گوڵباخ بەهرامی
رۆمانی ( امید) هەڵاتن بەرەو لووتکە، کە لە نووسینی نووسەر و رۆژنامەنووس ئەحمەد زاوایتەییە بە زمانی فارسی بڵاو کرایەوە. کتێبەکە لە لایەن گوڵباخ بەهرامی وەرگێردراوەتە سەر زمانی فارسی.
هەڵاتن بەرەو لووتکە، گێرانەوەی رووداوێکی مێژووییە لە دووتوێی رۆمانێکی تراژیدی رئیالیستیدا، کە باس لە کۆڕەوی میلیۆنی خەڵکی باشووری کوردستان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی 1991 دەکات. کاراکتەری سەرەکی رۆمانەکە کە (ئومێد) ە بەسەرهاتی ئەو تراژدیا گەورەیە دەگێڕێتەوە کە هاوکات کە باس لەو رووداوە مێژووییە دەکات، چیرۆکی خۆشەویستی و ئازار و جێهێشتن و لەدەستدانی ئازیزانی دەگێڕێتەوە لە درێژەی هەڵاتنی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوور. ئومید دوای 26 ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی رووداوەکان و لەوێوە دەچێتە قووڵایی بیرەوەرییەکانی رابردووی، هاوکات هەر بەو روانگەیەوە باس لە بارودۆخی باشووری کوردستان و زوڵم و ستەمی رژیمی ئەوکاتی عێراق دەکات. لە رۆمانەکەدا ئاماژە دراوەتە شۆڕشەکانی کورد و رۆڵی پێشمەرگە لە سەردەمە سەختەکاندا. لە هەندێک شوێنیش به زمانێکی ئەدەبی بەڵام رەخنەگرانە باسی لە ناکۆکی و یەکنەبوونی کورد و زەروورەتی یەکگرتوویی لە کاتە هەستیارەکاندا کردووە.
ئەم رۆمانە کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی(سۆرانی)، کوردی( کرمانجی)، زمانی ئینگلیزی و فارسی.
ئامانج لە وەرگێڕانی ئەم رۆمانە، خاڵە هاوبەشەکانی شۆرش و بەسەرهات و نەهامەتییەکانی کوردە لە پارچەکانی کوردستاندا. ئەو شۆڕشەی لە رۆژهەڵاتەوە تا باشوور و باکوور و رۆژئاوا مێژوویەک قوربانیدان و رێگای سەخت و دژواری بڕیوە و هێشتاش هەر بەردەوامە. دیارە وەرگێران وەک یەکێک لە رێگا گرنگەکانی ناساندنی نەتەوە، کلتوور، مێژوو و هەروەها کەسایەتییەکانە لە ئاستێکی بەرفراوانی دەرەوەی ژینگەی سەرەکییان. بۆیە لە رێگەی وەرگێڕانەوە زۆرجار نەتەویەک بە هەموو مێژوو و ناسنامە نەتەوەییەکەیەوە دەناسێنرێت یاخود زیاتر و لە روانگەیەکی جیاوازترەوە هەوڵی ناسینی دەدرێت. بۆ کورد کە خاوەن مێژوو و رابردوو و خاک و کیانێکی لەمێژینە بووە و داگیرکاری و دابەشکاری نەیهێشتووە خاوەن دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆ بێت، زۆر گرنگە لە هەر دەرفەتێک و لە هەر دەروازەیەکەوە هەوڵ بدرێت، لایەنێکی ئەو مێژووە راستەقینەیەی بە زمان و روانگەیەکی جیاوازترەوە به دونیای دەرەوە بناسێنرێت. بەتایبەتی کە زۆرجار نەتەوەی باڵادەست حاشا لە بوونمان و نکۆڵی لە مێژوو و رابردوومان دەکەن. ئەوەی ئەرکە گەورەکەیە جگە لە نەتەوەسازی و بنیاتنانی هەستێکی پتەوی باوەڕمەندبوون بە خۆشویستنی نیشتمان و پاراستنی، بۆ نەوەکانی داهاتووی نەتەوەکەمان، ئەرکە گەورەکە ناساندنی و بەرجەستە کردنەوەی ئەو مێژووە حاشالێکراوەی نەتەوەکەمانە لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە بە نەوەکانی داهاتوویان. بۆیە وەرگێڕان ئەم بەرپرسیارەتییە گەورەیەی هەڵگرتووە و دەتوانێت ئەو دەنگە کپکراوە وەک خۆی بگەیەنێت.
لەم رۆمانەشدا، رۆمانی ( هەڵاتن بەرەو لووتکە)، پاڵەوانی رۆمانەکە خۆشەویستی نیشتمان و عەشقی خۆشەویستەکەی بەیەکەوە گرێداوە. هەرچەندە لە کۆتایی رێگای گەیشتنی بەو دیوی سنوورەکان خۆشەویستەکەی و جگەرگۆشەکانیشی لە رێگای سەختی گەیشتن لەدەست دەدات، بەڵام ئیرادەی بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانی کە بە ئەنجام گەیشتنی شۆڕش و راپەرینی کورد لە باشووری کوردستانە، لەدەست نادات و دووبارە لە شوێنی هەمان رووداو و کارەسات، بەڵام ئەمجارە لە هەرێمی کوردستانی خاوەن ئاڵا و حکوومەتێکی کوردیدا، پانۆرامای رووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە.