( شیکارییەکی سیاسیی-کۆمەڵایەتی)
ماریا وەیسی
پوختە
ژنانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات لەنێوان ستەمی ئابووری، هەڵاواردنی جێندەری و سەرکوتکردن و ستەمی نەتەوەییدان. ئەم وتارە بە چەشنێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی، کاریگەریی داگیرکاری کوردستان، سیاسەتەکانی دەوڵەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، و ڕۆڵی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لەسەر پێگەی ژنانی کورد لێک دەداتەوە و بەشدارییەکانیان لە بزووتنەوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتدا وەک وەڵامێک بە بارودۆخی ئابووری شی دەکاتەوە.
داتاکان نرخێکی بەرزی بێکاری، بەشدارییەکی کەمی ئابووری و زیانە کۆمەڵایەتییەکان پیشان دەدەن. ئامانج ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان بێدەرەتانی لە ئابووری، نایەکسانی جێندەری و چالاکیی سیاسیی ژنان ڕوون بکرێتەوە.
پێشەکی
ڕۆژهەڵات، ناوچەیەکە بە ناسنامەیەکی کولتووری و مێژوویی دەوڵەمەند، کە ژێر دەسەڵاتی سیاسەتە ناوەندگەراکانی دەوڵەتە ناوەندییەکان بووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەتاڵانبردن و بێبەشکردنی کوردستان لە ڕووی ئابووری. ژنانی کورد، وەک بەشێک لە کۆمەڵگە لە ژێر فشاری دووقاتدان لە ئاستی نەتەوەیی و جێندەریی، نەک تەنیا لەگەڵ هەژاری و بێکاری رۆبەڕوون، بەڵکو لە بزووتنەوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتدا رۆڵێکی چالاکانەیان هەیە. ئەم وتارە بە بەکارهێنانی خوێندنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی، بارودۆخی ئابووری ژنانی رۆژهەڵات، رۆڵی دەوڵەت لە سەرکوتکردن، بەشداریی ژنان لە بزووتنەوەی رۆژهەڵات و کاریگەریی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» شی دەکاتەوە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بارودۆخی ئابووری چۆن کاریگەری لەسەر بەشداریی سیاسیی ژنانی کورد کردووە و ئەم چالاکییە چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەیان هەبووە؟
لە ڕووی سیاسییەوە، رۆژهەڵات وەک وڵاتێکی داگیرکراو پێناسە دەکرێت؛ ناوچەیەک کە سەرچاوەکانی بەکاردەهێنرێن بەڵام پەرەپێدانی بەشێوەی مەبەستدار پشتگوێ خراوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە چەمکی “ستەمی دووقات” ئەوەمان پێدەلێت کە ژنان، لە ڕووی ستەمی نەتەوەیی و جێندەری لەژێر گۆشاردان. بەشداریی ژنان لە بزووتنەوەکاندا لە چوارچێوەی تیئۆری “بەرگریکردنی” گیدنز دەکرێت شی بکرێتەوە کە ژنان وەک چالاکوانانی ئەکتیڤ لە ڕووی بنیاتنانەوەی ناسنامە و شوناس هێزیان کۆدەکەنەوە. لە رووی ئابوورییەوە، “پەراوێزبوون” هۆکاری ئەکت و عەزمی سیاسییە.
بارودۆخی ئابووری ڕۆژهەڵات:
چوار پارێزگای رۆژهەڵات لە رووی ئابوورییەوە بێبەش و پراوێزخراوەن. نرخی بێکاری لە رۆژهەڵات لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ لەسەدە: سنە ٢٠٫٥ لە سەد، کرماشان ١٥٫٧ لە سەد، ورمێ ١٢٫٤ لە سەد (هەتا ٢٠ لە سەد لە ڕۆژهەڵات)، و ئیلام ١١٫٩ لە سەد (سەنتەری ئاماری ئێران، ١٤٠١). بەشداریی ئابوورییش کەمە: سنە ٣٦٫٦ لە سەد، کرماشان ٣٧٫٤ لە سەد، ورمێ ٣٨ لە سەد، و ئیلام ٣٥٫٨ لە سەد، لە کاتێکدا نرخی گشتی ٤١ لە سەدە. بەشی پیشەسازی کەمتر لە ٧ لە سەد، و نرخی هەژاری لە سنە و کرماشاندا نزیکەی ٣٥ لە سەدە. ئەم بێبەشییە ژنان دەبێتە هۆی کار کردن لە شوێنە نافەرمی و مەترسیدارەکان. بارودۆخی ئابووری ژنان بەشداریی ئابووری ژنان لە رۆژهەڵات نێوان ٩ بۆ ١٢ لە سەدە: ورمێ ١١ لەسەد، سنە کەمتر لە ١٠ لە سەد، کرماشان ١٢ لە سەد، و ئیلام ٩ لە سەد، بە بەراورد بە نرخی گشتی کە ١٣٫٣ لە سەدە. نرخی بێکاری ژنان دوو هێندەی پیاوانە: ٢٢ لە سەد لە ورمێ، ٣٠ لە سەد لە سنە (بە تایبەتی ژنانی خوێندەوار)، ٢٥ لە سەد لە کرماشان، و ٢٠ لە سەد لە ئیلام. ژنان زۆرجار لە کشتوکاڵ، قالیبافی، دەرزیکاری و کۆلبەریدا کاردەکەن. ژنانی سەرپەرستی خێزان (١١ بۆ ١٥ لە سەدی خێزانەکان) زۆربەیان کەمداهات یان نەخوێندەوارن، کە ئەمەش بە زیانەکانی وەک خۆکوشتن (٩٢ حاڵەت لە سنە، ٢٠٢١-٢٠٢٢) و توندوتیژی پەیوەندی هەیە.
