ڕێبوار دوونان
پێشەکی پێویستە مەسەلەی (نێوی دووەم) کە دەستە واژەیەکی هەڵەیە و ڕاستی بکەمەوە خۆی دەبێ بگوترێ مێیینە ، ژنان ، ئافرەتان و کچان. لە ڕاستیدا نێوی یەکەم گونجاوترە لەبەر ئەوەیکە مێیینە یا دایک واتە ” زەوی ، خاک ، نیشتمان ” سەرچاوەی پەیدا بوونی ئینسانە بۆیەش لە سەرەتاوە گوتراوە دایک سالاری ، لەبەر ئەوەی نەزانراوە باوک کێیە ، چونکە تاکە ژنێک زیاتر لە نێرینەیەک چووەتە لای هەر چەند بە لێ هەستاندنەوەی پێناسە یان زاراوەی دایک سالاری گەورەترین کودەتا لە مێژوو لە سەر مێیینە (ژنان) کراوە بۆیە لە سەردەمی باوک سالارییەوە کوشتنی مێینە بە شێوە و شێوازێکی دڕندانە تا ئەمڕۆکە سەدەی بیست و یەکەمە بەردەوامە و دۆزی هەرە ڕەوای ژنان بە تەواوی و بە تایبەتی لە وڵاتانی وەکوو ئێمە کە نیمچە پێشکەوتووە چارەسەر نەکراوە. دیارە زاراوەی “کۆمەڵ” کە دێتە پێشەوە واتە تێگڕای جەمسەرەکانی خودی ژیان بە واتایەکی وردتر لەو کاتەی مرۆڤایەتی لە پڕۆسەیەکی زێدە گەورە و قووڵ و ئاڵۆز و هەستیاری هەمە لایەنی زێدە درێژخایەنی مێژووی درووست بووە. بە کورتی لە بەرەبەیانی مێژووەکەی لە هەرە گەورەترین کێشەکان لە نێوان هەر دووجەمسەرەکەی ژیان(نێر و مێ یان مێ و نێر) سەری هەڵداوە و پاش هەزاران ساڵ بە دەیان قۆناغی هەمەجۆر بە میلیۆن ها قوربانی ، بە پانتایی دەریاکان فرمێسک و خوێن ڕژاوە و بەردەوامیشە. هاوکات لەو مێژووە هەرە دوورودرێژەدا لە گەڵ ئەو گەورە کودەتایانەی کە لە ژیانی مرۆڤایەتی بە تایبەتی لە سەدەی ١٩ و سەدەی ٢٠ و دواتر ڕوویان داوە ئەو جارەش لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان و بە کوردستانیشەوە بگرە لە ژێر باری زێدە قورسی عەقڵی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی ، عەقڵی دژ بە خودی مافی مرۆڤ ، عەقڵی ژەنگاوی نا یەکسانی . عەقڵی نامرۆڤپەروەری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەناڵێنن و هەڵبەت تا ماوەیەکی دووریش بەردەوام دەبێت.بەڵام گرینگ ئەوەیە لە بەر ڕوشنایی پڕۆژە و پلانێکی ستراتیژی هەمەلایەنەی دوورمەودای شارستانی لە ڕوانگەی بوونی چەمکی مافی مرۆڤەوە کاری بۆ بکرێ و مەسەلەکە هەردەم لە ڕیزی هەرە پیشەوەی خەباتی تێکڕای دام و دەزگاکانی کۆمەڵایەتی ، کولتووری، ئاکادێمی ، ئابووری ، سیاسی و نەتەوەیی بێت. شایەنی باسە هەرچەند کاری باش کراوە و پانتایی خەباتی کۆمەڵایەتی بەربڵاو بووە و کێشەی ئافرەتان ورووژێندراوە بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا هێشتا لە سەرەتا دایە لەبەر ئەوەیکە کێشە سەرەکییەکەی لە نەگۆڕانی عەقڵی کۆمەڵایەتی ، عەقڵی خێڵەکی و عەشایریی و ئایینی دایە. بە واتایەکی دیکە درووست بوونی عەقڵی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە گەڵاڵەنەبوونی چەمکی گەورەی خودی مرۆڤ پەیوەستە. بە کورتی لە بەر ڕۆشنایی ژن – ژیانە زەنگی پەیامی شارستانی ، نەتەوەیی خۆی لە دەرگای داخراوی عەقڵی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی دەدات.
