شەهلا دەباغی
خوێندنەوەیەکی دەروونشیکاری و دژەکۆلۆنیالیستی بەناو ئەدەبی کوردی، زارەکی و نووسراودا، بگەڕێین و هەرچی پەخشان، شێعر، ڕۆمان و چیرۆک، و بابەتگەلی دیکە سەروژێر بکەین، دەبینین «بەیتی دمدم» مەزنترین بەیتی تاکوو ئێستە ناسراوی کوردە. ڕەوایەتی دمدم، ڕەوایەتی نەتەوەیەکی ژێردەستە کە بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی خۆی تێ دەکۆشێت، بەڵام دانیشتووانی قەڵا سەرەڕای بەرخۆدانێکی بێوێنە ژینۆساید دەکرێن و ژنانی قەڵا لە بەرزایییەوە خۆ فڕێ دەدەنە نێو شێو و دۆڵ. ڕەوایەتی ژیان و مەرگی خەڵکی قەڵای دمدم هاوتا و بگرە مەزنترە لە تراژیدییەکانی یۆنانی و ئێرانی. ڕەوایەتێکی نەک زەینی و خەیاڵی کە بگرە پێی لە ڕووداوێکی واقعی و مێژووییدایە. بەیت / ڕووداوی قەڵای دمدم ڕەوایەتی بناخەییترین هەست و نەستی ئینسانی کوردە بۆ ڕزگاری و ئازادی خۆی. تا هەنووکەش هیچ بەیتێک نەیتوانیوە شان لە شانی قەڵای دمدم بدات.
تایبەمەندییەکانی دەقێکی بەرز ئەوانەن: دەقی مەزن زۆربەی کات تراژیکە، ڕەوایەتێکە هەوەڵ و ناوەڕاست و ئاخری هەیە، زمان قووڵ و ڕەوان و شاعیرانەیە، دیالۆگ بە هێزە، ڕەوایەت لە چرکەدا ئامادەیە، ڕەوایەت بە شێوەیەکی سروشتی جێی خۆی دەکاتەوە نەک بە شێوەی دەستکرد. ڕەوایەت جۆرێک لە ئەرزشی تێدایە، کارەکتەرەکان زۆر جار ئەزموونی سەخت تێپەڕ دەکەن و یان دەمرن، کارەکتەرەکان لە ڕەوتی ڕەوایەتدا ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت و زەمەن و شوێن نایانکوژێت، خوێنەر شوناس یان بەشێک لە خۆی لە کارەکتەرەکاندا دەبینێتەوە، خوێنەر سیمپاتی لەگەڵ کارەکتەرەکان پەیدا دەکا، شوێن و لۆکەیشێن لەنێو مێشکدا دەچەسپێت. ڕەوایەتەکە دڵهەژێن و دڵڕفێنە، دوای بیستن و خوێندنەوەی لەنێو ڕۆحتدا دەنگ دەداتەوە و بیر دەکەیەوە بۆ وا بوو و چۆن دەکرا وا نەبێت.
«بەیتی دمدم» وەک دەقێکی زارەکی تەواوی ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە. دەقێک کە باسی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتێکی خۆییی کوردی دەکات. کارەکتەری سەرەکی خانی لەپزێڕینە. پاشایەکی سەخی و واڵاڕەفتار. خەڵکی قەڵا پیاو و ژن و منداڵ ژیانی ئاساییی خۆیان دەکەن بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێت بڕیاری مان و نەمان بدەن؛ بە کەرامەتەوە بمرن یان بە یەخسیر بگیرێن. سوپای دوژمن دەوری قەڵای داوە. بەهۆی خەیانەت دوژمن دەزانێت سەرچاوەی ئاوکەی کە دێتە نێو قەڵا، لە کوێیە. بە ڕەوایەتێک یان دوژمنان ژەهری تێ دەکەن و یان ناهێڵن ئاوی کانی بگاتە خەڵکی قەڵا. قەڵا لە بەرزایییە. دوای شەڕێکی قارەمانانە و شکانی کورد ژنان لە قەڵاڕا خۆ دەخەنە خوارەوە. دوژمن سەردەکەوێت بەڵام ژانی کوشتاری خەڵکی قەڵای دمدم ٤٠٠ ساڵە لەبن مێشکمان چڵ دەدات و دەنگی خانی لەپزێڕین لە دەڕەی قاسملوو بە دەشتی شنۆ و موکریان و بە شاخەکانی باکوور هەتا دەگاتە عەفرین و دیسان هەتا دێتەوە جوانڕۆ و هەورامان دەنگ دەداتەوە.