ڕۆڵی دەوڵەت لە پەراوێزخستنی کوردستان و کاریگەرییەکەی لەسەر ژنان
سەردەمی پەهلەوی: ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ سەرکوتکردنی ناسنامەی کوردی (قەدەغەکردنی زمان، سەرکوتکردنی کۆماری کوردستان، سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن) پەیوەندیدار بووە. سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن (١٣١٤) لەگەڵ بنچینەی کولتووری رۆژهەڵات نامۆ بوو. کە ژنان لەم نێوانەدا زۆڵمی زیاتریان لێدەکرا . کەمداهاتی و قەدەغەی ئابووری، ئاستی دەستراگەیشتن بە خوێندنی بۆ ژنان سنووردار دەکرد و هەروەها لەڕووی کار و پیشەدا ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی دادەنا.
سەردەمی کۆماری ئیسلامی:
لە فۆرمی ئیدیۆلۆژیای ئیسلامی شیعەدا سەرکوتکردنی بزاڤە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دڕێژە پێدرا. هێرشی هێزی داگیرکەر (١٣٥٨)، سزادان و لەسێدارەدانی چالاکوانان و یاساکانی ئیسلامی ( وەک حیجابی زۆرەملێ، سیاسەتی فەرهەنگی) ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنانی قورستر دەکرد. دژیەکی مانادار لە نێوان ئیدۆلۆژی دەسەڵات و ژنان بە تۆندی درووست دەبوو کە ئەمڕۆ لە هێزە بزوێنەرەکانی خەبات لە کوردستان و ئێراندا، هێزی ژنانە.
هەژاری و چەوسانەوەی کولتووری، ئاسەواری وەک خۆکوشتن و کۆلبەری لە ژنان دوو هێندە کردووە. لە هەردوو سەردەمدا، دەرئەنجامی سیاسەتەکانی دەسەڵات ئاکامی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنان لە فەزای گشتی بوو.
بەشداریی ژنان لە بزووتنەوەی رۆژهەڵات و پەیوەندییەکەی بە ئابوورییەوە:
ژنانی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا، لەوانە لە کۆماری کوردستان (١٣٢٤-١٣٢٥) و خەباتی حزبە کوردییەکان لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧، رۆڵێکی چالاکانەیان هەبووە. ئەم بەشدارییە ڕەگەکەی لە بارودۆخی ئابووری رۆژهەڵاتدایە.
پەراوێزی ئابووری: هەژاری و بێکاری (٣٠ لە سەدی ژنانی خوێندەوار بێکارن) ژنانی بۆ چالاکیی سیاسی هاندەدا کە بۆ داهاتووی باشتر تێبکۆشن. کۆلبەری و مردنی سەرپەرستی خێزانەکان، هاندەر و هۆکاری تری بەشداری ژنانە، کە لە بیری ڕەخنەگرانەی ژنان سەردەم بەنیسبەت دۆخی کۆمەڵگە هەیانە پێی گرتووە.
رێکخستن: ژنان لە حیزبە کوردییەکاندا وەک پێشمەرگە، مامۆستا و کادر چالاک بوون. لە ساڵانی ٦٠ و ٧٠، ئامادەبوونی ژنان لە هێزی پێشمەرگە بەرچاو بوو (نزیکەی ٢٠ لە سەدی هێزەکان لە هەندێک ڕاپۆرتدا).
