نووسینی سارا صدرالدینی
وەرگێڕانی: فاتمە مەلەکی
نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژی دژی ژنان بەم شێوەیە پێناسە دەکات: «هەر کردارێک کە توندوتیژی ڕەگەزی تێدا ئەنجام بدرێت یان تەنانەت بڕیاریش بدرێت، وەک زیانێکی جەستەیی، جنسی، دەروونی و هەر شتێک کە ببێتە هۆی ئازاردانی ژنان وەک هەڕەشە و زۆرەملێ. زەوتکردنی ئازادی چ لە ژیانی تایبەت و چ لە کۆمەڵگەدا».
توندوتیژی هاوبەشی سۆزداری واتە ڕەفتارەکانی ئێستا یان پێشووی هاوبەشی سۆزداری کە دەبنە هۆی زیانگەیاندنی جەستەیی، جنسی یان دەروونی، وەک بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە جنسییەکان، دەستدرێژی جنسی، دەستدرێژی دەروونی و زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری ژن.
توندوتیژی جنسی واتە هەر کردەوەیەک یان کردارێکی جنسی کە ڕاستەوخۆ بەپێچەوانەی ئارەزووی جنسی کەسێکەوە ئەنجام بدرێت، لەلایەن هەر کەسێکەوە، بەبێگوێدانە جۆری پەیوەندی لەگەڵ قوربانییەکە، لەژێر هەر بارودۆخێکدا ئەم حاڵەتە دەستدرێژی جنسیش دەگرێتەوە. واتە پەنابردنەبەر هێزی جەستەیی و یان دانانی ئەندامی زاوزێ یان ئەندامەکانی تری جەستە بۆ ناو هەر بەشێکی جەستەی ژن.
ڕادەی کێشەی توندوتیژی دژی ژنان
ئەو ڕاپرسیانەی کە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی قوربانییەکان ئەنجامدراون، وردترین خەمڵاندن بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی هاوبەش و توندوتیژی جنسی دەدەن. شیکاریی زانیارییەکانی زیاتر لە ٨٠ وڵات لە ساڵی ٢٠١٣ دەریدەخات کە لە هەر سێ ژن، یەکێکیان (نزیکەی ٣٥%) تووشی توندوتیژی جەستەیی یان جنسی لەلایەن هاوبەشی سۆزداری یان کەسێکی نامۆوە بووە.
نزیکەی یەک لەسەر سێ (30%)ی ئەو ژنانەی جیهان کە لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا بوون، تووشی توندوتیژی جەستەیی و جنسی لەلایەن هاوبەشەکەیانەوە بوون. بەپێی ڕاپۆرتە وردەکان، توندوتیژی لەلایەن هاوبەشەوە لەو وڵاتانەی داهاتیان بەرزە 23.2%، لە ڕۆژهەڵاتی زەریای ئارام 24.6%، لە ڕۆژئاوای دەریای نێوەڕاست 37% و لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا 37.7%. .
لەسەر ئاستی جیهانی نزیکەی 38%ی کوشتنی ژنان لەلایەن هاوبەشە سۆزدارییەکانیانەوە ئەنجام دەدرێت. 7%ی ژنان باس لەوە دەکەن کە لەلایەن کەسێکی نامۆوە دەستدرێژییان کراوەتەسەر، هەرچەندە زانیاری کەمتر لەسەر ژمارەی ئەو کەسە نامۆیانە لەبەردەستدایە کە توندوتیژی جنسییان ئەنجام داوە.
زۆرجار پیاوان توندوتیژی جنسی دژی ژنان ئەنجام دەدەن. ئەو هۆکارانەی کە مەترسیی ئەو جۆرە توندوتیژییانە زیاد دەکەن. هۆکارەکانی پەیوەست بە توندوتیژی هاوبەشی سۆزداری و توندوتیژی جنسی لە ژینگەی خێزان یان تاکەکەسی و لە کۆمەڵگەی فراوانتردا ڕوودەدەن. هەندێک کەس توندوتیژی ئەنجام دەدەن، هەندێک ئەزموونی دەکەن و هەندێکیش هەردووکیان.