ئێستە پرسیار ئەوەیە بۆ ژنانی قەڵا خۆیان هەڵداشت؟ ئایا ژنان تەنیا لە ترسی دەستدرێژی خۆیان هەڵداشت، یان مکانیزم، بیر و هەستی دیکە پاڵنەری ئەم ئەکتە بوو؟ ئەگەر وایە هۆیەکان چی بوون؟ دروستبوونی سابجێکت / بکەر (فاعل) لە تیۆرییەکانی سیکۆئانالیزیدا گرینگی تایبەتان هەیە. (Abjection). گرینگی تایبەتی تری بۆ جولییا کریستێڤا هەیە. کریستێڤا لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئابێکشن سەرچاوەیەکی تاریک و ڕەمزاوییە و دەتوانێت دەست بۆ قەتڵ بەرێ. هەستێکی بێزاری و خۆلەڕیشەجیاکردنەوە. ئابێکشن لە هەموو کولتوورەکانی دنیادا هەیە و کاردانەوەیەکی بەزەبر و زەنگ و نەزمێکی نارسیسیتییە. ژن وک بوونەوەرێکی یەکجار هەستیار پێوەندییەکی نەک تەنیا فیزیکی و بایۆلۆژیکی لەگەڵ سروشت و دەوروبەری خۆی هەیە، بەڵکوو پێوەندییەکی زۆر تایبەتیتری لەگەڵ منداڵ هەیە. دوای ئەڤین، ئەوە منداڵە کە ئاڵقەی پێوەندیی بەهێزی ژن بە پیاوێکە. تەنانەت پێوەندیی دایک و منداڵ تا ئەمڕۆکەش هۆی سەرەکیی مانەوەی زۆر پێوەندی ترە. منداڵ دەتوانێت ژنێک پێوەند بدات بە داگیرکەری خۆی. لێرەدا یەکەمین هۆکار و پاڵنەری خۆهەڵداشتنی ژنانی قەڵای دمدم خۆی دەردەخات. ژنانی قەڵا خۆیان فڕێ دا تا منداڵی داگیرکەر لە داوێنی خۆیاندا پەروەردە نەکەن و شیر نەدەن و لە ڕێگەی منداڵەوە نەبنە ئەسیری هەمیشەیی ئەویتر / داگیرکەر. هاوکات داوێنی ئەوان نەبێتە باخێک بۆ چاندنی تووی داگیرکەر. ئەوان خۆیان هەڵداشت تاکوو ڕەحمی ژنی کورد نەبێتە زێدانی پەرەسەندنی توخمی داگیرکەری خۆیان.
خاڵێکی دیکە هەر لەم پێوەندییەدا پچڕانی پێوەندیی هەستییە لە ڕێگەی منداڵ لەگەڵ داگیرکەری خۆت. کە منداڵ کەوتە مابەینان ناچار ڕۆژانە ئەوی تر دەبێتە بەشێک لە بوونت. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا ئەوی تر نەبێتە بەشێک لە جیهانی بوونیان، تا نەبنە دایکی منداڵی داگیرکەری خۆیان. لێرەدا ژنانی قەڵا بە خۆهەڵداشتن ئەکتێکی سیاسی دژی داگیرکەر بە مەرگی خۆیان دەخولقێنن. داگیرکەر نەک تەنیا دەستی بە داوێنی ژنەکە ڕاناگا، بگرە لە نەوەهاویشتن لە داوێنی ئەسیردا کە هەمیشە هەستێکی سەرکەوتنی پێ بەخشیوە بێبەش دەکرێت.
