نەسرین یوسفزادە
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک لێکدانەوە، لێکۆڵینەوە و خەسارناسی لەمەڕ بزووتنەوەی ژینا لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە کە هەرکام لەوان جێی سەرەنجن، بەڵام بەو حاڵەش هێشتا نەتوانراوە هەموو تانوپۆی ئەو شۆرشە ببینرێ و لێک بدرێتەوە.
دەکرێ ئەو لێکدانەوانە لەلاینی سیاسی و کۆمەڵایەتیش بن. ئەگەر بمانهەوێ ئاوڕێک لە بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی بۆ باشترکردنی هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی بدەینەوە، یەکەم ئەوەی کە خەڵکێک کە خۆیان لە بەرابەر هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەکەیان بە ئەرکدار بزانن ئیزن نادەن دەستی نەیاری بۆلای نەتەوە و خاک و نامووسەکەی درێژ ببێتەوە.
ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ترسی دەستدرێژی پیاوە دراوسێکەیان، خۆی لە پەنجەرەی ماڵەکەیان، فڕێ دەداتە خوارەوە و دەچێتە کۆما و ئەوە دەبێتە هۆی تووڕەبوون و سەرهەڵدانی ڕق و تووڕەییەکی زۆری خەڵکی مەریوان و شارەکانی دیکە و بەتایبەت ئەوەی کە ئاشکرا بوو ئەو کەسەی بۆتە هۆکاری ئەو ڕووداوە یەکێکە لە کاربەدەست و کاسەلیسەکانی کۆماری ئیسلامییە و ئەوە ئەوەندەی دیکەی ڕق و کینە لە دڵی خەڵکێکدا هەڵدەکا کە تا ئێستا زۆر کەمتر بۆ ئاوا ڕووداوێک وەدەنگ هاتوون.
سەقز و مەریوان بەداخەوە لەو ساڵانەی دوواییدا کۆمەڵێک ڕووداویان بەخۆوە بینیوە کە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئەو شارانە بێنە دەنگ و دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە و دوابەدوای ئەوەی کە شلێر بەو شێوەیە خۆی لەو باڵکۆنەوە بەردەداتەوە و دواتر کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی لە تارانی پێتەخت، ئەمجار خەڵکی کوردستان بۆ جاریکی دیکە خۆیان بە ئەرکدار دەزانن لە بەرابەر ئەم ڕوودوانەدا و دەڕژینە شەقامەکان و بە یەکگرتووی و یەکدەنگی ئەو خەڵکە و خۆ بەخاوەنکردنی ئەو شۆڕشە لەلایەن ئەو خەڵکەوە و بە هەموو شێوازێک، هەم کولتووری و هەم سیاسی و هەم ئایینی هاواری ئەو کەسانە بوو کە لە کۆمەڵگە پەڕاوێز خرابوون و بە پێچەوانەی هەموو ئەو شۆڕشانەی کە لە ناوەندەوە دەست پێدەکا و دەستی پێکردووە ئەمجارەیان لە کوردستان و لەم شوێنەی چەندین ساڵە چەوساوەتەوە و لە بەلووچستانێک کە دەیان ساڵە پەڕاوێز خراوە دەستی پێ کرد و دواتر تاران و شارە گەورەکانی گردەوە. ئەو شۆرشە شۆرشی پەراوێز بەدژی مەرکەز بوو.
ئایا ئەو شۆڕشەی کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان ڕوویدا شۆڕشێکی فێمینیستی بوو یان شۆرەشێکی نەتەوەیی؟
لە یەکەم ڕۆژەکانی کوشتنی ژینا بەدەستی گەشتی ئیرشاد لە تاران لایەنگرانی شۆڕشی فێمێنیستی بە تایبەت کەسانێکی کە بەرزەوێژی میدیا و سوشیاڵمیدیان ویستیان ئەم شۆڕشە بۆلای فێمینیستی بکێشن و کێشەی نەتەوەی کورد و خەڵکی ئێران لە دانان و دانەدانی لەچکە و سەرپۆشدا تەواو بکەن. بەڵام خەڵکی وریا و ژیری کوردستان زۆر بە باشی توانیان ئەو ڕوانگەیە بگۆڕن و باس لە نەبوونی سیاسەتی دروست و ئەساسی لە ئێران بکەن کە چۆن و تا کەنگێ بەو شێوازە کچان و ژنان بە دەستی ئەو کەسانەی کە بە ناوی هاندان بۆ چاکە و نەهێشتنی خراپە دەستیان بە خوێنی کچان و ژنانی ئەو وڵاتە سوور دەبێ و یان بەبێ تاوان تەنیا لەبەر ئەوەی دوو چڵی پرچیان لەژێر لەچکەکەیان هاتووەتە دەرێ لە بەند دەکرێن کاسەی سەبریان سەرڕێژ دەکا و ئیتر ناتوانن بێدەنگ بن و بە ژن و پیاوەوە دەڕژێنە شەقامەکان و شۆڕشێکی ژنانە دەست پێدەکا.