خەباتی کولتووری: فێرکردنی زمانی کوردی و پاراستنی نەریتەکان لەلایەن ژنانەوە، بەشێک بووە لە خەبات دژ بە ستەمی کولتووری کە بە بارودۆخی ئابووری پەیوەندی هەیە؛ هەژاری، ژنانی ناچار کردووە ناسنامە وەک تەنیا سەرمایەی کۆمەڵایەتی بپارێزن. ئەم بەشدارییە، ئەگەرچی بەهێزکەر بوو، بەڵام نرخێکی وەک زیندان، سزادان و کۆچکردنی زۆرەملێی بەدواوە بووە. بارودۆخی ئابووری، بە تایبەتی نەبوونی دەرفەتەکانی کار، ژنان بۆ بزووتنەوە سیاسییەکان هانداوە تا دژ بە ستەمی نەتەوەیی و نایەکسانی جێندەری تێبکۆشن.
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ئەم بزووتنەوەیە لە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد. درووشمی، ژن،ژیان،ئازادی کە رەگەکەی لە خەباتی ژنانی رۆژهەڵاتدایە، بوو بە نیشانەی خەبات دژ بە ستەمی جێندەری و سیاسی. ژنانی رۆژهەڵات بە رێبەرایەتی کردنی خۆپیشاندانەکان، وەک بڕینی قژ و سوتاندنی لەچکەکان و بەشداری لە ناڕەزایەتی سەر شەقام، ناڕەزایەتیەکانیان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ سەرانسەری ئێران و جیهان بڵاو کردەوە. سەرکوتکردنی توند (سەدان کوشتە و هەزاران دەستبەسەر) نەیتوانی ئەم بزووتنەوەیە بێدەنگ بکات. ئەم بزووتنەوەیە درێژەی بەشداریی سیاسی ژنانی کوردە کە بارودۆخی ئابووری (هەژاری و بێکاری) وەک کاتالیزۆر عەمەلی تێکردووە.
گفتوگۆ و شیکاری
بارودۆخی ژنانی کورد ئەنجامی تێکەڵەی ستەمی نەتەوەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە. نرخی بێکاری ٢٠ بۆ ٣٠ لە سەد و بەشداریی کەمی ٩ بۆ ١٢ لە سەد، ژنانی بۆ کارە مەترسیدارەکان و زیانەبەخشەکانی وەک خۆکوشتن هانداوە. داگیرکراوی کوردستان لەسەر لاوازیی گەشەی ئابووری و کولتووری پیاوسالاری لە کۆمەڵگە کاریگەری بەهێزی بووە. سەرەڕای ئەوە، بەشداری لە بزووتنەوەی کوردستان توانای ژنان بۆ گۆڕان پێشان دەدات. بارودۆخی ئابووری، بە دروستکردنی نائومێدی و گۆشارەکان، هاندەری چالاکیی سیاسی ژنان بووە، بەتایبەت بە گەشەی خوێندەواری لەنێو ژناندا، ئەمە دەتوانێت پێگەی ژنان لە خەبات پتەوتر کاتەوە.
ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ ستەمی ئابووری و سەرکوتکردنی چەندلایەنە رۆبەڕوون کە ڕەگەکەی لە داگیرکراوی کوردستان دایە و بەشدارییەکەیان لە بزووتنەوەی کوردستان، یەکێک لە وەڵامەکان بەم باروودۆخەیە کە هەژاری و بێکاری هۆکارەکەی بوون.
هەروەها دەبێت ئەوە بلێم لێرە هەوڵم ئەوە بوو باسێک لەسەر ستەمی ئابووری بکەم کە چۆن وەک هۆی بەشداری ژنان لە بزووتنەوەوکان ڕۆڵی هەیە بەڵام دەبێت ئاماژە بکەم کە؛ پرسی نەتەوەیی و خاک بۆ ژنانی کورد سەرەکیترین بزوێنەری خەبات دژی داگیرکاری کوردستانە و ناکرێت ژنان لەم مەسەلەیە پەڕاویز بخرێن لە ژێر ناو و فکریەتی جیاوازدا. هاوکاتیش ستەمی ئابووری و جێندەری هۆکاری بەهێزن بۆ هاندان و هۆی گۆڕانی بنەڕەتی لە دۆخی ژنان، بە تایبەت ژنانی خوێندەوار کە بە دوای ئامانج و هزری نوێ و داهێنانن. بۆ بەهێزکردنی ژنان، پەرەپێدانی ئابووری، کەمکردنەوەی جیاوازیی و نەمانی ستەمی نەتەوەیی و جێندری پشتگیری لە مافەکانیان پێویستە.