لەیلا قاسم یەکەم کچە کوردە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ساڵی ١٩٧٤ وەکوو کچە شۆڕشگێڕێک لە ناو نەتەوەیەکی بندەست لە سێدارە بدرێ. واتە لەیلا قاسم کچێکی نەتەوەپەروەری شۆڕشگێڕ دەژمێردرێ و هەمووکات ناوی لە نێو دڵی نەتەوەی کورد و بە گشتی مرۆڤایەتی دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
دوو ئافرەت یەکیان لە کوردستانی باکوور ئەویتریان لە کوردستانی باشوور بیر و فکری خوێنەر ڕادەکێشێ بۆ هیوایەکی ( ڕابردوو-ئێستا و داهاتوو)مان ئەویش بۆ یەکگرتوویی پارچەکانی کوردستان. دوو هەڵوێست لە لایەن دوو ژن کە مانای ژیان دەگەیەنێ. لەیلا قاسم گیانی خۆی بەخشی بە نیشتمانەکەی ، لەیلا زانا تا ئێستا لە خەبات بە دژی دوژمنان بەردەوامە و تەنانەت زیندان نەیتوانی ئەم شێرە ژنە لە زیندان داببڕێنێ. هەڵوێستێک کە لە ئاستی ژیری و زیرەکی و توانا و لێهاتوویی کەسایەتییان دیاری دەکات ، هەڵوێستەکانیان ڕەوتی گۆڕانکاری هێنایە گۆڕێ و کاریگەری لە سەر عەقڵییەتی زوڵم و ستەمی دوژمنان بە دژی گەلی کورد هەبوو.
زۆرن ئەوانەی دەژین و دەمرن بەڵام کەمیان ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت ئەوانەی ناویان دەچێتە ناو مێژووەوە ئەوانەن کە لە کۆمەڵگادا بە ئەرێنی یا نەرێنی گۆڕانکاری پێک دێنن. ئەوانەی گۆڕانکاری (سلبی) دەکەن بۆخۆیان ژیاون و هەر لە بیری خۆیان دا بوون و کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر و هەڵوەشاندنەوە و ستەم و ستەمکاری دەبەن و دەبنە کارگێڕی بەها نزمەکان و دژ بە بەها باڵاکان و مافەکانی مرۆڤ دەوەستن. ئەوانە خۆیان نموونەی ئەنجام دانی بەها نزمەکانن. ئیتر کەسەکان دەچنە کۆی دیکتاتۆڕ و زاڵم و کەسە بێزراو و نەفرەت لێکراوەکانی مێژوو و بۆ پەند و عیبرەت باسیان دەکرێ. ئەوانەش کە گۆڕانکاری (ئیجابی) دەکەن و هەموو ژیانیان تەرخان کردووە لە پێناوی پرسە زیندووەکاندا کۆمەڵگا بەرەو بەختەوەری و کامەرانی و ئاسوودەیی دەبەن و کار لە سەر بەها باڵاکان دەکەن و دژ بە بەها نزمەکان دەوەستن و وتە و کردار و ئەخلاقیان دەبێتە نموونەیەکی جوان و سەرمەشق و چاولێکردن لە هەمان کاتدا کاتێ دەمرن گەرچی لەبەر چاو نامێنن بەڵام لە ناو دڵە بە ئینسافەکاندا هەر زیندوون و نەمرن لە مێژوودا و ناویان بە زێڕ و زێو تۆمار دەکرێت و دەبنە نوخبەکانی کۆمەڵگا و نەتەوەکەیان و تەنانەت دەبنە نموونەی مرۆڤایەتی و وێنەی ئەمانەش لە نێو ئافرەتی کورد ڕەگی داکوتاوە کە بەرچاوترینیان لەیلا قاسم و لەیلا زانایە.
ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەکەمان هەڵدەینەوە زۆر بە جوانی و بە دروستی خەباتی پڕ لە شانازی ئافرەتانی گەلەکەمان بۆ دەردەکەوێ کە تا چ ڕادەیەک خەبات و تێکۆشانیان بووە و ژیرانە بۆ گەشەسەندنی ڕۆشنبیری وڵات گیان فیداییان کردووە. ئەگەر چەند نموونەیەک لەو شێرە ژنانە باس بکەین بەم چەشنەیە:
خاتوو شانازی قارەمان :
کچە کوردێکی قارەمان و ئازا و جەنگاوەر کچی مەولانا یەعقووبی ئەردەڵانییە سەرلەشکری سپای کچانی ئەردەڵان بوو کاتی هێرشی سەفەوییەکان لە ئێران بۆ سەر سنووری فەرمانڕەوایەتی ئەردەڵان ئەم خاتوونە هەڵوێستێکی جوامێرانە و ئازایانەی بووە ئەمیش ئەوە بوو کە بانگەوازی کچانی ئەردەڵانی کرد بۆ جەنگ (٥٠٠) کچ ئامادە دەبن چەک هەڵگرن و لە ژێر فەرماندەیی خاتوو شانازدا کۆدەبنەوە بۆ پاڵپشتی لەشکری ئەردەڵان ئەم لەشکرە بەسەرکردایەتی خاتوو شاناز هێرش دەکەنە سەر لەشکری سەفەوییەکان و سەرکردەی لەشکر”کەلب عەلی خان” دەکوژن و لەشکرەکەش تێک دەشکێنن و پاشەکشەیان پێدەکەن و بەم شێوەیە ئەردەڵانییەکان سەرکەوتن بە دەست دێنن.