ئەم شۆڕشە کاتێک گەرمتر بوو کاتێک پەیمان مینبەری لاوی شاری سنە لەنێو ماشێنەکەیدا بە گولـلەی چڵکاوخۆرانی ڕێژیم شەهید بوو دایکی گوتی: سەرەخۆشیم لێ مەکەن بچنە شەقام درێژە بەو شۆڕشە بدەن و مەهێڵن شۆڕشەکە بکوژێتەوە. کاتیک میلاد مەعرووفی شەهید بوو دایکی پڕ بە دەنگی خۆی هاواری کرد: ژن نەبم تۆڵەت نەستێنمەوە. ژنی شۆڕش نیکنام هەموو ڕۆژێ بە بیانوویەک یادی هاوژینەکەی بەرز دەکاتەوە. دایکی شەهید سمکۆ لەسەر گۆڕی کوڕەکەی سەمای مەرگ دەکا. دایکی کیان پیرفەکەک دنیا پڕ دەکا لە خودای کۆلکەزێڕینە. کاتێک دەوڵەت دەیهەوی خەڵک نەچنە سەر گۆڕی شەهیدان لە بۆکان و بە ئانقەست گۆڕی دیکە لەلای گۆڕی شەهیدان هەڵدەقەنێ دایکی شەهید محەممەد حەسەنزادە دەچێ و بە چنگ گۆڕەهەڵقەندراوەکان پڕ دەکاتەوە و دەڵێ: ئەو خاکە خاکی ئێمەیە بڕۆن لێرە کارتان بە خاک و وڵاتی ئێمە نەبێ.
باوكی سارینا ساعیدی بەردوام داوای خوێنی کچەکەی دەکا . بنەماڵەی فروشتە ئەحمەدی ڕوو لە کامێرا دەکەن و بە ئاشکرا کۆماری ئیسلامی بە بکوژی کچەکەیان دەزانن. بنەماڵە و دایکی شەهیدان لەم یەک ساڵەدا بە دەیان شێوە ڕێوڕەسمیان بۆ یادی ئازیزەکانیان کردوە و هەر ئەوانە بوون بە سێحەب و ئیختیارداری ئەم شۆڕشە.
کەوایە بە ئاماژە بە ئەوانەی لەسەرێ باس کران کە چەند نموونە بوو لە شۆڕشێک کە دەکرێ ناوی شۆڕشی ژنانەی لێ بندرێ، شۆرشێکی ژنانە کە هەموو لایەنەکانی مافخوازی بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران لەخۆ دەگرێ، دەنا کوشتنی کچێک لە تاران و لە هەر شارێکی دیکە یەکەم جار نەبووە و لەوانەیە ئەگەر ئەم ڕێژیمە هەر لەسەر کار بمێنێ دووبارە ببیندرێتەوە و ئەوەی کە خاواندارێتی لەو شۆڕشە ژنانەیە لە کوردستان کرا ئەوە بوو کە لە دەرەجەی یەکەم دا ژینا ئەمینی کە لە لای فارسەکان بە ناوی ناسنامەیەکەی (مەهسا) ناسراوە کچێکی کوردە و کورد هەمووکات بە نەتەوەیەکی بەغیرت و بە جورئەت ناسراوە کە لە بەرابەر داگیرکەر لە هیچ مەترسیەک ناسڵەمێتەوە و ئیزن نادا هیچ چاوێکی بێگانە لە ماڵ و نامووسی بێ و ئێستا کە کچێک لەو نەتەوەیە لە تارانێک کە چەندین ساڵە بە دەستی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان دەچەوسێنەوە و دوژمن و نەیاری سەرەکیانە لەسەر ئەوەی سەرپۆشەکەی ئەو شێوازە نەبووە کە ئەوان دەیانهەوێ بە شێوایەکی سیستماتیک و بێبەزەییەنە دەیکووژن و ئەوە دەبێتە هۆی ڕقێکی پیرۆز و هەڵایسانی ئاگرێک کە دەیان ساڵە بڵێسەکەی لە دڵی خەڵکدایە و ئەمجارەیان هەم لەسەر ژنێک و هەم لەگەڵ ژنانێک و هەم هاوشان و هاوڕێی ژنانێک و هەم تێکەڵ بوونی خوێنی ژن و پیاو لەو شۆڕشەدا بەیەکەوە ڕژاوە و ئەوە بەرپرسایەتییەکە کە پێی دەڵێن بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوە و هاواری چینە پەراوێزخراوەکانی ئەم کۆمەڵگەیە.