ئەو هۆکارانەی کەسێکی شەڕانگێز و قوربانیی توندوتیژی دەخولقێنێ:
• خوێندنی کەم (هەردووکیان)
• مێژووی خراپ ڕەفتارکردن لەگەڵ منداڵان (هەردووکیان)
• شایەتحاڵی توندوتیژی خێزانی (هەردووکیان)
• دوورکەوتنەوە و تێکچوونی کەسایەتی (لە کەسێکی شەڕانگێزدا)
• زیادەڕۆیی لە خواردنەوە ئەڵکۆڵییەکان (هەردووکیان)
• هەبوونی چەندین هاوبەشی سۆزداری و تۆمەتبارکردن بە ناپاکی
• هەڵوێستەکانی پشتگوێخستنی توندوتیژی (لە کەسێکی شەڕانگێزدا)
• پێگەی بەرزتر بۆ پیاوان و پێگەی نزمتر بۆ ژنان
هۆکارەکانی پەیوەست بە هاوبەشی سۆزداری شەڕانگێز:
• ڕابردووی توندوتیژی
• ناتەبایی ژیانی هاوبەش و ناڕازیبوون
• سەختی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوبەشی ژیان
• هەبوونی ڕەفتاری باڵادەستی پیاوان بەسەر هاوبەشی ژیان
هۆکارەکانی پەیوەست بەو کەسانەی کە توندوتیژی جنسی دەکەن:
• ڕێزگرتن لە خێزان و پاکی لە پەیوەندی جنسی
• هەبوونی ئایدۆلۆژیای باڵادەستی پیاو لە سەرجێیدا
• هەبوونی یاسا و ڕێسای لاواز بۆ توندوتیژی جنسی
نایەکسانی جێندەری و باوەڕە پەسەندکراوەکانی باو سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان سەرچاوەی ئەم توندوتیژیانەن.
کاریگەری توندوتیژی لەسەر تەندروستی چین؟
ئەو هاوبەشە سۆزداریانەی کە دەبنە هۆی زیانگەیاندنی جەستەیی و سۆزداری، هەروەها توندوتیژی جنسی، کێشەی جەستەیی و دەروونی و جنسی کورتخایەن و درێژخایەن بۆ خانمان دروست دەکەن. هەروەها کاریگەرییان لەسەر منداڵی ئەو ژنانەش هەیە.
هەندێک توندوتیژی دەتوانێت:
• کاریگەری مەترسیداریان هەیە وەک کوشتن و خۆکوشتن
• دەبێتە هۆی برینداربوون، نزیکەی 42%ی ئەو ژنانەی کە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە تووشی توندوتیژی بوون.
• دەبێتە هۆی دووگیانی نەخوازراو، لەباربردنی منداڵ، نەخۆشییەکانی سیستەمی زاوزێی مێینە، نەخۆشییە جنسییە گواستراوەکانی وەک ئایدز. توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی جنسی یان جەستەیی بوون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە جنسییە گواستراوەکان 1.5 هێندە زیاترە، هەروەها ئەگەری لەباربردنی منداڵیش دوو هێندە زیاترە.
• توندوتیژی سۆزداری هاوبەشی ژیان لە کاتی دووگیانیدا ئەگەری لەباربردنی خۆبەخۆ، لەدایکبوونی مردوو، لەدایکبوونی پێشوەختە و کەمی کێشی لەدایکبوون زیاد دەکات. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی بوون، ئەگەری لەبارچوونیان 16% و منداڵبوونی پێشوەختە 41% بووە.
• توندوتیژی دەبێتە هۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی دوای کارەسات و تێکچوونی خەو و تێکچوونی خواردن و هەوڵی خۆکوشتن لە ئافرەتاندا. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجامدراوە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی و کحولی دوو هێندە زیاترە لە ژنانی دەستدرێژیکراودا.
• دەرئەنجامەکانی توندوتیژی لە تەندروستی ئافرەتان بریتین لە سەرئێشە، پشت ئێشە، ئازاری سک، تێکچوونی گەدە و ڕیخۆڵە، سنووردارکردنی جووڵە و نەبوونی تەندروستی جەستەیی تەواو.
• توندوتیژی جنسی بەتایبەت لە تەمەنی منداڵیدا ئەگەری جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و مەی و ڕەفتاری جنسی مەترسیدار لە داهاتوودا زیاد دەکات. ئەمەش لە پیاوانی توندوتیژی و ژنانی قوربانی توندوتیژیدا دەبینرێت.