بەم جۆرە «گون» (testikel)ی داگیرکەر وەک کەرەستەی بەرهەمهێنانی توخم و (penis) وەک کەرەستەی زەبروزەنگ و دەستدرێژیی سێکسیی داگیرکارانە لەکار دەخسترێت، ئێگۆ و سێکسوالیتی پیاوی داگیرکەر شکست دێنێت. ئەکتی خۆهەڵداشتن دەتوانێت هەلومەرجێک بخولقێنێت کە هەست وەڕگێردرێتە سەر نیشانە / بەیت و ئوستوورە و جەستەیەکی پڕشوبڵاو دوای خۆهەڵداشتن بکەر/ سابجێکتێکی ئوستوورەیی دروست دەکات. دەستدرێژیی سکسی چیرۆکی بەربەریەتی یۆنانی و ڕۆمەکان، ئێرانییەکان، «فتوحات اسلام»، موغولەکان، کوشتاری قەڵای دمدم، تاوانەکانی شەڕی جیهانیی دژی جوولەکەکان، شەڕی یوگسڵاوی، ڕواندا، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان نەوە بە نەوە گەیشتووەتەوە یان ئێمە بەشێکمان بە چاوی خۆمان دیوە.
لە دەلاقەی ئەزموونی مێژووییدا دەزانین کە تاوان، کوشتوبڕ و تاڵان و دەستدرێژیکردن سروشتی شەڕە. لە هەندێک شەڕدا کەمتر و لە هەندێک شوێن زیاتر، کۆمەڵگە بە کۆ و تاک و بەتایبەت ژنان خەسارەت دەبینن. هەندێک لە تاوانەکان لە نێوان دەوڵەتان بووە وەک تاوانەکانی دوو بەرەی «متحدین» و «متفقین» لە شەڕی جیهانیدا. جێگەی ئاماژەیەکی زۆر گرینگە کە دوای گرتنی بێرلین لەلایەن ڕووسەکان لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینی، نزیک بە یەک میلیۆن ژنی ئاڵمانی ڕۆژاوایی دەستدرێژیی سکسییان کرایە سەر، یان نزیک به ٢٠٠ هەزار ژن که زۆربەیان چینی، فیلیپینی، بێرمهیی و کۆرهیی بوون وەک کۆیلەی سکسی لەلایەن ژاپۆنییەکانەوە کەڵکیان لێ وەردەگیرا و بە «ژنانی ئارامبەخش» ناو دەبردران و زۆربەیان دوای دەستدرێژی دەکوژران. تەنیا چەکدارەکان و لایەنەکانی شەڕ نین کە دەستدرێژیی سکسی دەکەنە سەر ژنان و منداڵان. تەنانەت سەربازانی پارێزەری ئاشتی و کارمەندانی یارمەتیدەر، ئەو تاوانە دەکەن. لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم دەیان شەڕی دیکە لە گۆشە و کەناری جیهاندا ڕوویان داوە، بۆ وێنە لە گۆنگۆ، ڕواندا، کۆسۆڤ. لە هەموو ئەو شەڕانەدا ژنان گەورەترین خەسارەتیان بەرکەوتووە، هەم وەبەر دەستدرێژی هاتوون و هەم منداڵ، کەس و خزم، باوک و مێردیان لەدەست داوە. بەڵام ئەوە لە دوای ١٩٩٠ بوو کە دەستدرێژی بە ژنان لە کاتی شەڕدا لە ڕوانگەی «مافی مروڤەوە» هاتە بەرباس و چەندین وڵات، پەیماننامەی دادگای نێونەتەوەییی لاهە، دەستدرێژیان بە «تاوانی شەڕ» ناسی.