قەدەم خێری فەیلی:
یەکەم کەس بوو لەو ئافرەتە کۆڵنەدەرانەی کە شۆڕشی “پشتکۆی” هەڵگیرساند لە دژی شای ئێران کە پیشەی چەوساندنەوە و دەربەدەر کردنی نەتەوەی کورد بووە ، لە کوردستان قەدەم خێر مەردانە جەنگاوە و خەباتی کردووە لە پێناوی گوێی بۆ دوژمنەکانی شل نەکردووە و هەمووکات وەک شێر سینگی دەبردە پێشەوە و وەکوو هەموو ئافرەتێکی کورد، تا ئەوەیکە جارێکیان ڕەزاشای ئێران بۆ مەڕمی خۆی ویستی بیهێنێ و ناردی بۆ خوازبێنی، بەڵام وڵامی قەدەم خێری تێکۆشەر ئەوە بوو من ژن نیم تۆ ژنیت.
قەدەم خێری بە جەرگ پێنج ساڵ قارەمانانە بە بێ باک بەرامبەر لەشکری ڕەزاشا شەڕی کرد بەڵام لە دواییدا ڕەزاشا کە چاری نەما کەوتە شوێن دۆزینەوەی پیلانێک ئەویش ئەوە بوو نامەیەکی لێخۆش بوون(عەفووی) نارد بۆ خۆیی و شۆڕشگێڕانی بە سووڕەتی قوڕئانەوە ئەوانیش بڕوایان پێکرد و بەم فێڵە ڕەزاشا توانی بیانگرێ و لە ناویان ببات.
حەپسە خانی نەقیب:
ئافرەتێکی تێگەیشتوو و تێکۆشەری کوردە ، ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە مێژووی میللەتی کورد دا پەناگای ئافرەتان بووە و وەکوو دایکێکی دڵسۆز هەوڵی بۆ داون و یارمەتی ژنانی کوردی داوە. بە کورتی ژیانی پڕ بووە لە هەڵوێستی جوان بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٣٠ دا نامەیەکی کراوەی مافی نەتەوایەتی کورد ناردووە بۆ کۆمەڵی نەتەوەکانی (عصبةالام) هەروەها توانی قوتانخانەیەک بۆ ئافرەتانی کورد لە ساڵی ١٩٢٦ دا بکاتەوە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە سلێمانی بۆ ئەم مەبەستەش خانووەکەی خۆی بەخشی تا بکرێت بە قوتابخانە. یەکێکی دیکە لە کارە زێڕینەکانی یارمەتی کۆماری کوردستانی داوە و لەبەر ئەم هەڵوێستەش پێشەوا قازی مەحەممەد نامەیەکی سپاسگوزاری بۆ ناردووە.
لە هەموو ڕۆژێکدا خەمێکی نوێ لە دایک دەبێت و مەسەلەیەک لە بار دەچێت ، چەندها کەس دەکوژرێن و بریندارەکانیش دەمرن. کەچی لەو ڕێگایەدا بە سەدان شێرەژن هەڵدەکەوێت ڕێگەیان بۆخۆیان هەڵبژاردووە کە بە دڕک و داڵ چنراوە بە خوێن ڕەنگ کراوە ، بە لاشە ڕێگاکە ڕاخراوە و بە بەڵام دەورە دراوە ، چەند پاڵەوانێک کە مەبەستێکی مەزنیان هەیە بەرەو ئەوێ دەڕۆن و ورەیان زۆر بەرزە و مەبەستەکەیان زۆر بە نرخە کە ئەویش گیانفیدایی بۆ خاک و نیشتمانە و لە کۆتاییدا مەبەستم تەواوی ئازادی ژنان پەیامی ڕاستەقینەی تێکڕای کۆمەڵ بێت.