توندوتیژی چ کاریگەرییەکی لەسەر منداڵان هەیە؟
ئەو منداڵانەی لە خێزانە شەڕانگێزەکاندا پەروەردە دەکرێن، لەوانەیە تووشی تێکچوونی سۆزداری و ڕەفتاری ببن و لەوانەیە لە داهاتوودا تووشی توندوتیژی ببنەوە یان خۆیان توندوتیژی ئەنجام بدەن. توندوتیژی هاوبەشی ئینتیمی دەبێتە هۆی مردنی کۆرپە یان نەخۆشی وەک بەدخۆراکی دروست دەکات.
لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی توندوتیژی دژی ژنان چین؟
بەهای کۆمەڵایەتی و ئابووری توندوتیژی جنسی و جۆرەکانی تری زۆر بەرز و فراوانە. ئەم ژنانە بەدەست گۆشەگیری و دووری و نەتوانینی کارکردن و کەمبوونەوەی مووچە و بەشدارینەکردن لە چالاکییە ئاساییەکان و سنوورداربوون بۆ ئاگەداربوون لە خۆیان و منداڵەکانیان دەناڵێنن.
توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگادا
لە دونیای ئاژاوەگێڕی ئەمڕۆدا ژنانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا نە کۆڵ دەدەن و نە سەردەسپێرن، بەرەنگاری دەبنەوە! ژنان لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پێگەی نوێ لە کۆمەڵگە و وەرگرتنەوەی مافەکانیان و نەهێشتنی جیاکاری جێندەری لە یاساکاندا و یەکدەنگن بۆ هاوارکردن لەسەر ئەو بابەتانەی کە سەردەمانێک تابۆ بوون. نەوا، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵانی میسری دەڵێت: «توندوتیژی هەموو کۆمەڵگاکەمی گرتۆتەوە. دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتان زۆر زۆر باو بووە لە شەقامەکاندا. شەوانە ناتوانم بچمە دەرەوە چونکە ئاسایشم نییە. من لەم کۆمەڵگەیەدا بۆچوونەکانم دەردەبڕم بەڵام لە کۆتاییدا چونکە من ژنم کەس ڕێز لە بۆچوونەکانم ناگرێت و ئەمەش جۆرێکە لە توندوتیژی».
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ژنان پێی وایە کە ژمارەی ئەو ژن و کچانەی وەک نەوا کە داوای مافی خۆیان دەکەن ئەژماریان ڕوو لە گەشەیە بەڵام ئەمڕۆ توندوتیژی دژی ژنان بەهەمانشێوە زیادی کردووە. توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان بێ سنوورە.
حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی ژنان لە کۆمەڵگادا بریتین لە:
توندوتیژی دژی ژنان لە زیندان
نایەکسانی دەسەڵات لە نێوان زیندانییەکان و سەربازەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی زیندانییەکان بە تەواوی گوێڕایەڵی ئەفسەر و سەربازەکان بن و ئازاری جەستەییان پێ بدرێت. لەبەر ئەوەی ژنانی زیندانی زۆرجار لە چاوی گشتیی دەردەکەون، هیچ پراکتیزەیەکی دروست بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژی جنسی و دەستلێدان لە کاتی گەڕان بەدوای جەستەدا و بەستنەوەی دەست و قاچی ژنان لە کاتی منداڵبووندا نییە. بەگشتی ژنانی زیندانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و بەرهەمی تەندروستی زیاتر و دوورکەوتنەوە لە سزا و ئەو جۆرە ئاسانکاریانە دەستدرێژیان پێدەکرێت. هەروەها لە زیندان چاوەدێری پزیشکی و دەروونی کەم بۆ ئەم ژنانە بەردەستە.
ئەنجامدانی تاوانێک لە زینداندا، وەک دەستدرێژی جنسی، بەزۆری پشتگوێ دەخرێت و دەستدرێژیکارەکە دادگایی ناکرێت. لە ساڵی 1997 تەنها 10 زیندان لە حکوومەتی فیدراڵی یاسای توندیان لە دژی توندوتیژی لە زیندانەکانی ژنان پەسەند کردبوو.