لێکۆڵینەوەکانی نموونەی کۆنگۆ کە ساڵی ٢٠١١ بڵاو کرایەوە، نیشان دەدەن کە دەستدرێژییەکان لە کاتی شەڕدا کەم پێوەندییان بە خودی سێکسوالیتە هەیە. دەستدرێژییەکان لەو کاتانەدا زیاتر وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ئەزمە و شێواوی کەڵکی لێ وەردەگیرێت. هەروەها هەندێک جار بۆ کەمکردنی ڕێژەی خەڵکێک ڕوو دەدەن. کاتێک ژنان بە جەستە و ڕۆح ورد دەکرێن، هەموو پێکهاتەی وڵاتێک تێک دەشکێت کە ئەوە بە داشکانی هێزی بەرانبەر تەواو دەبێت. لێکۆڵینەوەکە نیشان دەدات کە ڕادەی دەستدرێژییەکان زۆر زیاتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا و نزیک ٤٨٪ی ژنانی نێوان ١٥ تاکوو ٤٩ ساڵ لە هەر کاتژمێرێکدا دەستدرێژییان کراوەتە سەر.
لە ١٠ی جولایی ١٩٤١ی زایینی، لە گوندی جێدوابنە، جوولەکەکان لەلایەن جیرانەکانی لەهێستانی خۆیان و نەک لەلایەن نازییەکانەوە، کۆمەڵکوژ کران. لەو ڕۆژەدا پیاوانی جوولەکە لەنێو گۆڕەپانی گوند بێڕێزییان پێ کرا، ژنان دەستدرێژییان کرایە سەر، مندڵان سەریان بە چەکوچک یان بە دیوارلێدان ورد کرا. ٦٠٠ کەس خرانە نێو کادێنێک و بنزینیان پێدا کرا و سوتێندران. دیارە کە ئەوە لەنێو گونددا ئۆرگانیزە کرابوو کە کەس نەتوانێت ڕابکات. یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی ژیانی عەشیرەیی و دواتر شارستانیش ئەو غیرەت و شەرەفەی کە ژن وەک نماد و سیمبۆل ناسراوە. بۆ ئەوەی شکۆ و کەرامەتی کۆمەڵگەیەک بشکێت، ژنەکانیان بە دیل گرتوون و کردوویانن بە مڵکی خۆیان. تەنانەت خودی ژن خۆی وەک نامووس و شەرەفی پیاو قەبووڵ کردووە. دەستدرێژی بۆ سەر جەستە و ئازادیی ژن لەپێناو شکاندنی بەرانبەرت لە ڕەوتی میژوودا لە هەموو کۆمەڵگەکان و لە هەموو شوێنێک بەشێک لە کەرەستەی شەڕ و بەدەستهێنانی دەسەڵات بووە.
ژنانی قەڵا بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی پێش خۆیان دەیانزانی کە ئەوان دەبنە نیچیری پیاوانی شای سەفەوی و سەربازانی ئایینزای شیعە و ئەو کوردانەی کە هاوکاری شا بوون. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا پڕشوبڵاو بن و زێدانیان نەبێتە شوێنێک کە زەکەری پیاوی داگیرکەر هەست بە سەرکەوتوویی و حەسانەوە بکات. ژنانی قەڵای دمدم لە قەڵاڕا خۆیان هەڵداشت تا نەک هەر وەبەر «دەستدرێژیی سکسی» نەکەون، منداڵی داگیرکەریش لە داوێنی خۆیاندا پەروەردە نەکەن و شیر نەدەن. هەست بە بەرەنگاری لە قووڵایی مێژووڕا دێت. مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە دووپاتەی تاوان. هەر پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو کە ٦٠٠٠ ژنی شنگال بە دیل گیران و سەدان منداڵ وەدامێنی ژنانی شنگال کەوتن و ئێستە هەم دایکان و هەم منداڵەکان قوربانی دەستدرێژی سکسیی دوای شەڕن. دەستدرێژی بە کچانی گریلا لەلایەن سەربازانی تورک هەر ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوون.
داگیرکەر بۆ شکانی بەرانبەر هەمیشە سێکسوالیتیی ژن دەکاتە سەنتەری بەدەستهێنانی دەسەڵاتی وەحشیی خۆی. ئەوان نەک هەر دەستدرێژی دەکەن کە بگرە دواتریش جەستەی ڕووتت لە بازاڕێک نمایش دەدەن.
