی بگێڕێ، ڕاستە کوردستان خاوەن ئاوێکی زۆرە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خاکی کوردستان پێک دێنێ، بەڵام بەداخەوە کوردستان ڕێگایی دەریایی نییە، ئەگەر ڕێگایی ئاوی هەبای ئێستا کوردستان لە مێژ ساڵە خاوەن دەوڵەتی خۆی دەبوو.
چوون ڕێگایی ئاوی دەیتوانی سەرنجی زلهێزەکان بۆ خاکی ئێمە ڕابکێشێ و دەبووە هۆی ئەوەیکە هەوڵ بدەن بۆ کوردستانیش وەکوو هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەوڵەت درووست بکەن. چۆن بەو شێوە بەرژەوەندی خۆیان لە خاکی ئێمە دا دەبینی، بەڵام لە بیرمان نەچێ تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی درووست نەبوونی دەوڵەتی کوردی ،نەبوونی ڕێگای ئاوە، ئەگینا زۆرن ئەو وڵاتانەی کە خاوەن ڕێگای ئاوی نین و خاوەنی دەوڵەتن بۆ نموونە(ئەفغانستان، ئەرمەنستان، ئەفغانستان و هتد) لە کۆتایی بابەتەکەم دا هیوادارم هەموو کوردێک بە لەبەر چاو گرتنی خاڵە لاوازەکانمان و سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییانەی کە بە سەرماندا هاتووە هەوڵبدات بۆ سەربەرزی و سەربەخۆیی و بەختەوەری ئەم گەلە، ڕاستە پێشمەرگە باسکی بە هێزی گەلە و ڕەمزی مانەوەی گەلە، با هەموومان پێشمەرگەی ئەم نیشتمانە بین.واتا هەر کوردێک بتوانێ بە هەر جۆرێک خزمەت بە نەتەوەکەی بکا و جێگایی شانازی بێ بۆ نەتەوەکەی پێشمەرگەیەو و جێگای ڕێزە.