ژن لە دونیای کاردا
لە دونیای کاردا پیاوان مووچەی زیاتریان پێدەدرێت لە ئافرەتان، تەنانەت لە کارە هاوشێوەکانیشدا. توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە ئەگەر ئافرەتان قەرز لە بانکەکان وەربگرن، ئەوە دەبێت مانگانە زیاتر لە پیاوان پارە بدەن.
بەهەڵسەنگاندن لەگەڵ پیاوان، ژنان بەلانیکەمەوە 13% زیاتر پارە دەدەن بۆ تەندروستی و چاوەدێری تەندروستی هەروەها 8% زیاتر بۆ جلوبەرگەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا 19.7% کەمتر داهاتیان هەیە. نزیکەی ١٠٤ وڵات لە جیهاندا هەمان کار وەک پیاوان بە ژنان نادەن؛ لە کامێرون، مێرد دەتوانێت ڕێگری لە کارکردنی هاوژینەکەی بگرێت.
ژنانی خێزاندار بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە ماڵەوە کار بە داهاتێکی باشەوە ڕەتدەکەنەوە و یەک لە دەی پیاوەکان ئاگەداری کارەکانی ماڵەوەن.
پڕژاندنی ئەسید
ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا لە سیاسەت و نەریت و کۆمەڵگە و کولتوور و ئابووریدا بەدوای پیاودا دەڕۆن. لە هەندێک وڵاتدا ژنێک کە خوازبێنییەکەی ڕەتدەکاتەوە، دەبێتە قوربانی توندوتیژییەک کە پێی دەوترێت تۆڵەکردنەوە؛ هێرشی بە ئەسید ڕێگایەکە بۆ تۆڵەسەندنەوە.
ئەو ئەسیدە کە دەڕژێتە سەر ڕوخسار و جەستەی ئەو ژنانە دەبێتە هۆی مەترسی کوێربوون و سووتانی پلە سێ و حکوومەتەکانی ئەو وڵاتانەش هیچ ناکەن بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی ئەسید بە خەڵکی ئاسایی و سزادانی ئەو کەسانەی کە بۆ کوشتن و دژی جەستەی ژنان بەکاریدەهێنن.
کوشتنی بووک بەهۆی مارەیی
ئەم واقیعە تاڵە جارێکی تر ئاماژە بە خاوەندارێتی ژن دەکات وەک موڵکی پیاو. ئەو بووکانەی پارەی پێویست بۆ زەماوەند و مارەییەکانیان خەرج ناکەن، سووکایەتییان پێدەکرێت و هەندێکجار لەلایەن مێردەکانیانەوە دەکوژرێن یان خۆیان دەکوژن.
ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لە هیندستان و پاکستان و بەنگلادیش تۆمار کراوە و هیندستانیش بەرزترین ئاماری هەیە. ساڵانە لە پاکستان نزیکەی دوو هەزار حاڵەتی کوشتنی ژنان بەم هۆیەوە تۆمار دەکرێت.
کوشتنی شەرەف
لە هەندێک وڵاتدا ژنان نوێنەرایەتی شەرەفی خێزانەکەیان دەکەن. کاتێک ژنان تۆمەتبار دەکرێن بە زینا، تەنانەت ئەگەر دەستدرێژیشیان کراوەتەسەر، زۆرجار بە خراپترین شێوە لەلایەن برا و باوکی خۆیانەوە سزا دەدرێن.
ئەو ژنانەی دەستدرێژی دەکرێنەسەر و بەڵگەیان نییە بۆ سەلماندنی، بە زینا تۆمەتبار دەکرێن کە سزای بەردبارانکردنە. لەکەدارکردنی پاکیزەیی ژن ئەگەر پێشبینیش بێت، هیچ بژاردەیەک بۆ بنەماڵەی ژنەکە ناهێڵێتەوە کە ئەم پەڵەی شەرمەزارییە لاببەن جگە لە کوشتنی.
خەتەنەکردنی مێینە بە شێوەی FGM
خەتەنەکردنی مێینە لە ٢٨ وڵاتی ئەفریقا ئەنجام دەدرێت. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ١٣٥ ملیۆن ژن و کچ بەهۆی خەتەنەکردن تووشی ڤایرۆسی ئایدز و نەزۆکی بوون، جگە لەو ئازارە دەروونی و سۆزداریانەی کە بەسەر ئەو ژنانەدا کەوتووە.