ژنانی قەڵا وەک بکەر بە هەڵداشتن و مەرگی خۆیان پێشی نمایشی بەربەرییانەی داگیرکەری سەفەوییان گرت.
نان یان ئازادی؟ بەیتەکان جیا لە گێڕانەوە و چێژێکی خەمگینی ئەدەبی و ڕاگرتنی زمان، دوو ئەرکی یەکجار گرینگی دیکەیان لەسەر شانە: یەکەم؛ دروستکردنی مێژووی نەتەوەیی، ئەگەر بەپێی تیۆرییەکانی ئەدەبی باوەڕمان وا بێت کە «ئەدەبیات لە ڕێگەی خەیاڵەوە نەتەوە دروست دەکات». دووهەم؛ بەرزڕاگرتنی هەستی بناغەیی و ئارکایی وەک هەستی غروور، نەترسان لە مەرگ، کەرامەت و ئازادی. ئەوانەی لە مێژوودا ناویان ماوەتەوە ئەوانە نەبوون کە ژیانێکی ئاسایی بۆ نان ژیاون، بەڵکوو ئەوانە بوون کە مەرگیان بۆ حەقیقەت، کەرامەت و ئازادی هەڵبژاردووە و بوونەتە ئوستوورە، وەک سپارتاکووس، سوقڕات، کلئۆپاترا. ئوستوورەکان دەبنە بەشێکی دانەبڕاوی بیر و نەستی تاک و نەتەوە. ئەوانەی بیری ئوستوورەیی لەبیر دەکەن، لەڕاستیدا ژیانێک بەبێ ئازادی هەڵدەبژێرن. ڕاستە لە کەونارەوە ئازادی لە چوارچێوەی سیاسیەتدا بە دێموکراسی گرێ دراوە، بەڵام ئازادی هەمیشە بە جۆرێک گەڕانەوەیە بۆ فەزیلەتێکی مەزنی بەر لە کەونار، واتە ئازادی سروشتی. ئەو کات مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئازاد لەنێو سروشتدا بەدوای نانی خۆیدا دەگەڕا ڕەنگە پەیداکردنی نان ئامانجی سەرەکی بووبێت، بەڵام ئازادی بەشی دانەبڕاوی سرشتی بوو. مرۆڤ بەبێ ئازادی هیچ نییە. ئازادی خودی نان و کەرامەتە. کە ئازادیت هەبوو نانیشت هەیە، کە ئازادیت نەبوو نانیشت هەبێت بەختەوەر نیت. ئازادی هەستی بناغەیی و ئارکاییە.
کاتێک دەوری قەڵا درا و خانی لەپزێڕین و سوپای کوردان شکان، ژنانی قەڵا خۆیان هەڵداشت، نەک تەنیا لەترسی هەڕەشەی سێکسوال و گەوەرەکردنی منداڵی داگیرکەر لە دامێنی خۆیاندا، بەڵکوو لەبەر ئەوە ئەوان سروشتیترین بەشی مرۆییی خۆیان واتە ئازادییان لەدەست دەدا. مرۆڤێلی دیل چییە زیاتر لە کەسێک کە لە زێدی خوی هەڵدەقەندرێت و دیبەنە «وڵاتی دەغەریبێ» کە لەوێ هەموو شتێکی لەدەست دەدا؛ زمان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو دیل و دوورخراوە لە غەریبی و تاراوگەدا نەک ئیتر هەر ئازاد نییە، بەڵکوو ناچار دەکرێت زمانی بێگانە فێر بێت و لەگەڵ بێگانە هەستێ و دانیشێ و دەستی تێکەڵی بێگانە بکات. ژنانی قەڵای دمدم خۆیان هەڵداشت تا مەرگ لە بەرانبەر دوورخرانەوە و تاراوگە و ژێردەستیدا هەڵبژێرن. ئەوان ئازادییان پێش نان هەڵبژارد.
دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە لە کتێبی پڕبایەخی خۆیدا، پێکهاتەی بەیتی کوردی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئوستوورە لەسەر گێڕانەوەیەکی ناتەواو دامەزراوە و گێڕانەوەکان هەر جارە و تووشی ئاڵۆگۆڕ دەبن. هەروەها مەحمووزادە نووسیویەتی: «بەیت ئوستوورە نییە، بەڵام […] تا ڕادەیەک، لەگەڵ ئوستوورە خاوەنی تایبەتمەندیی هاوبەشە. سروشتی ناتەواویی گێڕانەوە، لە هێندێک بەیتدا، زۆر و کەم وەبەرچاو دەکەوێت و بەم شێوەیە لەم بەیتانەدا، دیاردەی لادان لە مەنتیقی مەجازی دەکەوێتە بەرچاو.»
بەیتەکان، وەک ڕەوایەتی ئارکایی و ئوستوورەیی هەموو گەلانی دیکەی دنیا تووشی گۆڕان و ناتەواوی دێن، بەڵام چونکە سەروکاریان لەگەڵ بناغەییترین ڕا، نەست و هەستەکانی مرۆڤە، بە هەموو کەموکوڕییەکانیان لەسەر نەستی نەوە لە دوای نەوە کاریگەرییان هەیە و هەنووکە چوارسەد ساڵ دوای شەڕی دمدم و دەسەڵاتی خانی لەپزێڕین و خۆهەڵداشتنی ژنانی قەڵا ئەو پرسیارە لە خۆمان دەکەین کە ئەگەر ئێمە هەر ئەمڕۆکە بکەوینە دۆخی ئەوان چ هەڵدەبژێرین، نان و ژیانی ژێردەستی یان ئازادی؟
سەید قادر هیدایەتی لە وتاری خۆی لە سەمپۆزیۆمی «پەخشانی کوردی: ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان»دا باس لەوە دەکات کە بۆ خۆێندنەوەی مێژوو و ڕووداوەکان دوو ڕوانگەمان هەیە:
١. گەشەکردن و بەردەوامبوون کە بریتییە لە زنجیرەیەک لە ڕووداوەکان کە بە دوای یەکدا دێن و ڕووداو و کتێبەکان لە دڵی یەکتردا لە دایک دەبن،
٢. کەمینەیەک کە باوەڕییان بە «گسست» و دابڕان هەیە. وەک فۆکۆ و هێگێل و بێنیامین. بۆ وێنە هێگێل پێی وایە هەر گؤڕانکارییەک لە دابڕان و گۆسەستدا دروست دەبێت. یان فۆکۆ بۆ تەبیینی دابڕان و گۆسەست کەڵک لە وشەی «دگردیسی» وەردەگرێت. دێگەردیسی جۆرێک گۆڕانە کە هێندێک ماک و توخمی پێشتر لەگەڵ خۆی دێنێت بەڵام بەگشتی قەوارە و شکڵ و سەروچاوی دیاردەکە دەگۆڕدرێت. فۆکۆ پێ یوایە ناسین و مەعرفە بروسکەئاسایە. هەروەها هیدایەتی نووسیویەتی: کە بە بازدان دەتوانین خۆمان بە نەتەوەکانی دی بگەیەنین و بەبێ «تیۆریی دابڕان» ناتوانین پاساو بۆ هەندێک ڕووداو بهێنینەوە. بۆ وێنە بەبێ تیۆریی دابڕان ناتوانین هەندێک ڕۆمان و ڕووداو شی بکەینەوە.