شەڕی ڕەوانی (دەڕوونی) ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامی لە دژی بزووتنەوەی کوردستان لە سەروبەندی تاڵیادی شەهیدبوونی ژینا و دەستپێکی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، ناتوانێ پێش بە ڕەوتی ڕووخانی دیکتاتۆری بگرێ.
خەباتی هێزە کوردستانیەکان لەنێو جەرگەی کۆمەڵگەدا بەردەوامە و دەبێ وریایانە لەو دۆخە تێپەڕین.
وڵاتانی ئورووپایی و لە دیاسپۆراش بە نۆرەی خۆیان بەشداری ئەم شۆڕشە بوو.
چەندین کۆبوونەوەی و کۆنفرانس و خۆپیشاندان لە وڵاتانی ئورووپایی لەلایەن هەموو نەوتەوەکانی ئێرانی و بە تایبەت کوردەکانەوە بەڕێوە چوو کە بۆ ئێمەی ژنان و بە تایبەت ڕێکخراوەکەمان کۆنفڕانسێک بە دەستپێشخەری «یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بوو کە لە ژێر ناوی (شۆڕشی ژینا ڕەمزی هاودەنگی و یەکگرتوویی گەلانی ئێران) لەبەرەبەری ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ژینا ئەمینی له وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
کۆنفرانسەکە بە دەست و هاوکاری ژنانی ئازادیخواز، هەنگاوێکی گرینگ بوو بەرەو جێبەجێکردنی مافەکانی ژنان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی دێموکراتی لە ئێراندا.
دیارە لەوانەیە بۆ کەسانیک کە لە دەرەوی ئەم گۆیە لەم شۆڕشە بڕاوانن بۆیان پرسیار بێ کە جیاوازی چییە شۆڕشەکە لە کوێوە دەست پێکردبێ و چۆن بووبێ، گرینگ ئەوەیە کە هەموو خەڵکی ئازادیخواز لەگەڵ دەوڵەتێک شەڕ دەکەن کە نایانهەوێ و بەردەوام لە دەستی وە زاڵە هاتوون و خەریکی ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکەکەیەتی بەڵام ئەوە ڕاستە کە توندوتیژی دەوڵەتی و یاسایی خراپترین شێوەی توندوتیژی دژ بە مرۆڤایەتی و بە تایبەت ژنان بێت لە ئێراندا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ژنانی کورد، بەڵام ژنی کورد دەست و پەنجەی لەگەڵ دەوڵەتێک نەرم کردووە کە بە سیستماتیک و سیاسی چەوساندویەتێوە و توندوتیژی سیاسی و سەرکوتکردنی نەتەوەیی دیارترین شێوەی توندوتیژین. توندوتیژی کە هەر چالاکییەک لە کوردستان بە تاوانێکی «سیاسی» دەناسێنێت و وەک «کردار دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پرسەکانی ئاسایش» مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆیە پڕ بە پێستێتی کاتێک بڵێین ئەم شۆڕشە ژنانەیە لە کوردستان و لە نێو دڵی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان سەری هەڵدا و گەشەی کرد.