لێخۆشبوون
زۆر کەسی توندوتیژکار ناگیرێن. زۆربەی قوربانیانی ژن پێیان باشە ڕاپۆرتی توندوتیژی نەخەنە بەردەم پۆلیس و بەرپرسانی حکوومەت چونکە دەترسن لە کۆمەڵگە دووربخرێنەوە و کەسانی دیکەش تاوانباریان بکەن.
کاتێک ژنان سکاڵا لەسەر دەستدرێژکارێک تۆمار دەکەن، ناچارن بەشداری لە دۆسیە درێژخایەنەکانی دادگا بکەن کە بەبێ بەزەییانە گاڵتە بە ژنان دەکرێت و دەبنە سەردێڕی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاکان. توندوتیژی دژی ژنان ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە کۆمەڵگە جیاوازەکان داکوتاوە.
بازرگانیکردن بە ژنانەوە
ژنان بە مەبەستی کەلکاژۆکردنی جنسی و جەستەیی و ڕیکلام دەفرۆشرێن. زۆرجار بازرگانەکان ئەو ژنانە دەکەنە ئامانج کە لەگەڵ هەژارییدا دەجەنگن و ناتوانن کارێک یان خوێندنێکی دروست بدۆزنەوە.
وەرگرتنی میرات
لە بریتانیا، تونس، چین و ئێران، ژنان پشکی میراتیان کەمترە لە پیاوان. لە ساڵی ١٩٥٦ لە تونس ئەم یاسایە دەرچوو کە ئەگەر کوڕێک لە خێزانەکەدا هەبێت ئەوە بەشی میراتەکەی دوو ئەوەندەی کچەکانە.
نەبوونی ژنان لە دەسەڵاتدا
یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی شەڕە سیاسییەکان، نەبوونی ژنانە لە پۆستەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیدا. لە دەستەی ئەمیندارانەوە تا دادگاکان تا پێگەی سەرکردە سیاسییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، نەبوونی ژنان لەو پۆستە باڵا و گرنگترانەدا ڕێگریی لە پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا دەکات.
نەبوونی ژنان وەک سەرکردە لە کۆمەڵگەدا نەک هەر دەبێتە هۆی دواکەوتوویی ژن بەڵکو دەبێتە هۆی دواکەوتوویی هەموو کۆمەڵگە؛ تا زووتر ئاگەداری ئەم بابەتە بین، زووتر دەبینە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو.
خۆپاراستن لە توندوتیژی دژی ئافرەتان و چارەسەری:
توێژینەوەکان لەسەر کاریگەری بەرنامەکانی پێشگرتن و چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی ژنان ڕۆژانە لە زیادبووندایە بەڵام ئەوەی بەڕاستی ژنان پێویستیانە سەرچاوەی زیاترە بۆ ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی توندوتیژی جنسی و جەستەیی، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەم توندوتیژییانە بوەستێنرێت.
بەڵگەکان دەیسەلمێنن ئەو وڵاتانەی داهاتیان بەرزە، داکۆکیکردن و ڕاوێژکاریی قوربانیان و ڕزگاربووانی توندوتیژی بۆ باشتر دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان ڕێژەی توندوتیژی لەم وڵاتانەدا کەمکردووەتەوە، لەوانەش کارمەندانی چاوەدێری تەندروستی، بە هاوکاری پەرستارانی ڕاهێنراو، توندوتیژی جنسی کەمیکردووە. هەرچەندە ئەم بەرنامانە هێشتا لە ناوچە هەژارەکاندا جێبەجێ نەکراون، ئەو ستراتیژییەی لە ناوچە هەژارەکاندا جێبەجێ کراون بریتین لە: ڕاهێنان لەسەر بنەمای یەکسانیی جێندەری کە وایکرد هاوسەرەکان فێری توانای پەیوەندیکردنی باشتر بن؛ کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە مەی و خواردنەوەی، گۆڕینی تێڕوانینە هەڵەی باو و جێندەرییەکانی نێو کۆمەڵگە بۆ یەکڕیزی و یەکڕیزی لە کۆمەڵگە و بەشداریکردن لە گرووپە توێژینەوەکان لەوانەش ژن و پیاو بۆ دروستکردنی بیرکردنەوەی ژیانی دروست سەبارەت بە نایەکسانی جێندەری و هێزی پەیوەندییە هاوبەشەکان.