هیدایەتی لە باسی خۆیدا سەبارەت بە نەسری کوردی نووسیویەتی: «هەر جۆرە باسکردنێک کە لە نەسری کوردی بەبێ باسکردن لە بەیت و ئەدەبیاتی زارەکی، ناتەواوە.» ئینجا هیدایەتی بەیتەکان لەباری ڕاوێژ و لەحن بە چەند جۆر دابەش دەکات: بەیتی دینی وەک زەمبیلفرۆش، بەیتی حەماسی و ئارکایی وەک دمدم، بەیتی عاشقانە وەک مەم و زین، بەیتی شینگێڕی وەک سەیدەوان و بەیتی گاڵتەوگەپ وەک بەیتی گۆڵەبۆر و پیوازان. بەیتی قەڵای دمدم لەباری زمان و گێڕانەوە، کێشەی کوردان و سەفەوییەکان، حەشاردانی خانێک لە قەڵا و تووڕەبوونی سەفەوییەکان بەوە، چۆنییەتی ژیانی نێو قەڵا، جیاوازیی ئایینی کورد و سەفەوییەکان و … شایانی لێکۆڵینەوەیە.
ئەمن لێرەدا تەنیا ویستم ئاماژەیەک بە ئوستوورەیەکی ناتەواوی کوردی بکەم کە چۆن لەسەر هەست و ڕوانگەی ئیمە بۆ جۆری ژیانمان کاریگەرە، ویستم ئەو بەشە بەرجەستە بکەمەوە کە هەم لە خودی بەیتەکەدا زۆر کەم ئاماژەی پێ کراوە و هەم خوێندنەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی «ترس لە دەستدڕێژی داگیرکەرانی سەفەوی بە ژنانی قەڵا»دا قەتیس ماونەتەوە.
خۆێندنەوەی بەیتی کوردی و بەتایبەت قەڵای دمدم تەنیا بە تیۆریی دابڕان و دێگەردیسی دەکرێت. بە ڕوانگەی دابڕان دەتوانین بزانین کە ئەم ژنانە خۆیان هەڵداشت تا بە ئازادی بگەن و لە ڕێگەی مەرگ بۆ ئازادی بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن بوونە ئوستوورە و فیگوری ئارکایی، ئێستە چوارسەد ساڵ دواتر ئێمە دەمانهەوێت بەقەد تاڵە قژێکی ئەوان نەترس بین. هەر بۆیە چوارسەد ساڵ دواتر هاوشێوەی ئەو کارەی ژنانی قەڵا کردیان هەندێک پیاوی شۆڕشگێڕی کورد له مەیدانی شەڕدا کردیان تا وەک دایکانی مێژوویی خۆیان نەکەونە دەست داگیرکەر. ژنانی قەڵای دمدم ئێمەیان فێری مەرگ لەپێناو ئازادیدا کرد تا وەک پۆلە کۆترێکی باڵدار بەرەو تەشقی ئاسمان بفڕین، بەڵام نانی زیندووییی داگیرکەر نەخۆین. ئەوە كێ بوو لەبەر ژنی گاوانی ئەو تەگبیرەی دەكرد بۆ خانمەكانی و دەیوت وەرن ئەمە بچینە سەر قەڵاتی دمدمی خۆ هەڵدێرین پێنسەد كەوانی ئەوە لەبەر پۆلە خانمی دەچاو خومارە ئەوان لە ئەستۆی خۆیان شل دەكردەوە هیزارە هاواریان دەكرد یا پەروەردگارە لە قەڵاتی دمدمی خۆیان هەڵداشتە خوارەوە بە حوكمی خودای دەبوونەوە پۆلە كۆترێكی باڵدارە.
سەرچاوەکان: ئەحمەدزادە، د. هاشم؛ (Fasans Makt, J. Kristeva) ڕۆمان و نەتەوە.
مەحموودزادە، د. ڕەهبەر؛ پێکهاتەی بەیتی کوردی، سەمپۆزیۆمی پەخشانی کوردی، ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان.
ئەو بابەتە لە گۆڤاری ژمارە ٦٣ی ژنان بە ناوی کەسیکی دیکە بڵاو بووەتەوە. لیرەوە داوای لێبوردن لە خاتوو شەهلا دەباغی نووسەری ئەم بابەتە دەکەین وس لەسەر ئیزنی خۆیان لە سایتی ژنان بەناوی خۆیان بڵاومان کردوە.
بەو هیوایەی ئیتر لەم شێوە هەڵانە لە گۆڤاری “ژنان”دا دووپات نەبیتەوە