ئەو یاسا و سیاسەتانەی کە پێویستە بە ئاراستەی یەکسانی جێندەری بگۆڕدرێن:
• کۆتاییهێنان بە هەڵاواردن دژی ژنان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵ
• کۆتاییهاتنی جیاکاری لە دژی ژنان لە یاساکانی میرات و خاوەندارێتی موڵکدا
• زیادکردنی مووچەی ژنان لە کارە جۆراوجۆرەکاندا
• پەرەپێدانی بەرنامەکانی چارەسەرکردن و سیاسەتی گشتی بە ئاراستەی توندوتیژی دژی ژنان
لە کاتێکدا کە خۆپاراستن و چارەسەری توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەنە هەیە بەڵام کەرتی تەندروستی ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت.
ئەو شتانەی کە بەشی تەندروستی دەتوانێت بیکات بریتین لە:
• پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنان و دەربڕینی توندوتیژی دژی ژنان وەک شتێکی قبووڵنەکراو و کێشەیەکی تەندروستی گشتی.
• پێشکەشکردنی چەندین خزمەتگوزاری، ڕاهێنانی ستافی چارەسەرکردن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هاوسۆزی و گشتگیر مامەڵە لەگەڵ پێداویستییەکانی ڕزگاربووانی توندوتیژیدا بکەن.
• ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان و پێشکەشکردنی پاڵپشتییەکی بەرفراوان بۆیان.
• پێشخستنی یەکسانی جێندەری لە نێوان مرۆڤەکاندا وەک کارامەیییەک لە ژیانیاندا، پێشکەشکردنی بەرنامەی پەروەردەی جنسی بۆ گەنجان.
• درووستکردنی بەڵگە لەسەر گرنگی کێشەی توندوتیژی بە ئەنجامدانی ڕاپرسی بەرفراوان.
سنووردارکردنی ژنان
سنووردارکردنی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکاندا
٩٩ ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی ١٩٢٠، ژنانی سپی پێستی ئەمریکی بەشێوەیەکی یاسایی مافی دەنگدانیان پێدرا (هەمواری ١٩ پەسەندکراو زیادکرا بۆ دەستوور هەروەها ژنانی ڕەشپێست تا ساڵی ١٩٦٥نەیانتوانی دەنگ بدەن.
• دەستدرێژیکاران دەتوانن لە ٧ ویلایەتی ئەمریکا داوای مافی دایک و باوکایەتی بکەن. ویلایەتی میریلاند، ئەلاباما، میسیسیپی، مینیسوتا، داکۆتای باکوور، وایۆمینگ و نیو مەکسیکۆ هیچ یاسایەکیان نییە کە ڕێگری لە دەستدرێژیکاران بکات کە سەرپەرشتی منداڵەکەیان بکەن.
• ژنان لە سعوودیە تا ئەم دواییانە ڕێگەیان پێنەدرابوو شۆفێری بکەن و تا ساڵی ٢٠١٥ مافی دەنگدانیان نەبوو.
• لە میسر ژنانی خێزاندار دەتوانن بەمۆڵەتی خۆیان لە ماڵەوە دەربچن تەنها بەمەبەستی جێبەجێکردنی داب و نەریت و یاساکان، بۆ مەبەستی تر دەبێت داوای مۆڵەتی هاوسەرەکەیان بکەن ئەگینا پاڵپشتی دارایی مێردەکەیان لەدەست دەدەن.
• لە 32 وڵاتدا ژنان بۆ داواکردنی پاسپۆرت پێویستیان بە مۆڵەتی مێردەکەیان هەیە و لە 30 وڵاتیش ژنان مافی ئەوەیان نییە شوێنی نیشتەجێبوونیان هەڵبژێرن.
• لە ئیسرائیل ژنان مافی جیابوونەوەیان نییە.
• مێردێکی نەیجیریا بەپێی ماددەی ٥٥ی یاسای سزادان، بە ئامانجی ڕێنماییکردن و چاکسازیکردن ڕێگەی پێدەدرێت لە ژنەکەی بدات.
• لە کارۆلینای باکوور، نەخێر بە مانای نەخێر نییە. دەستدرێژی جنسی لەبەرچاو ناگیرێت ئەگەر ژنەکە لە کاتی ڕووداوەکەدا تەنها جارێک ناڕەزایی خۆی دەرببڕێت.
• لە ڕووسیا ١٥ ساڵ لەمەوبەر یاسای یەکسانی جێندەری پەسەند کرا.
• لە ١٠٤ وڵاتی جیهاندا ژنان لە کارێکی هاوشێوەی پیاوان، قەدەغە کراون.
ڕۆڵی پیاوان لە کۆتاییهێنان بە «توندوتیژی دژی ژنان» چییە؟
بەگشتیی توندوتیژی دژی ژنان وەک کێشەیەکی تایبەت بە ژنان دادەنرێت بەڵام بەو پێیەی زۆربەی توندوتیژی جنسی و خێزانی لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت پرسی «توندوتیژی دژی ژنان» بە هەمانشێوە کێشەیەکە بۆ پیاوان. ئێمە دەزانین زۆرێک لە پیاوان توندوتیژی ناکەن و بە قووڵی بەهای تەندروستی دەروونی ژنان لە ژیانیاندا دەدەن. بەپێی ئامارەکان توندوتیژی دژی ژنان نەوەستاوە. پێشکەوتنێکی زۆر لەم بوارەدا بەدیهاتووە بەڵام هێشتا ڕێگەیەکی دوور و درێژمان ماوە بۆ گەیشتن بە یەکسانی جێندەری و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان؛ ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت تا پیاوانیش بزانن کە ئەمە کێشەی ئەوانە چونکە زۆربەی پیاوان دەبنە هاوبەشی توندوتیژی.
پیاوان دەتوانن چی بکەن بۆ وەستاندنی توندوتیژی دژی ژنان:
• قبووڵ بکە کە بەرپرسیارێتی توندوتیژی خێزانی دژی ژنان لە ئەستۆی ئەو پیاوەیە کە دەستدرێژییەکەی ئەنجامداوە.
• کاتێک پیاوانی تر دەبینیت توندوتیژی دەکەن، تەنها چاودێرێکی بێدەنگ مەبە.
• ئالنگاریی ئەو پیاوانە بکە کە قسەی جنسی دەڵێن و گاڵتەیەکی نەشیاو لەسەر ژنان دەکەن.
• پرسیاری لە ژنانی دیکە بکە سەبارەت بە کاریگەریی توندوتیژی لەسەر ژیانیان؛ باش گوێ لە قسەکانیان بگرە و زانیاری وەربگرە.
• بیر لەوە بکەرەوە کە چۆن هەڵوێستەکانت و شێوازی قسەکردنت بەشدارن لە پرسی توندوتیژی دژی ژنان.
• ئەگەر شایەتحاڵی توندوتیژی خێزانی بوویت، پەیوەندی بە ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە بکە، بە خۆت مەڵێ ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بابەتی کەسی یان خێزانییە.
• وێنەی میدیایی ژنان کە زەلیلیان دەکەن لە ڕاستیدا جۆرێکە لە توندوتیژی، بیانناسنەوە.
• گۆڤار و فیلم و کلیپ مەکڕن کە توندوتیژی دژی ژنان بەرەوپێش دەبەن.
• لەگەڵ کوڕان و گەنجان قسە بکە لەسەر هەبوونی پەیوەندی تەندروست و ببە بە نموونەیەکی باش بۆیان.
• ئەگەر پێتوایە لە ڕووی سۆزداری، زارەکی، یان جنسییەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر، داوای یارمەتی بکە و سەیری کەسانی پیشەیی بکە.
• بەشداری گرووپەکانی ژن و پیاو بکە کە نیگەرانن لە جیاکاری ڕەگەزیی دژی ژنان.
• پشتگیری لە چالاکیی و گرووپەکانی دژە توندوتیژی بکەن.
بەو پێیەی ژنان ئامانجی هەڵاواردنی ڕەگەزیین، کلیلی پێشخستنی مافی مرۆڤی ژنان لە نێو کۆمەڵگەدایە. سەرەڕای ئالنگاری جۆراوجۆر، ژنان بەردەوامن لە ڕێگەی خۆیان و هەوڵدەدەن توندوتیژی کەم بکەنەوە.